فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پلۆنۆمی یەکەمی کۆمیتەی ناوەندیی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٣ی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بەڕێوەچوو!
چوارشەممە ۰۷-۰۲-۱۴۰۱   |  27-04-2022

پلۆنۆمی یەکەمی کۆمیتەی ناوەندیی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٣ ڕۆژی یەکشەممە ٤ی مانگی گوڵانی ١٤٠١ بەرابەر لەگەڵ ٢٤ی ئەپریلی ٢٠٢٢ بە سروودی ئەنترناسیۆناڵ و یەک خولەک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی گیان بەختکردووانی ڕێگای ئازادی و سۆسیالیسم دەست بە کار بوو. لەم پلۆنۆمەدا ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٨ش وەک چاوەدێر دەعوەت کرابوون. بەسەرەنجدان بەوەیکە ئەم پلۆنۆمە یەکەمین کۆبوونەوەی بەرینی کۆمیتەی ناوەندی دوای بەڕێوەچوونی کۆنگرەی ١٣ی حیزب بوو، پێڕاگەیشتن بە قەرارە پەسندکراوەکانی ئەم کۆنگرەیە و ئارایش و دابەشکردنی کاری ناو کۆمیتەی ناوەندی دوو دەستووری کاری سەرەکی ئەم کۆبوونەوەیە بوو.

پلۆنۆم بەرلە چوونەناو باسی پێڕاگەیشتن بە قەرارەکان لەسەر زەروورەتی بڵاوکردنەوەی هەرچی زووتری بەڵگە سیاسییەکانی کۆنگرە تەئکیدی کرد و پەیگیرییەکەی بە کۆمیسیۆنێکی سێ کەسی سپارد. لە باسی پێڕاگەیشتن بە قەرارە پەسندکراوەکانی کۆنگرە، لەو جێگەوە کە کۆنگرەی سێزدەی حیزب لەڕێگەی پەسندکردنی قەرارێک بەئامانجی خەبات دژبە نیزامی ئاپارتایدی جنسیەتیی زاڵ بەسەر کۆمەڵگەی ئێران لەسەر گرینگیی پێکهێنانی ڕێکخراوەی جەماوەریی ژنان کە سەربەخۆ لە دەوڵەت بێت تەئکیدی کردووە و بڕیاری داوە کە حیزب لە یارمەتی گەیاندن بە پێکهێنانی ڕێکخراوی جەماوەری بەپێی سیاسەتە داڕێژراوەکانی حیزب دەبێت چالاکانەتر دەورونەخش بنوێنێت، پلۆنۆم لەسەر ڕۆڵی میدیا سیاسی و تەبلیغییەکانی حیزب و کۆمیتەی تەشکیلاتی شارەکان لەم پێوەندەدا تەئکیدی کرد. کۆبوونەوەی بەرینی کۆمیتەی ناوەندی تەئکیدی کرد کە پێڕاگەیشتن بەم بابەتە پێویستە لە نەخشە کاری میدیایی حیزب و کۆمیتەی تەشکیلاتی شارەکاندا ڕەنگدانەوەی هەبێت. هەروەها بەپێی یەکێکی تر لە قەرارە پەسندکراوەکانی کۆنگرە، پلۆنۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب لەناو ئەندامانی خۆیدا کۆمیسیۆنێکی حەوت کەسیی بۆ ئامادەکردنی پێشنووسی ئیسلاحاتی پێویست لە ئەساسنامەی حیزبدا هەڵبژارد. کۆمیتەی ناوەندیی حیزب دوای ئامادەکردنی پێشنووسەکە بۆ باس و تاوتوێکردن دەیخاتە ئیختیار ئەندامانەوە تا دەقی نیهایی بۆ پەسندکران لە کۆبوونەوەی گشتیی ئەنداماندا ئامادە بکرێت.

لە درێژەی باسەکاندا، بە سەرەنجدان بەوەیکە کۆنگرەی ١٣ی حیزب لە قەرارێکدا سەبارەت بە پێگەی دەبیری ئەوەڵی کۆمەڵە بڕیاری داوە کە بەهۆی ئەوەیکە لە ڕابردوودا دانانی یەک کەس بۆ ماوەی نزیک بە چل ساڵ لە پێگەی دەبیری ئەوەڵیی کۆمەڵە، نیگەرانی و خۆشباوەڕی و گومانی لەناو کۆمەڵگە و ڕیزەکانی حیزب نیسبەت بەم پێگەیە پێکهێناوە و زیانی بە ساز و کاری شۆرایی و جەمعی گەیاندووە، لەمە بەدوا دەبیری ئەوەڵی کۆمەڵە و دەبیری کۆمیتەی ئیجرایی حیزب بە لانیزۆرەوە تا دوو دەورەی زەمانی کە هەر دەورەیەک دەبێتە مەودای زەمانیی نێوان دوو کۆنگرە لەم مەسئوولیەتەدا دەمێنێتەوە، پلۆنۆم لەسەر بەدواداچوونی ئەم قەرارە تەئکیدی کرد. پلۆنۆم هەروەها جەختی کردەوە کە لە هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمیتەی ڕێکخراوی دەرەوەی وڵات بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسی سێزدەهەمی ڕێکخراوی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بخاتە دەستووری کارەوە. لە درێژەی هەر ئەم باسەدا پلۆنۆم چەند قەراری تەشکیلاتیی پەسندکراوی کۆنگرەی ١٣ی حیزبی تاوتوێ کرد و بەدواداچوونەکەی بە کۆمیتەی ئیجیرایی هەڵبژێردراوی خۆی سپارد.

کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی لە باسەکانی پێوەندیدار بە دابەشکردنی کار و ئارایشی ناوخۆیی کۆمیتەی ناوەندیی لەپێناو هەڵوێست و پەسندکراوەکانی کۆنگرەی ١٣ی حیزب هەموو ئۆرگانە چالاکییەکانی حیزبی بەهێزکرد و دووبارە ڕێکیخستەوە. کۆمیتەی تەشکیلاتی شارەکان، دەستەی نووسەرانی بڵاوکراوەی “جهان امروز”، شۆرای تەلەڤیزیۆن، کۆمیتەیەک بۆ بەڕێوەبەریی کاری سایت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی حیزب، دەستەی نوێنەرایەتیی حیزب بۆ دانیشتن و هاوکاری لەگەڵ هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان، دەفتەری پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان، دەستەی نووسەرانی بڵاوکراوەی “بسوی سوسیالیسم”، کۆمیسیۆنی فێرکاری و کۆمیسیۆنی ماڵی لەو ئۆرگانانە بوون کە لەم پلۆنۆمەدا دووبارە ڕێکخرانەوە.

کۆبوونەوەی بەرینی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب لە بەشی کۆتایی کاری خۆیدا، بەمەبەستی هیدایەتی چالاکیی سیاسی و ڕێکخراوەیی حیزب لە مەودای نێوان دوو پلۆنۆم، لەناو هاوڕێیانی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب کە لە لیستی کاندیدەکاندا بوون ١١ کەسی لە هاوڕێیان وەک ئەندامانی کۆمیتەی ئیجرایی هەڵبژارد. ناوی ئەم هاوڕێیانە بریتین لە: هەڵمەت ئەحمەدیان، خەسرەو بۆکانی، ڕەئووف پەرستار، نۆسرەت تەیموورزادە، شەمسی خوڕەمی، حەسەن شەمسی، مەحموود قارەمانی، سەلاح مازووجی، جەلال محەممەد نەژاد، سەدیقە محەممەدی و مەرزیە نەزەری.

کۆمیتەی ئیجرایی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

١٥ی گوڵانی ١٤٠١

٢٥ی ئەپریلی٢٠٢٢