فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پلۆنۆمی یەکەمی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە  هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٨ بەڕێوەچوو!
چوارشەممە ۱۴-۰۲-۱۴۰۱   |  04-05-2022

پلۆنۆمی یەکەمی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٨ ڕۆژی شەممە ١٠ی مانگی گوڵانی ١٤٠١ رێکەوتی ٣٠ی ئەپریلی ٢٠٢٢ بە بەشداریی گشت ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی هەڵبژێردراوی ئەم کۆنگرەیە بەڕێوەچوو. لەم پلۆنۆمەدا بێجگەلە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە، ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانیش دەعوەت کرابوون و ئەوانیش بەشداربوون.
پلۆنۆم بە سروودی ئەنترناسیۆناڵ و دەقیقەیەک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەری گیان بەختکردووانی ڕێگای ئازادی و سۆسیالیسم کاری خۆی دەستپێکرد. لەبەرئەوە کە کۆنگرەی ١٨ چەند ڕۆژ بەر لە پلۆنۆم بەڕێوەچووبوو، پلۆنۆم تاوتوێ¬کردنی باسە سیاسییەکانی پێوەندیدار بە باروودۆخی ئێران و کوردستانی نەخستە دەستووری کارەوە و ڕاستەوخۆ دەستی کرد بە باس و لێکدانەوەی باقی دەستووری جەلەسەکان.
پێڕاگەیشتن بە قەرارە پەسندکراوەکانی کۆنگرەی ١٨ی کۆمەڵە یەکەمین دەستووری جەلەسەی ئەم پلۆنۆمە بوو. لەم بەشەدا تیشک خرایە سەر چوار قەراری پەسندکراوی کۆنگرە. لەوانە قەرارێک سەبارەت بە پێویستی بڵاوکردنەوەی بەڵگەکانی کۆنگرەی ١٨ لە مەودای زەمانی یەک مانگەدا. پلۆنۆم پەسندی کرد کە بۆ بڵاوکردنەوەی بەڵگەکانی کۆنگرەی ١٨، بە زیادکردنی یەک کەس لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی خۆی بە کۆمیسیۆنی بڵاوکردنەوەی بەڵگەکانی کۆنگرەی ١٣ی حیزب، هەمان کۆمیسیۆن بەڵگەکانی کۆنگرەی ١٨ش ئامادە و بڵاوبکاتەوە.
یەکێکی تر لە قەرارە پەسندکراوەکانی کۆنگرە “پێویستیی سیاسی و ڕێکخراوەیی گۆڕانکاری لە سازوکاری ڕێبەریدا” بوو. بەسەرەنجدان بەوەکە لە جەرەیانی کۆنگرەی ١٣ی حیزبیشدا قەرارێکی هاوشێوە پەسند کرابوو و ناوەرۆکەکەی بریتی بوو لە: “بە لەبەرچاوگرتنیئەوەکە لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا،بوونییەک کەس بۆ ماوەی نزیک بە چل ساڵ لە پێگەی دەبیری ئەوەڵی کۆمەڵە، نیگەرانی و خۆشباوەڕی و گومانی لەناو کۆمەڵگا و ڕیزەکانی حیزب نیسبەت بەم پێگەیە پێکهێناوە، لەمەبەدوا هەر هاوڕێیەک دەتوانێت بە لانیزۆرەوە دوو دەورە لە پێگەی دەبیری ئەوەڵیی کۆمەڵەدا بمێنێتەوە. (مەودای زەمانی هەر دەورەیەک، ماوەی نێوان دوو کۆنگرەیە). پلۆنۆمی یەکەمی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە لەسەر بەدواداچوون و بەکردەوە دەرهێنانی ئەم قەرارە تەئکیدی کرد.
قەراری سێهەمی پەسندکراوی کۆنگرەی ١٨، ئەرکدارکردنی کۆمیتەی ناوەندیی هەڵبژێردراو بوو بۆ هەوڵدان لەپێناو “لابردنی بەربەستەکانی سەر ڕێگای بەهێزکردنی بەرەی چەپ و سۆسیالیستی لە کوردستان”. بەسەرەنجدان بەوەکە لەم پێوەندەدا، لە چەند مانگ پێشترەوە ڕێبەری کۆمەڵە هێندێک هەوڵی بۆ زیندوو کردنەوەی ئەم بابەتە گرینگە ئەنجام دابوو و ڕاپۆرتەکەی بۆ کۆنگرە خوێندرایەوە، پلۆنۆم وێڕای بەدرووست زانینی ئەم هەوڵانە لەسەر بەدواداچوونیان پێداگری کرد.
قەراری چوارەمی پەسندکراوی کۆنگرە سەبارەت بە ” بەڕەسمی ناسینی مافی کەمینە لە تەشکیلاتدا” بوو. لەم بارەوە پلۆنۆم ڕایگەیاند: “بەسەرەنجدان بەوەیکە لە کۆنگرەی ١٣ی حیزبدا قەرارێک لە پێوەند لەگەڵ پێداچوونەوە بەسەر ئەساسنامەدا پەسندکراوە و لە پلۆنۆمی حیزبیشدا کۆمیسیۆنێک بۆ ئەم کارە دیاری کراوە، پێویست ناکات هەوڵێکی تر ئەنجام بدرێت. بەڵام لەم بارەوە دەبێت ئامۆژگاریی پێویست بەم کۆمیسیۆنە بدرێت”. لە درێژەی ئەم باسەدا پلۆنۆم چەند قەرارێکی تەشکیلاتیی پەسندکراوی کۆنگرەی ١٣ی حیزبی تاوتوێ کرد و بەدواداچوونیانی بە کۆمیتەی ناوەندیی هەڵبژێردراو سپارد.
دووهەمین دەستووری جەلەسەی پلۆنۆمی یەکەمی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٨، باسی پاراستن و ئیدامەکاریی بەشی عەلەنیی ڕێکخراوی کۆمەڵە لە هەرێمی کوردستان بوو. لەم پێوەندەدا پلۆنۆم وێڕای تەئکیدی دووبارە لەسەر گرینگی پاراستنی ئیدامەکاریی تەشکیلاتی عەلەنی، کۆمیتەی ڕێبەریی کۆمەڵەی ئەرکدار کرد کە بە مەبەستی کۆتایی هێنان بە حاڵەتی ناروونیی تا ئێستا و پووچەڵ کردنەوەی کۆسپ و تەگەرە کانی ڕێبەریی لایەنی جیابۆوە، بەدواداچوون و هەوڵی پێویست ئەنجام بدات. پلۆنۆم هەروەها لەسەر بەشداریکردنی هەموو کادر و ئەندامانی حیزب و بەتایبەت ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە و کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە چالاکییەکانی تەشکیلاتی عەلەنیدا پێداگری کرد.
سێهەمین دەستووری جەلەسەی پلۆنۆمی یەکەمی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٨، ڕێکخستن و ئارایشی کۆمیتەی ناوەندی بوو. لەم بەشەدا سەرەتا بەگشتیلەسەر ڕێکخستنی کۆمیتەی ناوەندی بەپێی پەسندکراو و هەڵوێستگیرییەکانی کۆنگرەی ١٨ی کۆمەڵە قسەوباسی پێویست کرا و لەسەر ڕێکخستن و بەشدارکردنی هەموو ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی لە چالاکییەکانی کۆمەڵەدا تەئکید کرا.هەروەها جەخت کرایەوە کە بە بەشداریکردنی ٢٥ کەسی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە دەکرێت چالاکییەکانی هەموو بوارەکانی کاری تەشکیلات بەهێز بکرێت و لەم بوارەدا هیچ بۆشاییەک نەمێنێتەوە. لەم بەشەدا ڕێکخستنی بوارەکانی کۆمیتەی تەشکیلاتی شارەکان “تەکش”، گۆڤاری “پێشڕەو” ئۆرگانی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە، سایتی کۆمەڵە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، نوێنەرایەتیی کۆمەڵە لە دەرەوەی وڵات و نوێنەرایەتیی کۆمەڵە لە هەرێمی کوردستان ئەنجام درا و بۆ هەر بوارێک لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە هاوڕێیانێک دیاری کران.
هەروەها لەم بەشەدابڕیار درا کە لەمەبەدوا ناوی دەبیری ئەوەڵی لە ئارایشی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەدا نامێنێت و کۆمیتەی ناوەندی لە هەر پلۆنۆمێکدا یەکێک لە ئەندامانی خۆی وەک دەبیری کۆمیتەی ناوەندی هەڵدەبژێرێت. لەم پلۆنۆمەدا هاوڕێ حەسەن شەمسی بە تێکڕای دەنگ وەک دەبیری کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە هەڵبژێردرا. هەروەها بڕیار درا کە هەموو هاوڕێیانی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە کە لە کوردستان حزووریان هەیە، لە پێگەی ” کۆمیتەی ڕێبەریی کۆمەڵە”دا هیدایەت و ڕێبەریی بەشە جۆراوجۆرەکانی ڕێکخراوی کۆمەڵە لە ماوەی نێوان دوو پلۆنۆمی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەدا بەڕێوە دەبەن.

کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە
(ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)
١٢ی گوڵانی ١٤٠١
دووی مانگی مەی ٢٠٢٢