پلینۆمی سێهەمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هەڵبژێردراوی کۆنگرەی سێزدە لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە ٢١ و ٢٢ی مانگی خەزەڵوەری ١٤٠١ بەرابەر لەگەڵ ١٢ و ١٣ی مانگی نوامبری ٢٠٢٢ بەڕێوەچوو. پلینۆم بە سروودی ئەنترناسۆناڵ و دەقیقەیەک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی گیان بەختکردووانی ڕێگای ئازادی و سۆسیالیزم و سەرجەم گیان بەختکردووانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا کاری خۆی دەستپێکرد و پاش دوو ڕۆژ کاری چڕوپڕ کۆتایی پێهات. لەم پلینۆمەدا ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٨ و کۆمیتەی ڕێکخراوی دەروەی وڵاتی حیزبیش وەک چاوەدێر بەشداربوون. ڕاپۆرتی سیاسیی کۆمیتەی ئیجرایی، ڕاپۆرتی چالاکیی کۆمیتە و ئۆرگانە جۆراوجۆرەکانی تەشکیلات، پێڕاگەیشتن بە قەرار و ئارایش و تەقسیمی کاری ناوخۆیی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب لە دەستووری جەلەساتی ئەم پلینۆمە بوون. ڕاپۆرتی سیاسی کۆمیتەی ئیجرایی کە لەژێرناوی بزووتنەوەی شۆرایی ژینا و ئەرکی کۆمۆنیستەکان ئامادە کرابوو و خرابووە ئیختیار ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندییەوە میحوەرەکانی خوارەوە لەخۆ دەگرێت.
*****
ئێمە لە کۆنگرەی ١٣ی حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا ڕامانگەیاند کە کۆمەڵگەی ئێران لەبەردەم شۆڕش دایە. لەسەر ئەو واقعییەتە تەئکیدمان کرد کە قەیرانی پێکهاتەیی سەرمایەداریی ئێران تێکەڵ بە ڕانتخۆری و گەندەڵیی جێکەوتوو لەناو سەرانسەری ئۆرگانەکانی حکوومەتی ئیسلامی و کاریگەرییە وێرانکەرەکانی لەسەر کار و ژیان و گوزەرانی کرێکاران و زەحمەتکێشانی ئێران لەلایەکەوە، و ڕەوتی ڕوو لە گەشەی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری و بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی لەماوەی ساڵانی ڕابردوو لەلایەکی دیکەوە، بەستێنی بابەتی و پێشمەرجی ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەزای زەینیی قۆناغێکی شۆڕشگێڕانەی ئامادە کردووە. لەڕاستیدا ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە کە بە قەتڵی دەوڵەتیی ژینا دەستی پێکرد و ئەم پێگە شۆڕشگێڕانەیە کە کۆمەڵگەی ئێران تێی کەوتووە، لەسەر بەستێنی ئەم بارودۆخە بابەتییە خوڵقا. بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا هەڵچوونی گڕکانی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی جەماوەرێک بوو کە لەژێر گوشاری گرانی، هەژاری و بێکاری، توندوتیژی و هەڵاواردنی ڕەگەزی و بێبەشی و بێمافیی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا وەگیان هاتبوون.
ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە درێژەی ئاخێزی مانگی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ە کە بەهۆی سەرکوتی سیستماتیک و بەهۆی قەیرانی کۆرۆنا بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ وەستا. بەڵام ڕوون بوو کە ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە دووپاتە و درێژەی خەتیی ئاخێزی مانگی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ نییە. چونکە ئاخێزەکانی پێشوو بەستێنیان بۆ ئاخێزی داهاتوو ئامادە و بەهێز کردبوو و گۆڕانکارییەکی بەرینیان لە وشیاری کرێکاران و جەماوەری خەڵک بەتایبەت ژنانی ژێر ستەمدا پێکهێنا. ئاخێزی مانگی بەفرانباری ٩٦ کۆتایی هێنا بە زیاتر لە دوو دەیە زاڵبوونی وتاری ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی و قۆناغێکی تازەی لە هەلومەرجی خەباتی سیاسی و چینایەتی و خەبات بۆ ڕووخاندنی ڕێژیمی ئیسلامی دەستپێکرد. ئاخێزی خەزەڵوەر بە هێرش کردنە سەر هێماکانی ڕێژیمی ئیسلامی و بە خۆڕاگری و پایەداریی گیانفیدایانە بەرامبەربە سەرکوتی دڕندانە و خوێناویی حکوومەتی ئیسلامی، زەربەیەکی بەتەوژمی لە ستراتێژی تێپەڕینی هێمنانەی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوایی دا و وتاری تێپەڕینی شۆڕشگێڕانەی لە ڕێژیمی ئیسلامی بەهێزکرد. ئەم دوو ئاخێزە وەک دوو شەپۆلی خرۆشاوی خەباتی سیاسی، بوون بە بزوێنەری بەهێز بۆ خەباتی ئابووری و سیاسیی چینی کرێکار و ئاراستە و مەیلی دەروونیی کرێکارانیان بۆ خەبات زیاتر کرد. تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران نزیکەی چوار هەزار مانگرتن و ناڕەزایەتیی گەورە و چکۆلەی بەڕێوەبردووە. ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ئێستا کە بەناوی ڕەمزی “ژینا”وە دەستی پێکرد، پشت ئەستوورە بە هەموو ئەم دەستکەوت و داتا بابەتییانەوە، لەم ڕووەوە بە شکۆیەکی چەند بەرابەر مەزنتر لە ئاخێزەکانی پێشوو هاتە مەیدان. ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە لە هەمان ڕۆژانی یەکەمەوە بزووتنەوەی ڕزگاریی ژن، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و بزووتنەوەی خوێندکاریی پێکەوە پەیوەند دا و بەجۆرێک برووسکەئاسا پەرەی سەند کە سەرانی ڕێژیم و هێزە سەرکوتگەرەکان و تەنانەت دەسەڵاتە سەرمایەدارییەکانی جیهانیشی غافڵگیر کرد.
ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی”، “نە ڕووسەری، نە تووسەری، ئازادی، بەرابەری”، “مەرگ بۆ دیکتاتۆر و مەرگ بۆ خامنەیی” و بە کردەوەی سەمبۆلیکی وەک فڕێدانی حیجاب لەسەر شەقام، یەکێک لە بنەماکانی دەسەڵاتی سیاسی و ئایدیۆلۆژیی حکوومەتی ئیسلامییان وێران کرد. ئەم ئاخێزە لەو جێگەوە کە بەهێزترین پێگەی ئیسلامیی سیاسیی بە یاسای سەختی دینییەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا داوەتە بەر پەلاماری ئایدیۆلۆژیک، بزووتنەوەی ڕزگاریی ژن لە ناوچەکە دەخاتە قۆناغێکی نوێوە. ئەگەر ئاخێزی مانگی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ دۆسیەی ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی و ستراتێژی تێپەڕینی هێمنانەیان داخست، ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ئێستاش دۆسیەی دەسەڵاتی دینی و ئەو بەشە لە ئۆپۆزیسیۆنی مەزهەبیی خستە لاوە کە دوای کۆتایی کاری دیکتاتۆری دینی بەنیازی دامەزراندنی حکوومەتی مەزهەبی لەژێرناوی “کۆماری دیموکراتیکی ئیسلامی” بوو. سووتاندنی سەرپۆش و خۆبواردن لە هەرجۆرە ڕێوڕەسمێکی ماتەمین بە ئایین و هێمای دینییەوە، موجاهیدینی خەلقی وەک کۆپییەکی دیکە لە ئیسلامی سیاسی بەشێوەی بەرین ڕسوا کرد. هەروەها دروشمی “مەرگ بۆ چەوسێنەر، چ شا بێت و چ ڕێبەر” کە لە شەقام و زانکۆکان دەنگی دایەوە نیشانی دا کە ئۆپۆزیسیۆنی خوازیاری دەسەڵاتی پاشایەتی هیچ پێگەیەکی لەناو ژنانی ستەملێکراو، کرێکاران و زەحمەتکێشانی کۆمەڵگەدا نییە. ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە لەبواری ڕەنگدانەوەی جیهانی و ڕاکێشانی پشتیوانی و هاوپشتیی بیروڕای پێشکەوتنخواز لە سەرانسەری جیهان پێگەیەکی تایبەتی لە مێژووی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی خەڵکی ئێراندا هەیە.
ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە بێجگەلە ئەم دەستکەوتە سیاسییانە لە بواری تاکتیکیشەوە پێگەیشتووتر لە ئاخێزەکانی پێشوویە. تاکتیکی وێکخستنی ناڕەزایەتییەکانی شەقام لەگەڵ مانگرتنی گشتی لەئاستی شار، بەرپاکردنی ناڕەزایەتیی سەرشەقام هاوکات لە چەندین شوێنی شار و پێکهێنانی ڕێبەندان بۆ سنووردارکردنی توانای مانۆڕی هێزە سەرکوتگەرەکان، خستنە داو و ڕاونانی هێزە سەرکوتگەرەکان، هێرش بۆسەر پایەگا و ناوەندە نیزامییەکانی ڕێژیم لە وڵام بە پەلاماری هێزە سەرکوتگەرەکان، گرتنەوە و ئازادکردنی چەند ناوچە لە شار بۆ چەند کاتژمێر، کردنی زانکۆ و مەدرەسە بە ناوەندی ناڕەزایەتی و مانگرتن کە هەزینەی سیاسیی سەرکوت لەم شوێنانە بۆ ڕێژیم قورسترە و لە دوایین نموونەدا بەڕێوەبردنی مەراسیمی چلەمین ڕۆژی گیان بەختکردووانی ئەم ئاخێزە لە شارە جۆراوجۆرەکانی وەک تاکتیکی کاریگەر بۆ جەماوەریتر کردنەوەی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە، لە زومرەی ئەو تاکتیکانە بوون کە لەم قۆناغەدا لەلایەن چالاکان و ڕێکخەرانی ناڕەزایەتییەکانەوە بەکار هێندراون. ڕێکخەرانی ئەم ناڕەزایەتییانە بە گرتنەبەری ئەم تاکتیکە جۆراوجۆرانە سەرانی ڕێژیم و هێزە سەرکوتگەرەگانیان ئاڵۆز و سەرلێشێواو کردووە.