پلێنۆمی پێنجەمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هەڵبژێردراوی کۆنگرەی سێزدە لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە ١١ و ١٢ی مانگی خەرمانان بەرابەر لەگەڵ ٢ و ٣ی مانگی سێپتامبری ٢٠٢٣ بەڕێوەچوو. کۆبوونەوەی بەرینی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی کە لە چلەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و لە سەروبەندی یەکەمین ساڵڕۆژی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا بەڕێوەچوو، بە سروودی ئەنترناسیۆناڵ و یەک دەقیقە بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی گیانبەختکردووانی ڕیزەکانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە و سەرجەم گیانبەختکردووانی ڕێگای ئازادی و سۆسیالیسم و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا دەست بە کار بوو. ئەم کۆبوونەوەیە دوای دوو ڕۆژ کاری چڕوپڕ کۆتایی هات. لەم پلێنۆمەدا ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە و کۆمیتەی ڕێکخراوی دەرەوەی وڵاتی حیزبیش وەک چاوەدێر بەشداربوون. لەم پلێنۆمەدا پێشنووسی بەیاننامەی سیاسی بەبۆنەی ساڵڕۆژی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا کە تێیدا ئەم بزووتنەوەیە و ڕێکارەکانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هەڵسەنگێندراوە، بەوردی درایە بەر باس و لێکۆڵینەوە و پەسندکرا. ئەم بەیاننامەیە بەم زووانە بڵاودەکرێتەوە.
دوای پەسندکرانی بەیاننامەی سیاسیی پلێنۆم بەبۆنەی ساڵڕۆژی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا، ڕاپۆرتی کاری ئۆرگانە جۆراوجۆرەکانی حیزب کە بریتین لە کۆمیتەی تەشکیلاتی شارەکان، شۆرای تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە، کۆمیتەی ئیدارەی سایت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی حیزب، گۆڤاری جەهانی ئێمرووز، کۆمیتەی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان، کۆمیسیۆنی ماڵی، کۆمیسیۆنی پەروەردە، کۆمیتەی ڕێبەریی کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) و کۆمیتەی ئیجرایی حیزب بیسترا و درایە بەر ڕەخنە و لێکۆڵینەوە. پلێنۆمی کۆمیتەی ناوەندی لە درێژەدا ئۆرگانە جۆراوجۆرەکانی چالاکیی حیزبی تەقویەتکرد و دووبارە سازمانی دانەوە. پلێنۆم هەروەها ڕێکەوتی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی چواردەی حیزبی لە ساڵی ١٤٠٣دا دیاریکرد.
پلێنۆمی پێنجەمی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی سێزدەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە بەشی کۆتایی کاری خۆیدا، بە مەبەستی هیدایەتی چالاکیی سیاسی و ڕێکخراوەیی حیزب لەماوەی دوو پلێنۆمدا لەناو هاوڕێیانی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب کە لە لیستی کاندیدەکاندا بوون، یازدە کەس لە هاوڕێیان: هەڵمەت ئەحمەدیان، ڕەئووف پەرستار، نوسرەت تەیموورزادە، شەمسی خوڕەمی، ناسر زەمانی، حەسەن شەمسی، ڕەحیم عەزیزپوور، ئارام فەرەجوڵڵاهی، سەلاح مازوجی، جەلال محەممەدنەژاد و سەدیقە محەممەدیی وەک ئەندامی کۆمیتەی ئیجرایی حیزب هەڵبژارد.
کۆمیتەی ئیجرایی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
١٤ی خەرمانانی ١٤٠٢
٥ی سێپتامبری ٢٠٢٣