فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پلێنۆمی چوارەمی کۆمتیەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بەڕێوەچوو (بەشی سێهەم)
یەکشەممە ۲۷-۰۱-۱۴۰۲   |  16-04-2023

خاکەلێوەی ١٤٠٢ – ئاوریلی ٢٠٢٣

پلێنۆمی چوارەمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٣ کە لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە ١٢ و ١٣ خاکەلێوەی ١٤٠٢ بەرابەر لەگەڵ ١ و ٢ی مانگی ئاوریلی ٢٠٢٣ بەڕێوەچوو، لە درێژەی باسەکانی خۆیدا سەبارەت بە ڕاپۆرتی سیاسی کۆمیتەی ئیجرایی حیزب بە پلێنۆم، دوای چاوخشاندنێک بەسەر بارودۆخی جیهان و پێگەی ناوچەیی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، ڕەوتی ئەوزاعی سیاسیی ئێرانی تاوتوێ کرد. لەم بەشەدا تەئکید کرا کە سەرەڕای تێپەڕینی حەوت مانگ لە هەڵچوونی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی ئێران کە بە قەتڵی دەوڵەتیی ژینا دەستی پێکرد، وێنەیەکی واقعی لە بارودۆخی سیاسی ئێران پێمان دەڵێ کە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا ئەگەرچی لە ناڕەزایەتی و شەڕ و تێکهەڵچوونی هەموو ڕۆژێی سەرشەقام و تەڵەفاتی سێ مانگەی ئەوەڵی فاسلەی گرتووە، بەڵام بەشێوازی جۆراوجۆر درێژەی هەیە. ئەم بزووتنەوەیە بەردەوامبوونی خۆی بەشێوەی بزووتنەوەی داخوازیی کرێکاران، مامۆستایان و خانەنشینان و ڕادیکاڵیزەبوون و سیاسیتربوونی هەرچی زیاتری داخوازی و ناڕەزایەتییەکان لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران پاراستووە. مەراسمی چوارشەممەسووری لە مەحەلاتی زیاتر لە سەد شاری ئێران وێڕای بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و وتنەوەی دروشمی بەهێز دژبە سەرانی ڕژیم و بەرەنگاربوونەوە دژبە هێزی سەرکوتگەر، بۆ جارێکی دیکە نیشانی دا کە ئەم بزووتنەوەیە نەتەنیا ڕانەوەستاوە، بەڵکوو پۆتانسیەلی خۆی بۆ مانەوە لەسەر شەقام وەک یەکێک لە سەنگەرەکانی خەبات و مەیدانی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هێزی دوژمن پاراستووە. لەم ڕووەوە کوژرانی دەیان کەس، برینداربوونی سەدان کەس و دەستبەسەرکرانی هەزاران کەسی تر لە چوارشەممەسووریدا نەیتوانی بەر بەم ناڕەزایەتییانە لە ڕۆژانی دواتردا بگرێت. مانەوەی زەرفیەتەکانی ئەم بزووتنەوەیە لەم واقعیەتەوە سەرچاوە دەگرێت کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی تەنیا لەڕێگەی پەرەپێدانی سەرکوتەوە توانیویەتی تا ئاستێک ئەم ناڕەزایەتییانە دامرکێنێت ئەگینا نەیتوانیوە هیچ گۆڕانێک لە بارودۆخی ژیانی خەڵدا پێکبێنێت. ئەم داماوییەی ڕژیم لە حاڵێکدایە کە ترسی جەماوەر ڕژاوە و دەزگای ئایدیۆلۆژیی ڕژیم توانای مەشرووعیەتدان بەم ئەوزاعەی لە دەست داوە و هەربۆیە ئەگەری هەڵچوونی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی خەڵک بەردەوام لەئارادایە.

پاراستنی ئەم زەرفیەتانە و درێژەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە سەلمێنەری ئەوەیە کە سەرکوتی بەرین لە سەرانسەری ئێران و کوشتار لە سیستان و بەلوچستان و کوردستان و هێرشی شیمیایی بۆسەر مەدرەسەکانی کچان نەتەنیا خەڵکی چاوترسێن نەکردووە، بەڵکوو هێزی هاوپشتیی لەناویاندا بەهێزتر کردووە. لە کارخانە، لە زانکۆ و لە گەڕەکی شارەکان لە هەموو شوێنێک سەرکوت جێگای خۆی داوە بە موقاومەت و خەبات و بەرەنگاربوونەوە لەدژی هێزی سەرکوتگەر و گشت دەسەڵات. ئەگەرچی پەرەپێدانی سەرکوت نەیتوانی جەماوەری ڕاپەڕیو چاوترسێن بکات، بەڵام درێژەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە توانیی ڕیزی هێزەکانی حکوومەت تێکبدات، کە بەرهەمی یەکدەستکردنەوەی سێ ناوەندی دەسەڵات لە دوایین شانۆی هەڵبژاردندا بوو. بەڵگەیەک کە لەسەر کۆبوونەوەی فەرماندەکانی سپای پاسداران و هێزە ئەمنیەتییەکان لەگەڵ خامنەیی بڵاوکراوەتە تا ئاستێک داماوی و دەستپێکی ڕەوتی لێکهەڵوەشانی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم نیشان دەدات. فەرماندەکانی سپا بەئاشکرا باس لە وازهێنانی هێزە وەفادارەکانیان دەکەن. فەرماندەی قەرارگای مەرکەزیی خاتەمولئەنبیا باس لەوە دەکات کە کەسانێک لە تۆپخانەی سپاوە ویستوویانە هێرش بکەنە سەر چەند خاڵی هەستیاری حکوومەت لە پایتەخت لەوانە بەیتی ڕەهبەری کە پیلانەکەیان پووچەڵ کراوەتەوە. فەرماندەی سپا دان بەوە دادەنێت کە هێزەکانی سپای قۆدس زانیاری بە ئیسرائیل دەفرۆشن و هەر بەم دەلیلە ئیسرائیل لە پیلانەکانیان ئاگادارە و بەردەوام زەربەیان بەردەکەوێ. هەروەها باس لە دەست لە کار کێشانەوە هەزاران کەس لە هێزەکانیان دەکەن. ناوەرۆکی ئەمجۆرە بەڵگانە و ڕەوتی ڕووداوەکان سەلمێنەری ئەم واقعیەتەن کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی وەک ئاخێزی مانگی خەزەڵوەری ٩٨ ڕووی نەکردە سەرکوت و کوشتاری بەرین و لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا بەشێکی لە دەستبەسەرکراوان ئازاد کرد، ئەمە نەک لەڕووی نەخشەیەکی ئاگاهانەوە، بەڵکوو لەڕووی لاوازی و بێتوانایی و نیگەرانیی سەرانی ئەم ڕژیمە بووە لە ئاست وازهێنانی هێزە سەرکوتگەرەکان. ئەم فاکتۆرەش نیشانەی گۆڕانی هاوسەنگیی هێزە بە قازانجی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان.

ئەوەیکە ڕوونە، درێژەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا و بوێری و فیداکاریی ژنان و پیاوانی لاو لە خەبات بۆ ڕووخاندنی ئەم ڕژیمە و لە بەرەنگاربوونەوە دژبە هێزە سەرکوتگەرەکان، یەکڕیزی هێزەکانی ڕژیمیان تێکداوە و کردوویانەتە قەیرانێک بوو حکوومەت. درێژەی گوشاری بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا، داڕمانی ئابووری و پەراوێزخرانی کۆماری ئیسلامیی لەئاستی جیهانی و ناوچەییدا زیاتر پەرەپێداوە و جەداڵ و کێشمەکێشی لەناو سەرانی حکوومەتدا زیاتر کردووە و هاوسەنگیی هێزی بەقازانجی ڕیزی خەباتی جەماوەر، بزووتنەوەی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان گۆڕیوە. بەم وەسفەوە ئەگەر ئەم شۆڕشە هێستا نەیتوانیوە بەسەر خاڵە لاوازەکانیدا زاڵ بێت، هێستا جەماوەری وەگیانهاتوو لەم بارودۆخە لەئاستی ملیۆنیدا نەهاتوونەتە مەیدانی خەباتەوە، مانگرتنی کرێکاری هێستا ناوەندە سەنعەتییە سەرەکییەکانی نەگرتووەتەوە و سەرانسەری نەبوونەوە، ڕەوتی سازماندان لە خوارەوە نەگەیشتووەتە قۆناغێک کە دەستکەوتەکانی هەتا ئێستا سەقامگیر بکات، بەڵام هاوسەنگیی هێزی ئێستا بەستێنێکی گونجاوی بۆ زاڵبوون بەسەر هەموو ئەم خاڵە لاوازانەدا ئامادە کردووە.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co