خاکەوەلێوەی ١٤٠١ – ئاوریلی ٢٠٢٣
پلێنۆمی چوارەمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٣ کە لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە ١٢ و ١٣ خاکەلێوەی ١٤٠٢ بەرابەر لەگەڵ ١ و ٢ی مانگی ئاوریلی ٢٠٢٣ بەڕێوەچوو، لە درێژەی باسەکانی خۆیدا سەبارەت بە ڕاپۆرتی سیاسی کۆمیتەی ئیجرایی حیزب بە پلێنۆم، دوای چاوخشاندنێک بەسەر بارودۆخی جیهان و پێگەی ناوچەیی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، ڕەوتی ئەوزاعی سیاسیی ئێرانی تاوتوێ کرد. لەم بەشەدا پێگەی مەنشووری داخوازی ڕێکخراوە کرێکاری و مەدەنییەکان درایە بەر باس و لێکۆڵینەوە.
لەم بارودۆخەدا بڵاوبوونەوەی مەنشووری داخوازیی لانیکەم لەلایەن ڕێکخراوە سینفی و مەدەنییەکانی ئێران هەنگاوێک بوو لەڕاستای وڵامدانەوە بە بەشێک لە پێداویستییەکانی ئەم دەورەیە و زاڵبوون بەسەر ئەو کەموکوڕییانەی کە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا لەگەڵیان بەرەوڕوویە.
بەڵام مەنشووری داخوازیی لانیکەمی ئەم ڕێکخراوانە کارێکی کتوپڕ و بێ پێش زەمینە نەبوو. بێگومان هەموومان لە بوونی هێزی چەپی کۆمەڵایەتی و حزووری لەناو هەموو بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان ئاگادارین. داڕێژەرانی ئەم مەشوورە لە ڕاستیدا بەشێک لە چالاکان و ڕێبەران و ناوەندەکانی ئەو هێزە مەزنە چەپە کۆمەڵایەتییەیە کە هاتووەتە بەرەوە و ئاڵای ئەم داخوازییانەی هەڵکردووە. جیا لە هەر هەڵسەنگاندن و ڕەخنەیەک کە لە ناوەرۆک و پڕۆسەی ئامادەکردنی مەنشووری داخوازیی لانیکەم هەمانبێت، ئەم مەنشوورە خواست و داخوازیی میحوەریی بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی خوێندکاران و لاوان و بزووتنەوەی کەمینە ژێر ستەمەکان، کە لەماوەی یەک سەدەی ڕابردوودا بێ وڵام ماوەتەوە بەیان کردووە و زەمینەیەکی گونجاوتری بۆ پەیوەندی ئەم بزووتنەوانە فەراهەم کردووە. بێگومان ١٢ داخوازییەکەی ئەم مەنشوورە بەبێ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی و هێرش کردنەسەر سەرمایەداری نایەنە دی. ئەم مەنشوورە هەوڵێکە لەپێناو پێکهێنانی ڕێبەریی سەرانسەری و وڵامێکی بەهێزە بە بەشە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازیی ئێران کە دەیانهەوێ لەسەر سەری خەڵک و بە یارمەتیی هێزە ئیمپریالیستەکان پڕۆژەی ئاڵتێرناتیڤسازییان بەڕێوەبەرین.
بەلەبەرچاوگرتنی پێگەیەکی عەینی کە ئەم مەنشوورە لە ئەوزاعی سیاسیی ئێستای ئێراندا پەیدای کردووە، پێویستە هەموو سۆسیالیستەکان، هەموو ئینسانێکی ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەب بەهەر شێوەیەک کە بۆیان دەکرێ لەم مەنشوورە پشتیوانی بکەن. بەڵام ئەم مەنشوورە سەرەڕای پێگەیەک کە لەبواری عەینییەوە پەیدای کردووە، هێستا بەرهەمی کار و هەوڵی تەنها بەشێک لە ڕێبەریی هێزی چەپی کۆمەڵایەتیی ئێرانە.
کەوابوو نابێ فەرامۆشی بکەین کە بەرەی سەرەکیی تەقویەتی ئەم مەنشوورە لە ناوەوەی ئێراندایە. ئەم مەنشوورە لە ناوەوەی ئێران پێویستە زیاتر گشتگیر بێت. بۆ گشتگیر کردنەوەشی پێویستە ئەم ڕووحیەیە تەقویەت بکەین کە داڕێژەرانی ئەم مەنشوورە لە ڕەخنەی دڵسۆزانە و مەسئوولانەی ئەو بەشە لە ڕێکخراو و ناوەند و چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان پێشوازی بکەن کە هێستا ئەم مەنشوورەیان واژۆ نەکردووە. بۆ نموونە پێویستە لە ڕەخنەی سەندیکای شیرکەتی واحید و گرووپی یەکیەتیی خانەنشیان و … پێشوازی بکرێ. مەوانعی سەر ڕێگای چالاکان و ڕێبەرانی شیرکەتی حەوت تەپە و … بۆ ئیمزای ئەم مەنشوورە چارەسەر بکرێ و هەرچی زیاتر بۆ جەماوەریتر کردنەوەی هەوڵ بدرێ.
بەرەیەکی دیکەی پشتیوانی لەم مەنشوورە دەرەوەی وڵاتە. بەتایبەت ئەوەیکە بزووتنەوەی ڕاست لەم بەرەیەدا سازماندراوتر عەمەل دەکات. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هەر لە ڕۆژی ئەوەڵەوە لەڕێگەی ڕاگەیاندنێکەوە لەم مەنشوورە داخوازییە پشتیوانیی کرد و لەسەر زەروورەتی پشتیوانیی هەموو هێزەکانی ئێستای بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی لەم مەنشوورە تەئکیدی کرد. لەماوەی یەک مانگی ڕابردوودا هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان بە دەرکردنی ڕاگەیاندنی جۆراوجۆر، بە ئەنجامدانی وتووێژ و کۆبوونەوەی جۆراوجۆری تەلەڤیزیۆنی، بە بەڕێوەبردنی دەیان سوخەنڕانی و پانێل لە کڵاب هاوس ڕۆڵێکی کاریگەریان بووە لە پشتیوانیکردن لەم مەنشوورە. هەروەها گەلێک هەوڵی بەنرخی دیکەش لەلایەن ئەم هاوڕێیانەوە لە ئینگلیس، لە فەڕانسە، لە سوێد و لە هێندێک لە وڵاتانی تر بۆ ڕاکێشانی پشتیوانی یەکیەتی و ناوەندە کرێکارییەکان لەم مەنشوورە ئەنجام دراوە. تەداروک و سازماندانی کۆبوونەوەی کۆڵن بۆ پشتیوانی لەم مەنشوورە لەلایەن کەسایەتییە سەربەخۆکان، ئەحزاب و سازمانە چەپ و کۆمۆنیستەکان لەوانە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانی ئەم حیزبە، هەنگاوێکی گرینگ لە درێژەی ئەم هەوڵانەی هەتا ئێستادا بووە
تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە