فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پلێنۆمی چوارەمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بەڕێوەچوو (بەشی پێنجەم)
سێشەممە ۲۹-۰۱-۱۴۰۲   |  18-04-2023

خاکەلێوەی ١٤٠٢ – ئاوریلی ٢٠٢٣

پلێنۆمی چوارەمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بەڕێوەچوو (بەشی پێنجەم)

پلێنۆمی چوارەمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٣ کە لە ناوەڕاستی مانگی خاکەلێوەدا بەڕێوەچوو لە بەشێک لە باسەکانی خۆیدا دوای چاوخشاندنێک بەسەر بارودۆخی جیهان و پێگەی ناوچەیی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و ڕەوتی ئەوزاعی سیاسی لە ئێران، تەحەروک و لێکنزیکبوونەوەی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی بورژوازیی دایە بەر باس و لێکۆڵینەوە. لەماوەی سێ چوار مانگی ڕابردوودا لەژێر کاریگەریی ئاڵوگۆڕی سیاسیی ئێستا لە ئێران شایەدی لێکنزیکبوونەوەی زیاتری ڕیزەکانی هێزی ئۆپوزیسیۆنی بورژوازیی ئێران بووین. لەم دەورەیەدا “شۆرای مودیریەتی گوزار” و “شۆرای میللیی تەسمیم” لەڕێگەی ڕاگەیاندنێکی هاوبەشەوە ڕایانگەیاند: “بەلەبەرچاوگرتنی هاوشێوەبوونی جۆری سازماندان و ئامانجی سیاسیی هاوبەش، بڕیار درا کە هەنگاوی کردەوەیی بۆ پەرەپێدانی هاوکاری، بەڕێوەبردنی پڕۆژەی سیاسیی هاوبەش و هەروەها قووڵکردنەوەی پەیوەندی بە ئامانجی یەکگرتن هەڵبگیرێت”. ئەوان ڕایانگەیاند: “ئامانجی هاوبەش بریتی دەبێت لە: “پاراستنی دەسەڵاتی نەتەوەیی و یەکپارچەیی وڵاتی ئێران، قەبووڵکردنی دیموکراسیی پەرلەمانی لەسەر بنەمای جیایی دین لە دەوڵەت، قەبووڵکردنی بانگنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ و کۆنوانسیۆنە پەیوەستکراوەکانی، باوەڕی قەتعی بە زەروورەتی تێپەڕین لە گشت نیزامی ئیسلامی و هەوڵ بۆ نەمانی هەرجۆرە هەڵاواردنێک”. ئەم دوو بەشە لە ئۆپۆزیسیۆنی ئێران کە لەژێر کاریگەریی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستادا باس لە شۆڕش دەکەن، دەستیان داوەتە دەستی یەک و بۆ تێکشکاندنی شۆڕشی ئێران نوسخە دەپێچن. لە کردەوەیەکی دیکەدا پێنج حیزب و ڕێکخراوی کۆماریخواز: “یەکیەتیی کۆماریخوازانی ئێران”، “جبهەی میللیی ئێران – ئورووپا”، “حیزبی چەپی ئێران(فەداییانی خەلق)”، سازمانەکانی جبهەی میللیی ئێران لە دەرەوەی وڵات” و “هاوپشتیی کۆماریخوازانی ئێران” لە درێژەی هاوکارییەکانی هەتا ئێستایان لەژێر کاریگەریی ئاڵوگۆڕەکانی ئێران، پەیوەندییەکانیان پەرەپێداوە و چوونەتە ناو هاوپەیمانییەوە. ئەم هاوپەیمانییەی ئۆپۆزیسیۆنی هێزە بورژوازییەکانیش ستراتێژی خۆی تێپەڕینی بەدوور لە توندوتیژی لە کۆماری ئیسلامی بەرەو کۆماری سێکۆلار و دیموکرات، گۆڕینی پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسی، جیایی دین لە دەوڵەت و سەربەخۆیی لەڕووی ناوەندییەوە لە یەکتر، دورستکردنی پێکهاتەیەک لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ئازاد پێناسە کردووە. ئیئتلافی ڕەزا پەهلەوی و هاوپەیمانانی کە لە کۆبوونەوەی زانکۆی جۆرج تاونی واشنگتۆن لە دەی فێوریەدا دەست بەکار بوو، یەک مانگ دوای ئەم کۆبوونەوەیە، مەنشووری خۆی لەژێرناوی “مەنشووری هاوپشتی و سازماندان بۆ ئازادی” بە ناوی کورتکراوی مەهسا وێڕای تەئکید لەسەر پاراستنی یەکپارچەیی وڵاتی ئێران بڵاوکردەوە.

لە قۆناغی ئێستادا دەوڵەتی ئەمریکا، دەوڵەتی کانادا و دەوڵەتانی ئورووپایی کە لە پەیمانی ناتۆدا کۆبوونەوە هەروەک گەلێک جار ڕایانگەیاندووە سیاسەتیان ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی نییە، چونکە ئاکامی پێشڕەوی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە لە ئێران و ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی لەسەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بۆیان قابیلی پێشبینی نییە. لەم ڕووەوە دەوڵەتی ئەمریکا و دەوڵەتانی ئورووپایی بە هێنانە مەیدانی ڕەزا پەهلەوی و هاوپەیمانەکانی و جەنجاڵ دروستکردن سەبارەت بە کۆبوونەوەی زانکۆی جۆرج تاونی واشنگتۆن، سوخەنڕانی ڕەزا پەهلەوی لە پارلەمانەکانی ئورووپا و لە هێندێک کۆبوونەوەی نێونەتەوەیی و بە هەرا و هوریا وەڕخستن لەدەوری مەنشووری شازادە بە یارمەتیی میدیا ئیمپریالیستەکان، لەڕاستیدا بە یەک تیر دوو ئامانجیان کردووەتە نیشانە. ئامانجی یەکەم داسەپاندنی ئەم گوشارە کۆنتڕۆڵکراوە دیپلۆماتیک و سیاسییانەیە وێڕای درێژەی گەمارۆی ئابووری، ئیمتیاز وەرگرتن لە کۆماری ئیسلامی لە دانوستانی ئەتۆمی، ڕێگریکردن لە بەرهەمهێنانی مووشەکی بالستی دوورمەودا، کۆتایی هێنان بە دەخاڵەتی نیزامی لە ناوچەکە و پشتیوانی نەکردن لە ڕووسیە لە شەڕی ئۆکراین و لە یەک کەلامدا ڕامکردنی ڕژیمی ئیسلامییە. ئامانجی دووهەمی ئەمریکا هێنانە مەیدانی ڕەزا پەهلەوی و هاوپەیمانانی بۆ دەرکردنی مەنشوور و ئاڵتێرناتیڤسازی لەسەر سەری خەڵکە بۆ بەلاڕێدابردن و تێکشکاندنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ئێران. دەوڵەتانی ئەمریکا و ئورووپا بەر لەوەیکە نیگەرانی ماندگاریی کۆماری ئیسلامی و سەرکەشییەکانی بن، نیگەرانی پێشڕەوی و سەرکەوتنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ئێران و دواهاتە پێشبینی نەکراوەکانی لەسەر جوگرافیای سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن.

دوو بنەمای سەرەکیی ستراتێژی هەموو ئۆپۆزیسیۆنەکانی بورژوازی پاراستنی ئەرتەش و سپای پاسداران و دەزگای پان و بەرینی بوروکراسیی دەوڵەتی و پاراستنی پەیوەندییەکانی سەرمایەدارییە. بابەتی جێگای سەرەنجی هەموو بەشەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازیی ئێران بەرنامە ئابوورییەکەیانە. ئەم هێزانە ڕوونی ناکەنەوە کە چۆن وێڕای پاراستنی موناسباتی سەرمایەداری و وێڕای پەیڕەوی لە مۆدێلی بازاڕی ئازاد و بەرنامەی نیولیبرالی بە مودیریەتی غەیرەئیسلامییەوە دەیانهەوێ گەشەی ئابووری زەمانەت بکەن و عەداڵەتی کۆمەڵایەتی، بەرنامەی ڕەفاهی و بەرابەری ژن و پیاو بۆ خەڵکی ئێران بەدیاری بێنن و کۆتایی بە کارەساتی بێکاری بێنن. لەئێستادا سەرەڕای دەخاڵەتی کۆنتڕۆڵکراوی دەوڵەتەکان لە ئابووریی هەموو وڵاتانی سەرمایەداری، مۆدێلی ئابووریی بازاڕی ئازاد و سیاسەتی نیولیبرالی بۆ گەشەی ئابووری پەیڕەو دەکرێت و پەیڕەوی لەم مۆدێلە لە هەموو شوێنێک بووەتە هۆی هێنانەخوارەوەی هەزینەی دەوڵەت بۆ بەرنامەی ڕێفاهی و لە یەک کەلامدا بووەتە هۆی بەکردەوە دەرهاتنی بەرنامەی ڕیازەتی ئابووری. کاتێک کە لە پلاتفۆرمی ئەم هێزانەدا باسێک لە گۆڕینی موناسباتی ئابووری و مۆدێلی گەشەی ئابووری ناکرێت، دەبێ فەرز بگیرێت کە ئەم هێزانە هەروەک چون مۆدێلی دیموکراسیی پەرەلمانی وڵاتانی پێشکەوتووی سەرمایەدارییان قەبووڵ کردووە لە بواری ئابووریشدا لە ڕوانگەی چینی سەمایەدارەوە مۆدێلی ئابووری بازاڕی ئازاد و سیاسەتی نیولیبرالی باو لەم وڵانە پەیڕەو دەکەن. لەم ڕووەوە هەموو وادە و بەڵێنەکانیان سەبارەت بە عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و بەرنامەی ڕەفاهی کۆمەڵایەتی و بەرابەری ژن و پیاو، پووچ و بێ ناوەرۆکە. هەربۆیە ئەمە بەرجەستەترین پارادۆکسی پلاتفۆرمی کۆماریخوازەکان و باقیی بەشەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازیی ئێرانە. ئەم هێزانە پێویستە وڵامی ئەو پەرسیارە بدەنەوە کە بەبێ هیرش کردنەسەر موناسباتی سەمایەداری هەزینەی ئابووریی بەرقەرارکردنی عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و بەرنامەی ڕەفاهی کۆمەڵایەتی لەکوێوە دابین دەکەن؟

تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co