پلێنۆمی چوارەمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هەڵبژێردراوی کۆنگرەی سێزدە کە لە ناوەڕاستەکانی مانگی خاکەلێوەدا بەڕێوەچوو لە بەشێک لە باسەکانیدا دوای چاوخشاندنێک بەسەر بارودۆخی جیهان و پێگەی ناوچەیی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و ڕەوتی هەلومەرجی سیاسی ئێران، پێگە و گرینگیی تەحەزوبی کرێکاران و ڕێکارەکانی دایە بەر باس و لێکۆڵینەوە و لەم پێوەندەدا لەسەر خاڵەکانی خوارەوە تەئکیدی کرد.
کۆمەڵگەی ئێران کەوتووەتە پێگەیەکی شۆڕشگێڕانەوە. ئەم پێگەیە لەم ڕووەوە بۆ کۆمۆنیستەکان گرینگیی هەیە کە دۆسیەی دەسەڵاتی سیاسیی بەڕووی چینی کرێکاردا دەکاتەوە. بەم وەسفەوە ئاشکرایە کە کەوتنە پێگەیەکی شۆڕشگێڕانەوە خۆی بە تەنیا ناتوانێ سەرهەڵدانی شۆڕش و سەرکەوتنی چینی کرێکار لە گرتنەوەی دەسەڵاتی سیاسیدا زەمانەت بکات. بۆ سەرهەڵدانی شۆڕشێک کە نیزامی کۆماری ئیسلامی بەشێوەی شۆڕشگێڕانە بڕووخێنێت، چینی کرێکار دەسەڵاتی سیاسی بەدەستەوە بگرێت و ئاڵوگۆڕ لە بنەماکانی موناسباتی سەرمایەداریدا بخاتە دەستووری کاریەوە، بێجگەلە گۆڕان و زەمینەی بابەتی و کۆمەڵایەتی پێویستە چینی کرێکاری شۆڕشگێڕ واتە لۆکۆمۆتیڤی سەرەکیی شۆڕش بە ڕادەی پێویست ڕێکخراو، وشیار و بەهێز بێت تا بتوانێ ئەرکی مێژوویی خۆی بەجێ بێنێت. چینی کرێکار بە بێ سازماندران لەناو ڕێکخراوی چینایەتی و جەماوەری لە جۆری شۆراکان و حیزبی سیاسی کۆمۆنیستی خۆی ناتوانێ زەرفیەتەکانی خۆی بۆ پێکهێنانی ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە بەکار بێنێت. لەم پێوەندەدا و لە بارودۆخی ئێستادا تەحەزوبی کرێکاران بووەتە بابەتێکی یەکجار گرینگ.
زەروورەتی بەحیزبیبوونی کرێکاران لە زەروورەتی ئاگاهی و ڕێکخراوبوونی کرێکار بۆ سازماندانی شۆڕشی کۆمەڵایەتی و لە نیاز بە ڕاپەڕینی مێژوویی بەرەو سۆسیالیزم سەرچاوە دەگرێت. لەو جێگەوە کە چینی سەرمایەدار چ ئەو بەشە کە لە دەسەڵاتی سیاسیدایە و داهاتووی خۆی بە ڕژیمی ئیسلامییەوە گرێداوە و چ ئەو بەشە کە لە ئۆپۆزیسیۆندایە و لەڕێگەی ئەو سەرچاوە ماددییەی کە لە ئیختیاری دایە ئیدئۆلۆژی، سیاسەت و کلتووری خۆی بۆ تێکشکاندنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی جەماوەر بەسەر بیروڕای گشتیدا دەسەپێنێ، چینی کرێکار بەبێ حیزبی کۆمۆنیستی و شۆڕشگێڕی خۆی ناتوانێ بەرەنگاری ئەم ئەوزاعە بێتەوە. هەر ئەم واقعیەتە چینایەتییە سادەیە کە تەحەزوبی کۆمۆنیستیی بۆ نەسلی لاوی چالاکان و پێشڕەوانی بزووتنەوەی کرێکاری کردووەتە زەروورەتێکی سیاسی. چونکە چینی کرێکار لەڕێگەی حیزبی چینایەتیەوەیە کە دەتوانێ مەسیری پێشڕەویی شۆڕش دیاری بکات، وڵامی پێداویستییەکانی هەر قۆناغێک لە پێشڕەوی بداتەوە و بۆ زەمانەتکردنی سەرکەوتن هەوڵ بدات.
بێجگەلە ئەو زەروورەتە سیاسی و چینایەتییەی کە ئاماژەی پێدرا، فاکتۆرێکی بابەتیی تر کە تەحەزوبی کۆمۆنیستی چینی کرێکاری زەررووری و مومکین دەکات، وجوودی توێژێکی بەرین لە چالاکان و پێشڕەوانی سۆسیالیستی لەناو بزووتنەوەی کرێکاری ئێراندایە کە لە ڕێکخراو، ناوەند و مەحافلی جۆراوجۆردا چالاکی دەکەن. ئەم توێژە لە چالاکانی کرێکاری لە جەرەیانی خەبادا بە وشیاری چینایەتی و سۆسیالیستی گەیشتوون و زۆربەیان لە پەیوەندییەکی زیندوو و ئۆرگانیکدان لەگەڵ جەماوەری کرێکاران. ئەم چالاکە کرێکارییانە سەرەڕای بەرینبوونیان پەراکەندەن و هێستا بەشێوەی مەحفەلی و ماقەبلی حیزبی چالاکی دەکەن و هەر ئەم پەڕاکەندەبوونە پۆتانسیەل و زەرفیەتەکانیانی لەبواری تەبلیغ و تەرویجی سۆسیالیستی، پەروەردەکردنی کادری لاوی بزووتنەوەی کرێکاری، پێکهێنانی تۆڕەکان بۆ دەخاڵەت لە خەباتی ئێستا، هەوڵ بۆ هاوئاهەنکردنی سازماندانی کرێکاران و هیتر تا ئاستێکی بەرچاو هێناوەتە خوارێ. ئەم بەشە لە چالاکانی کرێکاری بە ڕێکخراوبوونیان لەناو حیزبی کۆمۆنیستیدایە کە دەتوانن لەڕێگەی چالاکی وشیارانە و نەخشەمەند لەناو کرێکاران و لەڕێگەی هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەی ڕوونی سیاسی بارودۆخی خەبات، یارمەتیدەری ڕۆڵی ڕێبەری هێژمۆنیکی چینی کرێکار بن لە جەرگەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستادا.
سەرەڕای ئاڵۆزییەکانی تەحەزوبی ئەم بەشە لە چالاکانی کرێکاری، چارەسەرکردنی ئەم بابەتە دەبێ یەکێک لە گرنگترین ئەولەویەتەکانی حیزب بێت. بۆیە جارێکی تر پێویستە جەخت لەسەر ئەوە بکرێت کە هەوڵدان بۆ وەڵامدانەوەی پێداویستییەکانی بزووتنەوەی ئێستا نابێت ببێتە هۆی غافڵ بوونمان لەم بابەتە.
ئەبێ چی بکرێت
هەوڵ بۆ کردنەوەی هەرچی زیاتری ئاسۆی ڕوون بەرەوڕووی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا بەردەوام یەکێک لە ئەولەویەتە گرینگەکانی چالاکیی ئێمەیە. کەوابوو پێویستە ئاسۆی سۆسیالیستی، ئاسۆی حکوومەتی شۆڕایی بخەینە بەرامبەر ئەم بزووتنەوەیە. پێویستە هەوڵ بدرێت دروشمەکانی لەجۆری “ئازادی، بەرابەری، ئیدارەی شۆرایی” کە لەلایەن خودی جەماوەرەوە لەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیەدا گەڵاڵە کراون بە کەمپەینی سیاسی – تەبلیغی هەرچی زیاتر جەماوەریتر ببنەوە. پێویستە تێبینیی خۆمان لەم دروشمانە ببەینە ناو جەماوەرەوە. هەر لەم ڕوانگەوە پێویستە پەیگیرانە و بەردەوام هەڵوێست و ستراتێژی بەشە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازیی ئێران بۆ تێکشکاندنی ئەم بزووتنەوەیە بۆ خەڵک ڕوون بکەینەوە.
یەکێکی تر لە پێداویستییەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا هەوڵ بۆ هەرچی جەماوەریتر کردنەوەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستایە. پێویستە لە لابردنی بەربەستی زەینی جەماوەری خەڵکدا بۆ پەیوەست بوونیان بەم بزووتنەوەیە یارمەتیدەر بین.
هاوکاریکردن بۆ پێکهێنانی کۆمیتە و شۆرا کرێکارییەکان لە ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و پێکهێنانی کۆمیتە و شۆراکانی گەڕەکەکان و سازماندانی جەماوەری ژنان و خوێندکاران و هێتر، هەنگاوێکی ئەساسییە لەڕاستای پێشڕەوی و سەقامگیرکردنی دەستکەوتەکانی هەتا ئێستا. کەوابوو هەوڵ لەم ڕاستایە و چالاکیی پڕۆژەیی لەم زەمینانەدا لە ئەولەوییەتەکانی تەشکیلاتی شارەکانە.
ئەگەرچی مەنشووری داخوازیی لانیکەم هەنگاوێک بوو لەپێناو شکڵدان بە ڕێبەریی سەرانسەری بەڵام پێویستە بەردەوام بۆ گشتگیرکردنەوەی لە ناوەوەی ئێران و پەرەپێدانی پەیوەندیی چالاکان و ڕێبەرانی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران هەوڵ بدرێت.
بەهێزکردنی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان و هەوڵ بۆ وڵامدانەوە بە پێداویستییەکانی کردەوەیی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا یەکجار گرینگە. کەوابوو تا ئەو جێگایەی کە دەگونجێ پێویستە یارمەتیدەری ئەم بابەتە بین.
هەوڵ لەپێناو تەحەزوبی کرێکاران بەردەوام پێویستە یەکێک لە ئەولەویەتەکانی کار و چالاکیی حیزبی بێت.
لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبدا دوای باس و لێکۆڵینەوە سەبارەت بە ڕاپۆرتی سیاسی کۆمیتەی ئیجرایی بە پلێنۆم و باس سەبارەت بە کۆبوونەوەی کۆڵن بۆ پشتیوانی لە مەنشووری داخوازیی لانیکەمی ڕێکخراوە سینفی و مەدەنییەکان، ڕاپۆرتی چالاکیی ئۆرگانە جۆراوجۆرەکانی حیزب، کۆمیتەی تەشکیلاتی شارەکان، شۆرای تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە، کۆمیتەی ئیدارەی سایت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی حیزب، گۆڤاری جەهانی ئێمروز، کۆمیتەی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان، کۆمیسیۆنی ماڵی، کۆمیسیۆنی پەروەردە، کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) و کۆمیتەی ئیجرایی حیزب درایە بەر باس و لێکۆڵینەوە. پلێنۆمی کۆمیتەی ناوەندی لە درێژەدا ئۆرگانە جۆراوجۆرەکانی چالاکیی حیزبی تەقویەت و تەجدیدی سازمان کرد.
پلێنۆمی چوارەمی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٣ی حیزب لە بەشی کۆتایی کاری خۆیدا، بەئامانجی هیدایەتی چالاکیی سیاسی و تەشکیلاتی حیزب لەماوەی دوو پلێنۆمدا، لەناو هاوڕێیانی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب کە ناویان لە لیستی کاندیداکاندا بوون، یازدە کەس لە هاوڕێیان: هەڵمەت ئەحمەدیان، ڕۆژین ئەمینی، ڕەئوف پەرستار، نۆسرەت تەیمورزادە، شەمسی خۆرەمی، حەسەن شەمسی، ڕەحیم عەزیزپور، ئارام فەرەجوڵڵاهی، سەلاح مازوجی، سەدیقە محەممەدی و شۆڕش مەولانیی وەک ئەندامی کۆمیتەی ئیجرایی حیزب هەڵبژارد.
کۆمیتەی ئیجرایی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
خاکەلێوەی ١٤٠٢
ئاوریلی ٢٠٢٣
تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە