فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پیرۆز بێت ١٢ی گوڵان هێمای خەباتی شکۆداری مامۆستایان
سێشەممە ۱۲-۰۲-۱۴۰۲   |  02-05-2023
پیرۆز بێت ١٢ی گوڵان هێمای خەباتی شکۆداری مامۆستایان

لە مێژووی پڕ لە هەوراز و نشێوی خەباتی مامۆستایانی ئێراندا ڕۆژی ١٢ی گوڵان وەک ڕۆژی مامۆستا ناودێر کراوە. شەست و دوو ساڵ لەمەوبەر لە ڕۆژی ١٢ی گوڵانی ساڵی ١٣٤٠دا هەزاران مامۆستا بە داخوازیی بردنەسەرەوەی مووچەی مانگانە لە بەهارستان کۆبوونەوە و خوازیاری دیدار لەگەڵ سەرۆکی مەجلیس بوون. هێزەکانی پۆلیسی ڕژیمی پەهلەوی هێرشیان کردە سەر ئەم کۆبوونەوەیە و بە باتۆم و ئاوپاش هەڵیان کوتایە سەریان. لەم ڕۆژەدا سەرۆکی کەڵانتەریی بەهارستان، سەرگورد ناسر شەهرستانی، بەرەو مامۆستایانی خەباتکار، لەوانە ئەبولحەسەن خانعەلی، مامۆستا و خوێندکاری قۆناغی دوکتورای فەلسەفەی تاران تەقەی کرد و بوو بەهۆی گیان بەختکردنی و دوو مامۆستای دیکەش برینداربوون. لە ڕێکەوتی ١٨ی گوڵانی هەمان ساڵدا، کۆبوونەوەی بەرینی مامۆستایان، بە دەرکردنی بڕیارنامەیەک ڕۆژی ١٢ی گوڵانی بە یادی مانگرتنی مامۆستایان و ڕێزگرتن لە یادی دوکتور خانعەلی، وەک ڕۆژی مامۆستا ڕاگەیاند و دیارییان کرد کە لەم ڕۆژەدا هەموو ساڵێ هەموو مەدرەسە و ناوەندە فەرهەنگییەکان لە سەرتاسەری وڵات دابخرێن. حکوومەتی پەهلەوی لەژێر گوشاری خەباتی مامۆستایاندا ئەم ڕۆژەی وەک ڕۆژی مامۆستا بەفەرمی ناسی.

بەڵام ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای هاتنە سەر کارییەوە هەوڵی دا کە ئەم ڕۆژە مێژووییە لە ناوەرۆکی خەباتکارانەی خۆی بەتاڵ بکات. ڕژیمی ئیسلامی تیرۆری مورتەزا موتەهەری، سەرۆکی شۆرای دژەشۆڕشی ئیسلامی و یەکێک لە تیۆریسیەنە کۆنەپەرستەکانی لە یازدەی گوڵانی ١٣٥٨دا بە دەرفەت زانی و هەوڵی دا ١٢ی گوڵان ڕۆژی مامۆستا بەناوی ئەم تیۆریسیەنە کۆنەپەرستە ئیسلامییەوە بکات. بەڵام ئەم ساختەکارییە هیچکات لەلایەن کۆمەڵگەی مامۆستایانی ئێرانەوە قەبووڵ نەکرا و خەڵکی ئازادیخوازی ئێران بەخاتری خەباتی مامۆستایان و مەرگی مامۆستای گیان بەختکردوو دوکتور خانعەلی، ئەم ڕۆژە بە ڕۆژی مامۆستا دەزانن.

ساڵی ڕابردوو شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایانی ئێران لە بانگەوازێکدا ڕایگەیاند:”لەو جێگەوە کە ڕۆژی مامۆستا بەرابەرە لەگەڵ ئەوەڵی مەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار و زۆربەی دایک و باوکانی خوێندکاران ئێمە کرێکاران و زەحمەتکێشانین و داخوازیی مامۆستایان لەوانە پەرەوەردەی بەخۆڕایی و ستاندارد، بردنەسەرەوەی ئاستی مووچە بۆ سەرووی هێڵی هەژاری، مافی کۆبوونەوە و ڕێکخستن و مافی چالاکیی ئازادانە و ئازادیی مامۆستایان و کرێکاران لەگەڵ هەموو توێژە کرێکارییەکان هاوبەشە، شۆرای هاوئاهەنگیی داوا لە دایک و باوکی خوێندکاران دەکات کە بۆ وەدیهاتنی داخوازییەکانی خۆیان لە کۆبوونەوەکانی کرێکاران لە ئەوەڵی مانگی مەیدا بەشداری بکەن”. مامۆستایان بەم کردەوەیان دیمەنی واقعیی یەکگرتوویی خۆیان لەگەڵ باقیی بەشەکانی چینی کرێکار نیشان دا.

مامۆستایانی ئێران بە هەبوونی پێشینەی خەباتکارانە و تەداعی بوونەوەی خەباتیان لەگەڵ هێزە سێکۆلار و چەپەکان هەمیشە لە بواری پێگەی پیشەیی و سیاسییەوە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە کەوتوونەتە ژێر گوشاری بەرین و سەرکوتەوە. لە باروودۆخی ئێستادا نزیکەی سێ لەسەر چواری مامۆستایانی ئێران لەژێر هێڵی هەژاری دان. لە پەنا ئەم ژمارەیە لە مامۆستایان، کۆمەڵێک سیخوڕ و ڕاهاتووی ڕانتخۆری حەوزەکان بوونیان هەیە کە ئەمانە بەرپرسی بەڕێوەبردنی گەڵاڵەی دژەکلتووریی ڕژیم لە ناوەندەکانی فێرکردنن. ئەم گەڵاڵانە لەناو خودی وەزارەتی پەروەردە و بارهێناندا لەلایەن حەوزە و ناوەندەکانی تەبلیغاتی ئیسلامی، دەزگاکانی سیخوڕیی سپا، بەسیج و وەزارەتی ئیتلاعاتەوە ئامادە دەکرێن و بەکردەوە دەردێن. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەماوەی پتر لە چوار دەیە لە دەسەڵاتی خۆی بە دەخاڵەت دانی مەزهەب لە بابەتی پەروەردە و بارهێناندا هەوڵی داوە تا مەدرەسە و زانکۆکان بکاتە ناوەندی بانگەشە و بڵاوکردنەوەی جەهل و خورافەی مەزهەبی.

مامۆستایان سەرەڕای پاکسازی، بەدیلگیران و ئەشکەنجە و ئێعدامی مامۆستایانی کۆمۆنیست و شۆڕشگێڕ لەلایەن ڕژیمەوە بەتایبەت لە دەیەی ٨٠ی هەتاوییەوە بەرەو ئەملا خەباتی خۆیان دەست پێکردەوە. لەم ساڵانەدا ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی مامۆستایان، کەسایەتییەکانی وەک مامۆستای شۆڕشگێڕ و خەباتکار فەرزاد کەمانگەر، هاشم شەعبان نەژاد “شاعیر و وێبڵاگنووس”، هادی ڕاشێدیی ئێعدام کرد و چەندین مامۆستای خەباتکاری دیکەی خستە زیندانەوە. بەڵام خەباتی مامۆستایان سەرەڕای گوشاری بەردەوام و ڕەشبگیریی چالاکانیان، هەم لە بوار شکڵ و هەم لە بواری درووشم و داخوازییەوە، بەشێوەی بابەتی لەو چوارچێوە بەرتەسکانەی کە هێندێک لە ڕێکخراوە پیشەییەکانی لایەنگری ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی پێناسەیان دەکرد تێپەڕیون و هەرچی زیاتر ناوەرۆکی سیاسی و ڕادیکاڵی پەیدا کردووە.

لەدوای ئاخێزە سەرانسەرییەکانی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨، و لە جەریانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ئێستا کە بەناوی ژینا و ژن، ژیان، ئازادی دەستیپێکرد بزووتنەوەی داخوازیی مامۆستایان بەردەوام قووڵتر و بەرینتر بووەتەوە. ئەم ئاخێزانە باروودۆخی سیاسییان بۆ پەرەسەندنی بزووتنەوەی داخوازیی کرێکاران و مامۆستایان و بێبەشان گۆڕی و خاڵی وەرچەرخان بوون لە پەرەپێدان و قووڵترکردنەوە و سیاسیترکردنەوەی ئەم بزووتنەوانە. لەم قۆناغەدا بەو دەلیلە کە ناڕازییان بەباشی لەوە گەیشتوون کە لەژێر دەسەڵاتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا ئیمکانی وڵامدانەوە بە داخوازییەکانیان لە ئاستی بەریندا بوونی نییە، ناڕەزایەتییەکانیان پانتایی سیاسی بەخۆی دەگرێت و گشت ڕژیمی ئیسلامی دەباتە ژێر پرسیارەوە.

پێشڕەویی خەباتی مامۆستایان بۆ داسەپاندنی داخوازییەکانیان و ئازادکردنی مامۆستایان و کرێکاران و گشت بەندکراوانی سیاسی، لەگرەوی یەکڕیزی و هاوپشتیی لەگەڵ بەشەکانی دیکەی بزووتنەوەی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان و لەگرەوی گرتنەبەری تاکتیکی گونجاو بۆ یەکگرتوویی و سەرتاسەری کردنەوەی زیاتری ئەم ناڕەزایەتییانە دایە. مامۆستایانی ئێران لەماوەی مانگەکانی ڕابردوودا لە جەرگەی بزووتنەوەی شۆشگێڕانەی ئێستا بە بەرپاکردنی چەندین مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرانسەری، بە ڕاگەیاندنی هەڵوێستی لێبڕاوانە بەرانبەر بە هێرشی ڕژیم بۆسەر ژنان و هێرشی شیمیایی مۆرەکانی حکوومەت بۆسەر مەدرەسەکانی کچان، زەرفیەتی خۆیان بۆ کاریگەریدانان لەسەر فەزای سیاسیی کۆمەڵگا نیشان داوە. مامۆستایان بەردەوام ئاڵاهەڵگری داخوازیی لانیکەمی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان بوون کە بریتین لە ئازادیی بێ شەرت و مەرجی سیاسی، ئازادیی سەرجەم بەندکراوانی سیاسی، جیایی دین لە دەوڵەت، بەرابەریی ژن و پیاو لە هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، خوێندنی بەخۆڕایی بۆ هەموو منداڵان و نەمانی هەڵاواردن و بردنەسەری حەقدەست بۆ سەرووی هێڵی هەژاری و خواستی مەنعی خسووسی سازی و کاڵایی کردنی پەروەردە و دەرمانی بەخۆڕایی و هیتر. پێشڕەویی خەباتی مامۆستایان بۆ داسەپاندنی داخوازییەکانیان و ئازادکردنی مامۆستایان و کرێکاران و گشت بەندکراوانی سیاسی، لەگرەوی یەکڕیزی و هاوپشتیی لەگەڵ بەشەکانی دیکەی بزووتنەوەی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان و لەگرەوی گرتنەبەری تاکتیکی گونجاو بۆ یەکگرتوویی و سەرتاسەری کردنەوەی زیاتری ئەم ناڕەزایەتییانەدایە.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co