فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پیرۆز بێت ١٢ی گوڵان ڕۆژی مامۆستا؛ ڕۆژی کرێکار و ڕۆژی مامۆستا پێکەوە بەڕێوەبەرین
دوشەممە ۱۰-۰۲-۱۴۰۳   |  29-04-2024

لە مێژووی پڕ لە هەوراز و نشێوی خەباتی مامۆستایانی ئێراندا ڕۆژی ١٢ی گوڵان وەک ڕۆژی مامۆستا ناودێر کراوە. ٦٣ ساڵ لەمەوبەر لە ڕۆژی ١٢ی گوڵانی ساڵی ١٣٤٠دا هەزاران مامۆستا بە داخوازیی بردنەسەری مووچەی مانگانە لە بەهارستان کۆبوونەوە و خوازیاری دیدار لەگەڵ سەرۆکی مەجلیس بوون. هێزەکانی پۆلیسی ڕژیمی پەهلەوی هێرشیان کردە سەر ئەم کۆبوونەوەیە و بە باتۆم و ئاوپاش هەڵیان کوتایە سەریان. لەم ڕۆژەدا سەرۆکی کەڵانتەریی بەهارستان، سەرگورد ناسر شەهرستانی، بەرەو مامۆستایانی خەباتکار، لەوانە ئەبولحەسەن خانعەلی، مامۆستا و خوێندکاری قۆناغی دوکتورای فەلسەفەی تاران تەقەی کرد کە بەهۆیەوە گیانی بەختکرد و دوو مامۆستای دیکەش برینداربوون. لە ڕێکەوتی ١٨ی گوڵانی هەمان ساڵدا، کۆبوونەوەی بەرینی مامۆستایان، بە دەرکردنی بڕیارنامەیەک ڕۆژی ١٢ی گوڵانی بە یادی مانگرتنی مامۆستایان و ڕێزگرتن لە یادی دوکتور خانعەلی، وەک ڕۆژی مامۆستا ڕاگەیاند و دیارییان کرد کە لەم ڕۆژەدا هەموو ساڵێ هەموو خوێندنگا و ناوەندە فەرهەنگییەکان لە سەرتاسەری وڵات دابخرێن. حکوومەتی پەهلەوی لەژێر گوشاری خەباتی مامۆستایاندا ئەم ڕۆژەی وەک ڕۆژی مامۆستا بەفەرمی ناسی.

بەڵام ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای هاتنە سەر کارییەوە هەوڵی دا کە ئەم ڕۆژە مێژووییە لە ناوەرۆکی خەباتکارانەی خۆی بەتاڵ بکات. ڕژیمی ئیسلامی تیرۆری مورتەزا موتەهەری، سەرۆکی شۆرای دژەشۆڕشی ئیسلامی و یەکێک لە تیۆریسیەنە کۆنەپەرستەکانی لە یازدەی گوڵانی ١٣٥٨دا بە دەرفەت زانی و هەوڵی دا ١٢ی گوڵان ڕۆژی مامۆستا بەناوی ئەم تیۆریسیەنە کۆنەپەرستە ئیسلامییەوە بکات. بەڵام ئەم ساختەکارییە هیچکات لەلایەن کۆمەڵگەی مامۆستایانی ئێرانەوە قەبووڵ نەکرا و خەڵکی ئازادیخوازی ئێران بەخاتری خەباتی مامۆستایان و مەرگی مامۆستای گیان بەختکردوو دوکتور خانعەلی، ئەم ڕۆژە بە ڕۆژی مامۆستا دەزانن.

لە ساڵی ١٤٠١ شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایان لە بانگەوازێکدا ڕایگەیاند: “لەو جێگەوە کە ڕۆژی مامۆستا بەرابەرە لەگەڵ ئەوەڵی مەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار و زۆربەی دایک و باوکانی خوێندکاران ئێمە کرێکاران و زەحمەتکێشانین و داخوازیی مامۆستایان لەوانە پەرەوەردەی بەخۆڕایی و ستاندارد، بردنەسەرەوەی ئاستی مووچە بۆ سەرووی هێڵی هەژاری، مافی کۆبوونەوە و ڕێکخستن و مافی چالاکیی ئازادانە و ئازادیی مامۆستایان و کرێکاران لەگەڵ هەموو توێژە کرێکارییەکان هاوبەشە، وێڕای پیرۆزبایی ئەوەڵی مانگی مەی لە کرێکاران، داوای لە دایک و باوکی خوێندکاران کرد کە بۆ وەدیهاتنی خواستەکانیان لە کۆبوونەوەکانی کرێکاران بەبۆنەی ئەوەڵی مانگی مەی بەشداری بکەن.” ئەمساڵیش لە شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایان چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت کە بە هەڵوێستێکی هاوشێوە، ڕۆژی ئەوەڵی مانگی مەی (ڕێکەوتی ١٢ی مانگی گوڵان) بکەنە دیمەنی ڕاستەقینەی یەکگرتوویی و هاوپشتیی خۆیان لەگەڵ بەشەکانی دیکەی چینی کرێکار.

مامۆستایانی ئێران بە هەبوونی پێشینەی خەباتکارانە و تەداعی بوونەوەی خەباتیان لەگەڵ هێزە سێکۆلار و چەپەکان هەمیشە لە بواری پێگەی پیشەیی و سیاسییەوە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە کەوتوونەتە ژێر گوشاری بەرین و سەرکوتەوە. لە باروودۆخی ئێستادا نزیکەی سێ لەسەر چواری مامۆستایانی ئێران لەژێر هێڵی هەژاری دان. لە پەنا ئەم ژمارەیە لە مامۆستایان، کۆمەڵێک سیخوڕ و ڕاهاتووی ڕانتخۆری حەوزەکان بوونیان هەیە کە ئەمانە بەرپرسی بەڕێوەبردنی گەڵاڵەی دژەکلتووریی ڕژیم لە ناوەندەکانی فێرکردنن. ئەم گەڵاڵانە لەناو خودی وەزارەتی پەروەردە و بارهێناندا لەلایەن حەوزە و ناوەندەکانی تەبلیغاتی ئیسلامی، دەزگاکانی سیخوڕیی سپا، بەسیج و وەزارەتی ئیتلاعاتەوە ئامادە دەکرێن و بەرکردەوە دەردێن. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەماوەی پتر لە چوار دەیە لە دەسەڵاتی خۆی بە دەخاڵەت دانی مەزهەب لە بابەتی پەروەردە و بارهێناندا هەوڵی داوە تا خوێندنگە و زانکۆکان بکاتە ناوەندی بانگەشە و پەرەپێدانی جەهل و خورافەی ئایینی.

مامۆستایان سەرەڕای پاکتاوکران، بەدیلگیران و ئەشکەنجە و ئێعدامی مامۆستایانی کۆمۆنیست و شۆڕشگێڕ لەلایەن ڕژیمەوە بەتایبەت لە دەیەی ٨٠ی هەتاوییەوە بەرەو ئەملا خەباتی خۆیان دەست پێکردەوە. لەم ساڵانەدا ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی مامۆستایان، کەسایەتییەکانی وەک مامۆستای شۆڕشگێڕ و خەباتکار فەرزاد کەمانگەر، هاشم شەعبان نەژاد “شاعیر و وێبڵاگنووس”، هادی ڕاشێدیی ئێعدام کرد و چەندین مامۆستای تێکۆشەری دیکەی خستە زیندانەوە. بەڵام خەباتی مامۆستایان سەرەڕای گوشاری بەردەوام و ڕەشبگیریی چالاکانیان، هەم لە بواری شێواز و هەم لە بواری درووشم و داخوازییەوە، بەشێوەی بابەتی لەو چوارچێوە بەرتەسکانەی کە هێندێک لە ڕێکخراوە پیشەییەکانی لایەنگری ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی پێناسەیان کردبوو، یەکجار واوەتر چووە و هەرچی زیاتر ناوەرۆکی سیاسی و ڕادیکاڵی بەخۆوە گرتووە.

لەڕاستیدا دوای ئاخێزە سەرانسەرییەکانی بێبەشانی شار لە بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ و لە جەریانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا کە بەناوی ڕەمزی ژیناوە دەستیپێکرد، بزووتنەوەی داخوازیی مامۆستایانیش بەردەوام قووڵتر و بەرینتر بووەتەوە. ئەم ئاخێزانە بارودۆخی سیاسییان بۆ پەرەسەندنی بزووتنەوەی داخوازیی کرێکاران و مامۆستایان و بێبەشان گۆڕی و خاڵی وەرچەرخان بوون لە پەرەپێدان و قووڵترکردنەوە و سیاسیترکردنەوەی ئەم بزووتنەوانە. لەم قۆناغەدا بەو دەلیلە کە ناڕازییان بەباشی لەوە گەیشتوون کە لەژێر دەسەڵاتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا ئیمکانی وڵامدانەوە بە داخوازییەکانیان لە ئاستی بەریندا بوونی نییە، ناڕەزایەتییەکانیان پانتایی سیاسی بەخۆی گرتووە و گشت ڕژیمی ئیسلامی دەبەنە ژێر پرسیارەوە. مامۆستایانی ئێران لە جەرگەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستادا بە بەرپاکردنی چەندین مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرتاسەری وێڕای ڕاگەیاندنی هەڵوێستی لێبڕاوانە بەرامبەر بە هێرشی ڕژیم بۆسەر ژنان و هێرشی کیمیایی بەکرێگیراوانی ڕژیم بۆسەر خوێندنگاکانی کچان، بە وتنی “نا”یەکی بەهێز بە شانۆی هەڵبژاردنی حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران، زەرفیەت و تواناکانی خۆیان بۆ کاریگەری دانان لەسەر کەشوهەوای سیاسیی کۆمەڵگا نیشان داوە. مامۆستایان پایەیەکی سەرەکی بوون بۆ بەرزکردنەوەی ئاڵای داخوازییە لانیکەمەکانی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان. بۆ نموونە: ئازادیی بێ شەرت و مەرجی سیاسی، ئازادیی سەرجەم زیندانیانی سیاسی، جیایی دین لە دەوڵەت، بەرابەریی ژن و پیاو لە هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، خوێندنی بەخۆڕایی بۆ هەموو منداڵان و نەمانی هەموو جۆرەکانی هەڵاواردن و بردنەسەری حەقدەست و مووچە بۆ سەرووی هێڵی هەژاری و خواستی ڕێگریکردن لە خسووسی سازی و کاڵایی بوونی پەروەردە و دەرمانی بەخۆڕایی و هتد. پێشڕەویی خەباتی مامۆستایان بۆ داسەپاندنی داخوازییەکانیان و بۆ ئازادکردنی مامۆستایان و کرێکاران و گشت بەندکراوانی سیاسی، لەگرەوی یەکڕیزی و هاوپشتیی لەگەڵ بەشەکانی دیکەی بزووتنەوەی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان و لەگرەوی گرتنەبەری تاکتیکی گونجاو بۆ یەکگرتوویی و سەرتاسەری کردنەوەی زیاتری ئەم ناڕەزایەتییانەدایە.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co

https://t.me/peshrawcpiran

www.facebook.com/Peshrawcpiran

www.instagram.com/Peshrawcpiran1

https://t.me/KomalaCpiranTv