فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پیرۆز بێت ٣١ی جۆزەردان ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە، باسکی چەکداری ڕەوتی کۆمۆنیستی
هەینی ۲۹-۰۳-۱۴۰۵   |  19-06-2026

مێژووی شکڵ‌گرتن و خەباتی ماندوویی‌نەناسانەی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە ئاوێتەی مێژووی خەبات و خۆڕاگری و مێژووی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان بووە. ٤٧ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بناغه‌ی ئه‌م هێزه‌ له‌ هه‌لومه‌رجێكدا داڕێژرا كه‌ کۆمەڵگەی ئێران لەبەردەم ئاڵوگۆڕێکی مێژووییدا بوو. له‌ لایه‌كه‌وه‌ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی ئێران به‌ شۆڕشێكی جه‌ماوه‌ری له‌ چنگ دیكتاتۆری پاشایه‌تی ڕزگاریان ببوو و فورسه‌تی ئه‌وه‌یان په‌یدا كردبوو كه‌ نه‌فه‌سێك به‌ ئازادی هه‌ڵمژن و له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ مۆته‌كه‌ی رژیمێكی سەرمایەداریی مەزهەبی کە تینووی خوێنی شۆڕش بوو و خۆی بۆ قۆرخکردنی دەسەڵات ئامادە دەکرد، کۆمەڵگەی ئێرانی داگرتبوو. ڕه‌وتی ئیسلامی كه‌ ئه‌ركی خنکاندنی دەنگی شۆڕشی ئێرانی وه‌ئه‌ستو گرتبوو، لە گۆشە و کەناری ئێران سەرکوتی خەباتی ئازادیخوازانه‌ و ڕەهایی‌بەخشی خەڵکی دەست پێکردبوو. به‌ڵام له‌ كوردستان دۆخەکە بە جۆرێکی تر بوو. لاوازبوونی ڕه‌وتی ئیسلامی، نفووزی بیروبۆچوون و ڕێبازی ئازادیخوازانە و چه‌پی ڕادیكال و شۆڕشگێڕانە لەناو خەڵکدا و بوونی حیزبە سیاسییەکان و بەتایبەتی ئامادەبوونی کۆمەڵە، هه‌موو ئەمانە هاوسه‌نگییه‌كی جیاوازی هێزیان خوڵقاندبوو. كرێكارانی چه‌وساوه‌ خوازیاری ژیانی باشتر بوون و بۆ ڕێکخستنی ڕیزەکانی خۆیان تێدەکۆشان. زه‌حمه‌تكێشانی گوندەکان كه‌ له‌ كوت‌وبه‌ندی پاشماوه‌كانی سیستەمی ده‌ره‌به‌گایه‌تی ڕزگاریان ببوو، ژنانی تینووی ئازادی و مافی یه‌كسانی، جه‌ماوه‌رێک کە نەیاندەویست ئیتر باری قورسی ستەمی نەتەوایەتی بە کۆڵ بکێشن، هه‌مووی ئه‌و خواست و ئارەزووانە له‌ باڵای بزووتنه‌وه‌یه‌كی موقاومه‌تی جەماوەریدا بەرجەستە ببووەوە. بزووتنەوەیەک کە خۆی بۆ به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هێرشی دژەشۆڕشی تازه‌ به‌دەسه‌ڵات‌گه‌یشتوو ئامادە دەکرد.

له‌ سه‌ره‌تاوه‌، كۆنه‌پارێزانی ناوچه‌ و پاشماوه‌ی سیستەمی ڕزیوی ده‌ره‌به‌گایه‌تی هه‌وڵیان دا به‌ پشت‌به‌ستن به‌ دەوڵەتی مه‌ركه‌زی، پێگەی له‌ده‌ست‌چووی خۆیان به‌دەست بێننه‌وه‌. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ داروده‌سته‌ی چه‌كداریان پێكهێنابوو و هه‌ڕه‌شه‌یان له‌ زه‌حمه‌تكێشانی گوندەکان ده‌كرد. بۆ پووچه‌ڵ‌كردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌وڵانه‌، كۆمه‌ڵه‌‌ بانگه‌وازی زه‌حمه‌تكێشانی کوردستانی كرد كه‌ له‌ یه‌كێتیی جوتیاراندا خۆیان ڕێک بخەن و چەکدارانە له‌ مافەکانی خۆیان دیفاع بكه‌ن. هاوكات له‌گه‌ڵ نزیك‌بوونه‌وه‌ی كاتی په‌لاماری سەربازیی ڕژێمی ئیسلامی بۆ سەر كوردستان، بنکەکانی فێرگه‌ی سەربازیی كۆمه‌ڵه‌ له‌ باشوور و باكووری کوردستان بۆ په‌روه‌رده‌كردنی كادره‌ سەربازییەکان بەمەبەستی ڕێکخستنی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە کرانەوە. بڕبڕەی پشتی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه‌ لەو کادرانە پێك هات كه‌ لەم فێرگایانەدا پەروەردە ببوون. هێزی یه‌كێتیی جووتیاران بە هیدایەتی كۆمه‌ڵه، له‌ مه‌ریوان، دیوانده‌ره‌، كامیاران، سه‌رده‌شت، بۆكان و مه‌هاباد، ئه‌ركی خۆیان بۆ تێکشکاندنی هەوڵی دەرەبەگە کۆنەپارێزەکان سه‌ركه‌وتووانه‌ جێبەجێ کرد. زه‌وییه‌كان به‌سه‌ر جووتیارانی هه‌ژار و زەحمەتکێشانی گوندەکاندا دابه‌ش كران و داروده‌سته‌ چه‌كداره‌کانی ئاغاکان هەڵوەشانەوە.

گوڕوتینی ئەو زه‌حمه‌تكێشانەی کە به‌دەستی خۆیان سەرکەوتنیان بەدەست هێنابوو و هیوایان بە داهاتوویەکی ڕوون خواستبوو، ئامادەبوونی ژنان لە گۆڕەپانی خەباتی سیاسیدا، هەوڵی کرێکاران بۆ خۆڕێکخستنیان، پێکهاتنی ناوەند و ئەنجومەنەکانی مامۆستایان و خوێندکاران و ئەو كه‌شوهه‌وا سیاسییە‌ دیموکراتیکەی كه‌ سەرتاسەری کۆمەڵگەی كوردستانی گرتبووەوە، كوردستانی کردە سه‌نگه‌رێكی پته‌و بۆ درێژه‌دان بە شۆڕشی ئێران. په‌ره‌سه‌ندنی نفووزی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیی كۆمه‌ڵه‌‌ و گه‌شه‌كردنی تواناییه‌كانی له‌ كۆكردنه‌وه‌ و ڕێكخستنی جه‌ماوه‌ردا، كه‌ له‌ چه‌ندین ڕووداوی مێژووییدا وه‌ك كۆچی خەڵکی مه‌ریوان، ڕێپێوانە بەربڵاوەکان به‌ره‌و شاری مه‌ریوان بەمەبەستی پشتیوانی لە خەڵکی ئەم شارە و مانگرتنی گشتیی یه‌ك مانگه‌ی خەڵکی سنه‌ بۆ ده‌ركردنی سوپای پاسداران له‌م شارە، خۆی ده‌نواند.

ئەم پێشهاتانە دەریاندەخست كه‌ كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشان ئاسۆیه‌كی دیكه‌یان بۆ داهاتووی شۆڕشی ئێران خستووەتە بەردەم کۆمەڵگە، کە ئەمەش بۆ ڕژێمی ئیسلامیی بەدەسەڵات‌گەیشتوو ته‌حه‌مول نه‌ده‌كرا. هه‌ر بۆیه‌ ڕژێمی دژەشۆڕشی ئیسلامی دوای ماوه‌یه‌ك فریوكاری و کات کوشتن، هه‌موو دەرگاکانی گفتوگۆ و دانوستانی داخست و دوای ئەو تاوانە قێزەون و کۆمەڵکوژییە کارەساتبارانەی لە گوندەکانی “قارنێ و قه‌ڵاتان” و شوێنەکانی تردا ئەنجامی دان، به‌ فه‌رمانی خومه‌ینی له‌ ٢٨ی گه‌لاوێژی ساڵی ١٣٥٨ی هه‌تاویدا هێرشێكی به‌ربڵاوی بۆ سەر كوردستان ده‌ست پێكرد. كۆمه‌ڵه‌‌ خەڵکی کوردستانی بۆ موقاومەت لە بەرامبەر ئەم هێرشەدا لە هەموو بوارەکاندا بانگهێشت کرد. خه‌ڵكی كوردستانیش به‌دەم ئه‌و بانگه‌وازه‌وە چوون و مێژووی پڕ له‌ هەوراز و نشێو و پڕ له‌ دەرس و ئه‌زموونی ٤٧ ساڵی ڕابردوویان دروست كرد.

هێزی پیشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه‌‌، وەک باسکی چەکداری ڕەوتێکی کۆمۆنیستی، هەمیشە پێداگریی لەسەر ئاسۆی شۆڕشی كۆمه‌ڵایه‌تیی بۆ ڕزگاریی كرێكاران و خەڵکی زه‌حمه‌تكێش کردووە. شۆڕشێك كه‌ هێزی بزوێنەری لە كرێکاران و زه‌حمه‌تكێشان پێک دێت. شۆڕشێکی لەم چەشنە نەک لە ئیرادەی ئێمەوە، بەڵکوو لەسەر بنەمای واقیعە بنه‌ڕه‌تییە ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییەکانی کۆمەڵگەی سەرمایەدارییەوە سەرچاوە دەگرێت. ناکۆکییە چینایەتییەکان، نابەرابەری، هەڵاواردن، بێبەشبوونە کۆمەڵایەتییەکان، نەبوونی ئازادییە تاکەکەسی و سیاسییەکان، ڕێگریکردن لە ئازادبیرکردنەوە و ئازادژیان و هتد، ئەو هۆکارانەن کە کۆمەڵگەیەک بەرەو شۆڕش پاڵ پێوەدەنێن. شۆڕش بە واتای گواستنەوەی دەسەڵاتی سیاسی لە کەمینەیەکی بچووکەوە بۆ زۆرینەی بەرهەمهێنەرانی سەروەت و نیعمەتی کۆمەڵگە، و دەستپێکی گۆڕانکارییە بنەڕەتییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان لەپێناو دابینکردنی ئازادی و یەکسانیی مرۆڤەکان و خۆشگوزەرانیی گشتیدا.

واقعییەت ئەوەیە کە شەڕ و خەباتی چەکداری بەهۆی پەلاماری هێزەکانی ڕژێمی ئیسلامییەوە بەسەر خەڵکی کوردستاندا سەپێندرا. خەڵکی کوردستان ئازادییان دەویست و چونکە سوور بوون لەسەر دیفاع لەو دەستکەوتە دیموکراتیکانەی کە لە ڕەوتی ڕووخاندنی ڕژێمی شادا بەدەستیان هێنابوو، ناچار بوون کە دەست بۆ چەک بەرن. دیفاع لەم ئازادییە، بە بێ گیانفیدایی مەیسەر نەبوو. ئەوان لە بەرامبەر هێرشی دژەشۆڕشی سەرمایەی ئیسلامیدا دەستیان بۆ چەک برد، ئازایانە شەڕیان کرد و لە حورمەتی ئینسانیی خۆیان دیفاعیان کرد. کاتێک هێزەکانی ڕژێمیان پاشەکشە پێ کرد و کوردستانیان جارێکی تر لەژێر چنگی ڕژێمی سەرکوتگەر دەرهێنا، لە زۆر شوێنی کوردستان نموونەگەلێکی بەبایەخیان لە ژیانی ناو کەشێکی ئازاد و دیموکراتیک تەجروبە کرد. بە وەها ئاسۆیەکەوە و لە هەناوی پێشڕەویی بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەی جەماوەریدایە کە کۆمەڵە بە پشت‌بەستن بە کادر، سوننەت و ئەو توانایانەی کە لەناو جەماوەری خەڵکی کوردستاندا پەروەردەی کردوون، بۆ وەڵامدانەوە بە پێداویستییەکانی ئەو قۆناغە، سەرلەنوێ هێزی پێشمەرگە لەناو جەماوەردا و بە پشتیوانیی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان ڕێکدەخاتەوە، بۆ ئاسانکردنی سەرکەوتنی ڕاپەڕینی شارەکان تێدەکۆشێت و بەپێی توانای خۆی یارمەتیدەر دەبێت بۆ ڕێکخستن و پەروەردەکردنی هێزێکی چەکداری جەماوەری لەژێر فەرمانی کۆنگرەی سەرتاسەریی شۆراکانی خەڵکی کوردستاندا.

لە ٣١ی جۆزەرداندا و بەبۆنەی ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵەوە، یادی هاوڕێ “سەعید موعینی” یەکەمین پێشمەرگە و یەکەمین گیانبەختکردووی کۆمەڵە، کە ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە بۆ ڕێزلێنان لە یاد و بیرەوەری و ڕۆژی گیانبەختکردنی ئەو ناونراوە، و یادی هەزاران تێکۆشەری شۆڕشگێڕ و کۆمۆنیست کە لە مەیدانە جیاوازەکانی شەڕ دژی یەکێک لە دڕندەترین دیکتاتۆرییەکانی سەرمایەداریی سەردەم گیانیان بەخت کرد، بەرز ڕادەگرین و سڵاو و دروود دەنێرین بۆ بنەماڵە سەربەرز و خۆڕاگرەکانی ئەم ئازیزانە.