کرێکاران و زەحمەتکێشان!
ئەوەڵی مانگی مەی ڕۆژی جیهانیی کرێکارە. ئەوەڵی مانگی مەی ڕۆژی دەرکەوتنی هاوپشتیی جیهانی و ڕۆژی نیشاندانی سەربەخۆیی چینایەتیی کرێکارانە. کرێکارانی جیهان ئەمساڵ ئەم ڕۆژە مێژووییە لە بارودۆخێکدا جێژن دەگرن کە نیزامی سەرمایەداری لە سەرانسەری جیهان لەگەڵ قەیرانی ئابووری و سیاسیی قووڵ بەرەوڕووە. قەیرانێک کە ناتەبایی نێوان دەوڵەتانی ئیمپریالیستی و پاوانخوازیی سەرمایەداریی زیاتر کردووە و شەڕ و کوشتار و هەڵاوسان و گرانیی پێداویستیی گشتی و وێرانیی ژینگەی لەئاستێکی بێوێنەدا پەرەپێداوە و جیهانی لەگەڵ کارەساتێکی گەورە بەرەوڕوو کردووە. ئاکامەکانی ئەم قەیرانە هێندە بەرین بووەتەوە کە بەهۆی گوشارەکانیەوە، ملیۆنان کرێکار و زەحمەتکێش بۆ دیفاع لە مافی ژیانی خۆیان هەموو ڕۆژێ دەست دەدەنە ناڕەزایەتی و مانگرتن. لەماوەی ساڵی ڕابردوودا مانگرتن و خۆپیشاندانی مەزنی کرێکاران لە وڵاتانی ئەمریکا، ئورووپا و سەرهەڵدانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دژبە سەرمایەداری لە سەرانسەری جیهان، ئاسۆی سۆسیالیستیی وەک تاکە ڕێگای ڕزگاری لە نیزامی زاڵمانەی سەرمایەداری زیاتر لە ڕابردوو کردووەتە ئاسۆی خەباتی ڕۆژانەی جەماوەری مەزنی کار و زەحمەت.
نیزامی دەسەڵاتداری ئێران کە تێیدا دین و دەوڵەت تێکەڵە و یەکێک لە سەرکوتگەرترین نیزامەکانی سەرمایەداری دێتە ئەژمار، هەروەک باقیی دەوڵەتانی سەرمایەداری لە سەرانسەری جیهان بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ قەیرانی ناوخۆیی و دەرەکیی خۆی، هەوڵ دەدات لەڕێگەی پەرەپێدانی چەوساندنەوەی کرێکاران و زەحمەتکێشان باری سەرەکیی قەیران بخاتە سەر شانیان. کۆماری ئیسلامی لەماوەی ساڵی ڕابردوودا هەروەک ساڵانی پێشوو بە داسەپاندنی سیاسەتی ئابووریی دژەکرێکاری، بارودۆخی ژیانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی دژوارتر کردووە و ستەمی ڕەگەزی، نەتەوەیی و ئایینی وەک ئامرازێک بۆ پاراستنی دەسەڵات و کەڵکەکردنی سەرمایە و سەروەت پەرەپێداوە. ئازادیی سیاسی و مافی مەدەنی و مافی ڕێکخراو و تەحەزوبی لە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و لە ڕۆشنبیرانی کۆمەڵگە زەوت کردووە. بەڵام کرێکاران، ژنان، لاوان و خەڵکی ژێر ستەم و چەوساوە، و مرۆڤی وشیار و خەباتکار و ئازادیخوازی کۆمەڵگاش بێکار دانەنیشتوون. ساڵی ڕابردوو لە درێژەی خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشان، شایەدی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی مەزن بە پێشەنگایەتیی ژنانی بوێر، ڕەزمەندە و شۆڕشگێڕ بووین کە سەرەڕای ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سەرکوتی بێرەحمانەی ڕژیمی ئیسلامی و سەدان گیان بەختکردوو و هەزاران زیندانی، دەستکەوتی گرینگ و بەنرخیان بەدەستهێناوە و ئەم خەباتە هەروا بەردەوامە.
کرێکارانی خەباتکاری ئێران!
ڕەوتی ڕووداوەکان لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوو لە جیهان و لە ئێران، دەرخەری ئەم واقعییەتە مێژوویی و حاشاهەڵنەگرەیە کە نیزامی سەرمایەداری بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکانی، بێجگەلە هێرشکردنە سەر دەستکەوتەکانی خەباتی کرێکاران، دەرکردن و بێکارکردنی دەستەجەمعی، هێرش بۆسەر حەقدەست و ئاستی بژێوی کرێکاران و زەحمەتکێشان و هەڵگیرساندنی شەڕ و کوشتار و سەرکوتی حەرەکەتە ناڕەزایەتییەکان و فریودانی جەماوەری زەحمەتکێش، ڕێگایەکی تری نییە. لەم نەبەردەدا، کرێکاران و هەموو ئەوانەی گوشاری قەیرانی ئابووری و ستەم و چەوسانەوەی نیزامی سەرمایەداری هەست پێدەکەن، ڕێگایەکیان بێجگەلە خەبات و بەرەنگاربوونەوە و پاشەکشەپێکردنی سەنگەر بە سەنگەر بە دوژمنانی خۆیان و سەرەنجام زاڵبوون بەسەر کەمینەی چەوسێنەر و ستەمکاردا نییە.
هاوڕێیانی کرێکار ئاڵوگۆڕی سیاسیی مەزنتر و شەپۆلی بەرینتری خەبات بەڕێوەیە. بارودۆخی سیاسیی هەستیاری کۆمەڵگای ئێران بۆ گۆڕینی نەزمی ئێستا، پێویستی بە داهێنانی چینی کرێکارە.
ئەوەڵی مانگی مەی (١١ی گوڵان)ی ئەمساڵ دەرفەتێکە تا بە یەکگرتن لەگەڵ کرێکارانی سەرانسەری جیهان، دەنگی ناڕەزایەتیی خۆمان دژبە وەزعیەتی مەوجود بەرز بکەینەوە. پێویستە هەوڵ بدەین گشت خەڵکی زەحمەتکێشی شار و دێ، ژنان و لاوان و جەماوەری ژێر ستەم و چەوساوە، ئاسۆی وەدیهاتنی داخوازییەکانیان لە درێژە و سەرکەوتنی خەباتی کرێکاراندا ببیننەوە و لە دەوری ڕێبەرانی کردەوەیی بزووتنەوەی کرێکاری کۆببنەوە.
ئەمڕۆ مێژوو لە ئێمەی کرێکار دەخوازێ کە دەنگی ملیۆنان ئینسانی بەندکراوی ناو زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی و مافیای دەسەڵات و سەروەت لە ئێران بین. ناتەبایی نێوان سەرمایەداران و جەماوەری مەزنی کار و زەحمەت، نە بە ڕێفۆرم بەڵکوو بە ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی نیزامی دەسەڵاتدار چارەسەر دەکرێت.
پێویستە هاوهەنگاو و هاوڕێ لەگەڵ خەباتی کرێکارانی سەرانسەری جیهان دژبە دەسەڵاتی ڕوو لە زەواڵی سەرمایەداری بەرەوپێش بڕۆین. هەلومەرجی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئێران و جیهان بارودۆخێکی پێکهێناوە کە ئەمساڵ دەکرێ و دەبێ بۆ بەڕێوەبردنی خۆپیشاندانی ئەوەڵی مانگی مەی بەشێوەی بەرینتر ئامادەکاری بکەین.
لە هەر شوێنێک کە هەین و بە هەر شێوەیەک کە دەتوانین، بە هەوڵ و کۆششی خۆمان دەست بکەین بە سازماندانی مەراسمی ڕۆژی کرێکار و بە هێنانەگۆڕی دروشم و داخوازیی میحوەری و باقیی داخوازییە ئابووری و سیاسی و چینایەتییەکانمان، لەوانە ئازادیی ڕێکخراو، ئازادی سیاسی، ئازادیی زیندانیانی سیاسی و هەڵوەشاندنەوەی مسەوەبەی دەوڵەت سەبارەت بە حەقدەست کە بووەتە موتالبەی گشتیی کرێکاران و زەحمەتکێشان، و بە گەڵاڵەکردنی دروشمی تەبلیغی و تەرویجی ئاڵتێرناتیڤی سۆسیالیستی و کرێکاری، کرێکاران بانگەشەی یەکگرتن و خەبات لە دەوریان بکەین.
بژی ئەوەڵی مانگی مەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار
بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی! بژی سۆسیالیزم!
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان
٣٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٢
واژۆکان: سازمانی ئیتحادی فیدائیانی کۆمۆنیست، ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کارگەری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کاریگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلیەت
تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە