فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پیلانگێڕییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ پەرەپێدانی ئاژاوە و بشێوی لە سووریە
یەکشەممە ۰۹-۱۰-۱۴۰۳   |  29-12-2024

ڕووخانی حکوومەتی بەشار ئەسەد گەورەترین زەربە بوو کە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا لە سیاسەتی “ستراتێژی شەڕی پێشگرانە”ی کۆماری ئیسلامی دراوە. کۆماری ئیسلامی هیوادار بوو لەڕێگەی هێزە میلیشیاکانی سەر بە خۆی کە لەماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا هەزینەی یەکجار زۆری لێکردوون، بتوانێ ڕێکخراوی لێکهەڵوەشاوی حیزبوڵڵا لە لۆبنان لەڕێگەی سووریەوە ساغ بکاتەوە و درێژە بە سیاسەتی دەستتێوەردان و فراوانخوازی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بدات. بەڵام ڕووخانی دەسەڵاتی هاوپەیمانی دێرینەی واتە ئەسەد و هاتنە سەر دەسەڵاتی گرووپێکی کۆنەپەرست و تیرۆریستی لە جۆری خۆی بە دەخاڵەتی دەوڵەتە ڕەقیبە جیهانی و ناوچەییەکان لەوانە ئەمریکا و تورکیە و قەتەر، هەرجۆرە ئیمکانێکی حزووری کۆماری ئیسلامیی لە سووریە بۆ پێشخستنی ئامانجەکانی لە داهاتوو پووچەڵ کردەوە. ئەحمەد شەرع ڕێبەری هەیئەتی “تەحریری شام” هەر لە سەرەتای هاتنە سەر کارییەوە ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی هیچ پێگەیەکی لە داهاتووی سووریەدا نابێت.

بەڵام ئەوە تەنیا گرووپی تەحریری شام نییە کە حزووری کۆماری ئیسلامیی لە سووریە قەدەغە و نامومیکن کردووە، بەڵکوو خەڵکی سووریەش بەخاتری کردەوە و هەڵسووکەوتی تیرۆریستی و شەڕخوازیی کۆماری ئیسلامی و حیزبوڵڵا و دەست هەبوونیان لە سەرکوت و کوشتاری سەدان هەزار کەس لە خەڵکی ناڕازی لە جەریانی ئاخێزە جەماوەرییەکانی خەڵکی سووریە دژبە ڕژیمی بەشار ئەسەد لە ساڵانی بەر لە ٢٠١١، لە کۆماری ئیسلامی تووڕە و بێزارن. هەروەک بینیمان لەدوای ڕووخانی حکوومەتی ئەسەد، تاکە باڵیۆزخانە کە لە دیمەشق هێرشی کرایە سەر باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی بوو.

بەم حاڵەوە خامنەیی و باقیی بەرپرسانی حکوومەتی ئیسلامی هێستا لە هەوڵی ئەوەدان لەڕێگەی دەست و پەیوەندەکانیان لە سووریە ئاژاوە و بشێوی دروست بکەن و بەجۆرێک پێگەی لەدەستچوویان بگەڕێننەوە. ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو عەلی خامنەیی لە وتارێکیدا وتی: “پێشبینیی ئەوە دەکەم کە گرووپێکی شەرافەتمەندی بەهێز لە سووریە سەرهەڵدەدات. لاوی سووریەیی شتێکی بۆ لەدەستدان نییە. ماڵ و ژیانی نائەمنە، چی بکات. زانکۆ و خوێندنگا و شەقام و هەموو شوێنک بۆی نائەمنە. لاوانی سووریەیی دەبێ بەهێز و بە ئیرادەوە لەبەرامبەر کەسانێک کە هۆکاری نائەمنین ڕاوەستن”. ئەو پێشتریش بەڵێنی دابوو کە بارودۆخی سووریە هەر بەم شێوەیە نامێنێت و دەگۆڕدرێت. مۆحسین ڕەزایی فەرماندەی پێشووی سپای پاسداران و ئەندامی مەجمەعی تەشخیسی مەسڵەحەتی نیزامیش بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک لە پەیوەند لەگەڵ بارودۆخی سووریە ڕایگەیاند کە لەماوەی کەمتر لە یەک ساڵدا “میحوەری موقاومەت” لە سووریە سەرهەڵدەداتەوە. عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ڕژیمیش پێشبینیی کردبوو کە هێستا زوویە لەسەر داهاتووی سووریە بڕیار بدەین. چونکە هۆکارگەلێکی زۆر لە بارودۆخی سیاسیی ئەم وڵاتەدا نەخشیان هەیە. ئەو کەسانەی کە بارودۆخی ئێستای سووریە بە سەرکەوتن دەزانن، دەبێ پێیان بڵێین دڵتان بەوە خۆش مەکەن. چونکە داهاتوویەکی نادیار چاوەڕوانتان دەکات.

بەڵام بێجگەلە ئەم لێدوان و پێشبینییانە، لەماوەی یەک مانگی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی هەوڵی داوە بە هاندان و خراپکاری، زەمینە بۆ ناڕەزایەتی لە هێندێک لە شارەکان لەوانە “لازقیە” و “حۆمس” و “تەرتووس” کە زۆربەی دانیشتووانیان شیعەی عەلەوین دروست بکات. ڕۆژی سێشەممە چواری مانگی بەفرانبار گرووپێکی میلیشیای نەناسراو هێرشیان کردە سەر زیارەتگای عەلەوییەکان لە ناوچەی میسلوون لە شاری حەلەب و لەم هێرشەدا ٥ کەسیان کوشت و زیارەتگاکەشیان ئاگر تێبەردا. بەدوای ئەوەدا چەندین ناڕەزایەتی لە شارەکانی تەرتووس، لازقیە و حۆمس بەڕێوەچوو. هەڵبەت زۆرێک لە خەڵک بەلەبەرچاوگرتنی پێشینەی ڕژیمی ئیسلامی و بە سەرەنجدان بە وتەکانی عەلی خامنەیی، ئەنگوستی تاوانیان بەرەو کۆماری ئیسلامی ڕاکێشا و وتیان کە ئەم هێرشە بە ئامانجی ئاژاوەنانەوە ئەنجام دراوە. بەوتەی دانیشتووانی ناوچەکە، ئەم خۆپیشاندانانە لەلایەن ئەندامانی گرووپە توندڕەوەکانی عەلەوی و شیعەوە ڕێبەری کراون. لەم پەیوەندییەدا “ئەسعەد حسێن شیبانی” وەزیری دەرەوەی هەیئەتی تەحریری شام، ڕۆژی سێشەممە ٤ی مانگی بەفرانبار داوای لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی کرد کە  لە دروستکردنی ئاژاوە و بشێوی لە سووریە خۆبەدوور بگرن و ڕێز لە ئیرادەی خەڵکی سووریە و دەسەڵاتی ئەم وڵاتە بگرن. ناوبراو وتی: “خامنەیی و بەرپرسانی دیکەی کۆماری ئیسلامی لە هەرجۆرە دەرئەنجامێکی لێدوانەکانیان بە بەرپرسیار دەزانین”.

لە ڕووداوێکی دیکەی هاوشێوە و گوماناویدا لە شارۆچکەی مەسیحی “سەقلبیە” لە نزیک شاری حەما، ژمارەیەک کەسی دەمامکدار کە دەوترێت ئەندامی بیانی گروپێکی ئیسلامین بە ناوی “ئەنسار التوحید” ئاگریان لە دارێکی کریسمس بەردا. بەدوای ئەوەدا ئێوارەی دووشەممە ٣ی مانگی بەفرانبار خۆپیشاندانێک لە دیمەشق بۆ ناڕەزایی دەربڕین دژی ئەم کارە هاندەرانەیە بەڕێوەچوو. بەرپرسێکی تەحریری شامیش پشتراستی کردووەتەوە کە ئەنجامدەرانی ئەم کارە سووریەیی نەبوون.

دوای ئەوەیکە گرووپی تەحریری شام دەسەڵاتی گرتە دەست، بەهۆی ئەوەیکە زۆرێک لە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی سووریە نیگەرانی داهاتووی خۆیانن، لە دیمەشق و شارەکانی دیکەی سووریە کۆبوونەوە و خۆپیشاندانی ناڕەزایەتیی ڕەسەنیان بەڕێوەبرد و خوازیاری پێکهێنانی حکوومەت بە بەشداری نوێنەرانی هەموو چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان بوون. بێگومان جەماوەری ستەمدیدەی سووریە کە زیاتر لە پەنجا ساڵ لەژێر دیکتاتۆرییەتی بنەماڵەی ئەسەددا لە ئازادی و ئاسایش و خۆشبژێوی بێبەری بوون، مافی خۆیانە کە بەدەستی خۆیان چارەنووسیان دیاری بکەن. جەماوەری خەڵک لە هەموو وڵاتانی ناوچەکە کە لەژێر دەسەڵاتی گرووپە ئیسلامییەکانی وەک کۆماری ئیسلامی، تاڵەبان، داعش، حوسییەکان، ئەخوانولموسلین و هیتردا بوون، بێجگەلە هەژاری و نەهامەتی، شەڕ و نائەمنی، کوشتار و وێرانی شتێکی تریان بەنەسیب نەبووە. بێگومان دەسەڵاتی “هەیئەتی تەحریری شام”یش بە پێشینەی ئەلقاعدە و داعشەوە جیاوازییەکی لەگەڵ ئەوان نابێت. بەڕیزبوونی نوێنەرانی دەوڵەتانی سەرمایەداریی ڕۆژئاوا و ناوچەکە بۆ بەرقەرارکردنی پەیوەندی لەگەڵ حکوومەتی تەحریری شام، تەنیا لەپێناوی دابینکردنی قازانج و بەرژوەندی خۆیاندایە و هیچی تر. ئەوان نەتەنیا لەگەڵ حکوومەتە سەرمایەدارییە ئیسلامییەکان هیچ کێشەیەکیان نییە، بەڵکوو خۆیان لە هاتنە سەر کاریاندا دەستیان بووە. بێگومان مەرجی بەشداریی چالاکانەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگا لە پێکهێنانی دەسەڵاتێکی جەماوەری لە سووریە کە بەرژەوەندی کرێکاران، ژنان، خوێندکاران و کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان و هەموو توێژەکانی کۆمەڵگا دابین بکات، ڕێکخستن و پێکهێنانی ناوەندەکانی دەسەڵاتی جەماوەری و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا لە گەڕەکەکانی شارە جۆراوجۆرەکان، شاروچکەکان و گوندەکان لە سەرتاسەری سووریە بە ئاسۆی وەدیهێنانی ئازادی و کۆتایی هێنان بە هەڵاواردن و نابەرابەری و ڕەفاهی گشتییە.