فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پێداویستییەکانی پێشڕەویی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا
سێشەممە ۰۴-۱۱-۱۴۰۱   |  24-01-2023
پێداویستییەکانی پێشڕەویی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا

لەئێستادا زیاتر لە چوار مانگ لەو بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە تێدەپەڕێت کە بە قەتڵی دەوڵەتیی ژینا کەوتە ڕێ. بێگومان دەکرێ لە ڕوانگەی جۆراوجۆرەوە ئەم بزووتنەوەیە هەڵسەنگێندرێت. بەڵام بەدەر لە هەر هەڵسەنگاندنێک کە لەم بزووتنەوەیە هەمانبێت، لە بارودۆخی ئێستادا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە پێداویستییەکانی پێشڕەویی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە کامانەن، چۆن دەکرێ ئەم بزووتنەوەیە بەرەو پێشەوە بەرین؟

بۆ پێشڕەویی ئەم بزووتنەوەیە بەر لە هەموو شتێک پێویستە ئاسۆ و ستراتێژی ڕوون بخرێتە بەردەم ئەم بزووتنەوەیە و ئەم ئاسۆ ڕوونە پێویستە لە دروشم و داخوازییەکانی جەماوەری ڕاپەڕیوی خەڵکدا ڕەنگدانەوەی بێت. چونکە ئامانجی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە تەنیا ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی نییە. خەڵک لەدژی نەهامەتی و نەبوونی و هەڵاواردن و بێ مافییەک دەستیان داوەتە ناڕەزایەتی و خەبات کە ڕیشەی لە موناسباتی سەرمایەداریی ئێراندایە. حکوومەتی دینی ئەم ئازار و هەڵاواردنانەی پەرەپێداوە. بەم ئیعتبارە ئەم بزووتنەوەیە دژە سەرمایەدارییە. خەڵک بە دروست بۆ وەدیهێنان و بەرپاکردنی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و بەرابەر و خۆشبژێو چاویان لە ئیمکاناتی بەرینی ئێران بڕیوە. کەوابوو ئامانجی ئەم بزووتنەوەیە تەنیا سەلبی نییە بەڵکوو ماهیەتەن ئیجابییە. بۆ جەماوەری خەڵک گرینگە کە وێنەیەکی ڕوونیان لە پێکهاتەی سیاسی و حکوومەتێک هەبێت کە دوای ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دەسەڵات دەگرێتە دەست. کەوابوو دروشمی “مەرگ بۆ خامنەیی”، “مەرگ بۆ دیکتاتۆر” و تەنانەت دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” بەتەنیا ئەم ئامانجە بەیان ناکات و ئاسۆیەکی ڕوون ناخاتە بەردەم ئەم بزووتنەوەیە. ئاسۆیەکی سۆسیالیستی پێویستە بخرێتە پێش ئەم بزووتنەوەیە. پێویستە هەوڵ بدرێت دروشمەکانی وەک “نان، کار، ئازادی، ئیدارەی شۆرایی”، “ئازادی، بەرابەری، ئیدارەی شۆرایی” کە لەلایەن خودی جەماوەری خەڵکەوە لەم بزووتنەوەیەدا گەڵاڵە کراون، بە هەڵمەتی سیاسی و تەبلیغی جەماوەریتر ببنەوە. پێویستە بۆچوونمان دەربارەی ئەم دروشمانە ببەینە ناو جەماوەرەوە. ئازادی تەنیا بەمانای ئازادبوون لە کۆسپ و بەندی دەسەڵاتێکی ئایینی نییە، بەڵکوو بەمانای ئازادی لە هەموو کۆسپ و بەندی موناسباتی سەرمایەداریشە. بەرابەری تەنیا بەمانای بەرابەریی یاسایی نییە بەڵکوو مەبەست بەرابەریی ئابووری و بەرابەربوونە لە دەستڕاگەیشتن بە هەموو ئەو ئیمکاناتەی کە دەبێتە هۆی گەشەی تواناییەکانی ئینسان. پێویستە ئەم دەرکە لە ئازادی و بەرابەری ببەینە ناو جەماوەرەوە. لەم ڕووەوە پێویستە لێبڕوانە و بەردەوام هەڵوێست و ستراتێژی سیاسیی بەشە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازیی ئێران بۆ تێکشکاندنی ئەم بزووتنەوەیە بدەینە بەر ڕەخنە. پێویستە بەڕوونی نیشانی بدەین کە بەرنامەی ئابوورییان، کە هەمان سەرمایەداریی بازاڕی ئازاد و نیۆلیبرالیسمە بە مودیریەتی غەیری ئیسلامییەوە، لەگەڵ پلاتفۆرمی داخوازییەکانیان و ئەو وادە و بەڵێنانەی کە بە خەڵکی دەدەن چەندە ناتەبایە. ئەوان کە بەدیلیان سەمایەدارییە بە مودیریەتی غەیری ئیسلامییەوە ناتوانن وادەی ڕەفاه بە خەڵک بدەن. سەرمایەداری بە مودیریەت و بەڕێوەبەریی غەیری ئیسلامیشەوە دەسەڵاتێکی دیکتاتۆرییە.

پێداویستییەکی تری پێشڕەویی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە بەهێزکردنی بواری سازماندانە. تۆڕی لاوانی شۆڕشگێڕ لە گەڕەکی شارە جۆراوجۆرەکان، ناوەند و ڕێکخراوەی خوێندکاری کە لەم دەورەیەدا پەرەیان سەندووە، مامۆستایان لەڕێگەی ڕێکخراوی سەرانسەرییەوە چەند مانگرتنی سەراسەرییان سازمانداوە، تۆڕەکانی مەحافلی کرێکاری و کۆمیتەکانی مانگرتن لەناو بزووتنەوەی کرێکاری، هەر هەموویان نیشانەی بوونی دەرەجەیەک لە سازماندان و کاری ڕێکخراوە. پێویستە لە جەرگەی ئەم بزووتنەوەیەدا بواری سازماندان و ڕێکخستن بەهێز بکرێت. ئاشکرایە کە ئەم ئاستە لە سازماندان لەگەڵ پێداویستییەکانی ئەم بزووتنەوە مەزنە یەک ناگرێتەوە. بەڵام زەمینە بۆ تەقویەتی ئەمری سازماندان لەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیەدا بوونی هەیە. بۆ نموونە هەر ئەم تۆڕانەی لاوانی شۆڕشگێڕی گەڕەکەکان کە لە شارە جۆراوجۆرەکان لە کاری سازماندانی ناڕەزایەتییەکاندا دەستپێشخەر بوون، دەتوانێ بەردی بناغەی کۆمیتەی گەڕەکەکان و لە هەنگاوەکانی دواتردا شۆرای گەڕەکەکان پێکبێنێت. ئەم کۆمیتانە لە بارودۆخی ئێستادا دەتوانن ڕۆڵێکی کاریگەریان بێت لە سازماندانی ئیعتڕازاتدا. لە مەدرەسەکان خوێندکاران کە پایەکی ناڕەزایەتییەکان لەم دەورەیەدا بوون بە کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونی سازماندانی مامۆستایان، دەتوانن ناوەند و شۆراکانی خوێندکاران پێک بێنن. لەئێستادا زیاتر لە ڕابردوو زەمینە بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوی جەماوەریی ژنان فەراهەمە. بزووتنەوەی کرێکاریش لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا هەزاران مانگرتن و ناڕەزایەتیی گەورە و چکۆلەی تەجروبە کردووە. ئەم ئەزموونانە پێمان دەڵێن کە ماتریالی ئینسانی و کادری ڕێکخەر کە بە بیری دەخاڵەتدانی ڕاستەوخۆی کرێکاران لە بڕیارداندا پەروەردە بوون لەناو بزووتنەوەی کرێکاریی ئێراندا بوونی هەیە. هەربۆیە بەستێنی گونجاو بۆ پێکهێنانی شۆرا و باقیی ڕێکخراوە کرێکارییەکان ئامادەیە.

پێداویستییەکی تری پێشڕەویی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا یارمەتیدان بۆ پێکهێنانی ڕێبەرییەکی سەرانسەرییە. بێگومان جەوهەری ڕێبەری لەم بزووتنەوەیەدا بوونی هەیە. ئەم بزووتنەوەیە بەپێچەوانەی ئیدیعای ڕەوتی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاست، خاوەنی ڕێبەرییە. ڕێبەرانێک کە سەرەڕای جەوان بوونیان لەماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، ئاخێزی مانگی بەفرانباری ٩٦، ئاخێزی خەزەڵوەری ٩٨، ئاخێزی جەماوەری لە ئیسفەهان و خووزستان دژبە کەم ئاوی، کاریگەریی مانگرتنە کرێکارییەکان لەسەر فەزای سیاسیی کۆمەڵگە و دەیان ناڕەزایەتیی گەورە و چکۆلەی دیکەیان تەجروبە کردووە و دەرسیان لێ وەگرتوون. ئەم ڕێبەرییە بە گرتنەبەری تاکتیکی جۆراوجۆر لەبەرامبەر هێزە سەرکوتگەرەکاندا کارایی خۆی نیشان داوە. هەڵبەت ئەم ئاستە لە ڕێبەری نابێ ئیدەئالیزە بکرێت. ئەوەیکە ئەم بزووتنەوەیە لەجیاتی ڕێبەریی ئەحزاب، یان ڕێبەریی ڕێکخراوەکانی جەماوەریی کرێکاران بەم ئاستە لە ڕێبەری قەناعەتی کردووە، خۆی بەرهەمی زیاتر لە چوار دەیە سەرکوتی ئەحزاب و ڕێگری لە پێکهێنانی ڕێکخراوی کرێکاری و هەرجۆرە ڕێکخراوێکی ترە. بەڵام ئەم ڕێبەرییە پێویستە بەڕەسمی بناسرێت. چەپی ئێران نابێ خۆی لە بەرامبەریدا ببینێت، بەڵکوو پێویستە پێگەیشتنیدا یارمەتیدەر بێت. دیارە ڕێبەریی ئێستای ئەم بزووتنەوەیە زیاتر خەسڵەتی مەحەلیی هەیە و وڵامدەرەوەی پێداویستییەکانی بزووتنەوەیەکی سەرانسەری نییە. بەڵام بەهەرحاڵ پێکەوە پەیوەنددانی ئەم ڕێبەرە مەحەلییانە دەتوانێ هەنگاوێک بێت لەپێناو شکڵدان بە ڕێبەرییەکی سەرانسەری. لەم دەورەیەدا پێکەوە پەیوەنددانی لاوانی شۆڕشگێڕی مەحەلاتی جۆراوجۆر لەگەڵ ڕێکخراو و ناوەندە خوێندکارییەکان و هێندێک لە ڕێکخراوەکانی ژنان و دیکانی گیان بەختکردووان هەوڵێکی کاریگەر بوو لەڕاستای پێکهێنانی ڕێبەرییەکی سەراسەریدا. چەپ و کۆمۆنیستە موتەحەزیبەکان پێویستە یارمەتیدەری ئەم ڕەوتانە بن. لە مەسیری هەوڵ بۆ وڵامدانەوە بە پێداویستییەکانی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە دەکرێ لەگەڵ ئەم ڕێبەرانەش پەیوەندی بگیرێت. ئەحزاب و سازمانەکانی ئێستای ناو بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی ئێران پێویستە لەگەڵ تۆڕی ڕێبەرانی مەحەلی تێکەڵ بن. بێگومان پێکهاتنی ئاڵتێرناتیڤێکی ڕادیکاڵ و سۆسیالیستی بە پایەکی کۆمەڵایەتیی بەهێزەوە، لەم مەسیرەوە تێدەپەڕێت.

جەماوەریتر کردنەوەی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە مەرجێکی تری پێشڕەوییە. گومان لەوەدا نییە کە ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە لەلایەن جەماوەری ملیۆنیی خەڵکی ئێرانەوە پشتیوانیی لێ دەکرێ. بەڵام جەماوەری خەڵک لەئاستی ملیۆنیدا پێی پەیوەست نەبوون. وە خودی ئەوەش یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی ئەم بزووتنەوەیە دێتە ئەژمار. ئەوە ڕاستە کە شۆڕش کەمینەیەکی پێداگر و شۆڕشگێڕ دەتوانێ وەڕێی بخات، بەڵام تەنیا بە هێزی ئەم کەمینەیە بە سەرکەوتن ناگات. کەوابوو پێویستە ڕێگای بەشداریی چالاکانەی جەماوەری ملیۆنیی خەڵک کە زەرفییەت و ئامادەیی شەڕ و تێکهەڵچوونی هەموو ڕۆژێیان نییە پەیدا بکەین. لازمە کە تۆڕی لاوان لە مەحەلات، زەرفییەتی سازماندانی خۆیان بۆ هێنانە مەیدانی جەماوەری خەڵک نیشان بدەن.

مەرجێکی تری پێشڕەویی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە هاتنە مەیدانی چینی کرێکارە وەک چینێکی کۆمەڵایەتی. بێگومان ڕێبەران و چالاکانی بزووتنەوەی کرێکاری لە زەروورەتی سیاسی و چینایەتیی هاتنە مەیدانی چینی کرێکار و هەوڵ بۆ دابینکردنی هێژمۆنیی بزووتنەوەی کرێکاری بەسەر بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان ئاگادارن. هەوڵی ماندوویی نەناسانە و ڕاگەیاندن و بانگەوازی شۆرای سازماندانی ناڕەزایەتیی کرێکارانی پەیمانیی نەوت، شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوەکانی مامۆستایان و باقیی ڕێکخراوە کرێکارییەکانی سەربەخۆ لە دەوڵەت سەبارەت بە زەروورەتی هاتنە مەیدانی کرێکاران لەپێناو پاشەکشەکردن بە ماشێنی سەرکوت و ئێعدامی ڕژیم، ئەم حەقیقەتەمان بەڕوونی پێ نیشان دەدات. بەڵام واقعییەت ئەوەیە کە سەرکوتی بەرین و تەفرەقەنانەوەی هێزەکانی حەراسەتی حکوومەتی لە شوێنەکانی کار، هەڕەشەی دەرکردن و نەبوونی ئەمنییەتی شوغڵی، گرێبەستی کاتی، هەژاریی بێوێنە و نیگەرانی لە کاریگەرییەکانی مانگرتن لەسەر ژیانی بنەماڵە کرێکارییەکان، لە حاڵێکدا کە هێڵی هەژاری لە ئێران گەیشتووەتە سەرووی ٢٠ ملیۆن تمەن لەمانگدا، لە زومرەی ئەو بەربەستانەن کە چالاکان و ڕێبەرانی کرێکاری بۆ هێنانەمەیدانی کرێکاران و سازماندانی مانگرتن لەگەڵی بەرەوڕوون. ئەم بەربەستانە هەزینەی ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکارانی یەکجار بردووەتە سەرێ. بەڵام زاڵبوون بەسەر ئەم بەربەستانە بابەتێکی مومکینە و ڕەوتی بارودۆخی ئابووری بەناچار دەبێتە هۆی گەشەی مانگرتنە کرێکارییەکان. لەئێستادا زاڵبوون بەسەر ئەم کەموکوڕییانە و ئامادەکردنی چینی کرێکار بۆ ڕێبەریی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە گەلێک ئەرکی قورس دەخاتە سەر شانی هەڵسووڕاوان و ڕێبەرانی سۆسیالیستی بزووتنەوەی کرێکاری و پارت و ڕێکخراوە کۆمۆنیستەکان.

تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co