فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پێداویستییەکانی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی دابین بکەین
یەکشەممە ۱۴-۱۱-۱۴۰۳   |  02-02-2025

ئەمڕۆ لە ئێران تەنانەت شرۆڤەکارانی حکوومەتیش ناتوانن حاشا لە بوونی بزووتنەوەیەکی چەپی کۆمەڵایەتیی بەهێز بکەن. ئەم ڕەوتە بەشێک لە بزووتنەوە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییەکان لەخۆدەگرێت. چالاکان و ڕێبەرانی بزووتنەوەی کرێکاری کە ئاڵای داخوازیی کرێکارانیان هەڵکردووە و لە ڕێکخستن و ڕێبەریی ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاریدا دەورونەخش دەنوێنن، داهێنەری پێکهێنانی کۆمیتەی مانگرتن و بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی گشتی لە ناوەندە سەنعەتی و کرێکارییەکانن و ئیدەی ڕێکخستنی شۆرایی دەبەنە ناو کرێکارانەوە، پێگەیەکی تایبەتیان لەم ڕیزبەندییەدا هەیە. ئەو بەشە لە چالاکانی بزووتنەوەی ژنان لەخۆدەگرێت کە لە بەرامبەر فێمێنیسمی کۆنەپەرستی ئیسلامی و فێمێنیسمی نیۆلیبراڵدا ئاڵای ڕزگاریی ژنانیان بە ئاسۆی دژەسەرمایەدارییەوە بەرز کردووەتەوە. ئەو ژنە خەباتکارانەی کە بە بەشداریی خۆیان لە پێشەوەی خەباتی مامۆستایان، خانەنشینکراوان، خوێندکاران، پەرستاران و لەناو ڕیزی خەباتی کرێکاران و بە خۆڕاگریی بەرین لەبەرامبەر سیاسەت و یاسای دژی ژن، ئاسۆی ڕزگاریی ژن لە ستەم و چەوسانەوەی سەرمایەدارییان بەهێز کردووە. ئەم ڕەوتە چەپە کۆمەڵایەتییە، هەروەها ئاراستەی سۆسیالیستیی ناو بزووتنەوەی خوێندکاری لەخۆدەگرێت کە بەرامبەربە ئاراستەی نیۆلیبڕالیی بورژوایی ئێران و ڕەوتە کۆنەپەرستە ئیسلامییەکان، ئاڵای داخوازیی دیموکراتیکی ئێستای کۆمەڵگا و یەکگرتن لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و باقی بزووتنەوە پێشڕەوەکانی هەڵکردووە. ئەو بەشە لە نووسەران، هەواڵنێران، مامۆستایانی زانکۆ، سینەماکاران و هونەرمەندان لەخۆدەگرێت کە بەرەنگاری کلتوور و سیاسەت و ئایدیۆلۆژیای چینی دەسەڵاتدار بوونەتەوە و لە بەرژەوەندی کرێکاران و زەحمەتکێشان دیفاع دەکەن. ئەم هێزە چەپە کۆمەڵایەتییە لە کوردستان ئاڵای هاوپشتی لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و باقی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان لە سەرانسەری ئێرانیان بەرز کردووەتەوە. ئەم هێزە چەپ و ڕادیکاڵە لە ئاخێزی جەماوەریی مانگی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ و لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینادا هاتە مەیدان و مۆری خۆی بەسەر ئەم بزووتنەوە سیاسییانەدا کوتا. ئەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە دژی سەرمایەدارییە. بەپێی سرووشت و ناوەرۆکی داخوازییەکانی هێزێکی دژەسەرمایەدارییە. مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری و جەماوەری لەژێر کاریگەریی هەر ئەم هێزە چەپە کۆمەڵایەتییەدا لەئارادایە. ناوەرۆکی خواست و داخوازیی بەشە جۆراوجۆرەکانی ئەم چەپە کۆمەڵایەتییە، درووشمی “نان، کار، ئازادی” پەیوەندی داوە.

لەلایەکی دیکەشەوە شایەدی چالاکیی حیزب، ڕێکخراو و هێزەکانی بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی ئێرانین. ئەگەرچی ڕەنگدانەوەی چالاکیی ئەم هێزانە لەناو ئەم بزووتنەوەیە، دەتوانین لە بردنەسەرەوەی ئاستی وشیاری و شەفافبوونی خواستی بەشە جۆراوجۆرەکانی ئەم چەپە کۆمەڵایەتییەدا ببینین، ئەگەرچی پەیوەندی سیاسی و مەعنەوەیی ئەم بزووتنەوە کۆمۆنیستییە موتەحەزبە لەگەڵ بزووتنەوەی چەپی کۆمەڵایەتی حاشاهەڵنەگرە، بەڵام حیزب و ڕێکخراوەکانی ئێستا سەرەڕای هەموو پێشکەوتنەکانیان هێستا لەئاستی کۆمەڵایەتیدا پەیوەندییەکی زیندوو و ئۆرگانیکیان لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە نییە. بە واتایەکی تر هێشتا بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی لەئاستی کۆمەڵایەتیدا لەگەڵ بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی موتەحەزیب و ڕێکخراو پێک نەگەیشتوون.

کەموکوڕییەکی جیدیی ئەم هێزە چەپە کۆمەڵایەتییە و ئەو ناڕەزایەتی و ئاخێزانەی کە بە هەوڵ و دەخاڵەتی ئەم هێزە لەئارادایە، ئەو واقعیەتەیە کە ئەم حەرەکەتانە هێشتا لە بزووتنەوەیەکی واحیدی سیاسی بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی و بۆ گۆڕینی وشیارانەی نیزامی سەرمایەداری تێکهەڵنەکێشراون. ئەم هێزە چەپە کۆمەڵایەتییە خاوەنی ڕێبەرییەکی سیاسی سەرانسەری نییە. هەربۆیە توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگە هێشتا ئاڵتێرناتیڤێکی بەهێز لە مەیداندا نابینن کە بۆ ڕزگاری خۆیان پێی هیوادار بن. جەماوەری خەڵک هێستا وێنەیەکی ڕوونیان لەوە نییە کە بەدیلی ئەم باروودۆخە قەیراناوی و شڵەژاوە دەتوانێ چی بێت. ئەوە ڕاستە کە لە کێشمەکێشی ئاڵتێرناتیڤەکاندا، بەشە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بورژوایی بەهۆکاری بێگانەبوونیان لەگەڵ خواستی ئابووری و ئازادیخوازانەی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان، بەهۆی نامۆبوونیان لەگەڵ داخوازیی نان، کار، ئازادی و دژایەتییان لەگەڵ بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، نفووزێکی بەرچاویان لەناو جەماوەری ناڕازیدا نییە. بەڵام لە نەبوونی بەشداریی بەهێزی چینی کرێکار لە مەیدانی سیاسی بە ئاسۆی شۆڕشگێڕانە و سۆسیالیستی، لە نەبوونی ئاڵتێرناتیڤێکی سۆسیالیستیی بەهێز، بەردەوام ئەو مەترسییە لەئارادایە کە بزووتنەوەی ناڕەزایەتی ببێتە خۆراکی شەپۆلی تەبلیغاتی ناسیۆنالیستی و مەزنخوازانەی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی بورژوازی لایەنگری ڕۆژاوا و هێزیان بکەوێتە خزمەت مانەوەی نیزامی چینایەتیی و بەدەسەڵات گەیشتنی دیکتاتۆرییەکی غەیرەدینی.

سەبارەت بە پڕۆسەی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی ئیسلامی پێویستە تەئکید بکرێت کە لە باروودۆخی ئێستای ئێراندا درێژە و پەرەسەندنی ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاری و تێکەڵ بوونی خواستی ئابووری و خواستی سیاسی و لەدرێژەدا بەڕێوەبردنی مانگرتنی گشتیی سیاسی کە ماشێنی سەرکوتی ڕژیم زەمینگیر بکات، گونجاوترین ڕەوتی پێشڕەویی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەیە. بەڵام پێویستە ئەوە بزانین کە مانگرتنی سەرانسەریی کرێکاران کە ستوونی سەرەکیی مانگرتنی گشتیی سیاسییە، ناتوانێ ئاکامی حەرەکەتێکی خۆڕسک بێت.

بزووتنەوەی کرێکاری بۆ دابینکردنی ڕێبەریی خۆی لەناو بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە بۆ ڕووخاندنی حکوومەتی ئیسلامی، پێویستە بە پشت بەستن بە هەڵسووڕاوانی ڕادیکاڵ و سۆسیالیستی بزووتنەوەی چینایەتیی خۆی پێداویستییەکانی فەراهەم بکات. بزووتنەوەی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاران کە ساڵانە زیاتر لە دوو هەزار مانگرتن و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوەدەبەن دەتوانێ بەستێنێکی زۆر گونجاو بێت بۆ فەراهەم کردنی ئەم پێداویستییانە. چینی کرێکار لەسەر بەستێنی ئەم بزووتنەوە ناڕەزایەتییە بەتایبەت لەماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا نەسلێک لە ڕێبەرانی پەروەردە کردووە و هێناوەتە مەیدان. بە پێکهێنانی کۆمیتەکانی کارخانە، کۆمیتەکانی مانگرتن و بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی گشتی چرۆی شۆراکانی جەماوەری و کرێکاریی بەهێز کردووە و گەشەی پێداون. لەو جێگەوە کە دیواری چین لە نێوان کۆمیتەکانی کارخانە و کۆمیتەکانی مانگرتن و شۆرا کرێکارییەکاندا نییە، بە گەشەپێدانی زیاتری ئەم بوارە هاوسەنگیی هێز زیاتر بە قازانجی بزووتنەوەی کرێکاری و شۆرا کرێکارییەکان دەگۆڕدرێت. لە قۆناغی گوزاری ئێستادا و هەتا پێکهێنانی شۆرا کرێکارییەکان و لەپێناوی شکڵدان بە ڕێبەریی سەرتاسەری پێویستە ئەو بەشە لە چالاکان و پێشڕەوانی بزووتنەوەی کرێکاری کە پەیوەندی زیندوو و ئۆرگانیکیان لەگەڵ خەباتی بەشە جۆراوجۆرەکانی چینی کرێکاردا هەیە، بە هاوکاری لەگەڵ یەکتر ناوەندی وەک شۆرای هاوئاهەنگی  چالاکانی بەشە جیاوازەکانی بزووتنەوەی کرێکاری پێکبێنن و لەم ڕێگەوە تا ئاستێک بۆشایی نەبوونی ڕێکخراوە چینایەتی و جەماوەرییەکانی کرێکاران بۆ ڕێبەریی بزووتنەوەی کرێکاری پڕ بکەنەوە.

ئەزموونی ئاخێزی سەرتاسەریی مانگی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا سەرەڕای ڕۆڵی بەرچاو لە گەشەپێدانی هۆشیاری و پێگەیشتنی سیاسی، سەرەڕای دەورنەخشی لە تێکشکاندنی ستراتێژی ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی و بەهێزکردنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە بۆ ڕووخاندنی ڕژیم، نیشانی دا کە ئەمجۆرە ئاخێزە خۆڕسکە جەماوەرییانە بە بێ حزووری بزووتنەوەی سۆسیالیستیی چینی کرێکار لە گۆڕەپانی خەباتی سیاسی، ناتوانن قۆناغێکی شۆڕشگێڕانە بخوڵقێنن. لە هەلومەرجی ئێستادا بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاران و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی دیکەی کۆمەڵگا دەرفەتێکی گونجاوی بۆ بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی ڕێکخراو و موتەحەزیبی ئێران خوڵقاندووە تا بە گرینگی دان بەم بزووتنەوە واقعییە و بە هەوڵ و یارمەتی بۆ لابردنی کۆسپ و بەربەستەکان، بتوانن بەسەر ئەم جیاییەدا زاڵ بن و پێش مەرجەکانی پێکهێنانی ڕێبەرییەکی سیاسیی سەرتاسەری بە ستراتێژی سۆسیالیستییەوە فەراهەم بکەن. وڵامدانەوەی هاوبەشی چالاکان و ڕێبەرانی ئەو هێزە چەپە کۆمەڵایەتییە و سۆسیالیستە موتەحەزبەکان بە کۆسپ و بەربەستەکانی سەر ڕێگای بزووتنەوەی کرێکاری و جەماوەری ئێستا، کلیلی پێکگەیشتنی ئەم دوو بەشە چەپە ڕادیکاڵ و سۆسیالیستییەیە.