فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پێشڕەویی بزووتنەوەی خوێندکاری و ڕیاکاریی خامنەیی
شەممە ۳۰-۰۷-۱۴۰۱   |  22-10-2022
پێشڕەویی بزووتنەوەی خوێندکاری و ڕیاکاریی خامنەیی

لە حاڵێکدا کە درێژەی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی سەرتاسەریی خەڵکی ئێران لەدژی کۆماری ئیسلامی چووەتە ناو مانگی دووهەمەوە، بەرینایی ئەم ڕاپەڕینە ڕێبەرانی ڕێژیمی زیاتر لە ڕابردوو نیگەران و پەرێشان کردووە. لە ڕۆژانی سەرەتای دەستپێکی بزووتنەوەی ژینا ئەمینی “مەهسا”، سەرانی حکوومەت بە خەیاڵی ئەوەیکە دەتوانن ئەم ئاخێزەش هەروەک ناڕەزایەتییەکانی پێشوو سەرکوت بکەن و پاشەکشەی پێ بکەن، هێزە سەرکوتگەرەکانیان هێنایە مەیدان و دەستیان کرد بە ئەزیەت و ئازار و دەستبەسەرکردن و ئەشکەنجە. بەڵام سەرنەکەوتنی ڕێژیم لە بەرەنگاربوونەوەی لەگەڵ ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانە و سەرانسەرییە کە هەڵگری ئەزموونی ئاخێزەکانی ٩٦  و ٩٨ە، دوای ١٧ ڕۆژ عەلی خامنەیی ناچار کرد تا لە شاشەی تەلەڤیزیۆنەکانی ڕێژیم دەرکەوێ. لەو ڕێکەوتەوە هەتا ئێستا خامنەیی پێنج جار بە بیانووی جۆراوجۆرەوە دەرکەوتووە و هەلپەرستانە و چەواشەکارانە لە پێوەند لەگەڵ ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیەدا دەستی کردووە بە دەربڕینی هەڵوێستی ناتەبا و هەڕەشەئامێز. سەرهەڵدان و پەرەسەندنی بزووتنەوەی خوێندکاری و پەیوەستبوونی خێرا و چالاکانەی خوێندکارانی زیاتر لە ٨٠ زانکۆ لە سەرانسەری ئێران بە ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکان، خامنەیی زیاتر شڵەژاند و وای لێکرد تا ئەمجارەیان فریوکارانە دەست بکا بە دیفاع و پشتیوانی لە خوێندکاران.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی مانگی ڕەزبەر، خامنەیی ژمارەیەک لە دەست و پێوەندەکانی ڕێژیم لە زانکۆکانی لەژێرناوی “نوخبە و شارەزایانی زانست” کۆکردەوە. ئەو سەرەتا بە ڕیاکارانە دەستی کرد بە پێهەڵکوتن بەسەر “نوخبەکان”ی زانکۆ و وتی: “زانکۆ یەکێک لە گەورەترین کۆسپەکانە بۆ ئیستکبار. هێندێک لە بەرپرسان بەربەست دەخەنە بەر “نوخبەکان” و بە کەمتەرخەمی و بە هەڵسووکەوتی نەگونجاویان، لە زانکۆ ناهومێدیان کردوون. پێویستە بە بەخشندەییەوە هەڵسووکەوت لەگەڵ نوخبەکان بکرێت.”

ئەم فرمێسکە درۆیینەی خامنەیی بۆ زانکۆ و خوێندکاران لە حاڵێکدایە کە خۆی لەماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا زۆرترین دوژمنایەتیی لەگەڵ زانکۆ و خوێندکاران کردووە. هەر لە سەرەتای بەدەسەڵات گەیشتنیانەوە، سەرانی کۆماری جەهل و جەنایەتی ئیسلامی دەرگای زانکۆکانیان داخست و لەژێرناوی “ئینقلابی فەرهەنگی” دەستیان کرد بە سەرکوت و دەرکردنی مامۆستایان و خوێندکارانی چەپ و کۆمۆنیست و پێشڕەو. زانکۆیان کردە مزگەوت بۆ خوێندنی نوێژی جومعە و هەوڵیان دا فەزای زانکۆکان ئەمنییەتی و مەزهەبی بکەن. خودی خامنەیی گەلێک جار بە هێرش کردنەسەر علوومی ئینسانی هەوڵی داوە تا کتێبە دەرسییەکان لە بواری زانستییەوە بێ ناوەرۆک بکات و خورافاتی مەزهەبی دەرخواردی خوێندکاران بدات. بە پیلانی “وەحدەتی حەوزە و زانکۆ” کە دوو ناوەندی تەواوەن دژی یەکن، هەوڵی دا تا زانکۆ بکاتە ژێر مەجمووعەی ناوەندی کۆنەپەرستانەی حەوزە و مانعی پێشکەوتن و پێگەیشتنی زانکۆ بێت. پاسدارانێکی جەنایەتکاری وەک قالیبافی لە گیانی خوێندکاران بەردا و بەشێوەیەکی وەحشیانە سەرکوتیان کردن. خامنەیی کە ئێستا بێشەرمانە و بە ڕواڵەت لە خوێندکاران و نوخبەکان دیفاع دەکات، وەک ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بەرپرسی ڕاستەوخۆی قەتڵ و تیرۆری مامۆستایان و خوێندکارانە. ئەو بکوژی سەدان کەس لە نوخبە و چالاکانی سیاسی ، نووسەران، شاعیران، هونەرمەندان و ڕووناکبیرانی وەک محەممەد جەعفەر پوویەندە، محەممەد موختاری، سەعیدی سیرجانی و سەعید سوڵتانپوورەکانە. هەزاران خوێندکار و مامۆستای سیاسیی چەپ و کۆمۆنیست و نەیاری ڕێژیم لەژێرناوی ئەمنییەتیی “ئەستێرەدار”دا دەرکران و لە خوێندن بێبەری کران. خامنەیی هەرگیز ناتوانێ پەڵەی تاوانەکانی دژبە زانکۆ  و خوێندکاران لە ناوچاوانی بسڕێتەوە و خۆی وەک پشتیوانی زانکۆ نیشان بدات. 

خامنەیی ئەمجارەشیان داماوتر لە ڕابردوو هەوڵی دا تا ژەهری خۆی بەسەر بزووتنەوەی خوێندکاری دا بڕێژێت کە پشتیوانی ناڕەزایەتییەکانە. ئەو داماوانە هەوڵی دا تا ئەم بزووتنەوە ڕەسەنە کۆمەڵایەتییە بە “دوژمن و ئەمریکا و ئیسرائیل” نیسبەت بدات تا بە خەیاڵی خۆی ئیزنی سەرکوت و کوشتنی خوێندکارانی بە ئەوباشەکانی دابێت. خامنەیی وتی: “هەرچی زیاتر بتوانن پەکی زانکۆ بخەن، بۆ دوژمنانی پێشکەوتنی وڵات غەنیمەتە. مانگرتن و ناڕەزایەتیی لە زانکۆکان بە هەڕەشەی دەست و پێوەندەکانی درەوەی زانکۆکان ئەنجام دەدرێت”. هەڵبەت ئەم نیگەرانی و سەرلێشێواوییەی خامنەیی قابیلی دەرکە. بزووتنەوەی خوێندکاری زۆر زوو ئەرکی خۆی دۆزییەوە و لەپێناو ڕووخاندنی ڕێژیم تێکەڵ بە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی “مەهسا” بوو. ئەم بزووتنەوەیە پەرەی سەند و بوو بە یەکێک لە پایە بەهێزەکانی ئەم ئاخێزە. لەئێستادا بەرینایی ئەم ئاخێزە سەرانسەرییە نەتەنیا زانکۆ بەڵکوو مەدرەسەکانیشی گرتووەتەوە و خوێندکارانی مەدرەسەکانیشی هێناوەتە مەیدان. کچانی خوێندکاری مەدرەسەکانیش بە نووسینی درووشم و بە هێنانە خوارەوەی وێنەی خومەینی و خامنەیی و بە لابردن و سووتاندنی حیجاب، واتە هێمای کۆیلەتیی ژن، دژبە دەسەڵاتی ئیسلامی و دیکتاتۆر درووشم دەڵێنەوە. ناردنی هێزی سەرکوتگەر بۆ مەدرەسەکان بۆ سەرکوت و دەستگیرکردنی خوێندکاران و هێندێک جار کوشتنیان، زەرفییەتی باڵای جەنایەتی حکوومەتی ڕسوای ئیسلامیی نیشان داوە. شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایان بە بڵاوکردنەوەی بانگەوازێک ڕووبە خەڵک، قەتڵی دڵتەزێن و بێشەرمانەی خوێندکارانی لەلایەن حاکمانی ئیسلامییەوە مەحکووم کرد و سێ ڕۆژ مانگرتن و ماتەمینی گشتیی ڕاگەیاند.

ئێستا و لە درێژەی ئەم ئاخێزەدا، ناڕەزایەتی و مانگرتنی ناوەندەکانی سەنعەتی نەوت و پێترۆشیمییەکان، شۆفیرەکانی تانکێری سووتەمەنیی پاڵاوگەکانی ئابادان و کرێکارانی حەوت تەپە بۆ پشتیوانی لەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە، متمانەبەخۆییەکی زیاتری بە لاوانی ناڕازی بەخشیوە. ئێستا ئیتر هیچ کەس لە وەهم و خەیاڵی گۆڕین و ئیسلاحی ڕێژیمدا نییە. خواستی ڕووخاندنی ڕێژیم بووەتە خواستێکی گشتی. درووشمی مەرگ بۆ کۆماری ئیسلامی، مەرگ بۆ دیکتاتۆر لە هەموو شوێنێک دەنگ دەداتەوە. هێماکانی کۆماری ئیسلامی لەوانە پایەگاکانی بەسیج و هێزی ئینتزامی، دەفتەری ئاخوندەکان و نوێنەرانی وەلی فەقیە، حەوزەکانی عیلمییە و بەنێر و پەیکەری خامنەیی و قاسمی سولەیمانی ئاگر تێبەردەدرێن. ئەم هەوڵ و تێکۆشانە و درێژەی ناڕەزایەتی و مانگرتن، دەرخەری ئەو واقعییەتەیە کە سەرکوت، کوشتار، دەستبەسەرکردن، زیندان و ئەشکەنجەش نەیتوانیوە ژنان و پیاوان، بەتایبەت لاوان لە خواستی ڕووخاندنی دەسەڵات پاشگەز بکات و ڕێژیمی ڕۆژ بە ڕۆژ خستووەتە پێگەیەکی لاوازترەوە و ناچار بە پاشەکشەی کردووە. تا جێگایەک کە خامنەیی لە کۆتایی وتەکانیدا مەجبوور بوو بڵێ: “هێندێک کەس دەڵێن نیزام لە حاڵی داڕمان دایە. ئێمە تەسلیم نەبووین و وەستاوین”.

وتەی ڕۆژی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co