فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پێشڕەویی خەباتی پەرستاران لە گرەوی یەکگرتوویی لەگەڵ بەشەکانی دیکەی بزووتنەوەی کرێکاریدایە
سێشەممە ۲۲-۰۷-۱۴۰۴   |  14-10-2025

“پەرستار دەمرێ بەڵام سەرشۆڕی و ژێردەستەیی قبووڵ ناکات”

لەماوەی مانگەکانی ڕابردوودا، زیاتر لە ٤٠ پەرستاری ناڕازی لەسەر کار دەرکراون یان کارەکانیان ڕاگیراوە و لانیکەم ٩ خۆکوژیی پەیوەندیدار بە بارودۆخی تاقەت پڕووکێنی کاری پەرستاری لە ئێراندا تۆمار کراوە. زیاتر لە ٧٠ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە ناوچە جیاجیاکانی وڵاتدا بەڕێوەچووە. هاواری ناڕەزایەتی پەرستاران دەنگدانەوەیەکی قووڵی قەیرانی پێکهاتەیی لە سیستەمی تەندروستیدایە؛ قەیرانێک کە ژیان و کار و بژێوی پەرستارانی خستووەتە گرەوی قازانجی نەخۆشخانە خسووسییەکان و کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکوومەت.

خەباتی پەرستاران لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران نیشانەی دەستپێکی پرۆسەیەکی هۆشیارانەترە لە خەباتی ئەم بەشە لە چینی کرێکاری ئێراندا. ئەم ناڕەزایەتییانە تەنها داواکاری ڕاگرتنی کاری ئیزافی یان یاسای تەعرەفەگوزاری نین. بەڵکوو ڕەنگدانەوەی ململانێی نێوان کرێکار و سەرمایە لە کەرتی تەندروستی ئێراندایە. پەرستاران بە دەنگی بەرز هۆشداری دەدەن کە ژیانی مرۆڤ دەکرێتە قوربانی لۆژیکی قازانج و نادادپەروەری لە سیستەمێکدا کە تەندروستی وەک کاڵا دەبینێت. لە کاتێکدا کە تێچووی بژێوی ژیانی بنەماڵە کرێکارییەکان گەیشتووەتە زیاتر لە ٤٠ ملیۆن تمەن، زۆرێک لە پەرستاران حقووقێکی زۆر کەمتر وەردەگرن. بۆشاییەک کە بەرهەمی سیاسەتی سەرمایەدارانە و ڕیازەتی دەوڵەتەکانە کە بە دروشمی “ئیسلاحی بوودجە” هەزینەی گشتییان کەم کردووەتەوە. هەڵاوسان و نائەمنی کار و نەهێشتنی پاراستنی کۆمەڵایەتی، پەرستارانی خستووەتە ڕیزی هەژارانەوە. بەشێکی زۆریان ناچارن بۆ قەرەبووکردنەوەی داهات، ئیزافە کاری ئیجباری قبووڵ بکەن و خۆیان بخەنە ژێر فشاری کاری قورسەوە. نیزامی تەندروستیی ئێران، کە دەبێ شوێنێک بۆ پاراستنی ئینسان بێت، بووەتە مەیدانێک بۆ قازانجپەرستیی شیرکەتەکانی دەرمان، بیمە و نەخۆشخانە. خسووسی سازییەکانی دەرمان، نەخۆشخانەکانی کردووەتە بۆنگایەک بۆ قازانج و کاری پەرستاران بووەتە ئامرازی بەرهەمهێنانی ئەرزشی ئیزافە بۆ سەرمایەداران. حەقدەستی کەمی پەرستاران لەگەڵ قازانجی کەرتی تەندروستی پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە. هەر سەعاتێک کاری بێ حەقدەست، سوودێکی زیاتر دەخاتە گیرفانی بەرپرسانەوە.

داخوازیی کرێکاران بە دروشمی “پەرستار دەمرێ بەڵام سەرشۆڕی و ژێردەستەیی قبووڵ ناکات” بریتییە لە ٨ خاڵی گرینگ. تەعرەفەگوزاریی واقعی، لابردنی ئیزافەکاری ئیجباری، بردنەسەری حقووق بەپێی هێڵی هەژاری، بردنەسەری ئیمتیازی سەختیی کار، ئیسلاحی تەعرەفەی پێش‌بیمارستانی، دامەزراندنی ڕەسمی، جێبەجێ کردنی یاسای پیشە سەختەکان و پێدانی مەزایای جانبی. ئەگەرچی ئەم داخوازییانە ئابوورین، بەڵام هێرشی دەوڵەت و سەرمایەدارانی خسووسی بۆسەر ژیان و گوزەرانی پەرستارانی خستووەتە ژێر پرسیارەوە. پەرستار لە پێکهاتەی سەرمایەداریی ئێراندا لەژێر هەڵاواردنی ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیدایە. پەرستاران هەم سڵامەتی کۆمەڵگا دەپارێزن و هەم بە خۆڕایی ئەرک و کاری ناوماڵیان لەسەر شانە. جیاکاری لە پێدانی حەقدەست، نەبوونی ئیمکانی بەرزبوونەوەی پلە، بێڕێزی لە شوێنی کار و بایەخ نەدران بە ئەمنیەتی پیشەی ژنانی پەرستار چەند نموونە لەم هەڵاواردنانەن. ژنی پەرستار هاوکات قوربانیی چەند جۆر ستەمە: ستەمی چینایەتی، جنسییەتی، و لەو ناوچانەی کە ستەمی نەتەوەیی و ئایینیش بوونی هەیە، بارودۆخیان دژوارترە. بەم حاڵەوە، بەشداریی بەرچاوی ژنانی پەرستار لە کۆبوونەوەکاندا، دیمەنێک لە دەورونەخشی پێشەنگی ژنانە و نیشانەی پەیوەندی خەباتی ئابووریی ئەوان لەگەڵ خەبات بۆ کەرامەتی ئینسانی و بەرابەریی جنسیەتییە.

وەزارەتی تەندروستیی دەسەڵاتی ئیسلامی سەرمایەداران، بە سیاسەتێک کە ناوی ناوە “مودیرییەتی هەزینەکان”، بەکردەوە بووەتە هۆی پەرەسەندنی چەوسانەوەی کادری دەرمان. نیزامی بوودجەیی کە بەپێی داهاتی تایبەتی نەخۆشخانەکانە، پەرستاران مەجبوور دەکات کاری زیاتر بە حەقدەستی کەمتر ئەنجام بدەن. قەراردادی کاتی، پەیمانی و شیرکەتی، ئامرازی چەوساندنەوەن و پەرستار بەناچار بۆ پاراستنی پیشەکەی، ئیزافە کاریی ئیجباری قبووڵ دەکات و دەبێتە قوربانیی مەنتقی سەرمایەداری کە ئیتاعەتی خستووەتە جیگای کەرامەتی ئینسانی. ئیعترازاتی چەند مانگی ڕابردوو نیشانیدا کە پەرستاران بە ئیسلاحاتی ورد ڕازی نین و داخوازیی پیشەییان بووەتە دروشمی سیاسی و دژی هەڵاواردن.  ئەم گۆڕانکارییە، بە شکڵ گرتنی هوشیاریی چینایەتی پێناسە دەکرێت و هاودەنگی لەگەڵ کرێکارانی نەوت، موعەلیمان و خانەنیشنان، سەلمێنەری خەباتی هاوبەشی چینی کرێکارە. هیچ خەباتێک بۆ داخوازیی ئابووری لە گۆشەگیری و ئینزوادا سەرناکەوێ. یەکگرتوویی لەگەڵ بەشەکانی دیکەی هێزی کار و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، کرێکاران، موعەلیمان، خانەنشینان و ژنانی زەحمەتکێش، ڕەمزی سەرکەوتنە.

یەکگرتوویی پراکتیکی، هەروەک مانگرتنی هاوئاهەنگ دەتوانێ هاوسەنگیی هێز بگۆڕێت و ببێتە زمانی سیاسیی کرێکاران. ئەگەر بزووتنەوەی پەرستاران لە چوارچێوەی وەزارەتی تەندروستی تێپەڕێت و لە یەکگرتوویی و هاوپشتی لەگەڵ بەشەکانی دیکەی بزووتنەوەی کرێکاریدا درێژەی بێت، توانای گەڵاڵەکردنی داخوازیی بنەڕەتیی کۆمەڵایەتیی دەبێت. ئەزموونی ڕێکخراوەکانی شۆرای هاوئاهەنگیی موعەلیمان و پەرستاران سەلماندی کە تەنیا ڕێکخراوەی شۆرایی سەربەخۆ، دەنگی ڕاستەقینەی زەحمەتکێشانە. چالاکان و پێشڕەوانی چەپ و کۆمۆنیست پێویستە لەسەر بەستێنی خەباتی پەرستاران،  لە سازماندانی ئەم خەباتە و لە یەکگرتوویی و هاوپشتیی ئەوان لەگەڵ باقیی بەشەکانی بزووتنەوەی کرێکاریدا یارمەتیدەر بن. هاواری پەرستاران دەنگدانەوەی مێژووی خەباتی هەموو ئەو کەسانەیە کە ژیان دەفرۆشن تا زیندوو بمێننەوە. لە قووڵایی ئەم خەباتەدا، هوشیاری چینایەتی و ڕەگەزی لە حاڵی سەرهەڵداندایە. هۆشیارییەک کە نەخۆشخانە بە شەقام و مەدرەسە و کارخانە پەیوەند دەدات و هیچ بەشێک لە کۆمەڵگا ناخرێتە پەراوێزەوە. بێگومان، داهاتووی ئەم بزووتنەوانە لە گرەوی ڕێکخستنی ڕادیکاڵ و سەربەخۆ و شکڵدان بە ڕێبەریی سەرتاسەریدایە.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv