فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پێشڕەویی شۆڕش لە گرەوی دەستپێشخەریی سیاسیی چینی کرێکاردایە
پێنجشەممە ۲۴-۰۶-۱۴۰۱   |  15-09-2022
 پێشڕەویی شۆڕش لە گرەوی دەستپێشخەریی سیاسیی چینی کرێکاردایە

هەروەک چۆن بەبێ بەشداریی بەهێزی چینی کرێکار لە گۆڕەپانی خەباتی سیاسیی ئێراندا، سەرهەڵدانی باروودۆخێکی شۆڕشگێڕانە دژوارە، بەبێ گرتنەوەی دەسەڵاتی سیاسی لەلایەن ئەم چینە کۆمەڵایەتییە، تێکشکاندنی کامڵی ماشێنی دەوڵەتی و ڕێکخستنی لەناو حکوومەتێکی شۆرایی، پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕشی جەماوەری و ڕووخاندنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی مومکین نییە. بە بێ دەستپێشخەری سیاسی چینی کرێکار و زەحمەتکێشی ئەم کۆمەڵگایە، پێشکەوتنی شۆڕش زەمانەت ناکرێت. لە هەلومەرجی شۆڕشگێڕانەی ساڵی ١٣٥٧دا لە نەبوونی ڕێکخستن و بەشداریی سەربەخۆی چینی کرێکار لە مەیدانی خەباتی سیاسیی ئێران، دژەشۆڕشی ئیسلامی بە یارمەتیی دەوڵەتە ئیمپریالیستەکان ئامرازی حازر و ئامادەی دەسەڵاتی دەوڵەتی بەدەستەوە گرت و لەڕێگەی هەر ئەم ماشێنە سەرکوتەوە کاری ناتەواوی سەرکوتی شۆڕش، کە ڕێژیمی شا دەستی پێکردبوو بە سەرەنجامی گەیاند. شۆڕشی لەدایک نەبووی ساڵی ٥٧ لەژێر ڕووخاوەکانی ڕێژیمی پاشایەتیدا نێژرا. لە شۆڕشی ئۆکتۆبری ١٩١٧ی ڕووسیەدا ئەگەر چینی کرێکاری ڕێکخراو لەناو شۆراکان بە هیدایەتی حیزبی بولشویک، ڕێبەریی شۆڕشیان بەدەستەوە نەگرتبا، لەوانە بوو چارەنووسی ساڵی ١٩٢٢ی ئیتالیایان بەسەر هاتبا کە تێیدا ڕەوتی فاشیست بە سەرکوتی مانگرتنی کرێکاری و نەیارانی سیاسی دەسەڵاتی بەدەستەوەگرت.

ئەمجارەیان ئەگەر نەمانهەوێ شۆڕشی داهاتووی ئێران چارەنووسی ڕاپەڕینی ٥٧ی بەسەر بێت، پێویستە هەر لە ئێستاوە پێداویستییەکانی دابینکردنی ڕێبەریی چینی کرێکار لە سەیری پێشڕەویی شۆڕشدا ئامادە بکەین. لە سەردەمی شۆڕشی ٥٧دا بەشی بەرینی بزووتنەوەی چەپی ئێران لە فکری هێنانەمەیدانی خەڵک و وەڕێخستنی شۆڕشێکی هەمووان پێکەوەدا بوون، ئەگەر ناوی چینی کرێکاریشیان هێنابا وەک بەشێک لەم بەرە خەڵکییە، لەسەر دەورونەخشی تەئکید دەکرا. لە کلتووری زاڵی چەپی ئێرانی ئەو سەردەمدا چینی کرێکار وەک چینێک بە خواستی چینایەتی و هێزی کۆمەڵایەتیی ستراتێژی سۆسیالیستی، جێگەو پێگەیەکی نەبوو. ئەمجارەیان ئەگەر دەمانهەوێ لە شۆڕشی داهاتووی ئێراندا ئاواری ڕووخانی کۆماری ئیسلامی بەسەر سەری کرێکاران و زەحمەتکێشاندا نەڕووخێت، کرێکارانی کۆمۆنیست هەر لە ئێستاوە پێویستە بیر بکەنەوە لە پێکهێنانی ئۆرگانی جەماوری بۆ هیدایەتی خەبات لە باروودۆخی ئێستا و گرتنەوەی دەسەڵات لە دواڕۆژی ڕووخانی ڕێژیم. لەم پێوەندەدا پێکهێنانی شۆرا کرێکارییەکانی ناو کارخانە و ناوەندەکانی بەرهەمهێنان یەکجار گرینگ و چارەنووسسازە.

پێکهێنانی شۆرا کرێکارییەکان هەم ڕیشەی لە ئەزموونی مێژوویی بزووتنەوەی کرێکاریی جیهان، و هەم ڕیشەی لە ئەزموونی خەباتی خودی کرێکارانی ئێراندایە. چاوخشاندنێکی خێرا بەسەر ئەم ئەزموونە مێژووییانە یارمەتیمان دەدات لە بینینی ئەو پۆتانسیەل و زەرفییەتانەی کە هەر ئێستا دەتوانن زەمینەسازی پێکهێنانی شۆرا کرێکارییەکان بن. ئاوڕدانەوەیەک لە ئەزموونی شۆرا کرێکارییەکانی ڕووسیەی ساڵی ١٩٠٥ کە وەک ڕێکخراوی جەماوەری و نوتفەی دیموکراسیی ڕادیکاڵی کرێکاری بایەخێکی مێژوویی و جیهانییان پەیدا کرد، پێمان دەڵێت کە لە زۆر حاڵەتدا ئەم شۆرا کرێکارییانە لە دڵی کۆمتیەکانی مانگرتن و لە دڵی کۆمیتەکانی کارخانەدا سەریان هەڵدا. لە هێندێک حاڵەتیشدا شۆرا کرێکارییەکان لە دڵی کۆبوونەوەی گشتی واتە مەجمەعی عموومیی کرێکاران لە ناوەندە سەنعەتییەکاندا شکڵیان گرت و خۆیان ڕێکخست. ئەم شۆرایانە لە جەرگەی خەبات و مانگرتنی کرێکاراندا پێکهاتن و حیزبی سۆسیال دیموکرات یان باقیی حیزبە چەپ و سۆسیالیستەکان لە پێکهێنانیاندا دەورونەخشێکیان نەبوو. هێندێک جاریش بووە کە چالاکانی حیزبی سۆسیال دیموکراتی ڕووسیە لە ڕێکخستنی ئەم شۆرایانەدا ڕۆڵی چالاکیان بینیوە. لە ئێرانیش لە دوای شۆڕشی ٥٧، شۆرا کرێکارییەکان لە دڵی کۆمیتەکانی مانگرتندا سەریان هەڵدا. کۆمیتەکانی مانگرتن لە جەرگەی مانگرتنە کرێکارییەکانی کرێکارانی سەنعەتی نەوت بەتایبەت لە نیوەی دووهەمی ساڵی ٥٧دا شکڵیان گرت. لە پاڵاوگەی ئابادان کۆمیتەی مانگرتن داوای لە هەموو کرێکاران کرد کە بۆ هەڵبژاردنی شۆراکان لە مەجمەعی عموومیدا بەشداری بکەن. هەر ئەم ئەزموونەش لە مەیدانە نەوتییەکان و لە باقیی پاڵاوگەکانی تاران، شیراز، تەورێز، کرماشان و ئیسفەهان دووپات بووەوە. هاوکات کرێکارانی ناوەندی پێترۆشیمی لە نزیکیی ئابادان شۆراکانی خۆیان پێکهێنا. بەڵام دژەشۆڕشی ئیسلامی ڕێگەی نەدا کە ئەم بزووتنەوە شۆراییە جەماوەری بێتەوە. ئەم ئەزموونە مێژووییانە یارمەتیمان دەدات تا زەرفییەتەکانی ئێستای بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران بۆ پێکهێنانی شۆرا کرێکارییەکان لەناو کارخانە و ناوەندە سەنعەتی و خزمەتگوزارییەکان باشتر بناسین. بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران لە سەرەتاکانی دەیەی ٨٠وە هەتا ئێستا ڕەوتێکی ڕوو لە گەشەی بووە. لەم ماوەیەدا هەزاران مانگرتن و ناڕەزایەتیی گەورە و چکۆلەی تەجروبە کردووە. لە جەرگەی ئەم مانگرتنانەدا نەسلێک لە چالاکان و ڕێبەرانی کرێکاری پەروەردە بوون و هاتوونەتە مەیدان کە زۆربەیان ئەزموونی ڕێکخستن و ڕێبەریی مانگرتن، ئەزموونی بەرپایی مەجمەعی عموومیی کرێکاری و دەخاڵەتدانی کرێکاران لە بڕیاردانیان هەیە. کرێکارانی ئازەراب و هێپکۆ لە ئەراک، مانگرتنی کرێکاری و بەرپایی مەجمەعی عموومییان تەجروبە کردووە. کرێکارانی سەنعەتی نەوت و پێترۆشیمی تەجروبەی پێکهێنانی شۆرای ڕێکخستنی ناڕەزایەتیی کرێکارانی پەیمانی، ڕێکخستنی مانگرتنی سێ مانگە و بەڕێوەبردنی مەجمەعی عموومییان هەیە. کرێکارانی فوولادی ئەهواز، مەعدەن و ڕێگەی ئاسن و ناوەندەکانی تر، خاوەنی ئەزموونی پێکهێنانی کۆمیتەی مانگرتن و ڕێکخستنی مانگرتنی کرێکارین. مامۆستایان، ڕێگای بەڕێوەبردنی مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرانسەرییان نیشان دا. کرێکارنی حەوت تەپە لەماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا دەیان جار مەجمەعی عموومیی کرێکارانیان بەڕێوەبردووە و ژیانی شۆراییان تەجروبە کردووە.

ئەم ئەزموونانە پێمان دەڵێن کە ماتریالی ئینسانی و کادری ڕێکخەر، کە بە ئیدەی دەخاڵەت دانی ڕاستەوخۆی کرێکاران لە بڕیاردان و بە ئیدەی شۆرایی بارهاتوون، لەناو بزووتنەوەی کرێکاریی ئێراندا بوونی هەیە. لە لایەکی دیکەشەوە بزووتنەوەی کرێکاری بزووتنەوەیەکی زیندوویە و بەردەوام لە جموجۆڵ دایە و ڕۆژانە شایەدی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکارین. دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی کە لە حاڵی حەرەکەتدا بێت، ڕێگای پێگەیشتنی خۆی پەیدا دەکات. لەماوەی ساڵی ڕابردوودا چینی کرێکار زیاتر لە سێ هەزار مانگرتن و ناڕەزایەتیی تەجروبە کردووە. کەوابوو بەستێنی گونجاوتر بۆ پێکهێنانی شۆرای کرێکاری ئامادەیە. بێگومان پێکهێنانی شۆرای کرێکاری لە کارخانە و ناوەندە سەنعەتییەکان پێویستی بە هاوسەنگییەکی هێزی گونجاوترە. بەڵام پێویستە ئەم واقعییەتەشمان لەبەرچاو بێت کە هەوڵی ڕێکخراو بۆ پێکهێنانی شۆراکان، خۆی بەشێکە لە خەبات بۆ گۆڕینی هاوسەنگیی هێز بە قازانجی بزووتنەوەی کرێکاری و سەروساماندان بە پایەکانی ئاڵتێرناتیڤی سۆسیالیستی.