فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پێشڕەویی شەپۆلی نوێی ڕاپەڕینی جەماوەری لە گرەوی چیدایە؟
هەینی ۱۹-۱۰-۱۴۰۴   |  09-01-2026

شەپۆلی نوێی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی کە ڕۆژی یەکشەممە ٧ی بەفرانبار، هاوکات لەگەڵ هەشتەمین ساڵڕۆژی ڕاپەڕینی بەفرانباری ١٣٩٦ و بەدوای هەڵاوسان و ناجێگیریی بێ‌وێنەی بازاڕی دراو و کاریگەرییەکانی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا پێویستییەکانی ڕۆژانەی خەڵک دەستی پێکرد، ئێستا دوازدەهەمین ڕۆژی خۆی تێپەڕاندووە. ئەم ناڕەزایەتییانە لە ڕۆژانی دواتردا بۆ زانکۆکان و دەیان شاری ئێران پەرەی سەند و ناڕازییان لە هەموو شوێنێک و لەسەر شەقامەکان بە دروشمی “مەرگ بۆ دیکتاتۆر”، تەواوی پەیکەرەی دەسەڵاتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییان کردۆتە ئامانج. لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانەوە تا ئێستا، سەرجەم ڕێکخراو و ناوەندە سەربەخۆکانی کرێکاران، مامۆستایان، خانەنشینان، ژنان، خوێندکاران، ناوەندی نووسەران و هیتر… بە دەرکردنی بەیاننامەی جیاجیا یان بەیاننامەی هاوبەش، پشتیوانیی خۆیان بۆ ئەم ناڕەزایەتییانە دەربڕیوە و سەرکوتگەرییەکانی کۆماری ئیسلامییان مەحکووم کردووە.

لە بەرانبەر ئەم شەپۆلە نوێیەی ناڕەزایەتییەکاندا، ڕژیمی جنایەتکاری کۆماری ئیسلامی بە جێگیرکردنی هێزە ئەمنییەکان، پۆلیس و گاردی تایبەت لە شارە جیاجیاکان و ئەو ناوچانەی کە بوونەتە کانون و چەقی ئەم ناڕەزایەتییانە، جۆرێک لە حکوومەتی سەربازیی ڕانەگەیەندراوی سەپاندووە. لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە ئاکامی پەلاماری هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم بۆ سەر ڕیزەکانی ناڕازییان و دەستڕێژی گولـلە لێیان، تا ئێستا زیاتر لە ٤٠ کەس لە خەباتکاران گیانیان بەخت کردووە، دەیان کەس بریندار بوون و زیاتر لە دوو هەزار و پێنج سەد کەس دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانەکان کراون. هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمی ئیسلامی لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە هێرشکردنە سەر ڕیزی خەڵکی خەباتکار و ئازادیخواز لە شاری مەلەکشاهی لە پارێزگای ئیلام و خەڵتانی خوێنکردنی ناڕەزایەتییەکانیان و هەڵکوتانە سەر نەخۆشخانەی شاری ئیلام بۆ بە بارمتەگرتنی برینداران و تەرمی گیانبەختکردووان، دڕندەیی و وەحشیگەرییان گەیاندۆتە ئەوپەڕی خۆی. جەماوەری تێکۆشەری کوردستان ئەم دەستدرێژی و دڕندەییەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییان دەستبەجێ بە خۆپیشاندان و ڕێپێوانی خەڵک لە شاری ئاودانان و شارەکانی دیکەی پارێزگای ئیلام، ناڕەزایەتیی سەرشەقام لە کرماشان، وە بە مانگرتنی گشتی لە شارەکانی تری کوردستان هاوڕێ لەگەڵ ناڕەزایەتیی سەر شەقام لە شارەکانی کامیاران، سنە و دێولان و چەند ناوچەی دیکە لە ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباردا وەڵام دایەوە. پێویستە هەوڵ بدرێت کە مانگرتنی گشتی هاوڕێ لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی سەرشەقام لە چەند شاردا، نەک خاڵی کۆتایی، بەڵکوو ببێتە خاڵی دەستپێک بۆ پەیوەستبوونی هەموو شارەکانی کوردستان بە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانەوە.

ئەم شەپۆلە بەهێزەی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی لە درێژەی ڕاپەڕینە جەماوەری و سەرتاسەرییەکانی چەند ساڵی ڕابردوو و لە درێژەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ١٤٠١دا، بۆ کۆتایی هێنان بە هەژاری و نەهامەتیی ئابووری، کۆتایی هێنان بە نایەکسانی و هەڵاواردنە ڕەگەزی و نەتەوەییەکان، نەهێشتنی بێ‌بەشییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و لە یەک کەلامدا بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی کەوتۆتە ڕێ. هەر بۆیە، سەرەڕای ئەوەی کە زۆرینەی ملیۆنیی کرێکاران و زەحمەتکێشان و هەژارانی شارنشین هێشتا پەیوەست نەبوون بە ناڕەزایەتییەکانی سەرشەقام، بەڵام دڵیان لەگەڵ ئەم ناڕەزایەتییانە لێ دەدات. ئەم دیاردەیە لە سەرەتای ڕاپەڕیندا شتێکی سروشتییە و قابیلی دەرکە، چونکە هەموو بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانە و شۆڕشە مەزنەکانی مێژوو لەلایەن کەمینەیەکی شۆڕشگێڕ و پێداگرەوە دەستیان پێکردووە. بەڵام پێشڕەوی و سەرکەوتنی ئەم ڕاپەڕین و بزووتنەوە ئینقلابییانە بەستراوەتەوە بە پەرەسەندن و جەماوەری بوونی هەرچی زیاتری ئەوانەوە. کەواتە نابێ ڕێگە بدرێت هاوسۆزیی پاسیڤ و ناچاکالانە لەگەڵ ئەم ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕانەیە ببێتە هۆی دامرکانی ناڕەزایەتییەکان لەسەر شەقام. چونکە ئەگەر جەماوەر لەئاستی ملیۆنیدا بەشدار نەبن، هێزە سەرکوتگەرەکان توانایی ئەوەیان دەبێت کە ڕیزەکانی ناڕازییان پەرش و بڵاو بکەنەوە و ناڕەزایەتییەکان هەر لە ساتەکانی سەرەتادا بەرەو شەڕ و تێکهەڵچوونی سەرشەقام بەرن.

گومان لەوەدا نییە کە توانایی ڕژیم لە سەرکوتی خوێناوی و ڕەشبگیری و گرتنی بەربڵاو، یەکێکە لە کۆسپە سەرەکییەکانی سەر ڕێگای جەماوەری بوونی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە. بەڵام کلیل و چارەسەری تێپەڕین لەم کۆسپەش هەر لە دەستی جەماوەری خەڵکدایە. بۆ نموونە ئەگەر جەماوەری ناڕازی لە تاران و شارەکانی دیکەی ئێران هاوکات لە چەندین خاڵی شار و لە ئاستی چەندین هەزار کەسیدا بڕژێنە سەر شەقامەکان، و وشیارانە فێڵ و تەڵەکەکانی هێزە ئەمنییەکان بۆ گۆڕینی ناڕەزایەتییەکان بۆ شەڕ و تێکهەڵچوونی سەرشەقام پووچەڵ بکەنەوە، نە تەنیا دەتوانن هێزی سەرکوتی بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز بکەن، بەڵکوو دەتوانن یەکگرتوویی و شیرازەیان لەبەریەک هەڵوەشێنن. هەر لەم ئاراستەیەدا پێویستە چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بە کاری ڕێکخراوەیی و بە داهێنان و ئەزموونەکانی خۆیان لە بواری گەیاندنی زانیاری لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و… بە ئامادەکردن و هێنانە مەیدانی بەرینی جەماوەر بۆ ناڕەزایەتییەکان، پێشڕەویی ئەم بزووتنەوە ناڕەزایەتییە زەمانەت بکەن. لەم ڕێگەیەدا پێویستە خەڵک بە تەواوی وشیار بن و ڕێگە نەدەن کە دەزگا ئەمنی و ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی بە مەیداندان بە گرووپێکی سەڵتەنەت‌خوازی کۆنەپەرست، خەباتی ئازادیخوازانە و یەکسانی‌خوازانەی ئەوان بەلاڕێدا بەرن و هەر ئەم فێڵەش بخەنە خزمەت زەربەلێدان لە ئیعتیباری خەباتی خەڵک و پەرەپێدانی سەرکوت.

لە هەمان کاتدا نیگەرانی لە دووبارەبوونەوەی ئەزموونی شکستخواردووی شۆڕشی ٥٧، نیگەرانی لە مەترسیی شەڕی ناوخۆیی و سووریایی بوونی ئێران کە ڕیفۆرمخوازانی حکوومەتی و بەشێک لە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوایی تەبلیغی بۆ دەکەن، یەکێکی دیکە لە بەربەستە زەینییەکانی سەر ڕێگای جەماوەری بوونی ئەم ڕاپەڕینە جەماوەرییەیە. بەڵام ئەم نیگەرانییانە کاتێک لایەنی ماددی و واقعی پەیدا دەکەن کە کرێکاران و خەڵکی ستەمدیتوو پەراوێز بخرێن. کەواتە تەنیا بە ئامادەبوون لە گۆڕەپانی سیاسیی کۆمەڵگا و بەشداریکردنی چالاکانە لە ناڕەزایەتییەکانە کە دەتوانرێت ئەم نیگەرانییانە بڕەوێنرێن.

پێداویستییەکی دیکەی پێشڕەوی و سەرکەوتنی ئەم بزووتنەوە ناڕەزایەتییە، هاتنە مەیدانی چینی کرێکار لە کارخانەکان و ناوەندە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزارییە بە مانگرتنی یەکپارچە و سەرتاسەری و بە تێکەڵکردنی داخوازییە ئابووری و سیاسییەکان، لەوانە داخوازیی کۆتایی هێنان بە سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان، ئازادیی سەرجەم دەستبەسەرکراوان و زیندانیانی سیاسی و هەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارە. چینی کرێکار سەرەڕای ئەو کۆسپە زۆرانەی لەسەر ڕێگایەتی، بە پشت بەستن بە دەستکەوتی خەباتی تا ئێستای، بە پشت بەستن بە بوونی ڕێبەرانی لێهاتوو و کارزان کە هەیەتی، بە پشت بەستن بە ئەزموونی پێکهێنانی کۆمیتەکانی مانگرتن و کۆمیتەکانی کارخانە کە نوتفەی شورا کرێکارییەکانن و بە پشت بەستن بەو ئەزموونانەی کە لە ڕێکخستنی سەدان مانگرتنی شکۆمەنددا هەیەتی، دەتوانێت بە ڕێکخستنی مانگرتنی سەرتاسەریی خۆی، پەیوەست بێت بەم بزووتنەوە ناڕەزایەتییەوە و بە پەیوەستبوونی خۆی، ماشێنی سەرکوت و کوشتاری ڕژیمی ئیسلامی زەوینگیر بکات. پەیوەستبوونی چینی کرێکار لە ڕەهەندی کۆمەڵایەتیدا بەم ناڕەزایەتییانەوە، لە هەمان کاتدا دەتوانێت زەمینەیەکی گونجاو بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ڕێکخراوەبوون و پێکهێنانی ڕێکخراوە چینایەتی و جەماوەرییەکان و بەحیزی بوونی کرێکاران فەراهەم بهێنێت.

مەرجێکی دیکەی زەمانەتی پێشڕەوی و سەرکەوتنی ئەم بزووتنەوەیە، بەستراوەتەوە بە گەڵاڵەکردن و پەرەپێدان بە ستراتیژی و ئاسۆی سیاسیی ڕوون و شۆڕشگێڕانە، ڕێکخراوبوون و پێکهێنانی ڕێبەریی سەرتاسەری. کەواتە نابێ بەڵێنیی سەرکەوتنی ئاسان و بێ‌زەحمەت بە جەماوەر بدرێت، بەڵکوو دەبێ بە کردەوە لە ڕێگای وەڵامدانەوە بە پێداویستییە ڕاستەقینەکانی ئەم بزووتنەوەیە و دابینکردنی پێداویستییەکانی بەشکست کێشانی حیزبی پادگانیی سپای پاسداران و ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی ئیسلامی هەنگاو هەڵبگیرێت و جەماوەر لە سەختی و دژوارییەکانی ئەم ڕێگا پڕ لە کۆسپە ئاگادار بکرێنەوە.

ئەم بزووتنەوەیە تەنیا بزووتنەوەیەکی سەلبی بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی نییە. جەماوەری ڕاپەڕیو دژ بە هەژاری و نەهامەتیی ئابووری، دژ بە نایەکسانییەکان، بێ‌بەشییەکان و هەڵاواردنگەلێک پێیان ناوەتە مەیدانی ناڕەزایەتی و خەباتەوە کە ڕیشەیان لە پەیوەندییە سەرمایەدارییەکانی ئێراندایە. بەم پێیە، ئەم بزووتنەوەیە نەک تەنیا ئامانجی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی لەبەردەم خۆیدا داناوە، بەڵکوو بەپێی ماهییەتی داخوازییەکانی، بزووتنەوەیەکی دژە سەرمایەدارییە. خەڵک بە هەق بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد، یەکسان و خۆشگوزەران چاویان بڕیوەتە ئەو ئیمکاناتە بەرینەی کە لە ئێراندا نهێنییە. دەبێ وێنەیەکی ڕوون لەو دەسەڵاتەی کە دوای کۆماری ئیسلامی دێتە سەر کار، ببرێتە نێو خەڵکەوە. کەواتە دەبێ ئاسۆی سۆسیالیستی، ئاسۆی حکوومەتی شورایی کرێکاران و زەحمەتکێشان و شوراکانی خەڵک لە بەرانبەر ئەم بزووتنەوەیەدا دابنرێت. دەبێ هەوڵ بدرێت دروشمگەلێکی وەک “نان، کار، ئازادی – ئیدارەی شورایی”، “ئازادی، یەکسانی – ئیدارەی شورایی” کە لەلایەن ناڕازییانەوە لەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیەدا گەڵاڵە  کراون، بە کەمپەینە سیاسی-تەبلیغییەکان هەرچی جەماوەریتر بکرێنەوە. دەبێ شرۆڤەیەکی ڕوون لەم دروشمانە و لە مانای ڕاستەقینەی ئازادی و یەکسانی و ئیدارەی شورایی ببەینە نێو جەماوەرەوە.

دەبێ بە شێوەیەکی لێبڕاوانە و ماندوونەناسانە، سەبارەت بە مەترسیی پڕۆژە ئیمپریالیستییەکانی گۆڕینی ڕژیم واتە “ڕژیم‌چەینج” و دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە سەرووی ئیرادەی خەڵکەوە، هۆشداری بدرێت و هەڵوێست و ستراتیژیی سیاسیی بەشە جیاجیاکانی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوایی ئێران بۆ بەلاڕێدابردن و بەشکست کێشانی ئەم بزووتنەوەیە بۆ خەڵک ڕوون بکرێتەوە. دەبێ ناتەبایی بەرنامە ئابوورییەکانی ئەوان کە هەمان سەرمایەداریی بازاڕی ئازاد و نیۆلیبڕالیزم بە بەڕێوەبەرایەتیی غەیرە ئیسلامییە، لەگەڵ ئەو بەڵێنانەی کە لە بواری یەکسانیی سیاسی و یەکسانیی ژن و پیاو بە خەڵکی دەدەن، بە ئاشکرا نیشان بدرێت. ئەوانەی بەدیلیان سەرمایەدارییە بە بەڕێوەبەرایەتیی غەیرە ئیسلامییەوە، ناتوانن بەڵێنی ئازادی و خۆشگوزەرانی بە خەڵک بدەن. سەرمایەداری بە بەڕێوەبەرایەتیی غەیرە ئیسلامیشەوە هەر حکوومەتێکی ئیستبدادییە.