جاناتان کێنریکاس، وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٩ی خەزەڵوەر، پشتڕاستی کردەوە کە “هێزە زەمینیەکانی ئیسرائیل لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی باکووری لێوارەکانی غەززە لە ئامادەیی دان و ئۆپەراسیۆنەکانیان فراوانتر دەکەن”.
هاوکات لەگەڵ ئەوە باس لە گرژییەکان لە ڕۆژاوای باکووری غەززە دەکرێت و هەروەها هێزەکانی ”عێزەدین قەسام”، باڵی سەربازی حەماس ڕایانگەیاندووە کە چەند مووشەکی دژەتانکیان ئاراستەی هێزەکانی ئیسرائیل لە ناوچەی زەیتوون لە باشووری غەززە کردووە. کە تا ئێستا لەلایەن ئەرتەشی ئیسرائیلەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.
لێوارەکانی غەززە بە درێژایی ٤٠ کیلۆمیتر و ٦ تا ١٢ کیلۆمیتر پانتایی کەوتووەتە ڕۆژهەڵات و باکووری ئیسرائیلەوە.
شایانی باسە کە ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٥ی ڕەزبەڕ لە دوای هێرشی تێرۆریستیی گرووپی حەماس بۆ سەر خاکی ئیسرائیل، شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەستی پێکرد کە تا ئێستا، پاش ٢٣ڕۆژ لە دەسپێکی شەڕ ٨هەزار و ٣٠٠ فەلەستینی و هەزار و ٤٠٠ ئیسرائیلی کووژراوە. هەروەها ٢١هەزار فەلەستینی و ٥هەزار و ٤٣٠ ئیسرائیلیش بریندار بوون.
جگە لەمانە هەزار و ٨٧٠ فەلەستینی و ٤٠ ئیسرائیلی تائێستا بێ سەروشوێنن و زیاتر لە ٢٠٠ کەس لەلایەن حەماسەوە لە ڕۆژی هێرشەکەوە ڕفێندراون و بۆ لێواری غەززە گواستراونەتەوە.