بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بەشێک لە خوێندکارانی زانکۆی کوردستان لە شاری سنە، لە مافی ناونووسین و مانەوەیان لە حەوانگە و خەوتنگەکانی ئەو زانکۆیە بێبەری و بێبەش کراون.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو خوێندکارانە بەهۆی “بانگ کرانیان لە لایەن ناوەندی پاراستن و کۆمیتەی دیسپلینی زانکۆ” و هەروەها “ڕاپۆرتی ئەمنییەتیی ناوەندی پاراستنی زانکۆ ” لە مافی مانەوەیان لە حەوانگە و خەوتنگەی ئەو زانکۆیە بێبەری و بێبەش کراون. جێگای ئاماژەیە، لە مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ بە دوای بانگ کردنی خوێندکارانی زانکۆی کوردستان و پڕکردنەوەی بەڵێننامەی نووسراوی بە زۆرەملێ بەهۆی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ، هێزەکانی ناوەندی پاراستنی ئەو زانکۆیە خوێندکارانیان ئاگادار کردووەتەوە کە ئەگەر بەردەوام بن لە پابەندنەبوونیان بە حیجابی زۆرەملێ، لە خزمەتگوزارییەکانی ئەم زانکۆیە بێبەری و بێبەش دەکرێن.