پێنج لاوی خەڵکی شارەکانی کوردستان دەستبەسەر کران
دوشەممە ۱۵-۰۱-۱۴۰۱   |  04-04-2022
ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی خاکەلێوەی، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری پیرانشار پێنج کەسیان بە ناوەکانی پەریسا سپاهی ١٧ ساڵە و کەویار ئەلیاسی ١٨ ساڵە خەڵکی مەهاباد، عیرفان زولفی نیا ١٨ ساڵە خەڵکی سەقز و یووسف حەشرەتی ٢٢ ساڵە و مەنسوور کانی ڕەشی ٣٢ ساڵە خەڵکی پیرانشاریان دەستبەسەر کرد.
ئەم پێنج گەنجە لە ناو ماڵێک لە گوندی “کارخانە قەند”ی پیرانشار دەستبەسەر کراون و دواتر بۆ گرتوخانهی ئیدارەی ئیتلاعاتی گوازراونەتەوە. تا ئێستا هیچ زانیارییەک لە سەر هۆکاری دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵ ئەم پێنج کەسە و هەروەها چارەنووسیان لە بەر دەستدا نییە.