فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پێهەڵکوتنی دووبارەی خامنەیی بە سپای پاسداران بۆ مانەوەی دەسەڵاتی ئیسلامی
یەکشەممە ۰۲-۰۷-۱۴۰۲   |  24-09-2023

دوای تێپەڕینی چەند ڕۆژ لە ساڵیادی قەتڵی حکوومەتیی ژینا و دەستپێکی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەرانسەری، ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی مانگی خەرمانان عەلی خامنەیی بۆ جارێکی دیکە بەبیانووی ساڵوەگەڕی ٨ ساڵ شەڕی کۆنەپەرستانە و جەنایەتکارانەی ئێران و عێراق، کە بە هۆکاری پەرەسەندنی سنوورەکانی ئێران و پێکهاتنی بەناو “میحوەری موقاومەت” وەسفی کرد، بەخاتری سەرکوتکردنی خەڵک لە ساڵڕۆژی ئەم قەتڵە جەنایەتکارانەیەدا دەستخۆشیی لە سپای پاسداران کرد. ئەو لە تاریف و تەمجیدەکەیدا سپای پاسدران و دەزگا نیزامی و ئەمنییەکانی بە “پێکهێنەری ئەمنیەت و نامووسی کۆمەڵگا” وەسف کرد و وتی: ”دوژمن دەیەوێت زیان بە بەها و شەرافەت و کەرامەتی هێزە چەکدارەکان بگەیەنێت. بەڵام پێویستە قەدریان بزانین”.

خامنەیی لەحاڵێکدا بەمجۆرە بێشەرمانە بە شاخ و باڵی سپای پاسدران و هێزە سەرکوتگەرەکانی پارێزەری دەسەڵاتەکەی هەڵدەڵێ کە ئەم دەزگا سەرکوتگەر و خوێنڕێژانە تەنها لەماوەی سێ مانگی سەرەتای بزووتنەوەی ژینادا، زیاتر لە ٥٠٠ ژن و پیاوی تێکۆشەر و تەنانەت منداڵیان کوشت. هەزاران کەسیان کوێر و بریندار و کەمئەندام کرد و زیاتر لە ٢٠ هەزار کەسیان دەستبەسەر و زیندانی کرد و ئەشکەنجەیان دان. پەروەندەسازییان بۆ کردن و بە پێی ئەم پەروەندانە حوکمی قورسیان بەسەردا سەپاندن. خامنەیی زوحاک لەحاڵێکدا هێزی ئەمنی و نیزامی بە “پێکهێنەری ئەمنیەت” وەسف دەکات کە لەماوەی ساڵی ڕابردوو و ئەمساڵدا بەردەوام لە گیانی خەڵک بەربوون و بە داگیرکردنی شەقام و مەیدان و کۆڵان و بازاڕ و بە هێرشی وەحشیانە بۆسەر ماڵی خەڵک، ئەمنیەت و ئاسایشیان لە کۆمەڵگا زەوت کردووە. ئەو لە حاڵێکدا هێزە سەرکوتگەرەکان وەک نامووسی کۆمەڵگا ناو لێدەبات کە بەکرێگیراوانی سەرکوتگەری ڕژیم لە شەقام و زیندانەکاندا، ژنان و پیاوانی لاو دەدەنە بەر توندوتیژی و دەستدرێژی.

سپای پاسداران و دەزگای سیخوڕی بەسیج و باقیی دامودەزگا ڕەنگاوڕەنگە ئەمنیەتییەکان کە بوودجە و ئیمکاناتی بێ حیساب و کیتابیان لە بەرهەمی ڕەنج و کاری جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشەوە دابین دەکرێ، هەتا بە ئەمڕۆ گوێڕایەڵ و خزمەتکاری ڕژیمی ئیسلامی سەرمایە و سەرمایەداران بوون و هیچی تر. ئەم هێزانە هەرچی کردوویانە لەڕاستای دژایەتی و دوژمنایەتی لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە کۆمەڵایەییەکان و جەماوەری مافخوازی ئێران بووە. لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا کە ترس و نیگەرانی لە سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییەکانی شەقام لە ساڵڕۆژی قەتڵی حکوومەتیی ژینا، خامنەیی و کادری ڕێبەریی سپای پاسداران و کارگێڕانی دیکەی ڕژیمی داگرتبوو، کۆماری ئیسلامی لەڕێگەی هەر ئەم هێزەی کە خامنەیی بە “ئەمنیەتساز و نامووسی کۆمەڵگا” وەسفی دەکات فەزای شارەکانیان ئەمنیەتی و میلیتاریزە کردبوو. ئێستا ئیتر خەڵکی ئێران زیاتر لە ڕابردوو لە هۆکاری وجوود و ماهیەتی جەنایەتکارانەی ڕێبەران و فەرماندەکانی ئەم هێزە سەرکوتگەرانە ئاگادار بوونەتەوە و باش دەزانن کە حکوومەتی ئیسلامی تەنها ئامرازی مانەوەی دەسەڵاتەکەی هێزی سەرکوتە. کۆبوونەوەی بەردەوامی خامنەیی لەگەڵ فەرماندەکانی سپای پاسداران لەماوەی چەند مانگی ڕابردوو، بۆ بەدەسهێنانی ڕەزایەت و دڵنیایی ئەوان بووە لەپێناو سەرکوتکردنی ژنان و پیاوانی خەباتکار کە بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی حکوومەتی ئیسلامی دەستیان داوەتە ناڕەزایەتی و خەبات.

خامنەیی لە بەشێکی تر لە وتەکانیدا بەبۆنەی ساڵوەگەڕی شەڕی کۆنەپەرستانەی هەشت ساڵە لەگەڵ عێراق، درۆیەکی ئاشکرای دیکەی کرد و وتی: ”ئێمە لە ناوچەکەدا پایەگا و دەخاڵەتمان نییە و تەنها حزووری مەعنەویمان هەیە”. ئەم حزوورە کارەساتبارە “مەعنەوی”یەی حکوومەتی ئیسلامی کە ڕاستیدا دەخاڵەت و دەستتێوەردانی ئاشکرای ڕژیمی ئیسلامی لە ناوەندە قەیراناوییەکانی ناوچەکە لەماوەی چوار دەیەی ڕابردوو بووە، بەشێکی تر لە سیاسەتی شکستخواردووی ڕژیمە لەپێناو ڕاگرتنی دەسەڵاتەکەی. سیاسەتێک کە سەرەڕای داسەپاندنی هەزینەی بەرین بەسەر سفرەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، لەڕێگەی شەڕنانەوە و کوشتار و وێرانیی ملیۆنها خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی وڵاتانی ناوچەکەوە بەڕێوەچووە. ئەم سیاسەتە هەر ئێستاش بە بەکارهێنانی هێزی بەکرێگیراو و کۆنەپەرستی ئەم وڵاتانە لەژێرناوی “میحوەری موقاومەت”دا بەێوەدەچێت. پەنابردنی خامنەیی بۆ درۆ و تاریف و پێهەڵکوتن بە سپای پاسداران و هێزە سەرکوتگەرانی تر لە بارودۆخێکدایە کە کۆماری ئیسلامی لە ناوەوە و لە ئاستی ناوەچەکە و جیهاندا لەگەڵ قەیرانی قووڵی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی بەرەوڕووە. لە بارودۆخێکدایە کە ڕژیمی شکستهێناوی ئیسلامی، بە بنبەست گەیشتووە و توانای وڵامدانەوەی بە داخوازیی ئابووری و کۆمەڵایەتیی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش نییە و بە بێ هێزی سەرکوت و نیزامی و ئەمنیەتی ناتوانێ درێژە بە دەسەڵاتەکەی بدات. قەیرانی چارەهەڵنەگری حکوومەتی ئیسلامی داخوازیی ژنان و پیاوانی کرێکار و زەحمەتکێشە کە خامنەیی بە دروست بە دوژمنی خۆی و دەسەڵاتەکەیان دەزانێ. ئەو داخوازییانەی کە لە دەوریان بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان شکڵیان گرتووە و بە چەکی مانگرتن و ناڕەزایەتیی ڕێکخراو و بەردەوامی کرێکاران و خەڵکی وەگیانهاتوو لە هەژاری و بێکاری و برسیەتی و نەبوونی ئازادی، بەرەنگاری دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بوونەتەوە. نە تەسلیمبوون و “نەرمشی قارەمانانە” بەرانبەر بە ئەمریکا و دەسەڵاتەکانی دیکەی سەرمایەداری و نە بارمتەگیری و ئازادکردنی پارەی بلۆکەکراو و نە بە قەولی ڕەئیسی لە کۆبوونەوەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان “بەڕێوەبردنی بەڵێنەکانی ئەمریکا و ئەورووپا و گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی باش لە ئەگەری ئامادەبوونی ئەمریکا”، هیچ کامیان ناتوانێ کێشە و قەیرانەکانی ڕژیم چارەسەر بکات.

درێژەی دەسەڵاتی ئیسلامیی سەرمایەداران بۆ جەماوەری کرێکار و زەحمەتکشی کۆمەڵگا بەمانای درێژە و پەرەستاندنی هەژاری و فەلاکەتێکە کە ساڵەهایە هەڕەشە لە ژیان و گوزەرانیان دەکات. ئەگەر کۆماری ئیسلامی بە گرتنەبەری هێرشی وەحشیانە هەتا ئێستا توانیویەتی لە مەترسیی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانە لەلایەن ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانەوە خۆی دەرباز کات، بێگومان ناتوانێ لە شەپۆلی ناڕەزایەتیی جەماوەریی تێکەڵ بە مانگرتنی یەکپارچە و یەکگرتووی کرێکاران، کە تەنها ڕێگای ڕزگاری لەم دەسەڵاتە دژەژن و دژەکرێکار و کۆنەپەرستەیە، دەرباز بێت.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co