فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پێویستیی پەرەپێدانی بزووتنەوەی جیهانی دژی شەڕی ئیمپریالیستی و کۆنەپەرستانە
سێشەممە ۱۱-۰۱-۱۴۰۵   |  31-03-2026

لە حاڵێکدا مانگێک بەسەر هەڵگیرسانی شەڕی تاوانکارانەی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا تێدەپەڕێت، ئەم شەڕە بۆ کۆمەڵانی خەڵکی ئێران و ناوچەکە لە باری ڕەهەندەکانی وێرانی و خەسار و زیانە گیانی و ماڵییەکانەوە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ تێچووی قورستر دەبێت. هەنگاو و پڕوپاگەندەکانی هەردوو جەمسەری شەڕەکە دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە نەک هەر هیچ ئاسۆیەک بۆ کۆتاییهاتنی دیار نییە، بەڵکوو پانتاییەکەی بەرفراوانتر و مەترسیدارتر دەبێتەوە. لە شەپۆلی نوێی بۆردومانەکاندا، ئەمریکا و ئیسرائیل نەک هەر ناوەند و دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکانی ڕژێم، بەڵکوو ژێرخانە ئابوورییەکان، خزمەتگوزارییە گشتییەکان و ماڵ و حاڵی خەڵکیشیان کردووەتە ئامانج.

ئێوارەی یەکشەممە ٩ی خاکەلێوە، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە پاش حەوت جار مووشەکبارانکردن لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە درێژایی ڕۆژەکەدا، شەپۆلێکی دیکەی هێرشەکانی بۆ سەر تاران و شارەکانی دیکەی ئێران دەست پێکردووە. چەند کاتژمێرێک دواتر، دەنگی سامناکی بۆردومانی دامەزراوەکانی پیشەسازیی کارەبا لە تاران و پارێزگاکانی مەرکەزی و ئەلبورز بیسترا و کارەبای ئەو شارانە پچڕا. ئەمە لە کاتێکدایە کە هێرشە مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر پیشەسازییە ناوکییەکان لە باشووری ئیسرائیل، بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە و دڵەڕاوکێ سەبارەت بە ئەگەری دزەکردنی گازە ژەهراوییەکان لە نێو خەڵکدا.

ئەگەر دەوڵەتانی ئەمریکا و ئیسرائیل بە ئامانجی ئیمپریالیستی و بە مەبەستی زاڵبوون بەسەر سەرچاوەکانی نەوت و گازی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کۆنترۆڵکردنی ڕێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەکان و داڕشتنی نەزمێکی ناوچەیی بە دڵی خۆیان، ئەم شەڕەیان هەڵگیرساندووە، ئەوا لە لایەکی دیکەشەوە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی بە گرتنەبەری سیاسەتی دەستێوەردان و پاوانخوازانە و پشت‌بەستن بە پڕۆژە ناوکییەکان و پێکهێنان و پشتیوانیکردن لە گرووپە تیرۆریستییە ئیسلامییە گرێدراوەکانی خۆی لە وڵاتانی ناوچەکەدا، زەمینە و بەستێنی بەرپابوونی شەڕێکی وەهای لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلدا خۆش کردووە.

دەرەنجام و لێکەوتەکانی ئەم سیاسەتانە، لەوانە گەمارۆ ئەوپەڕییەکانی ئەمریکا و دەوڵەتانی ئەورووپی و نەتەوە یەکگرتووەکان، قەیرانە ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ڕژێمیان زیاتر لە جاران قووڵتر کردووەتەوە. دووکەڵی ئەم شەڕە تاوانکارانەیە لە پلەی یەکەمدا دەچێتە چاوی کرێکاران و توێژە بێبەشەکانی دیکەی ئێرانەوە و ژیان و بژێوی و تەنانەت گیانیشیانی خستووەتە مەترسییەوە. ناوەندی ئاماری ڕژێم لە ڕاپۆرتی ئەم دواییەی خۆیدا، ڕێژەی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵی کەرەستە خۆراکییەکانی مانگی ڕەشەممەی ڕابردووی بەراورد بە ڕەشەممەی ساڵی ١٤٠٣، بە ٧١.٨% خەمڵاندووە. ئەمەش بەو مانایەیە کە لە بارودۆخی هەژاری و بێکاریدا، تێچووی ژیان بۆ کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش بە تێکڕا زیاتر لە ٧٠% بەرز بووەتەوە.

لە وەها هەلومەرجێکدا، دەوڵەتی ترامپیش بە سیاسەتی “گۆپاڵ و گێزەر” (هەڕەشە و هاندان)، بارودۆخی بژێوی و دەروونیی خەڵکی بێگومان سەختتر کردووە. ترامپی درۆزن لە لایەکەوە باس لە دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ ڕژێم دەکات؛ ژمارەی دانوستانکاران زیاد دەکات؛ لافی بەرەوپێشچوونی گفتوگۆکان لێدەدات و تاریفی سەرپاسداری دز و تاوانکار، قالیباف دەکات، لە لایەکی دیکەشەوە فەرمان دەدات کە چوارەمین کەشتیی جەنگیی ئەمریکا بە کەرەستەی تەواو و فڕۆکەی دژەڕادار و لۆجستیک و هەزاران تفەنگداری دەریایی “مارینز” لە ژاپۆنەوە بەرەو ناوچەی کەنداو بکەونە ڕێ. فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا “سێنتکام”، ڕۆژی هەینی ٧ی خاکەلێوە ڕایگەیاند کە کەشتیی “یو ئێس ئێس تریپۆلی”ی ئەمریکا، گەیشتووەتە ناوچەی کەنداو.

کۆبوونەوەیەکی ئاوەهای هێزی سەربازیی ئەمریکا، بەتایبەتی بە بوونی تفەنگدارانی دەریایی “مارینز”ەوە، ئەگەری هێرشی زەمینی بۆ سەر ئێران بەتایبەتی لە کەنداوی فارس و دەریای عومان و داگیرکردنی دوورگەی خارک و ناوچەکانی دیکە، لەژێر بیانووی دابینکردنی ئاسایشی هاتوچۆی کەشتییە نەوتییەکان یان هەر ئۆپەراسیۆنێکی دیکەی سەربازی لە ئێراندا، زیاتر کردووە. لەم پەیوەندییەدا، لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا جگە لە بنکە سەربازییەکانی ڕژێم لە خارک کە گرنگترین و بەرفراوانترین دامەزراوە نەوتییەکانی ئێرانی لێیە، ناوەند و کارگە پیشەسازییەکانیش، لەوانە کارگەکانی پۆڵای ئەسفەهان و خوزستان، لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە بە توندی بۆردومان کراون. ڕژێمی کۆماری ئیسلامی کە چینێک لە سەرکردایەتییە سیاسی و سەربازییەکەی خۆی لەم شەڕانەدا لەدەست داوە، هێشتاش دەهۆڵی شەڕ لێدەدات.

ڕۆژی یەکشەممە ٩ی خاکەلێوە و لە سیهەمین ڕۆژی شەڕدا، قالیباف بە ئاماژەدان بە چڕبوونەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، بە لاف لێدانێکی پووچەڵەوە ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی براوەی شەڕەکەیە و تا گەیشتن بە لوتکە درێژە بە شەڕ دەدەن و ئامادەی وەڵامدانەوەی هێرشە زەمینییەکانی ئەمریکاشن. ئەم هەڕەشە و گوڕەشانە لە هەلومەرجێکدا دووپات دەبنەوە کە بنکە سەربازی، ئینتزامی و ژێرخانە پیشەسازییەکانی ئێران بەهۆی بۆردومانە بەردەوامەکانی ئیسرائیل و ئەمریکاوە زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە و بەشێکی گەورە لە ناوەندە مووشەکی، ناوکی و چەک و تەقەمەنییەکانی ڕژێمیش وێران کراون.

گەڵاڵە ١٥ خاڵییە زەلیلکەرەکەی ترامپیش بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، کە لە ڕاستیدا هەر هەمان داواکارییە پێشووەکانی ئەمریکا و زلهێزە ئیمپریالیستەکانی دیکەی ڕۆژئاوایە سەبارەت بە دەستنەراگەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە چەکی ناوکی، کەمکردنەوەی ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم، کەمکردنەوەی مەودای مووشەکەکان و دەستهەڵگرتن لە پشتیوانیکردنی هێزە تیرۆریستە ئیسلامییە گرێدراوەکانی ڕژێم، بە ڕواڵەت لەلایەن ڕژێمی ئیسلامییەوە ڕەت کراوەتەوە. کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی پاکستان وەک دەوڵەتی ناوبژیوان و میسر و عەرەبستانی سعوودی و تورکیاش لە ڕۆژی یەکشەممە ٩ی خاکەلێوەدا، بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و تاوتوێکردنی نیگەرانییەکان سەبارەت بە دابینکردنی ئاسایشی دەریایی بە مەبەستی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت و گاز، بێ هیچ ئاکامێکی بەرچاو کۆتایی هات.

لە لایەکی دیکەوە، دەوڵەتی ترامپ کە بەرەوڕووی قەیرانگەلێکی زۆری ناوخۆیی بووەتەوە، بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لەژێر گوشاری ڕوو لە هەڵکشانی ناوخۆیی و دەرەکیدایە. ڕۆژی شەممە ٨ی خاکەلێوە و لە سێیەمین خولی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان دژی سیاسەتە شەڕانگێزییەکانی ترامپ، لە ٥٠ ویلایەتی ئەمریکا ملیۆنان کەس لە خەڵکی ناڕازی بە شەڕ، بە دروشمی “نەخێر بۆ پاشایەتی”ی ترامپ، دژی سیاسەتەکانی ناوبراو دەستیان دایە خۆپیشاندان. زیاتر لە ٨ ملیۆن کەس لە نیویۆرک و شارە گەورەکانی دیکەی ئەمریکا لەم ناڕەزایەتییانەدا، ترامپیان بە “هەڕەشە بۆ سەر ئازادی و ئاسایشی” خۆیان زانی. لە شاری لەندەنیش خۆپیشاندانێکی چەند سەد هەزار کەسی دژی شەڕ بەڕێوە چوو. لە زۆرێک لە وڵاتانی دیکەی ئەورووپاش، خەڵکی ناڕازی بە شەڕ دژی شەڕخوازییەکانی دەوڵەتی ترامپ ڕژانە سەر شەقامەکان. ئەزموونی مێژوویی سەلماندوویەتی کە پەرەپێدان و بەردەوامبوونی بزووتنەوەی دژەشەڕ لە ئاستی جیهانیدا، کاریگەرترین ڕێگایە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئیمپریالیستی و کۆنەپەرستانە، و پێویستە ئەم بزووتنەوەیە بە شێوەیەکی ڕێکخراو و بەردەوام درێژەی هەبێت.