فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پێویستیی پەرەپێدانی بزووتنەوەی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین
چوارشەممە ۱۹-۰۲-۱۴۰۳   |  08-05-2024

لە کاتێکدا کە شەڕ و جینۆسایدی حکوومەتی ئیسرائیل لەدژی خەڵکی بێ دیفاعی غەززە پێی ناوەتە هەشتەمین مانگەوە، دەوڵەتی فاشیستیی نەتانیاهۆ هەروا لەسەر درێژەی شەڕ و کوشتار لە غەززە پێداگری دەکات. لە وەها بارودۆخێکدا ناڕەزایەتی دژبەم شەڕە ماڵوێرانکەرە لە سەرتاسەری جیهان بەردەوامە و بزووتنەوەی خوێندکاری لە ئەمریکاش دژی درێژەی کۆمەڵکوژیی دەوڵەتی ئیسرائیل، هاتووەتە مەیدان. لەماوەی یەک مانگی ڕابردوودا ناڕەزایەتیی خوێندکاران لە زیاتر لە ٤٠ زانکۆی ئەمریکا بۆ پشتیوانی لە فەلەستین و بە خواستی پێشکەوتنخوازانە و مرۆڤدۆستانە لەوانە ڕاگرتنی وەبەرهێنان و پەیوەندی دارایی زانکۆکان لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل بەڕێوەچووە. ناڕەزایەتیی خوێندکاران بەرەوڕووی هێرشی دڕندانەی هێزەکانی پۆلیس بووەتەوە و بەهۆیەوە ژمارەیەک لە خوێندکاران برینداربوون و زیاتر لە ٩٠٠ کەسیان دەستگیرکراون و ژمارەیەکی زۆریش لە مامۆستایان و خوێندکاران بەر بە چالاکییان گیراوە. لەئێستادا ناڕەزایەتیی خوێندکاری دژبە شەڕی حکوومەتی ئیسرائیل وڵاتانی کانەدا و ئۆسترالیا و هێندێک لە وڵاتانی دیکەی لە ئورووپا و شوێنەکانی تری جیهان گرتووەتەوە.

لە ناوەوەی ئیسرائیلیش ناڕەزایەتی دژبە دەوڵەتی نەتانیاهۆ بەهۆی پێداگری لەسەر درێژەی شەڕ، چ لەلایەن بیروڕای پێشکەوتنخواز و چەپی کۆمەڵگا و چ لەلایەن بنەماڵەی زیندانیانێک کە لەلایەن تاقمی تیرۆریستیی حەماسەوە لە حەوتی ئۆکتۆبر بەدیل گیراون، بەردەوام پەرە دەستێنێت. ئەوان خوازیاری ڕاگرتنی شەڕ و ڕێککەوتن لەگەڵ حەماس بە ئامانجی ئازادکردنی بەدیلگیراوانن. شەوی شەممە ١٥ی مانگی گوڵان کە هاوکات بوو لەگەڵ “ساڵیادی هۆلۆکاست” لە ئیسرائیل، خەڵکی ناڕازی لە تێلاڤیڤ، قۆدس و چەندین شاری دیکەی ئیسرائیل لە خۆپیشاندانەکانی خۆیان نەتانیاهۆیان بەوە تۆمەتبار کرد کە بەخاتری بەرژەوەندی تاکەکەسیی خۆی، ڕەوتی دانوستانەکان لەگەڵ حەماس کە لەم ڕۆژەدا لە قاهیرە لەئارادابوو تێک دەدات بۆ ئەوەی شەڕ دژبە خەڵکی فەلەستین درێژە بدات و هیچ هەنگاوێک بۆ ئازادکردنی بەدیلگیراوان هەڵناگرێت. لەئێستادا زۆرێک لە ناڕازییان خوازیاری لەسەرکارلاچوونی نەتانیاهۆ و کابینەی جەنگیی و کۆنەپەرستی ئیسرائیلن و ڕۆژ لە دوای ڕۆژیش لایەنگرانی ئەم خواستە و ناڕازییانی ئیسرائیلی و فەلەستینی زیاتر دەبن. لەم پەیوەنییەدا ستادێک کە بۆ ئازادیی بەدیلگیراوان پێکهاتووە، لە کۆتایی ئەم کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا لەڕێگەی بەیاننامەیەکەوە ڕووبە نەتانیاهۆ ڕایگەیاند کە: «ئەو هاووڵاتییانەی کە لە نەبوونی ئەمنیەتدا ڕۆژی هێرشی گرووپی حەماس بۆسەر غەززە ڕفێندراون، دەبێ لەڕێگەی وتووێژ و مامەڵەوە بگەڕێندرێنەوە لای بنەماڵەکانیان”.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە دەوڵەتی ئیسرائیل تەنانەت حازر نەبوو هەیئەتێک بنێری بۆ وتووێژ لە پەیوەند لەگەڵ ئاگربەست و گۆڕینەوەی زیندانیانی ئیسرائیلی و فەلەستینی کە لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە ١٥ و ١٦ی مانگی گوڵاندا لە قاهیرە بەڕێوەچوو. ئیسرائیل بە پاساوی قەبووڵ نەکرانی مەرجەکانی لەلایەن حەماسەوە، حازر نەبوو نوێنەری خۆی بۆ ئەم دانوستانە بنێرێ و دانوستانەکە بێ ئاکام کۆتایی هات. ئامانجی دەوڵەتی فاشیستی ئیسرائیل ئەوەیە کە بە بێ کۆتایی شەڕ و تەنها بە ئاگربەستی کاتی و بە ئازاکردنی ژمارەیەک لە زیندانیانی فەلەستینی کە چ ساڵانی بەرلە شەڕی غەززە و چ لە جەریانی ئەم شەڕەدا بەپێی سیاسەتی داگیرکەرانەی زیندانیی کردوون، ئازادیی بەدیلگیراوان مسۆگەر بکات و کۆتایی بە ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکان بهێنێت. نەتانیاهۆ گەلێک جار ڕایگەیاندووە کە شەڕ هەتا نابوودیی یەکجاریی حەماس درێژە دەدات چونکە کۆتایی شەڕ دەبێتە هۆی مانەوە و بەردەوامبوونی چالاکیی حەماس. ئامانجێک کە لە بارودۆخی ئێستادا بە شەڕ نایەتە دی. هەر بەم هۆکارەشە نەتانیاهۆ هەتا ئێستا هەموو گەڵاڵەکانی ئاگربەستی دەوڵەتانی دیکەی ڕەت کردووەتەوە. ڕۆژنامە سەرەکییەکانی ئیسرائیل (بەدیعووت ئاحرۆنۆت و ھائارێتز)یش ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی مانگی گوڵان ڕەخنەیان لە نەتانیاهۆ گرت و نووسییان: «نەتانیاهۆ بەرنامەیەکی بۆ بەڕێوەبردنی غەززە لەدوای ئاگربەست نییە. ئەولەوییەتی ئەو پاراستنی دەسەڵاتی سیاسیی خۆیەتی، نەک ئازادکردنی هاووڵاتییانی ڕفێندراو”.

لەلایەکی دیکەوە تاقمی کۆنەپەرستی حەماس کە ساڵەهایە هاوئاهەنگ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی تەپڵی “نابوودیی ئیسرائیل و سڕینەوەی لەسەر نەخشەی جوگرافیا و دامەزراندنی حکوومەتی ئیسلامی لە سەرتاسەری فەلەستینی داگیرکراو” دەکوتێ، لەئێستادا کە کەوتووەتە ئەم بارودۆخە قەیراناوییەوە و لەژێر گوشار دایە و لاواز بووە، دەیهەوێ بە دانی بەهای جەنگ لە گیان و ماڵی خەڵکی ستەمدیدەی فەلەستین، درێژە بە دەسەڵاتەکەی بدات. بەڵام تەنها کارتی ناو دەستی حەماس بۆ مانۆڕ و گەیشتن بە ئامانجەکانی، یاری کردن بە گیانی ئەو ١٣٠ بەدیلگیراوەیە کە لە هێرشی تیرۆریستیی حەوتی ئۆکتۆبردا ڕفاندوونی.

گەڵاڵەی ئاگربەستی ئەم دواییە کە قەراربوو لە قاهیرە بدرێتە بەر باس، لە دوو قۆناغدا بوو. قۆناغی یەکەم ئاگربەستێکی ٤٠ ڕۆژە بوو وێڕای ئازادکردنی ٣٣ بەدیلگیراوی ئیسرائیل لە بەرامبەر ئازادیی ٢٠ تا ٤٠ زیندانیی ئەمنیەتی فەلەستینی لەبری ئازادیی هەر بەدیلگیراوێکی ئیسرائیل و پاشەکشەکردنی ئەرتەشی ئیسرائیل لە هێنێدک شوێنی غەززە. دەوڵەتی ئیسرائیل لەگەڵ ئەم گەڵاڵەیە کە بە قازانجی بوو موافقەتی کرد و هەڕەشەی ئەوەشی کرد کە ئەگەر لەماوەی حەوتوویەکدا حەماس ئاگربەستی کاتی قەبووڵ نەکات، هێرش دەکاتە سەر شاری “ڕەفەح”. کە بە وتەی ئیسرائیل چوار گوردانی چەکداری حەماس لەناو ئەو حەشیمەتە یەک ملیۆن و نیوە کە لە غەززە ڕایانکردووە پەنایان گرتووە. ئاکامی وەها هێرشێک بێگومان دەبێتە هۆی کوشتار و ئاوارەبوونی زیاتری خەڵکی ستەمیدەی فەلەستین.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ئاشکرایکردووە، سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس ڕایانگەیاندووە کە: “لە هیچ بارودۆخێکدا ڕێکەوتنێکی ئاگربەست کە ڕاگڕتنی یەکجاری و کۆتایی شەڕ لەخۆنەگرێت، قەبووڵ ناکەن”. لەلایەکی دیکەوە بەرپرسانی ئیسرائیلیش ڕایانگەیاندووە کە: «هەتا ڕێکەوتنێک ئازادیی هەموو بەدیلگیراوان لەخۆ نەگرێت، کۆتایی شەڕ قەبووڵ ناکەن”. لە وەها بارودۆخێکدا درێژە و پەرەسەندنی بزووتنەوەی هاوپشتیی جیهانی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین و دژی کۆمەڵکوژیی ئیسرائیل بۆ گۆڕینی هاوسەنگیی هێز و بۆ دەورلێدانەوەی باڵادەستیی نیزامیی دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل یەکجار گرینگە. ڕێگای دەربازبوونی کرێکاران و خەڵکی ستەمدیدە و بێدیفاعی فەلەستین بەتایبەت لە کەرتی ڕۆژئاوا و ناوچە داگیرکراوەکانی دیکە، چاوەڕوان مانەوە بۆ سات و سەودای دەوڵەتەکان و وتووێژی ئیسرائیل و حەماس نییە. بەڵکوو هاتنە مەیدانی یەکگرتووانە و ڕێکخراو و بەهێزکردنی پەیوەندی لەگەڵ بزووتنەوەی جیهانیی دیفاع لە ئازادیی فەلەستین و هێزە پێشڕەو و ئاشتیخوازەکان لە ئیسرائیلە.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv
https://cpiran.org
https://komala.co
https://t.me/peshrawcpiran

www.facebook.com/Peshrawcpiran

www.instagram.com/Peshrawcpiran1

https://t.me/KomalaCpiranTv