فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پێویستیی پەرەپێدانی خەباتی ئێستای کرێکاران
پێنجشەممە ۲۰-۰۲-۱۴۰۳   |  09-05-2024

هەروەک زۆر جار باسمان کردووە، لە ڕوانگەی ئێمە کۆمۆنیستەکانەوە خەباتی ئابووریی و ڕۆژانەی کرێکاران بەشێکی گرینگ و جیانەکراوە لە خەباتی چنیی کرێکار دژبە سەرمایەداری. ناڕەزایەتی و مانگرتنی ڕۆژانەی کرێکاران لەسەر داواکاری ئابووری و ڕەفاهی، یان بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی سەرمایەداران بۆ سەر ژیان و کار و بژێوی کرێکاران، خەباتێکە بۆ ڕێگریکردن لە خراپتربوونی ژیانی کرێکاران و باشترکردنی بارودۆخی فرۆشتن و بەرزکردنەوەی بەهای هێزی کار. خەباتی کرێکاران وەک تایبەتمەندییەکی بابەتی و جیانەکراوەی نیزامی سەرمایەداری هەتا کاتێک ئەم سیستمە دەسەڵاتدارە، لە ئاستێکی کەم یان زۆر بەڵام بەشێوەی بەردەوام لەئارادایە.

بۆیە هەمیشە ئەرکی کۆمۆنیستەکانە کە چالاکانە هەوڵی یارمەتیدانی ڕێکخستن و ڕێنوێنیکردن و سەرکەوتنی خەباتی ئابووریی کرێکاران بدەن. بەڵام ئامانجی کۆمۆنیستەکان لەم خەباتە، تەنیا بە دەستەبەرکردنی داخوازییەکانی مانگرتن یان ئاکسیۆنێکی کرێکاری لەم یان لەو کارخانە سنووردار نابێتەوە. میحوەری کاری کۆمۆنیستەکان وەک بەشی هۆشیاری چینی کرێکار کە بیر لە بەرژەوەندی گشتیی بزووتنەوەی کرێکاری دەکەنەوە، بردنەسەری هۆشیاریی چینایەتیی کرێکاران و کۆمەک بە ڕێکخستنی جەماوەری کرێکارە. لە جەریانی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاریدایە کە کرێکاران لەئاستی جەماوەریدا لە زەروورەتی سازماندان دەگەن. لەم ڕووەوە کۆمۆنیستەکان لە هەڵسووکەوت لەگەڵ خەباتی ڕۆژانەی کرێکاران، بێجگەلە هەوڵ بۆ دەستەبەرکردنی ئەم یان ئەو خواستی دیاریکراو، بردنەسەری ئاستی هۆشیاری، ڕێکخستن و بەهێزکردنی ئەم خەباتە تا ئاستێکی چینایەتی و سەرتاسەریش لەبەرچاو دەگرن. کرێکارانی کۆمۆنیست بە ئەرکی خۆیانی دەزانن کە ئەم خەباتە کە زیاتر بەشێوەی پڕژوبڵاو لە کارخانەکان لەسەر خواستی ئابووری و سنووردار بەڕێوەدەچێت، یەکگرتوو و هاوئاهەنگ بکەن، خەسڵەتی چینایەتی و سەرتاسەریی پێ بدەن و لە دەستکەوت و دەرس و ئەزموونەکان کە جەماوەری کرێکار لەم خەباتەدا بەدەستیان هێناوە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و بەهێزکردنی ڕێکخستنی چینی کرێکار کەڵکی لێ وەرگرن. بەسەرەنجدان بەم خاڵانەی باسیان لێکرا، بۆ وەدیهێنانی ئەم ئامانجانە پێویستە لە ڕوانگەی بەرژەوەندی چینی کرێکارەوە لەگەڵ هەر خەبات و ئاکسیۆنێکی دیاریکراوی کرێکاری هەڵسووکەوت بکرێت.

دروشم و ڕێنوێنیی کرداریی کۆمۆنیستەکان لەپێناوی خەباتی ئابووریی کرێکاران ئەگەرچی ئاستی ئامادەیی کرێکاران لە ناوەندێکی دیاریکراوی بەرهەمهێنان و هێزی هاتنە مەیدانی چالاکان و ڕێبەرانی کرێکاری لە مەحەل لەبەرچاو دەگرێت، بەڵام لە هەمان حاڵدا پێویستە هاوسەنگیی ڕاستەقینەی هێز لە نێوان چینی کرێکار و سەرمایەداران و دەوڵەت لەئاستی گشتیتردا لەبەرچاو بگیرێت، بۆ ئەوەی لە هێزی کرێکاران بۆ داسەپاندنی خواستەکانیان وێنەیەکی ڕوونیان هەبێت. بەشداریی چالاکانەی کرێکارانی سۆسیالیست لە خەباتی ئێستای کرێکاران و پەرەپێدان بەم خەباتە بەستێنی گونجاو بۆ بردنەسەری ئاستی هۆشیاریی چینایەتیی کرێکاران و تێگەیشتن لە پێویستیی ڕێکخستنی کرێکاران لەئاستی جەماوەریدا ئامادە دەکات.

هەربۆیە نابێ چاوەڕوانیی سەرهەڵدانی مانگرتن و ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان بین و دەست لەسەر دەست دابنێین. جەماوەری کرێکار تەنانەت کاتێک دەستیان نەداوەتە خەباتیش، ناڕازین. خواست و داخوازیی دیاریکراویان هەیە. لەم ڕووەوە پێویستە بەستێنە بابەتییەکانی خەبات و گەڵاڵەکردنی خواستی کرێکاران بناسرێن و هەوڵ بدرێت کرێکاران بۆ گەیشتن بە داخوازییەکانیان هان بدرێن. چونکە لە جەرگەی ئەم خەباتەدایە دەکرێ هۆشیاریی چینایەتی لەئاستی بەریندا ببردرێتە ناو کرێکارانەوە و جەماوەرێکی زیاتر لە کرێکاران، زەروورەتی ڕێکخستنی چینایەتی و جەماوەریی کرێکاران دەرک بکەن.

پێویستە پێشوەختە پێشوازی لە ڕێکخستنی مانگرتن و خەباتی کرێکاری بکرێت و لە ڕوانگەی سیاسی و تەشکیلاتییەوە، بۆ ئەم خەباتە زەمینەسازی و ئامادەکاری بکرێت. ئەمە پێشمەرجێکی بنەڕەتییە بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ خەسڵەتی خۆبەخۆیی و بۆ پێشڕەوی و هیدایەتی سەرکەوتووانەی ئەم خەباتە. ئاستی سەرکەوتن و شکست و ئاستی پێشڕەویی کرێکاران لە هەر ئاکسیۆن و خەباتێکی دیاریکراودا پێویستە بە پێوەری چینایەتی هەڵسەنگێندرێ. بۆ نموونە لەوانەیە خەباتی کرێکارانی کارخانە و ناوەندێکی بەرهەمهێنان بۆ بردنەسەری حەقدەست یان بۆ ڕێگری لە دەرکردنی هاوکارانیان و یان بۆ ڕیزبەندیی پیشەکان ئاکامی خوازراوی لێنەکەوێتەوە و نەبێتە هۆی وەدیهاتنی خواستی کرێکاران، کە هەڵبەت سەرنەکەوتنی ئەم خەباتە دیاریکراوەش لە جێگەی خۆیدا پێویستە بدرێتە بەر لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگێندرێ و ئەزموونی لێ وەربگیرێت. کرێکاران ئەگەرچی لەم خەباتەدا بە خواستە دیاریکراوەکانیان نەگەیشتوون، بەڵام لەچاو ڕابردوو یەکگرتووتر بوون و لە جەریانی ئەم خەباتەدا زیاتر ناوەرۆکی نیزامی سەرمایەدارییان دەرک کردووە و زیاتر لە ڕابردوو لە زەروورەتی ڕێکخستنی چینایەتیی کرێکاران گەیشتوون، ئەمانە هەموو دەستکەوتی بەنرخن لە خەباتی کرێکاراندا کە دەتوانن بۆ پێشڕەویی خەباتیان کەڵکی لێوەرگرن.

یان وەک نموونەیەکی دیکە، لەئێستادا دەبینین کە ناڕەزایەتییەکی بەرین لەئاست لانیکەمی حەقدەستی دیاریکراو لەلایەن شۆرای باڵای کار لەناو کرێکاراندا لەئارادایە. بەشە جۆراوجۆرەکانی بزووتنەوەی کرێکاری لەئاست ئەم بڕەی حەقدەست کە سێ تا چوار بەرابەر لەژێر هێڵی هەژاریدایە ئیعتڕازیان هەیە. ڕێکخراو و ناوەندە سەربەخۆ جۆراوجۆرەکانی کرێکاران، دیاریکردنی ئەم بڕە بۆ لانیکەمی حەقدەست بە هێرشێکی ئاشکرا بۆسەر ژیان و بژێوی کرێکاران هەڵدەسەنگێنن. بەشە جۆراوجۆرەکانی بزووتنەوەی کرێکاری لە بڕیارنامە و بەیاننامەکانیاندا کە بەبۆنەی یەکی ئەیاری ئەمساڵ دەریان کردووە، وێڕای ڕاگەیاندنی ئەوەیکە حەقدەستی دیاریکراو نیشانەی داسەپاندنی هەژاری و بەدبەختیی زیاترە بەسەر کرێکاران و لە خزمەت زەمانەتکردنی قازانجی سەرمایەداراندایە، داوایان کردووە کە کرێکاران لەڕێگەی ناڕەزایەتی و کردەوەی ڕێکخراو لەپێناوی بردنەسەری هەرچی زیاتری حەقدەستی خۆیان خەبات بکەن.

دیارە لەم خەباتە دیاریکراوەدا داسەپاندنی حەقدەستی گونجاو لەگەڵ ژیانێکی ئینسانی بەسەر دەوڵەت و خاوەنکاران یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی سەرکەوتنی ئەم خەباتەیە. بەڵام ئەمە بەتەنیا تایبەتمەندی و پێناسەی سەرکەوتنی ئەم خەباتە نییە. هەروەک باسمان کرد لەوانەیە کرێکاران لەم خەباتە دیاریکراوەدا دەستکەوتێکی بەرچاویان نەبێت، بەڵام خاڵی گرینگ ئەوەیە کە کرێکاران لە ئاکامی ئەم خەباتەدا تا چ ئاستێک وشیارتر و یەکگرتووتر دەبن. تا چ ڕادەیەک دەتوانین کرێکاران لە ئاستی جەماوەریدا ئاگادار بکەینەوە لە سروشتی چینایەتی خەباتی کرێکاران بەرامبەر سەرمایەداران و دەوڵەت لەسەر مەسەلەی حەقدەست. تا چ ڕادەیەک کرێکاران لەم نەبەردەدا یەکگرتووتر دەبن. هەڵسووڕاوان و ڕێبەرانی ڕادیکاڵی بزووتنەوەی کرێکاری سەرەڕای ئەو ناکۆکییانەی کە ڕەنگە لەسەر شێواز و چۆنیەتیی پێشخستنی خەبات لەم بوارەدا هەیانبێت، تا چ ڕادەیەک دەتوانن بەستێنەکانی یەکگرتوویی زیاتری کرێکاران بدۆزنەوە، و بە سازماندانی ئیتحادی عەمەل و هاوکاریی ئاراستە جۆراوجۆرەکانی بزووتنەوەی کرێکاری، کرێکاران یەکپارچەتر بێننە مەیدانی خەبات بەرامبەر بە سەرمایەداران. کەوابوو کرێکارانی سۆسیالیست کە بەشداری و دەخاڵەتی چالاک لە خەباتی ئێستای کرێکاران بە ئەرکی خۆیان دەزانن نابێ بۆ ساتێک بابەتی یارمەتیدان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی چینایەتیی کرێکاران، خزمەت بە یەکگرتوویی چینایەتی و ڕێکخستنی کرێکاران لە جەرگەی ئەم خەباتە فەرامۆش بکەن.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv
https://cpiran.org
https://komala.co
https://t.me/peshrawcpiran

www.facebook.com/Peshrawcpiran

www.instagram.com/Peshrawcpiran1

https://t.me/KomalaCpiranTv