
یەکێک لە سەرەکیترین داخوازییەکانی کرێکاران لەماوەی دەیەکانی ڕابردوودا، بەتایبەت کرێکارانی ئەرکانی سالس لە سەنعەتی نەوت، پێترۆشیمی و باقی بەشە دەوڵەتییەکان، نەمانی شیرکەتە پەیمانکارییەکان بووە. ئەم داخوازییە بەپێچەوانەی تەسەوری هێندێک، تەنیا خواستێکی سینفی نییە. بەڵکوو ڕیشەی لە سرووشتی موناسباتی سەرمایەداری و سیاسەتە نیۆلیبڕالییەکاندایە کە بە “چکۆلەکردنەوەی دەوڵەت” و بە “سڕینەوەی یاسا و ڕێساکان” جێبەجێ کراوە. پەیمانکاری لە ڕاستیدا فۆرمێکی دامەزراوەییە بۆ ناسەقامگیرکردنی هێزی کار؛ فۆرمێک کە نەک هەر بژێوی کرێکاران و ئەمنیەتی کار لەناو دەبات، بەڵکوو لەگەڵ سەرکوت، ڕەوتی ڕێکخستنی کرێکاران بەرەوڕووی گەلێک ئاستەنگی و دژواری دەکاتەوە.
لە سیستمی پەیمانکاریدا، دەوڵەت یان خاوەنکاری سەرەکی خۆی لە دامەزراندنی ڕاستەوخۆی کرێکاران دەبوێرێ و ئەرکی دابین کردنی هێزی کار بە شیرکەتە واستەکان دەسپێرێ. ئامانجی ئەوەش ڕوونە: هێنانەخواری خەرجیی هێزی کار لەڕێگەی حەقدەستی کەمتر، سەپاندنی بەرپرسایەتییەکان لەوانە بیمە، ئیمەنی و حەقە دواخراوەکان بەسەر شانی پەیمانکار و لاوازکردنی پەیوەندی کار بە گرێبەستی کورتماوە و لاواز. ئەم وەزعییەتە قازانجێکی زۆری بۆ پەیمانکاران تێدایە. بەڵام ئەم قازانجە نە لە گیرفانی خاوەنکار، بەڵکوو لە سفرەی کرێکارانەوە دابین دەکرێت. واتە ئەوەی بەڕواڵەت گرێبەستی سێ لایەنەیە لە نێوان کرێکار و پەیمانکار و خاوەنکاردا، لەڕاستیدا موعامەلەی دوو سەر براوەی خاوەنکار و پەیمانکارە لەدژی کرێکار. پەیمانکاری تەنیا مۆدێلێکی قەراردادی نییە. بەڵکوو بەشێک لە سیاسەتی نیۆلیبڕالیی “نەرمکردنی هێزی کارە”. لە دەیەی حەفتاوە بەرەو ئەملا، هاوکات لەگەڵ بەرنامەکانی دەستکاریکردنی پێکهاتەیی، ئەم مۆدێلە بە شێوەیەکی سیستماتیک جێبەجێکرا بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی دارایی حکوومەت، کەمکردنەوەی مافی کرێکاران بۆ کەمترین ئاستی مومکین و لاوازکردنی ئەگەری هەرجۆرە ڕێکخستن و موقاومەتێکی کرێکاری.
هەربۆیە، پەیمانکاری شێوەیەک لە “سڕینەوەی ئەمنیەتە”. کرێکار نەتەنیا حەقدەستی کەمتر وەردەگرێ، بەڵکوو هەموو کات مەترسیی لەسەر کار دەرکردنیشی لەسەرە. ترس لە بێ‌کاری دەبێتە هۆی ئەوەیکە سەرەتاییترین داخوازییەکانی ئیمەنیی کار، پێدانی سەری وەختی حەقدەست و بیمە چاوپۆشیی لێبکرێت. لەماوەی پتر لە سی ساڵی ڕابردوودا یەکێک لە گرینگ‌ترین سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ کەڵەکەکردنی سەرمایە لە ئێران لە قۆناغی دوای شەڕی ئێران و عێراق، کاتی کردن، کەمکردنەوەی خزمەتگوزاریی کرێکاران و هەرزان کردنی هێزی کاری شاغڵ لە ناوەندەکانی سەنعەتی نەوت و پاشان پێترۆشیمی بووە. له‌و سه‌رده‌مه‌دا، به پڕۆژه‌ی كارمه‌ند كردنی كرێكارانی سه‌نعه‌تی نه‌وت و پاش چه‌ند ساڵ به سه‌پاندنی خانه‌نشینی پێشوه‌خت و كڕینه‌وه‌ی ئیجباری و سیاسه‌تی بێكاركردن، له سه‌نعه‌تی نه‌وت به شێوه‌ی به‌ربڵاو، ئه‌و سیاسه‌ته به‌كرده‌وه ده‌رهات. پاشان به پێی بڕیاری ده‌وڵه‌ت به وه‌زاره‌تی نه‌وت، به‌شێكی زۆر له چالاكی و پیشه‌كانی سه‌نعه‌تی نه‌وت له‌وانه پاڵاوتن، بڵاوكردنه‌وه، گواستنه‌وه‌ی ماده نه‌وتیه‌كان و به‌رهه‌مه‌كان و هه‌روه‌ها ڕۆن سازی و مهزروف سازی و خزمه‌تگوزارییه‌كانی دیكه و نۆژنكردنه‌وه، به شیركه‌ته په‌یمانكارییه‌كان سپێردرا. شیركه‌ت و دامه‌زراوه‌كانی ژێرده‌ستی وه‌زاره‌تی نه‌وت به دانی پاره‌ی كهڵان به شیركه‌ته په‌یمانكارییه‌كان، واستهچیهتی و ده‌ڵاڵییان په‌ره‌پێدا و به‌هه‌موو جۆرێك خۆیان له دابین كردنی مافی كرێكاران له بوار حه‌قده‌ست و حه‌قی بیمه و ئیمکاناتی ئیمه‌نی و ڕەفاهی، دزییه‌وه. پەرەپێدانی شیرکەتە پەیمانکارییەکان و پەرەپێدانی قه‌راردادی كاتی، یه‌كێك له هه‌وڵه مێژووییه‌كانی ده‌وڵه‌تانی سه‌رمایه‌داری له ئێران، بۆ هه‌رزان كردنی هێزی كار، به‌ئه‌ژمار دێت. ڕژیمی كۆماری ئیسلامی له ماوه‌ی پتر له سێ ده‌یه‌ی ڕابردوو، به كرده‌وه دژه كرێكاریه‌كانی، بابه‌تی ڕێكخستن و ڕێكخراوبوونی ناڕه‌زایه‌تی و مانگرتنی كرێكاریی، له‌م سه‌نعه‌ته سه‌ره‌كییه‌ی ئێران له‌گه‌ڵ گه‌لێك كۆسپ و به‌ربه‌ست به‌ره‌وڕوو كردووه.
لەم ڕووەوە خەبات بۆ نەمانی شیرکەتە پەیمانکارییەکان، لە ناوەڕۆکی خۆیدا، بەرەنگاربوونەوەیە لەگەڵ هەموو پێکهاتەی نیولیبراڵ و سیاسەتی بۆرژوازی. چونکە دەوڵەت ناچار دەکات بەرپرسایەتیی ڕاستەوخۆی دامەزراندن بگرێتە ئەستۆ. چونکە پەیمانکاری وەک ناوەندێکی چەوسێنەر و زەرووئاسا لەناو دەبات. چونکە ئاستێک لە ئەمنیەتی کار و کەرامەتی ئینسانی بۆ کرێکاران مسۆگەر دەکات. هەربۆیە خەبات بۆ نەمانی پەیمانکاری دەتوانێ پردێک بێ لە نێوان خەبات بۆ داخوازیی بەپەلەی کرێکاران و خەباتێک کە ئامانجی ڕووخاندنی نیزامی سەرمایەدارییە. پەیمانکاری سەمبۆلی سیاسەتی نیولیبڕالی لە ئێرانە. سیاسەتێک کە بە بیانووی چکۆلە کردنەوەی دەوڵەت و جەماوەری کردنەوە، باری سەرەکیی قەیرانی ئابووریی خستووەتە سەر شانی کرێکاران و منداڵەکانیان. کەوابوو خەبات بۆ هەڵوەشاندنەوەی شیرکەتە پەیمانکارییەکان دەتوانێ دەستپێکی بزووتنەوەیەک بێت کە نەتەنیا پەیمانکاران بسڕێتەوە، بەڵکوو خودی بورژوازی و نیزامی سەرمایەداریش بکاتە ئامانج. چونکە ڕزگاریی ڕاستەقینەی کرێکاران نە لە گەڕانەوە بۆ بارودۆخی “دادپەروەرانەتر”، بەڵکوو لە هەڵوەشاندنەوەی هەموو موناسباتی سەرمایەداریدایە.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە