فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پێویستیی پەرەپێدانی خەبات لەگەڵ توندوتیژی دژبە ژنان
دوشەممە ۱۰-۰۸-۱۴۰۰   |  01-11-2021

ئەگەرچی نەخۆشیی کۆرۆنا لە سەرتاسەری جیهان بەشێوەی نیستبی کۆنتڕۆڵ کراوە و لە هێندێک لە وڵاتەکان ڕوو لە کەم بوونەوەیە، بەڵام کاریگەرییە کارەساتبارەکانی ئەم نەخۆشییە لەسەر کۆمەڵگا و بەتایبەت ژنان هێشتا لە دڵی پەیوەندییە کاڵاییەکانی زاڵ بەسەر جیهاندا ترسێنەرن. توندوتیژیی داسەپاو لە سەردەمی گشتگیربوونی کۆرۆنادا بوو بە هۆی ئەوەیکە ڕوخساری نابەرابەری دنیای ئەمڕۆ و ئەو توندوتیژییانەی کە لە ئاست کۆمەڵگا و بەتایبەت بنەماڵەدا دژبە ژنان لە ئارا دایە ئاشکراتر بێت. بە پێی زانیارییەکانی ڕێکخراوێکی غەیرە دەوڵەتی لە وڵاتی بێلژیک، لە کۆتایی مانگی ئاوریلەوە ١٣ ژن بەهۆی توندوتیژییەوە گیانیان لەدەست داوە. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە ئاماری گشت ساڵی ٢٠٢٠ی زایینی ٢٤ کوژراو ڕاگەیەندرابوو. لە لایەکی دیکەوە لە فەڕانسە ٥٦ ژن لەمساڵدا کوژراون کە ئەم ئامارە لەچاو ساڵی ڕابردوو ٤٦ لەسەد چووەتە سەرێ. هەواڵی پیاوێک لە فەڕانسە کە هاوسەرەکەی بە زیندوویی سووتاند، سەرەنجی هەمووانی بۆ جارێکی دیکە بەرەو توندوتیژی دژبە ژنان ڕاکێشا. لە سپانیا لە کاتی کۆتایی دۆخی نائاسایی لە مانگی مەیەوە، هەر سێ ڕۆژ یەک ژن دەکوژرێت، کە ئەم ڕەقەمە پێشتر بەشێوەی مامناوەند هەر حەفتە یەک ژن بوو.

ئاڵمان و ئیتالیاش باروودۆخێکی هاوشێوەیان هەیە، لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا پەیوەندیی تەلەفونی بۆ ڕاگەیاندنی ڕوودانی توندوتیژیی ناوماڵ بەوپەڕی خۆی گەیشتووە. هەروەها لە ئینگلیس پەیوەندیی تەلەفونی بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ توندوتیژیی ناوماڵ لە بەهاری ٢٠٢٠ەوە تا مانگی فێوریەی ٢٠٢١، نزیکەی دوو بەرابەر زیادی کردووە. ئەم باروودۆخە لە ئێران یەکجار خراپترە. بە پێی ڕاپۆرتی ئیسنا، لێکۆڵینەوەیەک سەبارەت بە توندوتیژیی ناوماڵ دژبە ژنان لە پێنج شاری تاران، مەشهەد، تەورێز، شیراز و ئەهواز نیشانی داوە کە نزیکەی ٧٧ لەسەد لە ژنان لانیکەم جۆرێک لە توندوتیژیان لە دەورانی قەرەنتینەی نەخۆشیی کۆرۆنادا تەجروبە کردووە. لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە: ” لە پێنج هەزار و ٣١٧ ژن، چوار هەزار و ١٠٧ کەس واتە ٧٧ لەسەد لەگەڵ توندوتیژی بەرەوڕوو بوونەتەوە. لەناو ژنانی توندوتیژی دیتوودا، ٩١ و دوو دەهومی لەسەد توندوتیژیی دەروونی، ٦٥ و هەشت دەهومی لەسەد توندوتیژیی جەستەیی، ٤٢ و شەش دەهومی لەسەد توندوتیژیی سێکسی و ٣٨ و دوو دەهومی لەسەد توندوتیژیی زیاناوییان تەجروبە کردووە. ئەم لێکۆڵینەوەیە نیشانی دەدات کە توندوتیژی دژبە ژنانی لاوتر، کەم خوێندەوارتر و بە پشتیوانیی کۆمەڵایەتیی لاوازترەوە، زیاتر لە باقی ژنانی دیکە بووە. هەروەها بە پێی ئەم لێکۆڵینەوەیە، توندوتیژیی ناوماڵ لەگەڵ بەکارهێنانی ئەڵکۆڵ و ماددەی هۆشبەر پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە.

ئەگەرچی کۆماری ئیسلامی لە هیچ قۆناغێک لە تەمەنیدا هیچ ئامارێکی ڕەسمی و جێگای متمانەی لەبواری توندوتیژی دژبە ژنانەوە بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام ئەو کارەساتانەی کە ناشاردرێنەوە بەرپرسانی حکوومەتیی ناچار بە ئیعتراف کردووە. بەڕێوەبەری گشتیی دەفتەری ئازارە کۆمەڵایەتییەکانی سازمانی بێهزیستی لە وتووێژ لەگەڵ “شەهروەند” دەڵێ: “ئەگەرچی لەئێستادا ئامارێکی ورد سەبارەت بە ژمارەی پەیوەندیەکان لەگەڵ فریاکەوتنی کۆمەڵایەتی لەبەردەستدا نییە بەڵام بێگومان ژمارەی پەیوەندییەکان لەگەڵ هێڵی ١٢٣ لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا زیادی کردووە و ئەوەش بە مانای زیاتربوونی منداڵ ئازاری و هاوسەرئازارییە کە سەرەنجی فریاکەوتنی کۆمەڵایەتیش لەسەر ئەم کێشانەیە”. بێهزاد وەحیدنیا، بەڕێوەبەری گشتیی ڕاوێژکاری و کاروباری دەرووناسیی سازمانی بێهزیستیش لە وتووێژ لەگەڵ “شەهروەند” ڕایگەیاندووە کە نزیکەی ٦٠ لەسەدی پەیوەندییەکان سەبارەت بە کێشە و گرفتی بنەماڵەیی بوون. کێشە لەگەڵ هاوسەر، کێشەی دایک و باوکەکان  لەگەڵ منداڵ و کێشە لەگەڵ بنەماڵەی هاوسەر، چەند نموونەی بەرچاون. ناوبراو هەروەها دەشڵێ: “کێشەی ئابووری و بێکاری لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کۆرۆنا، یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی چوونەسەرەوەی توندوتیژیی ناو ماڵە”.

چوونەسەرەوەی توندوتیژیی ناوماڵ دژبە ژنان و منداڵان لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە تا بە ئەمڕۆ هۆکاری جۆراوجۆری هەبووە. بەربەستی ئابووری و هەژاریی بەردەوام و ڕوو لە پەرەسەندن، بووەتە هۆی ئەوەیکە توندوتیژی و سووکایەتیەک کە لە لایەن دەسەڵاتی سەرمایەدرایی کۆماری ئیسلامییەوە بەسەر کۆمەڵگادا دەسەپێت، ئەمجارەیان بەدەستی پیاوان لە چوارچێوەی بنەماڵەدا بەسەر ژناندا بسەپێت. داهاتی چەند قات ژێر هێڵی هەژاری کە  وڵامدەرەوەی دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی بنەماڵە نییە، خۆراکە پێویستەکان کە سڵامەتی جەستە و دەروونی ئینسان دابین دەکەن دەمێکە لەسەر سفرەی زۆرێک لە بنەماڵە کرێکارییەکان نەماون. سیستەمی تەندرووستی و دەرمان نوقمی گەندەڵییە و لەجیات پێڕاگەیشتن بە وەزعییەتی تەندرووستی و دەروونیی خەڵک، خەریکی دەزی و گەندەڵییە، هاتنە خوارەوەی ئاستی سڵامەتی دەروونیی کۆمەڵگا، بێهیوایی و بێ داهاتوویی، هێندێک جار بەشێوەی توندوتیژیی دڵتەزێن لەناو بنەماڵەکاندا خۆی نیشان دەدات و بە قوربانی بوونی ژنان و کچان، دووبارە بەرهەم دێتەوە. ئەگەرچی لە بوار یاساییەوە ئەو کەسەی کە دەست دەداتە توندوتیژی پێویستە وەک بەرپرسی کارەکەی بناسرێت و بەهاکەی بدات، بەڵام بێگومان دەتوانین بڵێن کە سەرچاوەی سەرەکیی هەموو توندوتیژییە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران بەتایبەت توندوتیژی دژبە ژنان، دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییە. سیستەمی سەرمایەداریی ئیسلامی بە تاڵانکردنی سەروەتی وڵات و هەزینەکردنی بەشێکی بۆ شەڕی نیابەتی، لە فکری قازانجی چینایەتی و ئایدیۆلۆژیکی خۆی دایە و هیچیتر. ئەوە سیستەمی سەرمایەدارییە کە لە ڕۆژی ئەوەڵەوە بە پشتیوانەی یاسای دژەژن و داسەپاندنی توندوتیژیی دەوڵەتی دژبە ژنان، دەستی دایە سەرکوت کردنیان. ڕژیمی ئیسلامی بە داسەپاندنی توندوتیژیی جۆراجۆر لەدژی ژنان لەوانە ئەشکەنجە، زیندان، ئەسیدپاشی، هەڵاواردن جنسییەتی لە زانکۆکان، سیغە، بەربەست نانەوە لە دەستڕاگەیشتن بە بازاڕی کار و دەرفەتە پیشەییەکان، بەڕێوەبردنی یاسای کۆنەپەرستانە و دانی ئیمتیازی یاسایی بە پیاوان، ڕێگری لە وەرزشەکانی وەک دووچەرخەسواری، ئاوازخوێندن و هتد، ژنانی لە هەموو بوارە کۆمەڵایەتییەکاندا خستووەتە ژێر گوشارەوە. هەربۆیە پێویستیی هەرچی زیاتری ڕێکخراوبوونی ژنان، پێکهێنانی ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان، یەکگرتوویی و هاوپشتی لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان پتر لە هەر کاتێکی دیکە خۆی نیشان دەدات.