بەدوای هۆشداری کەمپەینی ناوەندیی کرێکارانی نەوت و گاز بە خاوەنکاران و پەیمانکارانی ئەم ناوەندانە سەبارەت بە زیادکردنی حەقدەستی ساڵانە، کە تێیدا بردنەسەری ٢٧ لەسەدیی حەقدەست لەلایەن شۆرای باڵای کاری ڕژیمەوە بەتوندی مەحکووم کرابوو، ڕۆژی هەینی کرێکارانی ئەم ناوەندانە مانگرتنیان دەستپێکرد. مانگرتنی کرێکارانی پڕۆژەیی ناوەندەکانی نەوت و گاز و پێترۆشیمی لە ڕۆژی شەممە ٢ی مانگی گوڵان زیاتر پەرەی سەند. کرێکاران لەم ڕۆژەدا دەستە دەستە دوای تەحویلدانی کەرەستەی کار، لە کارگەکان چوونە دەر و بە مانگرتن پەیوەست بوون. بەپێی دوایین ڕاپۆرتی شۆرای سازماندانی کرێکارانی پەیمانیی نەوت، ڕۆژی شەممە شیرکەتەکانی ئێکسیر سەنعەت لە فازی دووی پاڵاوگەی ئابادان، ئابادراهان و سکاف پاڵاوگەی نەوتی ئابادان، کیان سەنعەت لە پێترۆشیمی گەچساران، ئێکسیر سەنعەت لە فازی ١٤ی پارسی جنوب، پارس کەیهان، پەیمانکارییەکانی عەباسی و لیموچی، پاڵاوگەی دێهلۆران، شیرکەتی پەناه سەنعەت لە پێترۆشیمی لۆردگان، پڕۆژەی ئێن جی ئێڵ ٣١٠٠ی دەشتی عەباس، شیرکەتی ئای جی سی لە دێهلۆران، شیرکەتی کارێن گۆستەری هەفشجان، بەڕێوەبەری پڕۆژەکانی پایپینگ و دامەزراندنی کەرەستەی پێترۆشیمییەکان لە پارسی جنوبی، کرێکارانی پەیمانکاری شۆجاعیی لە پێترۆشیمی کرمان ناوچەی تایبەتی سیرجان، کۆمەڵێک لە کرێکارانی پڕۆژەیی پێترۆشیمی بەندەری جاسک، ژمارەیەک لە پێرسۆنێلی شیرکەتی هێدرۆسازان لە پاڵاوگەی جاسک، کرێکارانی شیرکەتی عۆمران سەنعەت لە پێترۆشیمی ئاپادان، شیرکەتی رەستاک هەڵکەوتوو لە ناوەندی پایا فولادی کەویری یەزد، شیرکەتی فەرایەند سەنعەت، شیرکەتی فولاد سەنعەت ئەتلەس لە پڕۆژەی مەیدانی نەوتی ژمارە ٢ی ڕەگی سفید هەڵکەوتوو لە گەچساران بەم مانگرتنە پەیوەست بوون. هەروەها بەپێی دوایین ڕاپۆرتەکان ڕۆژی یەکشەممە ٣ی مانگی گوڵان کرێکارانی پڕۆژەیی کارگەی فولاد غەدیری نەی ریز، کرێکارانی ئێکسیر سەنعەتی باختەری لە ناوەندی پۆلیمێری پادجەم، کرێکارانی جوشی مەخازنی پەیمانکاری عەتایی، کرێکارانی شیرکەتی ڕاستین سەنعەتی پایداری جنوب لە فولادی سیرجان، کرێکارانی پەیمانکاری داودی فەرد لە مەعدەنی مسی بەردسیری کرمان، کۆمەڵێک لە کرێکارانی پڕۆژەیی شیرکەتی فەراسان لە مەعدەنی مسی خاتون ئاباد، کرێکارانی ئێستراکچێری شیرکەتی ئیسفاڵتی توس لە پاڵاوگەی کەنگان، عایقکارانی پێترۆشیمی کەنگان و کرێکارانی گۆندەلەسازی بێهابادی یەزدیش بە کەمپەینی مانگرتنی ١٤٠٢ پەیوەست بوون.
شۆرای سازماندانی مانگرتنی کرێکارانی پەیمانی نەوت بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک لەژێرناوی “با بەهێزەوە مان بگرین” بردنەسەری ٧٩ لەسەدی حەقدەست و بیست ڕۆژی کار و دە ڕۆژ پشووی بۆ سەردان و مانەوە لای بنەماڵە وەک داخوازیی خێرای کرێکارانی پڕۆژەیی لەم مانگرتنەدا ڕاگەیاندووە. ئەم شۆرایە لە هەمان حاڵدا لەسەر بەدواداچوونی داخوازییە وڵامنەدراوەکانی کرێکاران لەوانە کۆرتکردنەوەی دستی پەیمانکارانی مفتەخۆر، باشترکردن و بردنەسەری ستانداردی شوێنی خەو و خۆراک، باشترکردنی کوالیتی سرویسەکانی هاتوچۆ و ئیمەنی شوێنی کار تەئکیدی کردووە. کرێکاران هەروەها جەختیان کردووە کە کەمترین ئاستی حەقدەست لە ناوچە نەوتییەکان نابێ کەمتر لە ٢٠ ملیۆن تمەن لە مانگدا بێت.
بەدوای شەپۆلێک لە ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان و لەوانە چەندین کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کرێکارانی نەیشەکەری حەوت تەپە دژبە بڕیاری شۆرای باڵای کاری ڕژیمی ئیسلامی سەبارەت بە دیاریکردنی حەقدەستی چەند بەرابەر ژێر هێڵی هەژاری، مانگرتنی کرێکارانی سەنعەتی نەوت و گاز و پێترۆشیمی، خەبات بۆ بردنەسەری حەقدەست لەمساڵدا دەباتە قۆناغێکی نوێوە. ئەم ناڕەزایەتی و مانگرتنانەی کرێکارانی سەنعەتی نەوت و گاز نەتەنیا بەهۆی دەخاڵەت و شاخ و شانە کێشانی هێزی ئەمنیەتی و سەرکوتگەری ڕژیم، بەڵکوو لەو جێگەوە کە یەکێک لە یاسا و سیاسەتە سەرەکییەکانی ڕژیم سەبارەت بە دیاریکردنی حەقدەستی بردووەتە ژێر پرسیارەوە، ناوەرۆکێکی سیاسییان هەیە. ئەم بزووتنەوەیەی ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاران، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا لەپناو ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەهێز دەکات. لەو جێگەوە کە خەباتی ئابووری و خەباتی سیاسیی کرێکاران پەیوەند و کاریگەریی بەرانبەریان لەسەر یەکتری هەیە، خەباتی ئابووریی کرێکاران لەم قۆناغەدا و لەژێر کاریگەری کەشوهەوای سیاسیی زاڵ بەسەر کۆمەڵگا، بەکردەوە ئاوێتەی خەبات و داخوازیی سیاسی دەبێت.
مانگرتنی کرێکارانی سەنعەتی نەوت و گاز لەبارودۆخێکدا لەئارادایە کە شێوازی بەرین و جۆراوجۆری سەرکوت، تەفرەقەنانەوەی هێزەکانی حەراسەتی حکوومەت لە شوێنەکانی کار، گرێبەستی کاتی و هەڕەشەی دەرکردن و نەبوونی ئیمەنی شوێنی کار، هەژاری و بێکاری و نیگەرانی لە ئاکامەکانی مانگرتن لەسەر ژیانی بنەماڵە کرێکارییەکان، و هاوکات هێڵی هەژاری سەرووی ٢٣ ملیۆن تمەن، بەربەستە سەرەکییەکانی بەڕێوەبردنی مانگرتنی کرێکارانن. مانگرتنی بەرینی کرێکارانی سەنعەتی نەوت و گاز نیشانەی ئەو حەقیقەتە هیوابەخشەیە کە بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران بە پشت بەستن بە گیانفیدایی، و لێهاتوویی چالاکان و ڕێبەرانی خۆی کە لە جەرگەی خەباتی کرێکاراندا پەروەردە بوون و هەروەها بە کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونی خەباتی هەتا ئێستا و هاوسەنگیی تازەی هێز دەتوانێ بەسەر ئەم مەوانعە سەخت و دژوارانەدا زاڵ بێت. کاتی ئەوە هاتووە کە بەشە جۆراوجۆرەکانی بزووتنەوەی کرێکاری بە پشتیوانییان لە کرێکارانی سەنعەتی نەوت و گاز دژبە حەقدەستی چەند بەرابەر ژێر هێڵی هەژاری دەست بدەنە ناڕەزایەتی.
لەئێستادا و لە سەروبەندی ئەوەڵی مانگی مەی ڕۆژی جیهانیی کرێکاردا، زاڵبوون بەسەر ئەم بەربەستانە و ئامادەکردنی چینی کرێکار بۆ بەرپارکردنی مانگرتنی سەرانسەری لەپێناو تێکشکاندنی هێرشی ڕژیم بۆسەر ژیان و گوزەرانی کرێکاران و زەمانەتکردنی پێشڕەویی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا، ئەرکی قورس دەخاتە سەر شانی چالاکان و ڕێبەرانی سۆسیالیستی بزووتنەوەی کرێکاری. چینی کرێکار بەبێ سازماندران لە ڕێکخراوی چینایەتی و جەماوەری و حیزبی سیاسی کۆمۆنیستیی خۆی و بە بێ پێکهێنانی ڕێکخراو و پەرەپێدان بە ناوەندەکانی وەک کۆمیتەکانی مانگرتن و بەبێ پێکهێنانی شۆرا کرێکارییەکان کە مانگرتن و خەباتی کرێکاران هیدایەت و ڕێبەری بکەن، ناتوانێ زەرفیەتەکانی لەپێناو پێکهێنانی ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە لە کۆمەڵگەدا بەکار بێنێت. کرێکارانی کۆمۆنیست کە نایانهەوێ دوای ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی شۆڕش ڕاوەستێ و داکۆکیکاری شۆڕشی بەردەوامن، نابێ بۆ ساتێک لە ئەنجامدانی ئەم ئەرکانە غافڵ بن. پێویستە بە کرێکاران نیشان بدرێت کە بۆ گەیشتن بە ژیانێکی ئازاد و خۆشبژێو و ئینسانی نەتەنیا ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، بەڵکوو پێویستە نیزامی چینایەتی و سەرمایەداریی زاڵ نەمێنێت و گرتنەوەی دەسەڵاتی سیاسی و بێدەسەڵاتکردنی سەرمایەداران بکەوێتە دەستووری کارەوە. چونکە پێشمەرجە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی شۆڕش گەیشتووەتە قۆناغێک کە جێگای هیچ باسێکی سەبارەت بە ڕێفۆرمی سیستماتیک و باشترکردنی ژیانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لەژێر دەسەڵاتی ئیسلامی سەرمایەداران و یان کۆماری سێکۆلاری بورژواکان، نەهێشتووەتەوە.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە