
لە هەفتەکانی کۆتایی هەموو ساڵێکدا، سێناریۆی وتووێژ لە شۆرای باڵای کاری ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە پێکهاتەیەکە لە نوێنەرانی دەوڵەت و نوێنەرانی سەرمایەدارانی کەرتی تایبەت و ڕێکخراوە دژەکرێکارییەکانی سەربە حکوومەت، لەسەر دیاریکردنی لانیکەمی حەقدەست بەڕێوەدەچێت. ئەمساڵ ئەم سێناریۆیە لە کاتێکدا بەڕێوەدەچێت کە کرێکاران زیاتر لە ساڵانی ڕابردوو نیگەرانی ژیان وگوزەرانیان لە ساڵی داهاتوودان. لە کاتێکدا کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی سەرەڕای بەرزبوونەوەی ڕۆژانەی نرخی کاڵاکان لەماوەی ساڵێکدا تەنیا یەک جار حەقدەستەکان بە ڕێژەیەکی کەم زیاد دەکات، زۆر سروشتییە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لە خەمی چارەنووسی خۆیاندا بن. بەتایبەتی ئەمساڵ بە لەبەرچاوگرتنی دابەزینی زیاتر لە ٦٠%ی بەهای ڕیاڵ بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو و هەڵاوسانی زیاتر لە ٦٠%ی خۆراک و خانووبەرە، زیادبوونی ٢٠ بۆ ٣٠%ی حەقدەست بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت پێداویستی ژیانی کرێکاران دابین بکات.
داسەپاندنی زۆرترین فشاری ترامپ و مەترسی گەڕاندنەوەی سزاکانی دیکەی یەکێتیی ئەورووپا لە دژی کۆماری ئیسلامی، بە لەبەرچاوگرتنی هەڵوێستی نەزانانەی عەلی خامنەیی لە سیاسەتی دەرەوەدا، قەیرانی ئابووریی ڕژیم زیاتر پەرەپێدەدات. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئابووری دەوڵەتی ئیسلامی لە لێواری داڕماندایە و مەسعوود پزشکیان گەلێک جار دانی بەوەدا ناوە کە حکوومەت پارەی پێدانی مووچەی کرێکاران و خانەنشینانی نییە. جگە لەوەش حکوومەت بەنیازە نرخی نەوت و گاز و ئاو و کارەبا بەرزبکاتەوە بۆ پڕکردنەوەی بەشێک لە کورتهێنانی بودجەکەی. لە وەها بارودۆخێکدا نیگەرانی و کێشەی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش لەئاست حەقدستی ساڵی داهاتوو زیاتر لە ڕابردوو پەرەیسەندووە.
جەماوەرێ کرێکار و زەحمەتکێش ئەمساڵیش لەگەڵ نزیکبوونەوە لە کۆتایی ساڵ لە زۆرێک لە پارێزگاکان نیگەرانیی خۆیان بە بەڕێوەبردنی مانگرتن و ناڕەزایەتی لەدژی هەژاری و گرانی و پیلانی “شۆرای باڵای کار” لە پەیوەند لەگەڵ حەقدەستەکان دەردەبڕن. شۆرای باڵای کار ناوەندێکی حکوومەتییە و بەرپرسە لە دیاریکردنی حەقدەستدا. ئەم ناوەندە لە نوێنەرانی خاوەنکاران، نوێنەرانی دەوڵەت کە خۆی گەورەترین خاوەنکارە لە ئێران و کەسانی دەستنیشانکراو لەژێرناوی “نوێنەری کرێکاران” پێکهاتووە. شۆرای باڵای کاری ڕژیم بەردەوام پارێزەری بەرژەوەندی خاوەنکاران و حکوومەت بووە و بە زیانی کرێکاران حەقدەستی دیاری کردووە.
ڕۆژی سێشەممە ٩ی مانگی ڕەشەممە هێندێک لە میدیا ناوخۆییەکان ڕایانگەیاند کە شۆرای باڵای کاری ڕژیم لە نەزەری دایە بە بردنەسەری ڕێژەی ٣٠% بۆ ساڵی ١٤٠٤ (بە بێ لەبەرچاوگرتنی حەقی مەسکەن، ئەولاد، سەنەواتی خەدەمات و مەزایای دیکە) لانیکەمی حەقدەست بکاتە ٩ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار تمە. دەوڵەتی پزشکیانیش پێشتر لە گەڵاڵەی بوودجەی ساڵی ١٤٠٤دا، بە زیادکردنی ٢٠%، حەقدەستی کرێکاران و کارمەدانی بەشی دەوڵەتی، لە ١٠ ملیۆن تمەنەوە بۆ ١٢ ملیۆن تمەن بەرز کردووەتەوە. دیاریکردنی وەها حەقدەستێک لە کاتێکدایە کە بەپێی ئاماری سەرچاوە سەربەخۆ ئابوورییەکان لەئێستادا سەبەدی مەعیشەت بۆ بنەماڵەیەکی سێ کەسی، لە سەرووی ٤٧ ملیۆن تمەن بەراورد کراوە. کەوابوو شۆرای باڵای کار ماددەی ٤١ی یاسای کاری خودی کۆماری ئیسلامیشی خستووەتە ژێر پێ. ئەم یاسایە دەڵێت: “لانیکەمی حەقدەست دەبێ لەسەر بنەمای هەزینەی سەبەدی مەعیشەتی خانەوادە و ڕێژەی تەوەرۆم دیاری بکرێت”.
تا جێیەک کە پەیوەندی بە فاکتۆری هەزینەی سەبەدی مەعیشەتەوە هەیە، ناوەندە ڕەسمییەکانی ڕژیم سەبەدی مەعیشەتی بنەماڵەیەکیان ٢٣ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەن ڕاگەیاندووە. هەڵبەت ڕێکخراوە کرێکارییەکان و ناوەندە سەربەخۆکانی ئامار، ئەم بڕەیان ٤٥ ملیۆن تمەن بەراورد کردووە. بەم حیسابە تەنانەت بەپێی ئامار و ئەرقامی ڕژیمیش لانیکەمی حەقدەست بە مەزایای دیکەشەوە نیوەی هەزینەی سەبەدی مەعیشەت دەکات. وە لە پەیوەند لەگەڵ ڕێژەی تەوەرۆمیش، ناوەندەکانی ئاماری حکوومەت بەپێی تێبینیی ئەمنیەتی، ڕێژەی تەوەرۆمیان ٣٠ بۆ ٣٢ لەسەد بەراورد کردووە. بەڵام ڕاپۆرتە مەیدانییەکان لە ناوەوەی ئێران چوونەسەری نرخی هێندێک لە کاڵاکانی سەبەدی مەعیشەت بۆ نموونە بەرهەمەکانی شیر، برینج، دانەوێڵە و دەرمانیان لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ٤٠ بۆ ١٠٠ لەسەد ڕاگەیاندووە و کرێی ماڵیش ٦٠% چووەتە سەرێ. بێگومان بەلەبەرچاوگرتنی بنبەست و ئیفلاسی حکوومەتی ئیسلامی لە چەند ساڵی داهاتوودا هەزینەی سەبەدی مەعیشەت و ڕێژەی تەوەرۆم زیاتریش بەرز دەبێتەوە. پاساوی فریوکارانەی نوێنەرانی ڕژیم لە شۆرای باڵای کار ئەوەیە کە “زیادکردنی حەقدەستەکان دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی تەوەرۆم و چوونەسەری نرخی کاڵاکان” کە ئەمەش بەهیچ شێوەیەک بنەمای زانستیی نییە.
دیاریکردنی ٩ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار تمەن وەک لانیکەمی حەقدەست بۆ ساڵی داهاتوو کە بە حیساب کردنی حەقی مەسکەن، ئەولاد، سەنەواتی خەدەمات و هیتر دەگاتە ١٤ تا ١٥ ملیۆن تمەن، بە مانای بەیاسایی کردنی حەقدەستی سێ بەرابەر ژێر هێڵی هەژارییە. بەلەبەرچاوگرتنی کەمبوونەوەی هەموو ساڵێی حەقدەستەکان لە چاو خەرجییەکان، توانای کڕینی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش ساڵ بە ساڵ کەمتر دەبێتەوە. بەڕێوەبەری کانوونی شۆرای ئیسلامیی کاری پارێزگای ئەلبۆرز، دانی بەوە دانا کە حەقدەستەکانی ئێستا تەنیا بەشی دە ڕۆژی سەرەتای مانگێک دەکات و زیاتر لە ٧٠%ی کرێکاران لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. تەنانەت هێندێک لە نوێنەرانی ڕێکخراوە کرێکارییەکانی سەربە حکوومەتیش خوازیاری ئەوە بوون کە لانیکەم ڕێژەی ٧٠% بە حەقدەستەکان زیاد بکرێت. بەڵام زیادکردنی ٧٠ لەسەدیی حەقدەستەکانیش لە ٧ ملیۆنەوە دەیگەیەنێتە ١٢ ملیۆن تمەن کە دیسانیش چوار بەرابەر لەژێر هێڵی هەژاریدایە.
هەڵبەت کرێکاران زیاتر لە ڕابردوو لەگەڵ سرووشتی دژەکرێکاریی حکوومەتی ئیسلامی و ناوەندەکانی سەر بەم ڕژیمە ئاشنان و بەتایبەت بەلەبەرچاوگرتنی ئیفلاسی ئابووریی حکوومەت، هیوایەکیان بە شۆرای باڵای کار بۆ زیادکردنی حەقدەستەکانیان نییە. ئەم ناوندەی حکوومەتی ئیسلامی بەردەوام لەدژی بەرژوەندی کرێکاران و بە قازانجی سەرمایەدارانی دەوڵەت و کەرتی تایبەت بڕیاری داوە. بەڵام ڕژیمی ئیسلامی ئێستا لە لاوازترین قۆناغی تەمەنیدایە. نە دەتوانێ کۆنتڕۆڵی بەسەر بازاڕدا هەبێت و نە دەتوانێ گرانی و تەوەرۆم مەهار بکات و نە دەتوانێ وڵامی هیچ کام لە خواستەکانی جەماوەری خەڵک بداتەوە و بێجگەلە پەنابردن بۆ سەرکوت هیچ ڕێگایەکی تری لەبەر نییە. لە وەها بارودۆخێکدا کرێکاران ناتوانن دەست لەسەر دەستی یەک دابنێن و شایەدی هەژاری و برسێتی و مەرگی شێنەیی خۆیان و بنەماڵەکانیان بن. کرێکاران تەنیا بە خەباتی یەکپارچە و سەرتاسەری دەتوانن هێرشی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆسەر ژیان و گوزەرانیان بەرپەرچ بدەنەوە و مافی خۆیان لە گەرووی کارگێڕانی ئەم دەسەڵاتە دز و گەندەڵ و دژەکرێکارە دەرکێشن.