
لەماوەی حەفتەکانی ڕابردوودا بڕانی بەردەوام و درێژخایەنی کارەبا لە شار و گوندەکانی ئێران کە هێندێک جار زیاتر لە شەش کاتژمێر لە ڕۆژدا درێژەی بووە، کار و ژیانی کرێکاران و توێژە هەژارەکانی دیکەی کۆمەڵگای لەگەڵ کێشە و گرفتی زیاتر بەرەوڕوو کردووەتەوە. نەبوونی کارەبا و بڕانی چەندین جاری لە ڕۆژدا کاریگەریی خستووەتە سەر زۆرێک لە کارگاکان، پیشەکان و ژیانی کۆمەڵایەتی و بووەتە هۆی لەسەرکار دەرکردنی هێزی کار و پەرەسەندنی بێکاری. قەیرانی کارەبا، کەم ئاویشی پەرەپێداوە. بڕانی بەردەوامی کارەبا لەسەر بەستێنی قەیران و ئاستانگەکانی ڕژیم، زیانی زۆری گەیاندووە بە خەڵکی شار و شاروچکەکان، لەوانە دووکانداران و خاوەنانی پیشەی ورد و تەنانەت پیشەسازییە گەورەکان. تا ئاستێک کە لە ئێستادا تەقریبەن هەموو چالاکییەکی کۆمەڵایەتی و تەندروستی و بەرهەمهێنانی پەکخستووە و کێشە و گرفتەکانیانی پەرەپێداوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کاناڵی شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوەکانی مامۆستایانی ئێران، بڕانی بەردەوامی کارەبا لە شارە گەرمێنەکان و لە شارەکانی دەوروبەری تاران، کێشەی زۆری بۆ مامۆستایان و خوێندکاران دروست کردووە. لەماوەی حەفتەکانی ڕابردوودا بەهۆی بڕانی بەردەوامی کارەبا هێندێک لە خوێندنگاکانی شارە گەرمێنەکانی وەک گەچساران و دێهدەشت بە ناچار داخران. لەلایەکی دیکەوە لە چەند ناوچەیەک لە تاران بۆ نموونە لە شاری ڕەی، پاکدەشت و وەرامینیش مامۆستایان ڕایانگەیاندووە کە بڕانی کارەبای خوێندنگاکان، کێشەی جۆراوجۆری دروست کردووە. بۆ نموونە گەرمای تاقەت پڕووکێن لە کلاسی قەرەباڵغ و بەرتەنگ هەتا نەبوونی ئیمکانی خوێندن لە ماڵەوە بەهۆی بڕانی کارەبا. بەپێی ڕاپۆرتەکان لە کاتی نەبوونی کارەبادا، ئیمکانی کەڵک وەرگرتن لە ئینترنێت و فێرکاریی ئانڵاینیش بۆ خوێندکاران نامێنێت.
لەگەڵ بڕانی بەردەوامی کارەبا، بەرهەمهێنان و خزمەتگوزارییەکان لە زۆرێک لە کەرتەکاندا پەکیان کەوتووە و بەشێکی داخراوە. بۆ نمونە کۆمپانیای گەورەی سیمانی ئابیک کە لە دوای مەپنا و ماموت بە سێیەم گەورەترین یەکەی پیشەسازی ناوچەکە لە کەرەجەوە تا قەزوین دادەنرێت، ئێستا بەهۆی پچڕانی بەردەوامی کارەباوە کارەکانی ڕاگرتووە و سەدان کرێکاری ئەم ناوەندە لە دۆخێکی نادیاردا ماونەتەوە. داخرانی کۆمپانیای ئەبیک تەنیا پرسێکی کرێکاری نییە؛ بەڵکوو دەرئەنجامەکانی ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر بازاڕەکانی سیمان و ئاسن و بیناسازی دەبێت. گرانبوونی نرخی ئەو کەلوپەلانە لە کۆتاییدا فشاری ئابووری زیاتر دەخاتە سەر جەماوەر. هەروەها باس لەوە دەکرێت کە بڕانی کارەبا بۆ ماوەی ٦ کاتژمێر لە شارەکە پیشەسازییەکان لە هەندێک شارستانەکان، کار و چالاکیی زۆرێک لە کارگاکانی پەکخستووە.
بڕانی بەردەوامی کارەبا لەماوەی شەو و ڕۆژدا، ئاستی ناڕەزایەتی و ئیعترازاتی جەماوەریی لە شارەکان پەرەپێداوە. سەران و کارگێڕانی ڕژیم لە زۆر پێشترەوە دەیانزانی لەگەڵ گەرمتر بوونی هەوا قەیرانی کەمبوونی ئاو و کارەبا پەرەدەستێنێت. بەڵام لەجیاتی هەنگاوی کردەوەیی و کاریگەر بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەم قەرانە و لەجیاتی دابینکردنی بوودجەی پێویست بۆی، ڕوویان کردە کردەوەی فەرمایشی و فریوکارانەی وەک “گەڵاڵەی مودیرییەتی بەکارهێنانی کارەبا”. ئەوەش لە کاتێدا بوو کە خۆیان دەیانزانی ڕاگەیاندنی وەها پڕۆژەیەکی فریوکارانە، کە تێیدا خەڵک بە زیادەڕەوی کردن لە بەرکاهێنانی کارەبا تۆمەتبار دەکات، ناتوانێ وڵامی ئەم قەیرانە بداتەوە. هەر بۆیە هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەم پلانە، پشتێنە ئەمنیەتییەکەیان توندتر کردەوە.
بەڵام هۆکاری سەرەکیی سەرهەڵدانی قەیرانی کەمبوونی کارەبا نەک ئەوجۆرەی کە بەرپرسانی درۆزنی ڕژیم باسی دەکەن، کە گۆیا “خەڵک لە بەکارهێنانی کارەبادا زیادەڕەوی دەکەن”، بەڵکوو ئەوجۆرە کارناسانی تەکنیکی و تەنانەت بەرپرسانی وەزارەتی وزە ڕایانگەیاندووە، درێژەی قەیرانی کارەبا بۆ بارودۆخی خراپی ژێرخانەکانی بەرهەمهێنان و تۆڕی گەیاندنی سەرتاسەری دەگەڕێتەوە. چونکە ئامێرەکان و هەموو تۆڕی بەرهەمهێنان و گەیاندنی کارەبا کۆنە و پرتووکاون و بە نۆژنکردنەوەی ورد و سنووردار، هێز و توانای پێویستیان نابێت. بڕیار بووە لە دە، پازەدە ساڵی ڕابردوودا حکوومەت ساڵانە بوودجەی دوو ملیارد دۆلار بۆ نۆژنکردنەوەی تۆڕی کارەبا تەرخان بکات. بەڵام هەتا ئێستا خۆی لێ دزیوەتەوە. کەوابوو تەرخان نەکردنی بوودجەی پێویست لەلایەن حکوومەتی ئیسلامی بۆ نۆژنکردنەوەی ژێرخانەکانی تۆڕی بەرهەمهێنان و گەیاندنی کارەبا، هۆکاری سەرکیی بڕانی بەردەوام و کەمبوونی کارەبایە. بێتوانایی کۆماری ئیسلامی لە دابین کردنی ئاو و کارەبا، کە لە پێداویستییە سەرەتایی و پێویستەکانە بۆ ژیانی کۆمەڵگا، وە نەبوونی ڕێگاچارە بۆی، دەلیلێکی ڕوونە بۆ ئەو بابەتە کە بارودۆخی ئابووریی ڕژیم گەیشتووەتە ئاستی ئیفلاس و داڕمان.
لە کاتێکدا کە ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاری و کۆبوونەوەی ئیعتڕازیی خانەنشینان و ناڕەزایەتیی توێژە هەژارەکانی کۆمەڵگا و سەنگەربەندی بەرامبەر بە هێرشی حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران بۆسەر ژیان و گوزەرانیان بووەتە بەشێک لە حەقیقەتی کۆمەڵگا، دەبێ خەبات بۆ دابینکردنی کارەبا و ئاویش ببێتە بوارێکی دیکە لە ناڕەزایەتیی جەماوەری وەگیانهاتوو دژبە ڕژیمی ئیسلامی. پچڕانی بەردەوامی کارەبا، لەسەر کار و ژیانی هەموو توێژەکانی کۆمەڵگا کاریگەریی داناوە. بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەم بارودۆخەش پێویستی بە خەباتی یەکگرتووانە و یەکپارچە و سەرتاسەریی کرێکاران و زەحمەتکێشان و جەماوەری ڕەنجدیدەی ئێرانە. پێویستە بە ناڕەزایەتیی یەکگرتووانەمان لە بەرامبەر شارەدارییەکان، ئوستاندارییەکان و ناوەندە دەوڵەتییەکان، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ دابین کردنی بوودجەی پێویست و بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کەمبوونی کارەبا و ئاو بخەینە ژێر فشارەوە. دەبێ خەڵکی ئازادیخواز یەکگرتوو و یەکدەنگ بڕیار بدەن و پارەی ئاو و کارەبا ندەن. دەبێ ئەو پەیامە ڕاشکاوە بە سەرانی ڕژیمی ئیسلامی بدەین، کە ئەو حکوومەتەی ناتوانێ کارەبا و ئاو، هەوای پاک بۆ هەناسەکێشان و پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانی جەماوەر دابین بکات، دەبێ بڕوات و نەمێنێت.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە