لە سنووری هەنگەژاڵەی بانە پێکدادانێکی چەکداری لەنێوان هێزەکانی پاسەوانی سنوور و گرووپێکی نەناسراو هاتە ئاراوە و لە ئاکامدا یەکێک لە هێزە چەکدارەکانی ڕژیم کوژرا و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەگوێرەی زانیارییەکان، کاتژمێر ١ی بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی گوڵان، لە سنووری هەنگەژاڵەی بانە پێکدادانێکی چەکداری لەنێوان هێزەکانی پاسەوانی سنوور و هێزێکی نەناسراو هاتووەتە ئاراوە و لە ئاکامدا یەکێک لە هێزە چەکدارەکانی ئێران بە ناوی “فەرزین دلیان” خەڵکی کرماشان کوژراوە و دووکەسی دیکەش بریندار بوون. هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، هیچ حیزب یان لایەنێک بەرپرسیارێتیی ئەو تێکهەڵچوونەی بە ئەستۆ نەگرتووە. شیاوی ئاماژە پێکردنە کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا هێزە چەکدارەکانی جێگیر لەو خاڵە سنوورییە ئازارێکی زۆری کۆڵبەرانیان داوە و دەیان کۆڵبەر لەو سنوورە لە مەودایەکی نزیک و بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە کوژراون.