فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پێکهاتنی حکوومەتی سووریە لەسەرەوەی ئیرادەی جەماوەر، ئەزموونێکە کە دەبێ لێی فێربین
هەینی ۱۲-۱۱-۱۴۰۳   |  31-01-2025

ئەحمەد شەڕع ڕێبەری گرووپی ئیسلامیی تەحریری شام ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی مانگی ڕێبەندان بۆ یەکەم جار لە دوای بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لە هەشتی مانگی دێسامبر، لە پارلەمانی سووریە وەک سەرۆک کۆماری دەورەی ئینتقالی دەرکەوت. ناوبراو بە جلوبەرگی نیزامییەوە لە کۆبوونەوەیەکدا قسەی کرد کە زۆربەی بەشداربووان گرووپە چەکدارە ئیسلامییەکان بوون و ئەم کۆبوونەوەیەی بە “کۆنگرەیەک بۆ ڕاگەیاندنی سەرکەوتنی شۆڕشی سووریە” ناوبرد. “سانا” هەواڵنێریی فەرمیی سووریە لەسەر زاری وتەبێژی ناوەندێک بەناوی “ئیدارەی عەمەلیاتی نیزامی”، ڕایگەیاند کە بڕیاری دیاریکردنی ئەحمەد شەرع وەک سەرۆک کۆمار و کۆمەڵێک بڕیاری گرینگی دیکە لە کۆبوونەوەی فەرماندە نیزامییەکانی گرووپە چەکدارەکانی سووریەدا دەرکراوە.

چاوگێرانێک بەسەر لیستی گرووپەکانی “ئیدارەی عەمەلیاتی نیزامی” کە لە کۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممەدا بەشداربوون و  پێشتر بڕیاری گرینگیان لەسەر داهاتووی سووریە داوە، نیشانی دەدات کە بەپێچەوانەی ئەوەیکەی ئەحمەد شەرع و باقیی بەرپرسانی تازەی سووریە دەیڵێن، ئەم ناوەندە حکوومەتییە تەنیا لە ئاراستەیەکی تایبەت و لە ١٨ گرووپی چەکداری ئیسلامی پێکهاتووە. بۆ نموونە (هیأت تحریر الشام/ ردع العدوان، حرکه احرار الشام، جیش العزه، جیش النصر، انصار التوحید، فیلق الشام، جیش الاحرار، جیش الاسلام، حرکه نورالدین الزنکی، جبهه الشام) و چەندین گرووپی تیرۆریستیی ئیسلامیی دیکە کە پێشتر لەپێناوی بەرژەوەندیان لەدژی یەکتر چەکیان بەکار هێناوە.

ئەم تاقمە کۆنەپەرستانە لەسەر سەری کرێکاران و جەماوەری خەڵکی ستەمدیدەی سووریەوە دەست بە کار بوون و بڕیاری گرینگ لەسەر چارەنووس و داهاتووی سووریە دەدەن. “ئیدارەی عەمەلیاتی نیزامی” کە بۆ خەڵکی سووریەش مەعلوومە لە کوێوە هاتووە و لە ئیختیار کێ دایە، ئەحمەد شەرعی وەک سەرۆک کۆماری دەورەی ئینتقالی دیاری کردووە و دەسەڵاتێکی زۆریان بۆ پێکهێنانی دەوڵەت پێداوە. بۆ نموونە ناوبراو دەسەڵاتی ئەوەی هەیە کەسانێک بۆ مەجلیسی کاتیی دەورەی ئینتقالی بۆ داڕشتنی یاسا دیاری بکات. کۆمیتەیەک بۆ گفتوگۆی میللی دیاری بکات کە گۆیا تێیدا نوێنەرانی هەموو گرووپە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییەکان بۆ پێکهێنانی دەوڵەتێکی گشتگیر حزووریان دەبێت. هەروەها سووریە لە کۆبوونەوە ناوچەیی و جیهانییەکان نوێنەرایەتی بکات و هیتر.

بڕیارێکی دیکەی “ئیدارەی عەمەلیاتی نیزامی” بە وەها پێکهاتەیەکەوە بریتییە لە: دیاریکردنی قۆناغێکی سێ ساڵە بۆ داڕشتنی دەستوور و یاسای بنەڕەتیی تازە و قۆناغێکی چوار ساڵە بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی سەرتاسەری. بەمجۆرە، تەمەنی حکوومەتی کاتی کە دەیانگوت هەتا مانگی مارسە، بۆ چوار ساڵ درێژکرایەوە. بێجگەلە ئەم ناوەندە بڕیاری دیکەش دەرکراون کە بریتین لە: هەڵوەشاندنەوەی پارلەمانی سووریە، هەڵوەشاندنەوەی ئەرتەشی سووریە و هەموو دەزگا ئەمنیەتی و میلیشیاکان، ڕاگرتنی یاسای بنەڕەتیی ئێستا، هەڵوەشاندنەوەی حیزبی بەعس و هەموو حیزبەکانی ئەندامی بەرەی میللی و ناوەندە سیاسی و مەدەنییەکان و دیاریکردنی هەشتی دێسامبر وەک ڕۆژی میللیی سووریە.

ئیدیعای پێکهێنانی حکوومەتی گشتگیر لەلایەن ئەحمەد شەرعەوە لە کاتێکدایە کە هەر لەم کۆبوونەوەیەی فەرمانەدە نیزامییەکاندا، نوێنەرانی هێزەکانی سووریەی دیموکرات “هەسەدە” کە گەورەترین و بەهێزترین هێزی نیزامی لە سووریەن و یەک لەسەر سێی ناوچەکەکانی سووریەیان لە کۆنتڕۆڵدایە بانگهێشت نەکرابوون. تەنانەت ئەحمەد شەرع لە وتەکانیدا لەسەر یەکپارچەیی خاکی سووریە پێداگریی کرد و ناڕاستەوخۆ ئەوانی بە جوداییخواز پێناسە کرد. بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئەحمەد شەرع و بەرپرسانی دیکەی دەوڵەتی نوێ بەردەوام ڕایدەگەیەنن کە حکوومەتی داهاتووی سووریە نوێنەرانی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینی و ڕەگەزییەکانی سووریە لەخۆدەگرێت. ئەحمەد شەرع بەم پاساوەی کە سووریە لەئێستادا لە بارودۆخێکی هەستیاردایە و هەڵبژاردنی بەرپرسانی دەوڵەتی ئینقالی دەبێ لە یەک ئاراستە بن، ڕایگەیاندووە کە دژی بەشخوازی و “موحاسەسە” و بەشپێدانە. ئەوەش لە کاتێکدایە کە بەگوێرەی ڕاپۆرتە ناوخۆییەکان لەماوەی دوو مانگی ڕابردوودا ئەحمەد شەرع و وەزیری بەرگرییەکەی مەجبوور بوون ڕۆژانە لەگەڵ ڕێبەرانی گرووپە ئیسلامییەکانی دیکە لەسەر دابەشکردنی پۆستە سەرەکییەکان و بەرپرسایەتییەکانی دیکەی دەوڵەتی کاتی، دانیشتن و کۆبوونەوەیان هەبێت. ناوبراو هەموو وەزیرانی سەرەکیی دەوڵەتە بەناو کاتییەکەی لەناو ئەندامانی تەحریری شامدا هەڵبژاردووە. لە محەممەد بەشیر سەرۆک وەزیرانەوە بگرە هەتا ئەسعەد شیبانی وەزیری دەرەوە و مەرهەب ئەبوقەسرە وەزیری بەرگری و ئەوانی تر. بەڵام ئەحمەد شەرع بۆ ئەوەی قەبووڵ بکرێت و دەسەڵاتەکەی سەقامگیر بکات بەردەوام ئەوە دەڵێت کە دەسەڵاتی داهاتووی سووریە دەبێ لە هەموو لایەن و توێژە نەتەوەیی، ئایینی و ڕەگەزییەکان پێکبێت.

ئەحمەد شەرع کە لەئاست پەرەسەندنی ناڕەزایەتیی گشتی و ناسەقامگیری بەهۆی بۆشایی دەسەڵات نیگەرانە، لەگەڵ گەلێک کێشە و ئاستەنگ لە ناوەوە و دەرەوەی سووریە بەرەوڕووە. دەوڵەتانی ناوچەکە لە کۆماری ئیسلامییەوە کە لە هەوڵی گەڕانەوە بۆ سووریە لەپێناوی خراپکاری و ساغکردنەوەی ڕێکخراوە تێکشکاوەکەیدایە تا تورکیە کە وەک براوەی ئاڵوگۆڕەکانی سووریە لە هەوڵی نفووزی زیاتر و کەڵک وەرگرتن لەم بارودۆخەدایە بۆ بەڕێوەبردنی سیاسەتی فراوانخوازی و شۆڤنیستی، وە هەروەها سەرانی دەوڵەتانی عەرەبی و ئورووپایی و ڕووسیە کە بۆ دیدار لەگەڵ ئەحمەد شەرع لەپێناوی پێشخستنی ئاماجەکانیان بەڕیز بوون.

بێگومان دەوڵەتی ئیسلامیی تەحریری شام ناتوانێ وڵامدرەوەی داخوازییە ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی سووریە بێت کە زیاتر لە ٥٠ ساڵە لەژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆری بنەماڵەی ئەسەد و لە بارودۆخی هەژاری و برسیەتی و شەڕ و وێرانیدا بەسەریان بردووە. ئەوان نایانهەوێ بۆ جارێکی تر لەژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئیسلامیدا بن. گرووپەکانی ئیسلامی سیاسی لەماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا چ وەک حکوومەت و چ لە شکڵی ئۆپۆزیسیۆندا سرووشتی دژەخەڵکیی دەسەڵاتی ئیسلامییان نیشانداوە. ماهییەت و سرووشتی ئەوان بەتایبەت بۆ خەڵکی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوون و ئاشکرایە. لەم ڕووەوە، حکوومەتی ئیسلامیی شام کە هەر لە ئێستاوە بەرەوڕووی موقاومەت و ئیعتڕازاتی زۆر لە سووریە بووەتەوە، ناتوانێ پێداویستییەکانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش کە ٩٠%یان لەژێر هێڵی هەژاریدان، بێنێتە دی.

لە وەها بارودۆخێکدا ئەگەر کرێکاران و هێزی چەپ و کۆمۆنیست و پێشڕەو، ڕووناکبیران و لاوانی شۆڕشگێڕ بەخێرایی دەست نەکەن بە ڕێکخستن و سازماندان، وە هاوشێوەی هێزێکی کۆمەڵایەتی نەچنە مەیدان، ڕەوتە بورژوا ئیسلامییەکان و و غەیرە ئیسلامییەکان لەسەرەوەی ئەوان بە سات و سەودا لەگەڵ دەسەڵاتەکانی ڕۆژئاوا و ناوچەکە پیلانەکانیان بەکردەوە دەردێنن، دەیانخەنە پەراوێزەوە و دەسەڵاتی خۆیان سەقامگیر دەکەن.

ئەزموونی زەوتکردنی دەسەڵات لەسەرەوی ئیرادەی خەڵک لە سووریە بۆ چالاکان و ڕێبەرانی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران هەڵگری ئەو دەرس و ئەزموونەیە ، کە ئەگەر ڕیزەکانیان ڕێک نەخەن، ڕێبەریی سەرتاسەرییان پێکنەهێنن و ئاسۆیەکی ڕوونیان لە قۆناغەکانی پێشڕەویی خۆیان و ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی و نیزامی داهاتوو نەبێت، ناتوانن دەرفەت بخوڵقێنن، ناتوانن لەو دەرفەتانەی کە پێشهاتوون کەڵک وەرگرن و ناتوانن لە مەترسیی دەست بە دەست بوونی دەسەڵات لەسەر سەری جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لە ئاڵوگۆڕەکانی داهاتووی ئێران ڕێگری بکەن.