
ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری “کاتی”ی سووریە شەوی شەممە ٩ی مانگی خاکەلێوە لە دیمەشق ئەندامانی “حکوومەتی ڕاگوزەر”ی نوێی ڕاگەیاند. هەرچەند لە دوای کوشتاری زیاتر لە هەزار کەس لە عەلەوییەکان لە ڕۆژاوای سووریە لە مانگی ڕەشەممەی ڕابردوو، ئەحمەد شەرع لەلایەن دەسەڵاتەکانی ڕۆژاواوە کەوتبووە ژێر فشارەوە، کە دەوڵەتێکی گشتگیر و پێکهاتوو لە کۆمەڵگە جۆراوجۆرە قەومی و ئایینییەکان لەم وڵاتە پێکبێنێت، بەڵام هەروەک چاوەڕوان دەکرا هەموو پۆستە سەرەکییەکانی دەوڵەت لەلایەن نزیکانی ئەحمەد شەرع و هەیئەتی تەحریری شامەوە قۆرخ کراون. لە دەوڵەتی ئینتقالیی تازەدا پۆستێک لەژێرناوی سەرۆک وەزیراندا نابیندرێت و هەموو دەسەڵاتی ئیجرایی لە دەستی ئەحمەد شەرعدا چڕ بووەتەوە. حکوومەتی ئیسلامیی سووریە و میدیاکانی سەربەم دەسەڵاتە ئەگەرچی باس لە “سەرۆک کۆماریی کاتی” و “دەوڵەتی ئینتقالی” دەکەن، بەڵام لە عالەمی واقعدا و بەپێی “ڕاگەیاننی یاسای بنەڕەتیی کاتی” کە ئەحمەد شەرع ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی مارسی ٢٠٢٥ بەرابەر بە ٢٣ی ڕەشەممەی ١٤٠٣ واژۆی کرد، ناوەرۆکی نیزامی سیاسیی دەسەڵاتدار لە سووریە و بنەمای یاساییەکەی دیاریکراوە و هەموو ئۆرگانەکانی دەزگای یاسادانان، قەزایی و جێبەجێکار بۆ ماوەی پێنج ساڵ خراوەتە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەحمەد شەرع و نزیکانی ئەو لە هەیئەتی تەحریری شامدا.
بەپێی دەستووری نوێ، سەرۆک کۆمار پێویستە لە ماوەی ٦٠ ڕۆژدا لە دوای دەرچوونی ئەم جاڕنامەیە، ئەندامانی “مەجلیسی گەل” یان “مەجلیسی خەڵک” دیاری بکات. بەپێی ئەو دەسەڵاتەی لە دەستووردا بە ئەحمەد شەرع دراوە، دەتوانێت بە شێوەیەکی شەخسی و ڕاستەوخۆ یەک لەسەر سێی ئەندامانی ئەم مەجلیسە دیاری بکات و دوو لەسەر سێی دیکەی ئەندامانی ئەم مەجلیسەش لە لایەن لیژنەیەکەوە دیاری دەکرێن کە ئەحمەد شەرع وەک سەرۆک کۆمار دەستنیشانی کردووە. بە گوێرەی ئەم دەستوورە ئیسلام وەک ئایینی فەرمی کۆماری سووریە دیاری کراوە و سەرچاوەی سەرەکی یاسادانان لە سووریە فیقهی ئیسلامییە. لە ڕاستیدا هەموو ماف و ئازادییە تاکەکەسییەکان، ئازادیی ڕادەربڕین و بیروباوەڕ، میدیا، مافی ژنان، مافی خاوەندارێتی و بەشداریکردنیان لە کار و پەروەردە و بوارە جۆراوجۆرەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا لە چوارچێوەی بەرتەسکی یاسا و فیقهی ئیسلامیدا سنووردار کراون. بەگوێرەی دەستووری نوێ، ئایینی سەرۆک کۆمار ئیسلامە و لە پێشترەوە دیاری کراوە کە تاکەکانی سەر بە کەمینە ئایینی و ئیدیۆلۆژییەکانی دیکە، لە ڕووی یاساییەوە مافی ئەوەیان نییە خۆیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار لە سووریەی ئیسلامیدا کاندید بکەن.
ئێستا بە پێکهاتنی دەوڵەتی ئینتقالی لە سووریە و دوای تێپەڕینی زیاتر لە دوو حەفتە لە واژۆکردنی جاڕنامەی دەستووری کاتی لەلایەن ئەحمەد شەرعەوە، زیاتر لە ڕابردوو ڕوون بووەتەوە کە واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی ٨ ماددەیی لە نێوان مەزلووم عەبدی فەرماندەی “هێزەکانی سووریەی دیموکرات” لەگەڵ ئەحمەد شەرع لەسەر بەڕەسمی ناسینی مافی کوردەکان و کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان لە سووریە بەپێی دەستوور، کە زۆرێک لە ئیدئۆلۆگە ناسیۆنالیستەکانی کورد وەک ڕێککەوتنێکی مێژوویی باسی دەکەن، چەندە پووچ و بێبنەما بووە. دەرکەوت کە مسۆگەرکردنی مافی هەموو سوورییەکان لە پڕۆسەی سیاسی و بەشداریکردنیان لە دامودەزگا حکومییەکانی سەربەخۆ لە شوناسی ئایینی و نەتەوەیی لەسەر بنەمای ئەم ڕێککەوتنە هەشت خاڵییە درۆیە. دەرکەوت کە دڵخۆش کردن بە وەدیهێنانی مافە مەدەنییەکانی خەڵکی کوردستان و باقیی کەمینەی نەتەوەیی و ئایینییەکان و خەڵکی سووریە لە چوارچێوەی دەستوورێکدا کە نوێنەرانی ڕاستەقینەی خەڵک لە داڕشتنیدا هیچ دەورونەخشێکیان نەبووە، تا چ ڕادەیەک ناعەقڵانییە. ئاشکرا بوو کە ڕێککەوتن لەسەر تێکەڵکردنی ناوەندە جەماوەری و کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان، کە لەسەر بنەمای بڕیارێکی کۆمەڵایەتیی پێشڕەو کۆمەڵگا ئیدارە دەکەن، لەگەڵ ناوەندە ئیسلامییەکانی حکوومەتی دیمەشق و ڕادەستکردنی کۆنتڕۆڵی دەربازگە سنوورییەکان، سەرچاوەکانی بەرهەمهێنانی نەوت و فڕۆکەخانەکان تا چ ڕادەیەک لەگەڵ خواستی خەڵکی کوردستان و خەڵکی سەرتاسەری سووریە ناتەبایە. بۆ هەموو لایەک ڕوون بووەتەوە کە بەربەستی سەرەکی لە بەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین و شار و شارۆچکەکانی دیکەی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی سووریە، داگیرکاری و شەڕخوازی حکوومەتی تورکیەیە. کاتێک کە ئەحمەد شەرع ڕێککەوتننامە هەشت ماددەییەکەی بە ناوی سەرۆک کۆماری عەرەبیی سووریە واژۆ کرد، نیشانی دا کە کوردەکان و کەمینە نەتەوەییەکانی دیکە وەک کۆماری سووریە بە ڕەسمی ناناسێت. ئەگەرچی ئەحمەد شەرع لە ڕێککەوتن لە مەزلووم عەبدی پەرەپێدان بە ڕق و کینەی نەتەوەیی و ئایینی ڕەت دەکاتەوە، بەڵام هەموو هەوڵەکانی بۆ پێکهێنانی نیزامی سیاسیی ئیسلامی لە سووریە و لەو نێوەشدا کوشتاری عەلەوییەکان، هەر هەموویان لە خزمەت پەرەپێدان بە ڕق و کینە و تەفرەقەی نەتەوەیی و ئایینیدا بووە.
پێکهێنانی حکوومەتێکی راگوزەر لە سووریە لەدوای ئیمزاکردنی دەستوور و کۆمەڵکوژی عەلەوییەکان و پێشێلکردنی مافی کەمینەکانی تر، بەڕەسمی نەناسینی مافە سەرەتاییەکان و ئەو دەستکەوتانە کە خەڵکی کوردستان لەماوەی ١٤ساڵی ڕابردوودا بەدەستیان هێناوە و بە گیانفیدایی لە بەرامبەر دوژمنانی ڕەنگاوڕەنگدا بەرگرییان لێکردووە، نابێ هیچ شک و گومانێکی هێشتبێتەوە کە ئیستبدادی ئیسلامی لە سووریە لە هەوڵی ئەوەدایە هەنگاو بە هەنگاو پایەکانی دەسەڵاتەکەی سەقامگیر بکات. بەڵام ئەحمەد شەرع لە بارودۆخێکدا دەیەوێت بناغەکانی حکومەتێکی ئیسلامی لە سووریە سەقامگیر بکات کە ئیسلامی سیاسی هەم وەک چارەسەرێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەژموونی ئیسرائیل و ئەمریکا لە ناوچەکەدا و هەم وەک بەدیلێک بۆ حکوومەت و بەڕێوەبردنی ئابووری و کۆمەڵگا گەیشتووەتە بنبەست. دامەزراندنی حکوومەتی ئیسلامی لە سووریە دووپاتکردنەوەی ئەزموونێکی شکستخواردوویە.
بێگومان حکوومەتی ئیسلامیی تەحریری شام ناتوانێ وڵامدەرەوەی داخوازیی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێشی سووریە بێت کە زیاتر لە ٥٠ ساڵە لەژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆری بنەماڵەی ئەسەد و لە بارودۆخی هەژاری و برسیەتی و شەڕ و ئاوارەییدا بەسەریان بردووە. ئەوان نایانهەوێ دیسان بچنەوە ژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئیسلامییەوە. هەربۆیە دەسەڵاتی ئیسلامی سووریە لەگەڵ خۆڕاگری و ناڕەزایەتی کرێکاران و خەڵکی هەژاری سووریە بەرەوڕوو دەبێتەوە کە نزیکەی لەسەدا ٩٠یان لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و١٤ ساڵ لەمەوبەر بە خواستی ئازادی و یەکسانی لەدژی دەوڵەتی بەشار ئەسەد ڕژانە سەر شەقامەکان. وەها بارودۆخێک لە هەموو چالاکانی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوەی پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان و هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان و ڕووناکبیران و لاوانی شۆڕشگێڕ دەخوازێت کە یارمەتیدان بە ڕێکخستنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکان و یەکگرتنیان لە دەوری پلاتفۆرمێکی ڕادیکاڵ، ئازادیخوازانە و بەرابەری تەڵەبانە بخەنە ئەولەوییەتی چالاکییەکانیان.
خەڵکی کوردستانی سووریە ناچار نین لە بەرامبەر حکوومەتی کۆنەپەرستی ئیسلامیی دیمەشق و میلیتاریزیم و فشارەکانی دەوڵەتی تورکیەدا بە بەڵێنی پشیتیوانیی فاشیستەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل یان بە هاوپەیمانیی ئەمریکا ئومێد ببەستن. ڕێگای سێهەم هەیە. خەڵکی کوردستان دەتوانن بە پشت بەستن بە دەستکەوتە بەنرخەکانی هەتا ئێستایان، بە پشت بەستن بە هێزی چەکداری جەماوەری، بە بەشداریی چالاکی خۆیان لە گۆڕەپانی سیاسیی کۆمەڵگا و بە بەرزکردنەوەی ئاڵای داخوازیی ئازادیخوازانە و بەرابەری تەڵەبانە، ببنە بنکەی ئازادیخوازی لە سەرتاسەری سووریە و پشتیوانی و هاوپشتیی بیروڕای گشتیی پێشڕەو لە سەرتاسەری سووریە و ناوچەکە و جیهان بەرەو خۆیان ڕاکێشن.
ئەزموونی زەوتکردنی دەسەڵات لەسەرەوی ئیرادەی خەڵک لە سووریە بۆ چالاکان و ڕێبەرانی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران هەڵگری ئەو دەرس و ئەزموونەیە، کە ئەگەر ڕیزەکانیان ڕێک نەخەن، ڕێبەریی سەرتاسەرییان پێکنەهێنن و ئاسۆیەکی ڕوونیان لە قۆناغەکانی پێشڕەویی خۆیان و ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی و نیزامی داهاتوو نەبێت، ناتوانن دەرفەت بخوڵقێنن، ناتوانن لەو دەرفەتانەی کە پێشهاتوون کەڵک وەرگرن و ناتوانن لە مەترسیی دەست بە دەست بوونی دەسەڵات لەسەر سەری جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لە ئاڵوگۆڕەکانی داهاتووی ئێران ڕێگری بکەن.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە
www.facebook.com/Peshrawcpiran
www.instagram.com/Peshrawcpiran1