
لە جەرگەی شەڕی نێوان ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و دەوڵەتی ئیسرائیلدا کە لەو ماوەیەدا لە ئێران ٩٥٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و سێ هەزار و ٤٥٠ کەسیش برینداربوون، شەپۆلێکی نوێ لە پەرەسەندنی سەرکوت، فشاری ئەمنیەتی، دەستبەسەرکردنی بەرین و هەڕەشەی ئێعدام لە ناو زیندانەکانی ئێراندا کەوتووەتە ڕێ. غوڵام حسێن موحسێنی ئێژەیی سەرۆکی دەزگای قەزایی ڕژیم لەم دواییەدا ڕایگەیاند کە “پەروەندەی کەسانی پەیوەندیدار بە دوژمن” دەبێ بە خێرایی و بە بێ چاوپۆشی لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت. ئەو هەروەها باسی لە پێکهاتنی دادگای تایبەت بۆ “تاوانی ئەمنیەتی و سیخوڕی” و چالاک کردنی لقی تایبەت لە دیوانی باڵا بۆ دەرکردنی خێرای حوکمەکان کرد. ئەم قسانە ئاماژەیە بۆ شێوەکاری دەزگای قەزایی ڕژیم لە کاتی شەڕدا کە وەک باسکی سەرکوتی بێسنوور چالاکی دەکات.
تەنیا لە پارێزگای قۆم، پۆلیس ڕایگەیاندووە کە ٢٢ کەسی بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ دەزگا سیخوڕییەکانی ئیسرائیل دەستبەسەرکردووە. لە پارێزگای مەرکەزی و تارانیش چەندین کەس بە تۆمەتی “سیخوڕی بۆ موساد” دەستبەسەرکراون. بەپێی هەواڵی میدیا دەوڵەتییەکان، ٣٦ کەس لە گیلان بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ دوژمن و تێکدانی بیروڕای گشتی” دەستبەسەر کراون. بە گشتی، بە پێی ئاماری “هرانا” لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا ٦٤٠ هاووڵاتی ئێرانی بە تۆمەتی سیاسی یان ئەمنی دەستبەسەر کراون. ئەم ڕەشبگیرییانە لەگەڵ دامەزراندنی خالی پشکنین و کۆنترۆڵکردنی مۆبایلی هاووڵاتییان و پەرەپێدانی کەشوهەوای ئەمنیەتی لە شارەکاندا بووە. ئەوەی بە ناوی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ نفووزی دوژمن بەڕێوە دەچێت، لە ڕاستیدا ئامرازێکی نوێیە بۆ سەرکوتی ناوخۆیی، سەرکوتێک کە ئەمجارەیان لەگەڵ هەڕەشە و لەسێدارەدانی زیندانییەکاندایە. شەپۆلی پەرەسەندنی سەرکوت هێندە بەرینە کە ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لەئاست مەترسیی جیددیی ئێعدامی بەپەلە و ئەشکەنجە لە جەریانی پەروەندەکاندا هۆشداری دا و ڕایگەیاند کە سزای مەرگ کراوەتە ئامرازێک بۆ پەرەپێدانی ترس و وەحشەت و پاراستنی دەسەڵات. لە وەها بارودۆخێکدا ئەرکی چالاکانی شۆڕشگێڕ و ڕادیکاڵی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان نەک هەر لەقاودانی سرووشتی ئامانجەکانی ڕژیم، بەڵکوو ڕێکخستنی خەبات بۆ کۆتایی هێنان بە چەرخەی توندوتیژیی دەوڵەتییە.
کۆماری ئیسلامی بەدرێژایی دەسەڵاتەکەی نیشانی داوە کە ئێعدام وەک ئامرازێک بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی تووڕەیی جەماوەر، بۆ پێکهێنانی فەزای ترس و بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هێزە ناڕازییەکان بەکار دێنێت. ئەوەی لە میدیا فەرمییەکاندا وەک “سزا بۆ کەسانی نفووزی” باسی لێدەکرێت، لە ڕاستیدا هەمان سیاسەتی لەناوبردنی نەیارانی سیاسی بەتایبەت لەو کاتانەدایە کە پێکهاتەی سیاسی دەسەڵاتدار لە بەرامبەر دوژمنی دەرەوەدا بێتوانا و داماوە و قەیرانە ناوخۆییەکانی گەیشتووەتە ئەوپەڕی خۆی. پەرەسەندنی ئێعدامەکان لە بارودۆخی شەڕدا، نیشانەیەکی ڕوونە لەوەیکە دەسەڵات بۆ مانەوەی، لە خوێن تەغزییە دەکات.
ئەم شەڕە کە لە هەر دوو لاوە کۆنەپەرستانەیە، بۆ کۆماری ئیسلامی بووەتە دەرفەتێک بۆ پەرەپێدانی سەرکوت و پەراوێزخستنی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان. ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە لە هەر دووک لا بووەتە هۆی بەهێزتربوونی ماشێنی نیزامی و ئەمنیەتی، وە لە ئاکامدا سەرکوتی زیاتری کرێکاران، خوێندکاران و چالاکانی مەدەنی لێکەوتووەتەوە. ئەم شەڕە هیچ قازانجێکی بۆ چینی کرێکار تێدا نییە. چ لە تێلاڤیڤ و چ لە تاران گرتن، بێسەر و شوێن کردن، ئەشکەنجە و هەڕەشەی ئێعدام، هەر هەموویان لە ڕاستای سەرکوتکردنی هەرجۆرە ناڕەزایەتییەکی کۆمەڵایەتیدا بەڕێوەدەچێت. بەتایبەت لە شارەکانی وەک کرماشان، ورمێ، مەشهەد و تاران، هەواڵی جۆراوجۆر سەبارەت بە هێرشی شەوانە، دەستبەسەرداگرتنی ئامێرەکانی پەیوەندی و زەوتکردنی مافە سەرەتاییەکانی دەستبەسەرکراوان بڵاو کراوەتەوە.
ترسی سەرەکیی ڕژیم نەک “نفووزی ئیسرائیل” بەڵکوو خەڵکی وەگیانهاتووی ئێرانە. دەسەڵات لە ئێران، بەتایبەت لە دوای ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، زیاتر لە ڕابردوو لەگەڵ قەیرانی مەشرووعییەت و بێتوانایی مودیرییەتی بەرەوڕوو بووەتەوە. لە وەها بارودۆخێکدا هەر ڕووداوێکی دەرەکی – لە شەڕەوە بگرە هەتا گەمارۆ دەبێتە بیانوویەک بۆ پەرەپێدانی سەرکوتی ناوخۆیی. لە ئاوا هەلومەرجێکدا چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە هەمان کاتدا کە دەبێ بۆ ڕێکخستنی بزووتنەوەی جەماوەری لەدژی ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە دەست بخەنە ناو دەستی یەک، پێویستە خواستی ئازادیی بێ شەرت و مەرجی بەندکراوانی سیاسی و هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدام بکەنە ئەولەوییەتی دروشم و داخوازییەکانیان. تووڕەیی و ئیرادەی ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی ئێران و چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لەدژی شەڕ و شەپۆلی گرتن و ئێعدام کاتێک دەبێتە هێزێکی چارەنووسساز کە ڕێکخراو بێت. تەنیا لەو کاتەدایە کە دەتوانێ پاشەکشە بە دەزگای سەرکوت بکات و بزووتنەوەی خەبات بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی بەرەوپێشەوە بەرێت.
هەتا کاتێک کە موناسباتی سەرمایەداری، مەزهەبی و سەرکوتگەر زاڵە، ماشێنی ئێعدام لەکار ناکەوێت. خەباتی سازماندراو و ڕێکخراوی بزووتنەوەی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتی و ئیعتڕازییەکان بە هاواری ڕەسای نا بۆ شەڕی کۆنەپەرستانە و بەندکراوی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێ، سزای ئێعدام دەبێ هەڵوەشێتەوە، دەتوانێ دەزگای سەرکوتی کۆماری ئیسلامی ناچار بە پاشەکشە بکات. تەنیا بە ئامادەکردنی پێداویستییەکانی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی و بە شکڵدان بە ئاڵترناتیڤی سۆسیالیستی لەسەر بەستێنی خەباتی ئێستادایە کە دەتوانین دەسەڵاتی شۆرایی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، کۆتایی هاتنی کوشتن و توندوتیژیی ڕێکخراوی دەوڵەتی و گەیشتن بە ئازادی و بەرابەری و ڕەفاهی ئینسانەکان بخەینە ئاسۆوە.
بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە