فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پەرەستاندنی قاتی و برسیەتی لە کەرتی غەززە بە بێ ئاسۆی ئاشتی
سێشەممە ۱۸-۰۲-۱۴۰۳   |  07-05-2024

لە کاتێکدا نزیکەی حەوت مانگ بەسەر جینۆساید و شەڕی وێرانکەری حکوومەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، و کوشتنی زیاتر لە ٣٤ هەزار کەس تێدەپەڕێت کە برسیەتی سەرتاسەری باکووری ئەم کەرتەی داگرتووە و ئەم کارەساتەش بەرەو باشوور پەرەدەستێنێت. ئەم بارودۆخە کارەساتبارە لە حاڵێکدا لەئارادایە کە وتووێژی نێوان هەیئەتەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل و ڕێکخراوی کۆنەپەرستی حەماس بە نێوبژیی قەتەر، ئەمریکا و میسر لە قاهیرە لەسەر ئاگربەستی چل ڕۆژە و ئازادکردنی بەدیلگیراوان لەئارادایە بەڵام هەتا ئێستا هیچ ئاسۆیەکی ڕوون بۆ کۆتایی یەکجاریی ئەم کۆمەڵکوژییە نابیندرێت.

ئەمڕۆ لە کاتێکدا کە دەوڵەتانی ئەمریکا، و هاوپەیمانانی ئورووپایی لە ناتۆ بە پشتیوانی لە سیاسەتی ڕەگەزپەرستانەی نەتانیاهۆ، دەستی ئەویان بۆ تاوانی شەڕ و داسەپاندنی نەهامەت و برسیەتی بەسەر خەڵکی غەززە ئاواڵە هێشتووەتەوە، لەناوەوەی سنوورەکانی خۆیان لەگەڵ شەپۆلێک لە تووڕەیی و ناڕەزایەتی ڕووبەڕوو بوونەتەوە. بزووتنەوەی جەماوەری بۆ پشتیوانی و دیفاع لە ئازادیی فەلەستین بە خواستی کۆتایی دەستبەجێی شەڕ، ڕاگرتنی دەستبەجێ بۆمباران و ناردنی دەستبەجێی یارمەتیی مرۆیی بۆ کەرتی غەززە درێژەی هەیە. لە ئەمریکا لە ١٨ی ئاپریلەوە، زیاتر لە هەزار خوێندکار و ئەندامی هەیئەتی زانستی، لە جەریانی ناڕەزایەتییەکان بەدژی جینۆسایدی حکوومەتی ئیسرائیل لە زانکۆکانی ئەم وڵاتە دەستگیرکراون. لە ٣٠ی ئاپریلدا پۆلیس هێرشی کردە سەر کەمپی خوێندکارانی دژی شەڕ لە کۆلۆمبیا و سیتی کاڵێحی نیۆیۆرک و نزیک بە ٣٠٠ کەسی ناڕازیی دەستبەسەرکرد. زۆر دیمەن لە هێرشی وەحشیانەی هێزەکانی پۆلیس بۆسەر خوێندکارانی ناڕازی و توندوتیژی بەرامبەریان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراوەتەوە. سەرەڕای سەرکوتی بەرینی پۆلیس و شەپۆلی دەستگیرییەکان، خوێندکارانی ناڕازی کەمپی تازەیان بە نیشانەی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین لە غەززە و لە ناڕەزایەتی بەدژی جینۆسایدی دەوڵەتی ئیسرائیل بەرپا کردووە. خوێندکارانی ناڕازی خوازیاری ئەوەن کە بەڕێوەبەرایەتیی زانکۆکان هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل و پڕۆژە نیزامییەکان بۆ بەدەستهێنانی سوود ڕابگرن. لەماوەی شەوانی ڕابردوو گرووپێک لە فاڵانژیستەکانی لایەنگری دەوڵەتی ئیسرائیل لە زانکۆی کالیفۆڕنیا، لۆسانجلس هێرشیان کردە سەر کەمپەکانی خوێندکاران، بۆمبی ئاگرزایان هاوپشتە ناو کەمپەکانیان و بەشێوەیەکی دڕندانە خوێندکارانیان ئەشکەنجە و ئازار دا، بەڵام هێزە ئەمنییەکان و پۆلیس بۆ ماوەی سەعات و نێوێک هیچ کاردانەوەیەکیان نیشان نەدا. هەتا ئێستا چەند سەندیکای کرێکار لەوانە کرێکارانی یەکگرتووی ئۆتۆمبێل، کرێکارانی یەکگرتووی ئێلێکتریکاڵ، ڕادیۆ و ماشێن ئاڵاتی ئەمریکا و یەکیەتیی کرێکارانی پۆستی ئەمریکا کە خوازیاری ئاگربەست و کۆتایی شەڕ دژبە خەڵکی فەلەستین لە غەززەن، لە ناڕەزایەتییەکانی خوێندکاران پشتوانییان کردووە. ئەم هەوڵانە نیشانی دەدەن کە بەشێک لە بزووتنەوەی کرێکاریی ئەمریکا زەروورەتی سیاسیی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستینیان دەرک کردووە. بەڵام چەکی بەێزی بزووتنەوەی کرێکاری مانگرتنە و کرێکاران بە هێزی مانگرتنی خۆیان دەتوانن دەوڵەتی بایدن بۆ کۆتایی هێنان بە نەسلکوژی لە غەززە بخەنە ژێر گوشارەوە و هێزێکی تازە بە بزووتنەوەی هاوپشتیی خوێندکاران لە خەڵکی ستەمدیدەی فەلەستین ببەخشن.

شەپۆلی جینۆسایدی ئەم دواییانەی حکوومەتی ئیسرائیل لە دژی خەڵکی فەلەستین و ڕەهەندە کارەساتبارەکانی لە قۆناغێکی نوێدا کەوتووەتە ڕێ. لە قۆناغێکدا کە ڕۆڵی سەرکردایەتی ئەمریکا لەئاستی جیهان و لە ئەنجامدا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لاواز بووە و هێشتا جیهانی فرە جەمسەری سەقامگیر نەبووە. لەڕاستیدا لە ماوەی دوو سێ دەیەی ڕابردوودا بارودۆخی جیهان و پەیوەندیی زلهێزەکانی سەرمایەداری لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان گۆڕانکاریی زۆری بەسەردا هاتووە. دوای کۆتایی هاتنی شەڕی سارد و داڕمانی وڵاتانی بلۆکی ڕۆژهەڵات کە هاوکات بوو لەگەڵ لاوازبوونی دەسەڵاتی ئابووری ئەمریکا لە ڕەئسی بلۆکی سەرکەوتوو، ئەمریکا، کە چیتر نەیدەتوانی پشت بە دەسەڵاتی ئابووری باڵای خۆی ببەستێت بۆ پاراستنی هێژمۆنیی خۆی بەسەر جیهاندا، هەوڵیدا پشت بە هێزی سەربازی و میلیتاریزم ببەستێت بۆ دەستەبەرکردنی سەرکردایەتی خۆی بەسەر جیهاندا. شەڕی کەنداو، لەشکرکێشی بۆ سەر ئەفغانستان و عێراق، دەستێوەردانی سەربازی لە لیبی و سووریە، بوارە جۆراوجۆرەکانی ئەم قودرەت نماییە نیزامییە بوون. ئەمریکا لە هەموو ئەم شەڕانەدا دۆڕا. جگە لەم شکستانە، ڕاپەڕینە جەماوەرییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ نموونە لە میسر و توونێس و وڵاتانی تر نیشانی دا کە دەوڵەتی ئەمریکا ناتوانێ بە پشت بەستن بە باڵادەست بوونی لەبواری نیزامییەوە هیچکام لە حکوومەتەکان و دیکتاتۆرییەکانی هاوپەیمانی خۆی لەم ناوچەیە لە مەترسیی ڕووخان دەرباز بکات. ئەم زنجیرە ئاڵوگۆڕانەش زیاتر لە ڕابردوو ڕۆڵی هێژمۆنیکی ئەمریکایان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بردە ژێر پرسیارەوە. لەگەڵ لاوازبوونی هێژمۆنیی دەوڵەتی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هاوپەیمانانی سوننەتیی ئەمریکا بە بەراورد لەگەڵ ڕابردوو سەربەخۆییەکی زیاتر لە خۆیان نیشان دەدەن. لەم قۆناغە گوزارەدا، بەلەبەرچاوگرتنی لاوازبوونی پێگەی ڕێبەریی ئەمریکا لەئاستی جیهان و ناوچەکە، دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل تەنها هاوپەیمانی ستراتێژیک و متمانەپێکراوی ئەمریکا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شەپۆلێکی تازەی لە کۆمەڵکوژی لە غەززە دەسپێکردووە. ئەگەرچی ئەمریکا و هاوپەیمانانی ئورووپایی لە ناتۆ درێژە و پەرەسەندنی ئەم شەڕە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەڕاستای بەرژوەندی خۆیاندا نابینن، بەڵام بەکردەوە لە سیاسەتی ڕەگەزپەرستانەی دەوڵەتی دەستی ڕاستیی نەتانیاهۆ پەیڕەوی دەکەن و لەم جینۆسایدە ئاشکرایەدا هاودەست و هاوبەشن.

لەم بارودۆخەدا بزووتنەوەی هاوپشتیی جیهانیی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین و دژی جیۆسایدی دەوڵەتی ئیسرائیل و بەتایبەت بزووتنەوەی ڕادیکاڵی خوێندکاری لە ئەمریکا و تەشەنەکردنی بۆ هێندێک لە وڵاتانی جیهان، پشتیوانیی ژمارەیەک لە سەندیکا کرێکارییەکان لەم بزووتنەوەیە، هاوسەنگیی هێزی بە قازانجی خەباتی مافخوازانە و ئازادیبەخشی کرێکاران و نەتەوەی ستەمدیدەی فەلەستین و دەورلێدانەوەی هێژمۆنیی نیزامیی دەوڵەتی ئیسرائیلی خستووەتە ئاسۆوە. کرێکاران و خەڵکی ستەملێکراوی فەلەستین بۆ تێپەڕین لەم بارودۆخە کارەساتبارە ڕێگایەکیان بێجگەلە یەکگرتوویی و هاوپشتی لەگەڵ کرێکاران و هێزە ئازادیخوازەکان و ڕەوتە پێشڕەوەکان لە ئیسرائیل و پەرەپێدانی پشتیوانی لە هێزە ئازادیخواز و یەکسانیخوازەکان لەسەر ئاستی جیهان، لەپێناوی خەبات دژبە ڕژیمی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل و پەراوێزخستنی ڕەوتە کۆنەپەرستە ئیسلامییەکان لەپێش نییە.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv
https://cpiran.org
https://komala.co
https://t.me/peshrawcpiran

www.facebook.com/Peshrawcpiran

www.instagram.com/Peshrawcpiran1

https://t.me/KomalaCpiranTv