فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پەرەسەندنی سەرکوت و ئێعدامی زیندانیانی سیاسی لە ژێر سێبەری شەڕدا
چوارشەممە ۱۲-۰۱-۱۴۰۵   |  01-04-2026

لەم ڕۆژانەدا کە سێبەری شەڕێکی وێرانکەر و پەرەسەندنی ئاڵۆزییە ناوچەییەکان قورسایی خستۆتە سەر ژیانی ملیۆنان مرۆڤ، هەواڵی لەسێدارەدانی چەندین زیندانیی سیاسی لە ئێران و هاوکات پەسەندکردنی سزای ئێعدام دژ بە زیندانیانی فەلەستینی، جارێکی تر ماهییەتی ڕاستەقینەی دەوڵەتە تێوەگلاوەکانی ئەم شەڕە ئاشکرا دەکات. ئەم ڕووداوانە، گوزارشتێکی چڕوپڕن لەو لۆژیکەی کە لە ناخی دەسەڵاتی سەرمایەداریدا – چ لە فۆڕمی کۆماری ئیسلامی و چ لە قاڵبی دەوڵەتی ئیسرائیلدا – کار دەکات: پاراستنی نەزمی باو لە ڕێگەی سەرکوت، سڕینەوەی فیزیکیی نەیاران و بەڕێوەبردنی قەیرانە سیاسییەکان لە ڕێگەی توندوتیژیی ڕێکخراوەوە.

ئێعدامی زیندانیانی سیاسی لە هەلومەرجێکدا کە بۆردومان و هێرشی مووشەکی و درۆنی بەردەوامە، نیشانەیەکی ڕوونە لە ستراتیژیی سیاسی و ئەمنییەتیی دەسەڵات. مێژووی هاوچەرخی ئێران سەلماندوویەتی کە لە هەلومەرجە قەیراناوییەکاندا – لە شەڕی ئێران و عێراقەوە بگرە تا ڕاپەڕینە جەماوەرییەکانی دەیەی ڕابردوو – ڕژیم بە شێوەیەکی سیستماتیک پەنای بردۆتە بەر سڕینەوەی فیزیکیی نەیارانی. گواستنەوەی دەیان زیندانیی سیاسی بۆ ژوورە تاکەکەسییەکان، لە هەلومەرجی بۆردومان و نائارامیی بەربڵاودا، نیشانەی بەرنامەداڕشتن و ئامادەکارییە بۆ پەرەپێدانی سەرکوتگەری. ژووری تاکەکەسی تەنیا ئامرازێک نییە بۆ ئەشکەنجەی دەروونی، بەڵکوو پێشەکییەکە بۆ گۆشەگیرکردن و لە هەندێک حاڵەتیشدا سڕینەوەی بێدەنگانەی زیندانییان. ئەم هەنگاوانە، بەتایبەت لەم هەلومەرجە جەنگییەدا، مەترسیی کۆمەڵکوژییە شاراوەکان زیاتر دەکەن.

زۆرجار شەڕ کارکردێکی دوولایەنەی هەیە: لە لایەکەوە ململانێی هێزە ئیمپریالیستی و ناوچەییەکان بەرەو پێش دەبات و لە لایەکی تریشەوە دەرفەت بە دەوڵەتان دەدات تا بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی ناوخۆ پەراوێز بخەن، سەرکوتیان بکەن، یان بەلاڕێیاندا ببەن. کۆماری ئیسلامیش هەر لەم چوارچێوەیەدا کار دەکات. میلیتاریزەکردن و توندکردنەوەی کەشی ئەمنییەتی، بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان و جێبەجێکردنی حوکمەکانی ئێعدام، بەشێکن لە هەوڵەکانی ڕژیم بۆ دروستکردنی “یەکڕیزی لە سەرەوە”، لە هەلومەرجێکدا کە تووڕەیی و ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان لە خوارەوەی کۆمەڵگا و لە ژێر خۆڵەمێشی شەڕدا خەریکە کەڵەکە دەبن. لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی لە وەها هەلومەرجێکدا، پەیامێکی ڕوون ئاراستەی کۆمەڵگا دەکات: هەرچەشنە دژایەتییەک، تەنانەت لە کاتی شەڕیشدا، ڕووبەڕووی توندترین وەڵام دەبێتەوە. ئەم سیاسەتە نەک نیشانەی هێز نییە، بەڵکوو دەربڕی ترس و تۆقانی قووڵی دەسەڵاتە لە پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان و گرێخواردنیان بە قەیرانە گەورە سیاسی و ئابوورییەکانەوە.

هاوکاتبوونی ئێعدامی زیندانیانی سیاسی لە ئێران و پەسەندکردنی یاسا کۆنەپەرستانەکانی ئێعدام دژ بە زیندانیانی فەلەستینی لەلایەن دەوڵەتی ئیسرائیلەوە، بەتایبەت بە ئاهەنگگێڕانی ڕەوتە فاشیستییەکان بۆ ئەم بڕیارانە، نیشاندەری بوونی لۆژیکێکی هاوبەشە لە ئاستی پێکهاتەی دەسەڵاتدا: سڕینەوەی نەیاران وەک ئامرازێک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بەرخۆدان. لە هەردوو حاڵەتەکەدا، زیندانی وەک هێمایەکی خەبات دەبینرێت. سڕینەوە یان سەرکوتی توندی ئەم کەسانە، هەوڵێکە بۆ تێکشکاندنی ورەی دەستەجەمعی و پێشگرتن لە تەشەنەسەندنی بەرخۆدان. ئەم لۆژیکە، سەرەڕای جیاوازییە ئایدۆلۆژی و ئایینییەکانی نێوان دەوڵەتان، لە پێکهاتە و ماهییەتی چینایەتیی دەسەڵاتەکەیاندا هاوبەشە.

زیندان، ئامرازێکە بۆ کۆنترۆڵی چینایەتی. زیندانیانی سیاسی زۆرجار نوێنەر یان ڕەنگدانەوەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە بەرینترەکانن: لە خەباتی کرێکاری و بزووتنەوەی ڕزگاریی ژنانەوە بگرە تا بەرخۆدانە دژە ئیستیعمارییەکان. لەم چوارچێوەیەدا، ئێعدام یان توندکردنەوەی گوشار بۆ سەر زیندانیان، بەشێکە لە هەوڵدان بۆ مەهارکردنی ئەم بزووتنەوانە. دەوڵەتان تێدەکۆشن لە ڕێگەی سڕینەوەی چالاکانی سیاسییەوە، تۆڕەکانی پەیوەندی و خۆڕێکخستن پەک بخەن. ئەزموون سەلماندوویەتی کە ئەم سیاسەتانە لە ماوەی درێژخایەندا نەک هەر ناڕەزایەتییەکان دانامرکێنن، بەڵکوو دەتوانن زیاتر ڕادیکاڵیان بکەن.

یەکێک لە تایبەتمەندییە هاوبەشەکانی ئەو دەوڵەتانەی کە بە شێوەیەکی بەربڵاو کەڵک لە ئێعدام و سەرکوت وەردەگرن، قەیرانی ڕەوایەتی و مەشرووعییەتە. لە هەلومەرجێکدا کە بنکە کۆمەڵایەتییەکانی دەسەڵات یەکجار لاواز دەبن، پشتبەستنی بە ئامرازی سەرکوتگەرانە و قەهرئامێز زیاتر دەبێت. ئامانجیان لە ئێعدام، گۆڕینیەتی بۆ نمایشێکی هێز؛ نمایشێک کە ئامانج لێی بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن و پاشەکشەپێکردنی جەماوەرە. بەڵام، ئەم نمایشەی هێز زۆرجار ئاکامی پێچەوانەی دەبێت. بەرزبوونەوەی ئاستی وشیاریی چینایەتی، پەرەسەندنی خۆڕێکخستن و ئەزموونی خەڵک لە سەرکوتگەری، دەتوانێت ببێتە هۆی داڕمانی یەکجاریی مەشرووعییەتی دەسەڵاتەکان. زیندانیانی سیاسی دەبنە سیمبولی بەرخۆدان و ئەڵقەی گرێدانی خەباتی جەماوەر.

لە بەرامبەر وەها دۆخێکدا، بزووتنەوەی سۆسیالیستیی چینی کرێکار و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی تر، ڕووبەڕووی ئەرکێکی دوولایەنە دەبنەوە. لە لایەکەوە دەبێت بە هەر شێوەیەک کە دەتوانن بەرەنگاری شەڕانگێزیی دەوڵەتی ناوخۆیی و دەستتێوەردانی ئیمپریالیستی ببنەوە و لە لایەکی تریشەوە، لە ڕێگەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هاوپشتی لەگەڵ بزووتنەوەی “نا بۆ ئێعدام” و بەرگریکردن لە زیندانیانی سیاسی، تێبکۆشن بۆ ئەوەی ماشێنی سەرکوت و کوشتاری ڕژیم ڕابگرن. بەرگریکردن لە زیندانیانی سیاسی، بەرەنگاربوونەوەی سزای ئێعدام و خەبات دژی سەرکوتگەری، بەشێکی دانەبڕاوە لە خەباتی چینایەتی. تەنیا لەم ڕێگەیەوەیە کە دەتوانین لە بەرامبەر سووڕی توندوتیژی و سەرکوتدا ڕاوەستین و ئاسۆی ڕزگاری لە ژێردەستەیی و چەوسانەوە بە زیندوویی بهێڵینەوە.