
کەمپەینی “سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام” کە مانگرتن لە خواردنەکەی لە ٤١ زیندان بۆ شەست و حەوتومین هەفتە درێژەی هەیە، لە ڕاگەیاندنێکدا کە ڕۆژی سێشەممە ١٦ی مانگی گوڵانی ١٤٠٤ بڵاویکردەوە ڕایگەیاند، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەماوەی هەفتەی ڕابردوودا ٢٩ بەندکراوی ئێعدام کردووە. ڕۆژی ١٠ی گوڵان، ١٥ بەندکراو و ڕۆژی ١٤ گوڵان، ٩ بەندکراو ئێعدام کران. بەمجۆرە، لە سەرەتای ساڵی تازەوە هەتا ئێستا واتە لەماوەی یەک مانگ و نیوی ڕابردوودا ١٥٤ کەس ئێعدام کراون. بەگوێرەی هەر ئەم ڕاگەیاندنە، خوێنڕێژانی کۆماری ئیسلامی لە کردەوەیەکی وەحشیانەدا، هاووڵاتییەک بەناوی “عەزیم فەرۆخ وەند” کە لەگەڵ ژمارەیەک لە خەڵکی دێزفوول لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی دژبە ئێعدامی دوو بەندکراو بەشداری کردبوو، بە تەقەی گولـلەی جەنگی کوشتیان. لە ڕوانگەی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام، ناوبراو یەکەمین گیانبەختکردووی کەمپەینی نا بۆ ئێعدامە لە سەرەتای دەستپێکی ئەم کەمپەینەوە.
لەلایەکی دیکەوە بەگوێرەی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان لەلایەن ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە مانگی ئاپریلی ساڵی ٢٠٢٥دا لانیکەم ١١٠ کەس لە بەندکراوانی لە زیندانە جۆراوجۆرەکاندا ئێعدام کردووە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لەم ١١٠ ئێعدامە تۆمارکراوە لە مانگی ڕابردووی زایینی، تەنیا دوو حاڵەتیان واتە کەمتر لە ٢%، لە میدیا فەرمییەکانی حکوومەتی ئیسلامیدا باسی کراوە. بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، ئاماری بەندکراوانی ئێعدامکراو لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵی زایینیدا لە چاو هەر ئەم قۆناغە لە ساڵی ڕابردووی زایینی کە ١٩٥ کەس ئێعدام کرابوون، ڕێژەی ئێعدامکراوان ٧٥% زیادی کردووە. هاوکات لەگەڵ پەرەستاندنی شەپۆلی ئێعدامەکان، ڕەشبگیریی چالاکانی کرێکاری، مامۆستایان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە درێژەی بووە. بەپێی ڕاپۆرتی سەندیکای کرێکارانی شیرکەتی واحیدی ئوتوبووسڕانیی تاران و دەوروبەر پێنج کرێکاری مێترۆی تاران، کە بە نوێنەرایەتیی هاوکارانی خۆیان پەیگیری ئیسلاحاتی سیاسی لە ئەساسنامەی شیرکەتی مێترۆ و باشترکردنی بارودۆخی پێدانی حقوق و مەزایا بوون، تەنیا یەک ڕۆژ بەر لە ڕۆژی جیهانیی کرێکار، لە ماڵی شەخسیی خۆیان لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کران. هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخ و شوێنی ڕاگرتن و تۆمەتەکانیان بڵاو نەکراوەتەوە. لە جەریانی بەڕێوەبردنی مەراسم و کۆبوونەوەکانی ئەوەڵی مانگی مەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار چەندین کەس دەستبەسەرکران کە ژمارەیەکیان هێستا ئازاد نەکراون.
ئێعدامی ئینسانە بێدیفاعەکان لە پشت میلەکانی زیندان لە بارودۆخێکدا ئەنجام دەدرێت کە هێندێک لە ئێعدام کراوان چەندین جار داوای پێداچوونەوەیان بەسەر حوکمەکەیاندا کردبوو بەڵام داواکارییەکەیان لەلایەن دیوانی باڵای ڕژیمەوە ڕەت کرابووەوە. ژمارەیەک لە بەندکراوانی ئێعدامکراو لەم قۆناغەدا تەنانەت ڕێگەیان پێنەدراوە بۆ دوایین جار چاویان بە بنەماڵەکەیان بکەوێت و هەواڵی ئعێدامکرانیان لەلایەن بەرپرسانی زیندان و ناوەندە پەیوەنیدارەکانیشەوە ڕانەگەیەندراوە.
ڕەوتی پەرەسەندنی ئێعدامەکان و ئێعدامی ١٥٤ بەندکراو لەماوەی مانگ و نێوێکدا بە ڕوونی نیشانی دەدات کە دەرکردنی حوکمی ئێعدام لە حکوومەتی کۆماری ئیسلامیدا هیچ پەیوەندییەکی بە بواری یاسایی و قەزاییەوە نییە و کردەوەیەکی سیاسی بۆ پێکهێنانی کەشوهەوای ترس و بۆ ڕێگری کردن لە سەرهەڵدانی قۆناغێکی دیکە لە خۆپیشاندانەکانە. کۆماری ئیسلامی لەماوەی ٤٦ ساڵ دەسەڵاتیدا هەرکات بەرەوڕووی قەیرانی سیاسی و ئابووری و شکست و ناکامی لە سیاسەتە سەرەکییەکانی بووەتەوە، بەئامانجی پێکهێنانی کەشوهەوای ترس و تۆقاندن و بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هەرجۆرە دەنگێکی ناڕەزایەتی لە کۆمەڵگا، دەستی بردووە بۆ ئێعدامی بەکۆمەڵی بەندکراوان، پەرەپێدانی گرتن و سەرکوتی چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، تا لەم ڕێگەوە درێژە بە دەسەڵاتە دژەئینسانییەکەی بدات. ئێستا لە بارودۆخێکدا کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە سەروبەندی تەسلیم بوون لە بەرامبەر فشارەکانی دەوڵەتی ئەمریکا و خواردنەوەی جامی ژەهرێکی دیکەدایە، ڕوو بە خەڵکی ئێران شمشیری لە ڕووەوە بەستووە و لە ئەنجامدانی هیچ جنایەتێک دەست ناپارێزێت.
بەڵام درێژەی مانگرتن و ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان، ناڕەزایەتیی سەرتاسەریی خانەنشینان و مامۆستایان و خوێندکاران و خۆڕاگریی شکۆمەندی ژنان و خەباتی سەنگەر بە سەنگەریان و ئەزموونی سێ ئاخێزی شۆڕشگێڕانە و سەرتاسەری لەماوەی حەوت ساڵی ڕابردوو نیشانی داوە کە ئەم شەپۆلانەی ئێعدام و پەرەپێدانی سەرکوت نەیتوانیوە کۆمەڵگا بترسێنێت و خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش لە بەدواداچوونی داخوازییە ڕەواکانیان پاشگەز بکات. بێگومان مانگرتن و ناڕەزایەتیی ڕۆژانەی کرێکاران، خانەنشینان، مامۆستایان، ژنانی ئازادیخواز و توێژە بێبەشکراوەکانی دیکەی کۆمەڵگا بەهێزێکی زیاترەوە درێژەی دەبێت. لەسەر بەستێنی ئەم مانگرتن و ئیعترازاتە، بابەتی خۆڕێکخستن و ڕێبەری بەهێزتر دەبێت و کرێکاران و زەحمەتکێشانی کۆمەڵگا لەم ڕەوتەدا پێداویستییەکانی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دابین دەکەن.
لە هەلومەرجی ئێستادا تەنیا بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە بەرامبەر زیندانەکان لە سەرتاسەری ئێران و بە پشتیوانی لە بنەماڵەی بەندکراوانی مەحکووم بە ئێعدام لەم کەمپەینەدا، بە بەرزکردنەوەی ئاڵای خەبات لەدژی سزای ئێعدام و بە خواستی ئازادیی بەندکراوانی سیاسی لە ناڕەزایەتییەکانی کرێکاران، مامۆستایان، خانەنشیان و خوێندکاران و لەڕێگەی بەڕێوەبردنی هەڵمەتی سیاسی و تەبلیغی لە دەرەوەی وڵات، لەدژی سزای ئێعدام و بۆ ئازادیی بەندکراوانی سیاسی، دەتوانین ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە درێژەدانی شەپۆلی ئێعدامەکان و لە زیندانی کردنی تێکۆشەرانی سیاسی و چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان ناچار بە پاشەکشە بکەین. پێویستە هاودەنگ لەگەڵ بەندکراوانی سیاسی و کەمپەینی “سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام”، دژبەم تاوانە ڕێکخراوەی دەوڵەت و دژبەم کردەوە نامرۆڤانەیە بوەستینەوە.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
https://alternative-shorai.tv
https://cpiran.org
https://komala.co
https://t.me/peshrawcpiran
www.facebook.com/Peshrawcpiran
www.instagram.com/Peshrawcpirn
https://t.me/KomalaCpiranTv