
لە هەلومەرجێکدا کە سەرانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، لە هەموو لایەکەوە حکوومەتەکەیان لەژێر مەترسیی ڕووخاندا دەبینن، لە بارودۆخێکدا کە هەموو ڕۆژێ لەگەڵ مانگرتن و ناڕەزایەتیی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگا بەرەوڕوون، لە کاتێکدا کە لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا لەلایەن ئەمریکا، ئیسرائیل و دەوڵەتانی یەکیەتیی ئورووپا و شۆرای ئەمنیەت و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان یەکجار خراونەتە ژێر فشاری گەمارۆ و هەڕەشەی شەڕەوە، بە ئامانجی پێکهێنانی کەشوهەوای ترس و تۆقاندن لە کۆمەڵگادا، ماشێنی ئێعدامیان خێراتر کردووەتەوە و لە گیانی زیندانیانی بێدیفاع بەربوون. حاکمانی جنایەتکاری کۆماری ئیسلامی بۆ ڕێگری لە ئاخێزی جەماوەری لە وەها بارودۆخێکدا، ئاڵوز و سەرلێشێواو، بە بیانووی بێبنەما بەندکراوان ئێعدام دەکەن تا بە خەیاڵی خۆیان بە پەرەپێدانی فەزای ترس و وەحشەت بەری پێبگرین.
بەگوێڕەی ڕاپۆرتی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ، حکوومەتی ئیسلامی لەماوەی کەمتر لە یەک مانگی ڕابردوودا لە ئێران زیاتر لە هەزار کەسی ئێعدام کردووە. ڕێژەی ئێعدامەکان بەتایبەت لەدوای شەڕی دوازدە ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل بەشێوەی بەرچاو بەرز بووەتەوە. بێجگەلە ئەوەش لەم ماوەیەدا دەزگا سەرکوتگەرەکانی ڕژیم، بە دەستبەسەرکردن و بانگکردنی هەزاران کەس لە چالاکانی سیاسی لە بوارەکانی خەباتی کرێکاران، ژنان، موعەلیمان، خوێندکاران و بەشەکانی دیکەی کۆمەڵگا، وە بە لێدانی تۆمەتی ساختە و بێبنەمای “کۆبوونەوە و تەبانی لەدژی ئەمنیەتی وڵات”، تەبلیغ دژبە نیزام و هیتر پەروەندەسازییان بۆ کردوون و حوکمی قورسی زیندانی درێژماوە یان ئێعدامیان بۆ دەرکردوون، تا ئەگەر پێویست بوو بەکردەوەی دەربێنن. ئەم ئەحکامە جنایەتکارانەیە پەیوەندیی بە یاساوە نییە و ئەحکامێکی سیاسین. دەرکردنی ئەم حوکمانە نیشانەی لاوازی و زەبوونی و ترسی سەرانی ڕژیمە و تەقەلا و دەست و پێ لێدانە بۆ نەجاتدانی خۆیان.
لەلایەکی دیکەوە هەڵسووکەوتی کارگێڕانی ڕژیم لەگەڵ بەندکراوانی سیاسی کە لەژێر مەترسیی تووش بوون بە ئەنواعی نەخۆشی و تەنانەت مەرگدان، یەکجار نامرۆڤانە و جنایەتکارانەیە. ڕۆژی پێنجشەممە سێی مانگی ڕەزبەر سومەیە ڕەشیدی، کرێکاری خەیاتی و بەندکراوی سیاسی، لە زیندانی قرچەکی وەرامین کە لە زۆر پێشترەوە لە زینداندا نەخۆش کەوتبوو، بەهۆی ڕێگریی بەرپرسانی زیندان لە دەستڕاگەیشتنی سەری وەخت بە خزمەتگوزاریی پزشکی گیانی لەدەستدا. ئەم کرێکارە بەندکراوە کە بەهۆی دەستکورتییەوە نەیتوانیبوو پارێز بگرێت و ئیمکاناتی بۆ وەدیعەی مەرەخەسیی ئیستعلاجی نەبوو، تەنیا بە تۆمەتی نووسینی دروشم لەدژی حکوومەت لە جەریانی بزووتنەوەی ژینادا، لە زینداندا ڕاگیرابوو. ناوبراو ڕۆژی سێشەممە یەکی ڕەزبەر بەهۆی سەختیی نەخۆشییەکەیەوە، لە کاتێکدا کە کەوتبووە کۆماوە، ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا و لەوێ گیانی بەخت کرد. کارمەندانی بێهداریی زیندان لە هەڵسووکەوتێکی نامرۆڤانەدا لە ناردنی سومەیە بۆ نەخۆشخانە ڕێگرییان کردبوو. لەڕاستیدا مەرگی ئەم ژنە کرێکارە تێکۆشەرە هەروەک مەرگی شاهڕۆخ زەمانییەکان، بەکتاش ئابتینەکان و جەمیلە عەزیزی، کە لە ڕێکەوتی ٢٨ی خەرماناندا بەهۆی ناڕەحەتیی دڵەوە لە زیندان گیانی بەختکرد، جۆرێکی تر لە ئێعدام و کوشتنی لەئانقەستی دەوڵەتییە.
لەو نێوەدا سەهمی کوردستان لە ئێعدام و دەستگیری و بانگکردن و زیندان، زیاتر لە ناوچەکانی دیکە بووە. لە هەزار زیندانیی ئێعدامکراو لەو ماوەیەدا، پتر لە ٢٨٠ کەسیان لە شارەکانی کوردستان بەڕێوەچوون. ڕۆژی پێنجشەممە سێی مانگی ڕەزبەر، محەممەد خوسرەوی، بەڕێوەبەری گشتیی زیندانەکانی پارێزگای کوردستان ڕایگەیاند کە: “لە ئێستادا ٦٠ بەندکراوی دیکەی زیندانەکانی پارێزگای کوردستان، بەرەوڕووی حوکمی ئێعدامی قەتعین. هەروەها ٧٩ کەسی دیکەش لە حاڵی تێپەڕاندنی دەورانی مەحکوومییەت و لە چاوەڕوانیی پێڕاگەیشتن بە پەروەندەکەیان دان. ئەم ئامارانە تەنیا هی شارەکانی “پارێزگای کوردستان”ە. لە باقیی شارەکانی کوردستانیش حکوومەتی کۆماری ئیسلامی لە زۆر حاڵەتدا بە بە بێ هیچ دەلیل و بەڵگەیەک و بە تۆمەتی بێبنەما لاوانی گرتووە و ئێعدامی کردوون. ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی خەرمانان، نەجیب ئازرم لەگەڵ چوار بەندکراوی کوردی دیکەی نیشتەجێی ورمێ بە شێوەی نهێنی و بە بێ ئاگاداکردنەوەی پارێزەر و بنەماڵەکانیان لە تەورێز ئێعدام کران. ئێعدامی نەجیب لە کاتێکدا جێبەجێ کرا کە پەروەندەکەی هەروا لە بێدادگاکانی ڕژیمدا لە جەریاندا بوو و قەرار بوو جەلەسەی دادگاییەکەی ڕۆژی ١٢ی مانگی خەزەڵوەر بەڕێوەبچێت. هەڵبەت ئەم ڕسواییانە لە نیزامی کۆماری ئیسلامیدا هەمیشە بووە و بابەتێکی تازە نییە.
هەروەها لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەزگا ئەمیەتییەکانی ڕژیمی قاتڵ و منداڵکوژی کۆماری ئیسلامی، لە کامیاران هێرشیان کردە سەر ماڵی هاووڵاتییان و پێنج تازەلاوی ١٧ ساڵەیان لەبەر چاوی دایک و باوکیان بە لێدان و کوتانەوە دەستبەسەرکرد. هەتا ئێستا لە چارەنووسی ئەم کەسانە هیچ زانیارییەک لەبەردەست نییە و مەعلووم نییە ئەم منداڵانە بە چ تۆمەتێک لەلایەن دەزگای سەرکوتی کۆماری ئیسلامییەوە دەستگیر کراون. بەڵام ڕوونە کە ڕژیمی گەندەڵ و ئیفلاسی کۆماری ئیسلامی لە بارودۆخێکی هێندە قەیراناویدایە کە لە کوردستان لە سێبەری خۆشی دەترسێ. هەر بەم هۆکارە لاوان بەخاتری پەیوەندی و هاتوچۆ یان پۆشینی جلی کوردی دەستبەسەر دەکات و ئەگەر پێویست بێت حوکمی ئێعدام و زیندانی درێژماوەشیان بۆ دەردەکات.
ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە لە بارودۆخی ئێستادا لەلایەکەوە لەژێر فشاری گەمارۆکان و چالاککردنی مێکانیزمی ماشە و هەڕشەی دەستپێکردنەوەی شەڕی ئیسرائیلدایە و لەلایەکی دیکەوە لەگەڵ مانگرتن و ناڕەزایەتیی ڕوو لە گەشەی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کۆمەڵگا لەدژی هەژاری و گرانی و بێکاری و نەبوونی ئیمکاناتی ژیان بەرەوڕووە و لە بەرامبەر داخوازییەکانیاندا زەبوون و بێتوانا و وەرشکستەیە، بۆ نەجاتدانی خۆی و بۆ پێکهێنانی فەزای ئەمنیەتی و ترس و وەحشەت، بە کوشتاری زیندانیان و پەرەپێدانی ئێعدام دەیهەوێ لە گەشەی ئیعترازات و سەرهەڵدانی ئاخێزێکی گشتی و جەماوەری ڕێگری بکات. لە وەها بارودۆخێکدا تەنیا بە پەرەپێدانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، بە سەرتاسەری کردنەوەی مانگرتنی کرێکاری و ناڕەزایەتیی جەماوەری، بە پەرەپێدانی بزووتنەوەی نا بۆ ئێعدام و بە خەباتی یەکگرتووانە بۆ ئازادیی بەندکراوانی سیاسی دەتوانین ڕژیمی جنایەتکاری کۆماری ئیسلامی لە گرتن و هێرش کردنە سەر گیانی زیندانیان ناچار بە پاشەکشە بکەین و ستراتێژی پەرەپێدانی سەرکوتی ڕژیم تووشی شکست بکەین.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە