فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پەرەسەندنی قەیرانی ئاو لە ئێران؛ لە پاساوی حکوومەتییەوە تا حەقیقەتی ئابووریی سیاسی
دوشەممە ۲۲-۰۴-۱۴۰۵   |  13-07-2026

قەیرانی ئاو جارێکی تر بووەتە یەکێک لە گرنگترین کێشە و گرفتەکانی کۆمەڵگەی ئێران. لە کاتێکدا پاساوی حکوومەتی هۆکاری سەرەکیی ئەم دۆخە دەخاتە ئەستۆی کەمبارانی و بەکاربردنی لەڕادەبەدەری هاووڵاتییان، ئەو ڕاپۆرتانەی لە لایەن خودی دامەزراوە دەوڵەتییەکانەوە بڵاو دەکرێنەوە، وێنایەکی تەواو جیاواز دەخەنە ڕوو. دەیان شار و بگرە سەرانسەری وڵات لەگەڵ کەمبوونەوەی یەدەگی ئاو و پەککەوتنی تۆڕەکانی ئاوگەیاندن و کەمئاوی بەرەوڕوون. قەیرانی ئاوی وەرزی هاوین ناکرێت تەنیا بە بەهانەی ساڵێکی کەمباران یان چەند مانگێک گەرمای تاقەتپڕووکێن پەردەپۆش بکرێت. ئەوەی ئەمڕۆ لە شێوەی پرتووکانی ژێرخانەکان و تۆڕەکانی ئاوگەیاندن، پچڕانی بەردەوام، دابەزینی کوالێتیی ئاو، وشکبوونی سەرچاوە خۆجێییەکان و پەرەسەندنی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکاندا خۆی دەنوێنێت، دەرئەنجامی ڕەوتێکە کە بە درێژایی چەندین دەیە کەڵەکە بووە. سەرەڕای ئەمەش، دەسەڵات هێشتاش هەوڵ دەدات کێشەکە تەنیا لە گۆڕانکارییە کەشوهەواییەکان و مۆدێلی بەکاربردنی هاووڵاتییاندا کورت بکاتەوە؛ گێڕانەوەیەک کە قەیرانەکە دەکاتە ڕووداوێکی سروشتی و کاتی، و ڕۆڵی سیاسەتدانان، پێکهاتەی ئابووری و شێوازی بەڕێوەبردنی سەرچاوەکان پەراوێز دەخات.

لە مانگەکانی ڕابردوودا، بەرزبوونەوەی ڕێژەی بارانبارین بەراورد بە ساڵی پێشوو، بووە گرنگترین تەوەری پڕوپاگەندەی ڕاگەیاندنەکانی حکوومەت. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، تێکڕای بارانبارینی وڵات گەیشتووەتە نزیکەی ٢٢٥ ملیمەتر؛ ڕێژەیەک کە لە چاو نزیکەی ١٢٧ ملیمەتری ساڵی ڕابردوو هەڵکشانێکی بەرچاو نیشان دەدات و تەنانەت لە تێکڕای درێژخایەنیش تێپەڕیوە. بەڵام هەر هەمان دەزگا فەرمییەکان، نزیکەی لە هەمان کاتدا، هەواڵی کەمئاوییەکی توندیان لە ٥٨ شار لە ٢٣ پارێزگادا ڕاگەیاند. وەزیری وزەی ڕژێمی ئیسلامیش دۆخی سەرچاوە ئاوییەکانی تارانی بە قەیراناویتریین دۆخی سەدەی ڕابردوو وەسف کرد. هەر ئەم ناتەباییە دەریدەخات کە قەیرانی ئاو، زیاتر لەوەی پاشکۆی بارانبارینی ساڵانە بێت، گرێدراوی شێوازی تاڵانکردنی سەرچاوەکان، مۆدێلی گەشەپێدان لەژێر سایەی پەیوەندییە سەرمایەدارییەکان و پێکهاتەی بەڕێوەبردنی ئاوە.

هەر ئەم مۆدێلە لە شێوازی مامەڵەی حکوومەت لەگەڵ پرسی بەکاربردندا بەدی دەکرێت. لەو حەفتانەدا کە زۆرێک لە شارەکان بەرەوڕووی دابەزینی پەستانی ئاو یان پچڕانی ئاو ببوونەوە، جارێکی دیکە داوا لە هاووڵاتییان کرا کە بەکاربردنیان کەم بکەنەوە. دەستپێوەگرتن لە بەکارهێنانی ئاودا زەروورەتێکی حاشاهەڵنەگرە، بەڵام گۆڕینی بۆ پاساوی سەرەکیی قەیرانەکە، لەگەڵ داتا فەرمییەکاندا یەک ناگرێتەوە. بەپێی ئامارە بەردەستەکان، پشکی بەکاربردنی ناوماڵ تەنیا نزیکەی ٦ تا ٩ لەسەدی تێکڕای بەکاربردنی ئاوی وڵاتە، لە کاتێکدا زیاتر لە ٨٥ لەسەدی سەرچاوەکانی ئاو لە کەرتی کشتوکاڵدا بەکار دەبرێت. بەشێکی بەرچاوی ئەم بەفیڕۆچوونەش دەرئەنجامی شێوازی چاندنی پڕئاو، بەهرەدانەوەی کەم، پرتووکانی تۆڕەکانی ئاودێری و ئەو سیاسەتانەیە کە ساڵانێکە بێ هیچ چاکسازییەک درێژەیان هەیە. لەپاڵ ئەمەشدا، پەرەپێدانی پیشەسازییە ئاوبەرەکان لە ناوچە وشکەکان، گواستنەوەی ئاو لە نێوان حەوزەکان و چڕکردنەوەی سەرمایەگوزاری لە پڕۆژەگەلێکدا کە توانای سروشتیی ناوچەکانیان نادیدە گرتووە، گوشارێکی دوو هێندەیان خستووەتە سەر سەرچاوە سنووردارەکانی ئاو. کەواتە، پێداگریی یەکلایەنە لەسەر بەکاربردنی لەڕادەبەدەری ناوماڵ، زیاتر لەوەی وێنایەکی دروستی قەیرانی ئاو بخاتە ڕوو، هەوڵێکە بۆ گواستنەوەی بەرپرسیارێتی لە ئاستی بڕیاردانی ماکرۆی دامەزراوەکانی ڕژێمی ئیسلامییەوە بۆ سەر ڕەفتاری تاکی بەکاربەر.

ڕەفتاری دامەزراوە و کاربەدەستانی ڕژێمی ئیسلامی بەرانبەر بە پچڕانی ئاوی تارانیش هەر پەیڕەویی لەم لۆژیکە دەکات. هەرچەندە کەمبوونەوەی پەستان و پچڕانی چەند کاتژمێریی ئاو لە زۆرێک لە گەڕەک و ناوچەکان بووەتە ئەزموونی ڕۆژانەی خەڵک، بەڵام وەزارەتی وزەی ڕژێمی ئیسلامی هێشتاش خۆی لە بەکارهێنانی دەستەواژەی «جیرەبەندی» دەبوێرێت و بە نادروستی دەزانێت. بەڵام ئەم چەواشەکارییانە هیچ گۆڕانکارییەک لە واقیعەکەدا دروست ناکەن. کاتێک لە کاتژمێرە دیاریکراوەکاندا ئاو بەردەست نییە یان پەستانەکەی هێندە دابەزیوە کە نهۆمەکانی سەرەوەی باڵەخانەکان عەمەلەن ئاویان پێ ناگات، جیاوازیی نێوان «بەڕێوەبردنی پەستان» و «جیرەبەندی»، زیاتر لەوەی ماهییەتێکی تەکنیكیی هەبێت، بەشێکە لە بەڕێوەبردنی سیاسیی ڕای گشتی.

چاوخشاندنێک بە دۆخی پارێزگا جیاوازەکاندا، ڕەهەندە پێکهاتەییەکانی قەیرانی ئاو ڕوونتر دەکاتەوە. لە خۆراسانی باشوور، دوای ٢٦ ساڵ وشکەساڵی، ٩ شار و ٢٧ کۆمەڵگەی ئاوگەیاندن بەرەوڕووی کەمئاوییەکی توند بوونەتەوە و تەنیا نزیکەی ٣٠ لەسەدی ئەمبارەکانی ئاوی بیرجەند ماوەتەوە. لە ئەهواز، لێڵبوونی ئاوی ماڵان جارێکی تر خەڵکی ناچار کردووە پەنا بۆ سەرچاوەی جێگرەوە ببەن. لە پارێزگای سمنانیش کەمئاوی لە ئاستی پرسێکی تەکنیکی تێپەڕیوە و بووەتە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی بەردەوامی جووتیاران، ئاژەڵداران و دانیشتووانی ناوچەکە. ئەم نموونانە نیشانی دەدەن کە قەیرانی ئاو، ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر بژێوی، بەرهەمهێنان، تەندروستیی گشتی و سەقامگیریی کۆمەڵایەتی. قەیرانی ئاو ناکرێت بەدەر لە پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی زاڵ و شێوازی ڕێکخستنی ئابووری شیکاری بۆ بکرێت. لە هەر سیستەمێکی ئابووریدا، شێوازی کەڵکوەرگرتن لە سروشت، پاشکۆی ئەو لۆژیکەیە کە بەسەر بەرهەمهێنان و کەڵەکەبوونی سەرمایەدا زاڵە. لە ئێراندا تەرخانکردنی سەرچاوەکانی ئاو، شوێنی نیشتەجێکردنی پیشەسازییەکان، سیاسەتە کشتوکاڵییەکان، جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی گواستنەوەی ئاو و لەپێشینەبوونی سەرمایەگوزارییەکان، ناکرێت تەنیا بە بڕیارگەلێکی تەکنیکی هەژمار بکرێن.

ئەم بڕیارانە لەژێر سایەی حوکمڕانیی ئیسلامیی سەرمایەداران دراون، کە بە درێژایی چەندین دەیە، قازانج‌پەرستیی خستووەتە پێش توانستە ژینگەییەکان (ئیکۆلۆژییەکان). دەرئەنجامی ئەم ڕەوتە، دابەزینی بەردەوامی یەدەگی ئاوی ژێرزەوی، ڕۆچوونی بەرفراوانی زەوی، وشکبوونی زۆنگاوەکان، وێرانبوونی حەوزە ئاوییەکان و پەرەسەندنی ململانێی نێوان ناوچە و کەرتە جیاوازەکان لەسەر سەرچاوە سنووردارەکانی ئاو بووە. لەم چوارچێوەیەدا، پرسەکە تەنیا بێ‌کفایەتیی بەڕێوەبردن نییە، بەڵکوو پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە بۆچی سەرەڕای دەیان ساڵ هۆشداریی شارەزایان سەبارەت بە دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی، شێوازی چاندنی پڕئاو، دامەزراندنی پیشەسازییە ئاوبەرەکان لە ناوچە وشکەکان و دەرهێنانی لەڕادەبەدەری سەرچاوە ژێرزەوییەکان، هێشتاش سیاسەتە بنەڕەتییەکان هیچ گۆڕانکارییەکیان بەسەردا نەهاتووە؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێ سەرنج بخەینە سەر بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی چینی دەسەڵاتدار. لەم ڕوانگەیەوە، قەیرانی ئاو، دەرئەنجامی لۆژیکیی ئەو پەیوەندییە چینایەتییانەیە کە تێیدا باجە ژینگەیی و کۆمەڵایەتییەکان پەراوێز خراون و قازانجە کورتخایەنەکان بەسەر سەقامگیریی درێژخایەندا زاڵ بوون. گەشەپێدانی نایەکسانی ناوچەییش بەشێکە لە هەمان ڕەوت. زۆرێک لەو پارێزگایانەی کە ئەمڕۆ بەرەوڕووی توندترین قەیرانی کەمئاوی بوونەتەوە، لە هەمان کاتدا کەمترین ئاستی بودجەیان لە بواری ژێرخانەکانی ئاوگەیاندن، نۆژەنکردنەوەی تۆڕە پرتووکاوەکان و بەڕێوەبردنی سەرچاوەکان بۆ تەرخان کراوە. لە بەرانبەردا، بەشێکی گرنگی بودجە و سەرمایەگوزارییەکان تەرخان کراوە بۆ پڕۆژەگەلێک کە سەقامگیریی ژینگەیییان هەر لە سەرەتاوە جێگەی گومان بووە. دەرهاوێشتەی ئەم سیاسەتانەش، خستنی قورسایی باجی قەیرانەکە بووە بۆ سەر شانی توێژە چەوساوەکان، کرێکاران، جووتیاران و دانیشتووانی ناوچە بێبەشەکانی ئێران. ئەو جەماوەرەی لە بڕیارداندا هیچ ڕۆڵێکیان نەبووە، بەڵام یەکەمین قوربانیانی کەمئاوی، دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنان و دابەزینی کوالێتیی خزمەتگوزارییە گشتییەکانن.