
قەیرانی ئابووری و ئیفلاسی حکوومەتی ئیسلامی، مەدرەسەکان، زانکۆکان و ناوەندەکانی دیکەی پەروەردەشی گرتووەتەوە. هاتنە خواری ڕێژەی بەرچاوی بوودجەی ئەم ناوەندانە لەلایەن ڕژیمەوە، زۆرێک لە بەرنامەکانی پەروەردە و دابینکردنی ئیمکاناتی پەروەردەیی ڕاگرتووە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئەم بوارە گرینگە کۆمەڵایەتییە، واتە پەروەردە و بارهێنانی زیاتر لە ڕابردوو کاڵایی و چینایەتی کردووەتەوە. لە ئاکامدا زۆرێک لە بنەماڵە کرێکارییەکان و توێژە هەژارەکانی کۆمەڵگا توانای دابینکردنی خەرجی یەکجار زۆری خوێندنی منداڵەکانیان لەدەست داوە. ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی خەرمانان عەلیڕەزا کازمی وەزیری پەروەردە و بارهێنانی کابینەی پزیشکیان مودەعی بوو کە: “بەپێی مەدارک و بەڵگەی ڕەسمی وەزارەتی پەروەردە، ژمارەی منداڵانی بەجێماو لە خوێندن لە ئێران گەیشتووەتە ٩٥٠ هەزار کەس و تەنیا ٣%یان بەهۆی بارودۆخی نالەباری پەروەردەییەوە نەیانتوانیوە درێژە بە خوێندن بدەن”. لە هەواڵێکی هاوشێوەدا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای قەزوینیش دانی بەوە دانا کە ئەمساڵ زیاتر لە ٥ هەزار و ٥٠٠ خوێندکاری ئەم پارێزگایە لە قۆناغی سەرەتایی و مامناوەنددا دەستیان لە خوێندن هەڵگرتووە.
وەزیری پەروەردە و بارهێنانی ڕژیم، بێشەرمانە دەست لە خوێندن هەڵگرتنی خوێندکارانی بەهۆی هەژاری بنەماڵەوە، ڕەت کردەوە. هەڵبەت ئەولەوییەتی کاری وەزیری کۆنەپەرستی پەروەردەی ڕژیمی ئیسلامی دابین کردنی ئیمکاناتی پێویست بۆ گەڕاندنەوەی ئەم منداڵانە بۆ مەدرەسە و خوێندن نییە. بەڵکوو هەروەک خۆی لە قسەکانیدا تەئکیدی لەسەر کرد “بەڕێوەبردنی بەرنامەی مەعرەفەتی بۆ نموونە پەرەپێدان بە نوێژ کردن و قورئان خوێندنەوە، بەشێک لە ئەولەوییەتەکانی ئەم وەزارەتخانەیە”. ڕاگەیاندنی ئەم ئامارە ساختەیە سەبارەت منداڵانی بەجێماو لە خوێندن لەلایەن وەزارەتی پەروردەوە لە کاتێکدایە کە بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی مەجلیسی ڕژیم، لە ساڵی ١٤٠٢دا، ١٥ لەسەد لە جەمعیەتی منداڵان لە ئێران منداڵانی کار بوون کە ١٠%یان بەهۆی هەژارییەوە ئیمکانی درێژەدان بە خوێندنیان نەبووە. هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە: “ئەم ئامارە بەهۆی هەژاریی بنەماڵەکانەوە لە حاڵی پەرەسەندندایە”. بەم ئیعتبارە، لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا کە قەیرانی ئابووریی ڕژیم بەرینتر و قووڵتر بووەتەوە و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە ئیعترافی پزشکیان، تەنانەت توانای پێدانی حقووقی کارمەندانی خۆی نییە، ئاماری منداڵانی کار و منداڵانی بەجێماو لە خوێندن چەندین بەرابەر زیاتر لە ئاماری جەنابی وەزیرە. لە ساڵی ١٤٠٣دا ناوەندە غەیرە ڕەسمییەکانی ئامار، ژمارەی منداڵانی کار لە ئێرانیان زیاتر لە ٧ ملیۆن کەس ڕاگەیاند.
بەڵام ئەوە تەنیا خوێندکارانی مەدرەسەکان نین کە بەهۆی نەبوونی ئیمکانی ماڵییەوە ناتوانن درێژە بە خوێندن بدەن، بەڵکوو لە ئاستی زانکۆکانیشدا خوێندکارانی بەشە جۆراوجۆرەکان بەهۆی چەند بەرابەر بوونی کرێی زانکۆکان و ناوەندەکانی پەروەردە لەژێر فشارێکی زۆردان. کۆماری ئیسلامیی سەرمایە بەهۆی وەرشکستەیی و ئیفلاسی ئابووری، لە بەشی دەوڵەتی و خسووسیدا، خوێندنیشی کاڵایی کردووە و کرێی زانکۆکانی چەند بەرابەر کردووە و درێژەدانی خوێندنی بۆ خوێندکاران دژوارتر کردووەتەوە. ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی مانگی خەرمانان لە درێژەی ڕەوتی چوونەسەری بەرچاوی کرێی زانکۆکان، شەهریەی خوێندکارانی پزیشکیی زانکۆی بەهەشتی لەچاو ساڵی ڕابردوو چوار بەرابەر زیادی کرد و گەیشتە ١٤٥ تا ١٧٠ ملیۆن تمەن. لەم ڕاستایەدا، ڕۆژی ٨ی مانگی خەرمانان هێندێک لە میدیاکان لەسەر زاری خوێندکارانی زانکۆی ئازاد ڕایانگەیاند کە شەهریەی سابتی هێندێک لە ڕشتەکانی زانکۆی ئازاد تا پێنج بەرابەر زیاد کراوە. ئەوەش لە کاتێکدایە کە لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوودا وەزیری علوومی ڕژیم، چوونەسەری کرێی زانکۆی ئازاد لە ٣٠ ملیۆن تمەنەوە بۆ ١٠٠ ملیۆن تمەنی بە شۆکی ئابووری بۆ بنەماڵەکان ناو بردبوو.
بەرزبوونەوەی بەرچاوی کرێی خوێندنی زانکۆکان ناڕەزایەتی خوێندکارانی لێکەوتووەتەوە. بە گوتەی خوێندکاران، “فەزای ڕۆشنبیری کۆمەڵگە وێران بووە و زانکۆکان بوونەتە دامەزراوەی ئابووری کە تێیدا خوێندن وەک کاڵایەک دەفرۆشرێت. زانکۆ بووەتە شوێنی منداڵە دەوڵەتەمەندان و زۆرێک لە ئاغازادەکان لە زانکۆکاندا دەخوێنن”. هاوکات لەگەڵ زیادکردنی تەعرەفەی حکوومەت، خوێندنگا تەکنیکی و پیشەییەکانیش لە لێواری داخستنیدان. هەروەها لە سۆشیال میدیادا چەندین بانگەواز بۆ بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە تاران و شارەکانی دیکە لە ڕۆژی یەکشەممە ٦ی خەرمانان لە ژێر دروشمی “نا بۆ تەعرەفە ئامووزشییەکان” بڵاوکراوەتەوە.
کەمکردنەوە و نەبوونی تەرخانکردنی بودجەی پێویست بۆ دامەزراوە پەروەردەییەکان لەلایەن ڕژیمەوە لە کاتێکدایە کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی پاراستنی دەسەڵاتەکەیان، بودجەی بەرینی بوارەکانی جەهل و خورافەی ئایینی و ناوەندەکانی سەرکوتی ئەمنی و نیزامییان چەند سەد لەسەد زیاد کردووە. تا هەر جۆرە ناڕەزایەتییەک لە بەرامبەر هەژاری و نەهامەتی و دزیی ڕێبەران و کارگێڕانی ڕژیم سەرکوت بکەن. بەڵام ئەحکامی دەرکراو لەدژی خوێندکاران و مامۆستایانی تێکۆشەر لەلایەن دەزگای تاوانکاری قەزایی، ئەگەر زیندانەکانی ڕژیمی پڕ کردووە لە ئینسانی تێکۆشەر، بەڵام لە بەرامبەردا ئەم ئینسانە خەباتکارانە تەنانەت زیندانەکانیشیان کردووەتە مەیدانی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ڕژیمی گەندەڵی ئیسلامی و هەر ئەم بابەتەش عیزەت و ئیحترامی کۆمەڵایەتیی زیندانیان و نەفرەت و بێزاریی لە حکوومەتیی ئیسلامی زیاتر کردووە. ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی خەرمانان ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایان لە بەرامبەر دادگای ناوەندیی کەرەج کۆبوونەوە تا ئۆستاد مەسعوود فەرهیختە لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی پیشەیی مامۆستایان کە بە تۆمەتی بێبنمای ” کۆبوونەوە و تەبانی لەدژی ئەمنیەتی ناوخۆیی و چالاکی تەبلیغی دژبە نیزام”، لەلایەن بێدادگای ڕژیمەوە بە چوار ساڵ زیندانی مەحکووم کراوە، بە عیززەت و سەرئەفرازییەوە بەڕێ بکەن.
بەڵام بێگومان، سەرەڕای سەرکوتی ڕژیمی داماوی کۆماری ئیسلامی، بزووتنەوەی خوێندکاری و بزووتنەوەی مامۆستایانیش هەروەک بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە هەتا وەدیهێنانی داخوازییەکانیان لە خەبات و ئیعتراز بەردەوام دەبن و فەزای سەرکوت و هەڕەشە و زیندان چاوترسێنیان ناکات.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە