فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پەرەسەندنی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان لە هەلومەرجی شەڕ و توندبوونەوەی سەرکوتدا
سێشەممە ۳۰-۰۴-۱۴۰۵   |  21-07-2026

بەردەوامبوونی شەپۆلی نوێی هێرشە سەربازییەکانی نێوان دەوڵەتی ئەمریکا و ڕژێمی کۆماری ئیسلامی، نیشاندەری شکست و دەستەوەستانیی هەردوو بەرەی ئەم شەڕە ئیمپریالیستی و کۆنەپەرستانەیە لە کۆتاییهێنان بە شەڕ و دامەزراندنی “ئاشتی”دا. ئەگەر لە ڕۆژانی یەکەمی ئەم شەپۆلە نوێیەدا، هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا تەنها لە ناوەندەکانی فەرماندەیی، بنکە ڕاداری و مووشەکییەکان، بەرگریی ئاسمانی و سەکۆکانی هەڵدانی مووشەکی ڕژێم لە شارەکانی پەراوێزی گەرووی هورمز و دەریای عوماندا کورت ببووەوە، ئەوا لە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی پووشپەڕەوە، هێرشە سەربازییە یەک لەدوای یەکەکانی ئەمریکا، ژێرخانەکان، بەندەرەکان، لەنگەرگەکانی گواستنەوە، ناوەندەکانی پەیوەندیی ڕێگاوبان، هێڵی ئاسن و پردەکانی لە هەندێک شاری قوڵایی ئێرانیشدا تێکشکاندووە و زیانێکی بەرفراوانی لێ کەوتووەتەوە. لە بەرامبەریشدا، سوپای پاسداران و ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی بە هێرشی درۆنی و مووشەکی بۆ سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی هورمز و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و هەندێک دامەزراوەی ژێرخانیی وڵاتانی پەراوێزی کەنداو، لەوانە کوەیت، بەحرەین، قەتەر، ئوردن و تەنانەت عەرەبستانی سعوودی و هەرێمی کوردستانیش، ئەگەری پەرەسەندن و فراوانبوونی پانتایی شەڕەکەیان زیاتر کردووە.

بە درێژەکێشانی ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە و کەمبوونەوەی هەناردەی نەوتی ئێران، قەیرانی ئابووریی ڕژێم قووڵتر بووەتەوە، نرخی هەر دۆلارێک بە خێرایی لە بەرزبوونەوەدایە و سنووری ٢٠٠ هەزار تمەنیشی تێپەڕاندووە. بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بۆ جەماوەری خەڵک، بە واتای بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و گرانبوونی سات بە ساتی نرخەکانە لە بازاڕدا و بە واتای دابەزینی زیاتری توانای کڕینی کرێکاران و توێژە بێبەش و کەم‌دەرامەتەکانی کۆمەڵگا و پەرەسەندنی هەژاری و برسیەتییە لە ئێراندا، ئەمەش بەرگەگرتنی ئەم بارودۆخە پڕ نەهامەتییەی بۆیان دژوارتر کردووە. لەم ڕوانگەیەوە، لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا سەرباری توندبوونەوەی کەشوهەوای شەڕ و پەرەسەندنی سەرکوت و لەسێدارەدانەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش دژی بێکاری، هەژاری، برسیەتی و سەرکوت پەرەی سەندووە. حکوومەتی مایەپووچ و تاوانکاری ئیسلامیش لە بەرامبەر ئەم ناڕەزایەتییانەدا شمشێری لە ڕوو بەستووە و بە پەرەپێدانی لەسێدارەدان لە زیندانەکان و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان لە کۆمەڵگادا، هەوڵ دەدات کەشی ترس و تۆقاندن بەسەر کۆمەڵگادا بسەپێنێت.

هەر لەم ڕووەوە بە دەستپێکردنی شەپۆلی نوێی شەڕ، موحسینی ئەژەیی، سەرۆکی جەلادی دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامی، فەرمانی داوە کە پەلە بکرێت لە یەکلاکردنەوەی دۆسیەی دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بزووتنەوەی ژینا و بەتایبەت ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ و دەرکردنی سزای لەسێدارەدان و زیندانیی درێژخایەن بۆیان. هەر لەم پەیوەندییەدا، عەلی ئەسغەر جەهانگیر، وتەبێژی دەزگای قەزایی، ڕۆژی هەینی ٢٦ی پووشپەڕ، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا هۆشداریی دا کە: “هەر دەنگێک ببێتە هۆی لاوازکردنی دەزگای جێبەجێکردن، یاسادانان یان دادوەریی نیزام، دەنگی دوژمنە و دەزگای قەزایی ئەرکی یاسایی خۆی لەم بوارەدا بەجێ دێنێت، چونکە پاراستنی یەکڕیزیی «نەتەوەیی» لە هێڵە سوورەکانمانە و نابێت هیچ درزی تێبکەوێت.” لەم نێوەندەدا، دەزگای سەرکوتی حکوومەتی ئیسلامی شەپۆلێک لە دەرکردنی سزا و جێبەجێکردنی لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسیی وەڕێخستووە و لە کاتی دەستپێکردنی شەپۆلی نوێی شەڕ لەگەڵ دەوڵەتی ئەمریکاوە تا ئێستا، زیاتر لە ٥٠ کەس لە زیندانیانی سیاسیی لەسێدارە داوە. لە درێژەی ئەم تاوانانەدا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی پووشپەڕ، دوو کەسی تر لە زیندانیانی سیاسیی دەستبەسەرکراوی بەفرانباری ١٤٠٤یان لە زیندانی دەستگردی ئەسفەهان لەسێدارە دا و ١٠ کەسی دیکەشیان بۆ جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان گواستەوە بۆ ژوورە تاکەکەسییەکانی هەمان زیندان.

بێگومان ئەم تاوانانەی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی و بێزارییەکی زۆریش بووەتەوە. زیندانیانی سیاسی لە زیندانی قزلحەساری کەرەج لە ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕەوە دەستیان داوەتە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و خواردنیان ڕەت کردووەتەوە. ئەوان بە بەرزکردنەوەی دروشم و نووسراوەی “نا بۆ لەسێدارەدان” درێژەیان بە مانگرتنەکەیان داوە و بەداخەوە باری تەندروستییان بەرەو خراپبوون دەچێت. بنەماڵەی ژمارەیەک لەو زیندانیانەی سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی پووشپەڕ لە بەردەم زیندانی قزلحەساری کەرەج کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان پێک هێنا و داوای هەڵوەشاندنەوەی سزاکانیان کرد، کە ڕووبەڕووی پەلاماری دڕندانەی هێزە سەرکوتگەر و بەکرێگیراوەکانی ڕژێم بوونەوە.

سەرباری ئەمانەش، قەدەغەکردنی لەسێدارەدان و داواکاریی ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی، بووەتە یەکێک لە خواستە بنەڕەتییەکانی ناو مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانی کرێکاران و توێژە چەوساوەکانی دیکەی کۆمەڵگا. ئەنجومەنی هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانیش ڕۆژی ٢٣ی پووشپەڕ بە دەرکردنی بەیاننامەیەک ناڕەزایەتیی خۆی بەرامبەر بە توندبوونەوەی دەرکردنی سزای زیندان بۆ چالاکانی پیشەییی مامۆستایان دەربڕی. بەڵام پەنابردنی حکوومەتی ئیسلامی بۆ ئامرازی لەسێدارەدان بە ئامانجی دروستکردنی کەشی ترس و تۆقاندن لە کۆمەڵگا و ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان، شتێکی تازە نییە. حکوومەتی ئیسلامی لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا هەر کاتێک لە شەڕ یان لە پێشبردنی ستراتیژی و بەرنامە گەورەکانیدا ڕووبەڕووی شکست و ناکامی بووەتەوە، دەستی داوەتە کوشتار و لەسێدارەدانی زیندانیانی بێ‌دەرەتان و بەتایبەت زیندانیانی سیاسی، تاوەکوو بەم چەشنە پێش بە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان بگرێت.

لە لایەکی دیکەوە، مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش دژی شەڕ و بۆ وەدیهێنانی خواست و داواکارییەکانیان هەروا بەردەوامە و ڕوو لە پەرەسەندنە. لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا شاهیدی مانگرتن و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کرێکارانی کانی مسی درەخشانی تەختی گومبەد، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کرێکارانی مسی سیرجان و ئێران بەرەکی قەزوین، دوو یەکەی بەرهەمهێنان لە کرمان و قەزوین، کرێکارانی شارەوانیی بەندەر لەنگە، و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی شۆفێرانی تاکسی لە تاران لە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوودا بووین، کە سەرجەمیان ڕووبەڕووی پەلاماری هێزە ئەمنییەکانی ڕژێم بوونەوە. خانەنشینانی تەئمینی ئیجتیماعیش لە درێژەی “یەکشەممەکانی ناڕەزایەتی”دا ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی پووشپەڕی ١٤٠٥ لە چەند شاری وڵات، لەوانە شووش، ئەهواز و تاران، کۆبوونەوە و ڕێپێوانی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد. خانەنشینانی ناڕازی، دژی هەڵاوسان و گرانی، حەقدەستی یەکجار کەم، هەژاری، هەڵاواردن، بەکاڵاکردنی دەرمان و پەروەردە، گەندەڵی و تاڵانکردنی سەرچاوە گشتییەکان، و هەروەها دژی شەڕانگێزی دروشمیان دا. ئەم ناڕەزایەتییانەش تەنیا پیشەیی و ئابووری نەبوون، بەڵکوو ناوەڕۆکی دروشم و خواست و داواکارییەکانیان سیاسی و دژی قەیران، دژایەتیکردنی شەڕ، گەندەڵی، دزی و ڕانتخۆری لە سەرجەم ئۆرگانە حکوومییەکان و هەروەها دژایەتیکردنی لەسێدارەدان بووە.

پەرەسەندنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان دەتوانن زەمینەیەکی گونجاو بن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ڕێکخراوبوون، هەوڵدان بۆ پێکهێنانی ڕێبەرایەتییەکی سەرتاسەری لە ڕێگەی لێکگرێدانی ڕێبەرانی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە بە یەکترەوە، و هەروەها فراوانکردنی ئاسۆی ڕزگاریخوازانەی سۆسیالیستی، و بە یەک کەلامدا، پێکهێنانی پێداویستییەکانی ڕووخاندنی حکوومەتی ئیسلامی و کردنەوەی ئاسۆی ئازادی، یەکسانی و خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی بەڕووی جەماوەری خەڵکی ئێراندا.