فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پەرەسەندنی هەژاریی موتڵەق و کارەساتی فرۆشتنی ئەندامی لەش لە ئێران
شەممە ۱۴-۰۵-۱۴۰۲   |  05-08-2023
پەرەسەندنی هەژاریی موتڵەق و کارەساتی فرۆشتنی ئەندامی لەش لە ئێران

ڕۆژی چوارشەممە ١١ی مانگی گەلاوێژ موحسین پیرهادی جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی تەلفیقی مەجلیسی کۆنەپەرست وێڕای دانپێدانان بە پەرەسەندنی هەژاری ڕایگەیاند: ”ژمارەی دانیشتووانی ژێر هێڵی هەژاری لە ئێران گەیشتووەتە ٢٨ ملیۆن کەس. تەنها لە یەک ساڵی ڕابردوودا جەمعیەتی هەژاری ئێران دوو بەرابەر بووە. بەهای پارەی وڵات نیوە بووە و لەسەدا ٤٥ی خەڵک بەرەوڕووی هەژاریی خۆراکن”. بەم حاڵەوە ئەم کارگێڕەی ڕژیمی ئیسلامی ویستی پاکانە بۆ دەوڵەتی ڕەئیسیی قاتڵ بکات و وتی: ”بەڵام ئەم بارودۆخە بەتەنها ئاکامی سیاسەتەکانی دوو سێ ساڵی ڕابردوو نییە. دیتنەوەی خەتابار و هۆکاری فشاری مەعیشەتی بۆسەر هاوڵاتییان پرسی لاوەکی و پڕوپاگەندای میدیاییە”. هەر لەم پێوەندەدا ڕۆژی سێشەممە ١٠ی مانگی گەلاوێژیش پاسدار قالیباف سەرۆکی مەجلیس وێڕای دانپێدانان بە شکست و دەرماندەیی حکوومەت وتی: ”لەئێستادا ئەگەر ژن و پیاوێک ماڵیان نەبێت، پێکەوە دوو شیفتیش کار بکەن ناتوانن کرێی ماڵ بدەن. وڵات پێویستی بە بڕیاری بوێرانە و سەخت و تاڵە. پێویستە بڕیار بدەین و پێبەندی بڕیارەکانیشمان بین”. لە وەها بارودۆخێکدا مەقاماتی تیمی ئابووریی دەوڵەت و خودی ڕەئیسی بێشەرمانە و فریوکارانە باس لە گەشەی ئابووری لەڕێگەی جەزبی سەرمایەگوزارییەوە دەکەن.

بەڵام لە لایەکی دیکەوە بە پێی بۆچوونی بەشێک لە ئابووریناسان، ئێران بەرەوڕووی هەژاری و نەهامەتیی بەرین بووەتەوە و لەو باوەڕەدان کە ژیانی نزیکەی ٥٠ لەسەدی خەڵکی ئێران گەیشتووەتە ژێر هێڵی هەژاری و لە لانیکەمەکانی ژیانێکی ئینسانی بێبەرین. عەلی ڕەبیعی وەزیری کاری دەوڵەتی ڕووحانیش ڕایگەیاند: ”کاتێک بەپێی ئامارە فەرمییەکان لەسەدا ٣٠ی کۆمەڵگا لە تەڵەی هەژاریدا گرفتارە، بەو مانایەیە کە ئەم مەسەلەیە زۆر بونیادیترە”. ئەم نیگەرانییەی ڕەبیعی بەمانای بنبەست و کۆتایی تەمەنی دەسەڵاتی ئیسلامییە. هەڵبەت بۆ حاکمان و سەرمایەداران و دەست و پێوەندەکانیان، هۆکاری ئەم هەمووە کێشە مەعیشەتییە، پرسی لاوەکی و تەبلیغاتی میدیاییە. بەڵام بۆ جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگا، قەیرانی ژیان و گوزەران هێندە ڕیشەیی و بونیادییە کە هەموو بنەماکانی دەسەڵاتی ڕژیم ژێرورژوور دەکات و پرسی سەرەکی و بەپەلەی کۆمەڵگایە.

هەژاری لە ئێران لەژێر دەسەڵاتی ڕژیمی گەندەەڵی ئیسلامیدا گەیشتووەتە ئاستێک کە خەڵک بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانیان بەشێوەی بەرچاو ڕوویان کردووەتە فرۆشتنی ئەندامانی لەش. لێرەشدا سەروکەلەی باندە قازانجپەرستە مافییەکانی سەربە ڕژیم پەیدا دەبن و وەحشیانە لە بازاڕی ڕەشدا دەست دەکەن بە کڕین و فرۆشتنی ئەندامانی جەستەی مرۆڤ. ئەوان لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەتایبەت لە ئینستاگرام و تێلێگرام وەک واستەی کڕین و فرۆشتنی ئەندامانی جەستە، پارە لەم کەسانە وەردەگرن. ئەم تاوانکارانە، ئەندامانی جەستە یان خودی کەسانی فرۆشیار بۆ فرۆشتنی ئەندامی جەستە دەبەن بۆ وڵاتانی دیکەی وەک عێراق و بە هاودەستیی ئەحزاب و جەریاناتی ئیسلامیی سەربە ڕژیم لەوێ، بەئاسانی موعامەلە لەسەر ئەندامی جەستەی ئینسانە موحتاجەکان ئەنجام دەکەن و خۆیان بە دۆلار پارە وەردەگرن و تمەنی بێ ئەرزشیش دەدەنەوە بە کەسانی فرۆشیار. ڕۆژی سێشەممە ١٠ی مانگی گەلاوێژ ڕۆژنامەکانی جەهانی سەنعەت و وێبسایتی گۆستەرێش نیوز بەلەبەرچاوگرتنی زۆربوونی ئاگادارییەکانی فرۆشیتنی ئەندامانی جەستە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لەئاستی شارەکان، باسیان لەم بابەتە کرد. بڵاوکراوە ی”بزنێز ئینسایدێر” یەکێک لە میدیا بازرگانییەکانی ئەمریکاش لە ڕاپۆرتێکدا نووسیی کە هەژاریی خەڵکی ئێران گەیشتووەتە ئاستێک کە ئەندامانی لەشیان بۆ نموونە ڕەشێنەی چاو، گورچیلە و جەرگیان بۆ دانەوەی قەرزەکانیان دەفرۆشن.

بەهۆی تەوەحوش و بەربەریەتی ڕژیمی ئیسلامیی سەرمایە ئەوە تەنها هێزی کار نییە کە دەبێ بە نرخێکی هەرزان بفرۆشرێ، بەڵکوو کار گەیشتووەتە جێیەک کە هێندێک کەس بۆ دابینکردنی لانیکەمەکانی ژیانی خۆیان و بنەماڵەیان حازرن ئەندامێکی جەستەی خۆیان بفرۆشن. لە ئاگادارییەکانیاندا بێجگەلە گورچیلە حازرن ڕەشێنەی چاو، مۆخی ئێسک، بەشێک لە جەرگ، سپێرم و تۆخمەکیش بفرۆشن. ئەمە ڕسوایی و پەڵەیەکی شەرمەزاریی دیکەیە بۆ حاکمانی جەنایەتکاری جمهوریی ئیسلامی کە بێشەرمانە و ڕیاکارانە فرۆشی ئەندامانی جەستەی مرۆڤ لە ڕووی هەژاری و برسیەتییەوە، ” ئێهدا و بەخشینی گورچیلە” ناولێدەنێن.

ئەم کارەساتانە لە بارودۆخێکدا ڕۆژانە لە ئێران ڕوو دەدەن کە حکوومەتی گەندەڵ و داماوی کۆماری ئیسلامی بەرهەمی کار و ڕەنجی کرێکاران و خەڵکی ستەمدیدەی ئێران لەپێناو ئامانجی دژەئینسانی و مانەوەی دەسەڵاتەکەی بەفیڕۆ دەدات. ئەم ڕژیمە جەنایەتکارە حازر نییە سەروەت و ئیمکاناتی کۆمەڵگا بۆ دابینکردنی کار و بژێوی ئەم ئینسانانە تەرخان بکات. بەڵام سەدان ملیارد دۆلار لەپێاو بەرەوپێشچوونی سیاسەتی کۆنەپەرستانە و زێدەخوازانە بۆ ئەحزاب و جەریاناتی دەستسازی خۆی لەوانە حیزبوڵڵای لوبنان و حەماس لە غەزە، حەشدی شەعبی لە عێراق و حوسییەکانی یەمەن خەرج دەکات. سەدان ملیارد لە بەرهەمی کار و زەحمەتی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی ئێران بۆ بەرنامەی بێ ئاکامی ئەتۆمی تەرخان دەکات تا بەخەیاڵی خۆی مانەوەی دەسەڵاتەکەی زەمانەت بکات. سەدان ملیارد دۆلار دەکاتە خەرجی بەهێزکردنی سپای پاسداران و بەسیج و تەقویەتی هێزە سەرکوتگەرەکانی تر تا لە ئەگەری سەرهەڵدانی ڕاپەڕینێکی کۆمەڵایەتی لە گیانی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و ستەملێکراوی ئێرانیان بەردا. بەپێی بەڵگە و فایلە هەککراوەکانی ناوەندی سەرۆککۆماری، فەرماندەکانی سپای پاسداران و هێزە ئینتزامییەکان لە کۆبوونەوە نهێنییەکانیاندا داوایان لە ڕەئیسیی قاتڵ کردووە کە دەیان هەزار ملیارد تمەن بودجەی زیاتر بۆ سەرکوت و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ شەپۆلێکی دیکەی ناڕەزایەتیی خەڵک تەرخان بکەن. لەماوەی مانگەکانی ڕابردوودا بودجەی هێزی سەرکوتی سپا، بەسیج و دەزگای قەزایی لە ٥٠وە بۆ ١٠٠ لەسەد زیاد کراوە. لەم پێوەندەدا مەجلسی کۆنەپەرستی ئیسلامیش دەیان ملیۆن دۆلاری بۆ دابینکردنی بودجەی کڕینی ئامراز و کەرەستەی سەرکوت بۆ هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم پەسندکردووە.

هەموو ئەم کردەوانە نیشانەی ترس و خۆفی دەسەڵاتی ئیسلامییە لە سەرهەڵدانی شەپۆلێکی نوێ لە مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاران و ئاخێزی خەڵکی بێبەشی کۆمەڵگا لە ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەرانسەریدا. بێگومان ئەم ئیقدامانە ناتوانێ ڕژیمی دژەئینسان و پرتووکاوی ئیسلامیی سەرمایەداری لە ئاگری تووڕەیی خەڵک دەرباز بکات و سەرەنجام ئەم ڕژیمە دەبێ بخرێتە زبڵدانی مێژووەوە.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co