فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پەرەپێدانی کەشوهەوای شەڕ بە ئامانجی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکان
دوشەممە ۱۴-۰۸-۱۴۰۳   |  04-11-2024

لە کاتێکدا کە شەڕ و جینۆسایدی حکوومەتی ئیسرائیل لە غەززە بەردەوامە و شەڕی دژی حیزبوڵڵا لە لوبنان چڕبووەتەوە و خەریکە بەرەو عێراق تەشەنە دەکات، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە تەبلیغات و پڕوپاگەندەی پووچ و بێ بنەما هەوڵ دەدەن کەشوهەوای شەڕ پەرەپێبدەن. ڕۆژی شەممە ١٢ی مانگی خەزەڵوەر عەلی خامنەیی بەبۆنەی ٤٥ەمین ساڵیادی داگیرکردنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران، ژمارەیەک خوێندکاری بەسیجی کۆکردەوە تا سەبارەت بە پێویستیی ئامادەبوون بۆ شەڕ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل مەوعیزەیان بۆ بکات.

خامنەیی وتی: ”ئیستکبار یانی زاڵبوونی هەمەلایەنە و سووکایەتی کردن بە نەتەوەکان. بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئیستکبار (واتە ئەمریکا) فەڕزێکی دینییە. ئەم ئامادەکارییەی ئێمە تەنیا بۆ تۆڵەسەندنەوە لە ئیسرائیل نییە. بەڵکوو بەرەنگاربوونەوەیەکە بە پێی دین، ئەخلاق، شەرع و یاسای نێونەتەوەیی. ئیستکبار ساڵەها نەتەوەی ئێرانی تەحقیر کردووە. هەربۆیە خەباتی ئێمە لەدژی ئیستکبار هەمیشە بەردەوام دەبێت”. ئەم مەوعیزە خورافییانەی خامنەیی پێشەکییەک بوو بۆ ڕاگەیاندنی بڕیاری ئەنجامدانی هێرشی تر. وتیشی: “ئەمریکا و ئیسرائیل بە دڵنیاییەوە وەڵامێکی ددانشکێن وەردەگرن بەرامبەر ئەوەی دژی ئێران و «میحوەری موقاومەت» دەیکەن. ئێمە بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ بەرەی ئیستکبار هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئامادەبوونی «میللەتی ئێران» لەڕووی چەک و چالاکی سیاسییەوە. دڵنیابن کە لەم ئاراستەیەدا کۆتایی ناکەین و هەر ئێستا بەرپرسانی ئێمە سەرقاڵی ئەم کارەن”. ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری سەرچاوەکانی ناوخۆی ڕژێمەوە ئاشکرای کرد کە ئەم هەڵوێستە توندەی خامنەیی دوای ئەوە گیراوە کە فەرماندە باڵاکانی سپای پاسداران باسیان لە زیانی زۆری دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی مووشەک و سیستەمی بەرگری ئاسمانی رژێم کردووە لە ئەنجامی هێرشە سەربازییەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل. ئەو سەرچاوانە دەڵێن خامنەیی وەڵام نەدانەوەی ئەو هێرشانەی ئیسرائیلی بە قبووڵکردنی شکست زانیوە.

دوای لێدوانەکەی خامنەیی فەرماندە مفتەخۆرە ورد و درشتەکانی سپای پاسدارانیش بەڕیز بوون و بە هەڕشەکردن لە ئەمریکا و ئیسرائیل هەمان بلۆفەکانی خامنەییان دووپات کردەوە. “حسێن سەلامی” فەرماندەی سپای پاسداران لەسەر حیسابی هێزە نیابەتییەکان لە ناوچەکە هۆشداری بە ئەمریکا و ئیسرائیل دا کە: ”موقاومەتی ئیسلامی”ی ناوچەکە وڵامێکی ددانشکێن بە بەرەی فیتنە و خراپە دەداتەوە و سەرەنجام ئەمریکا و ئیسرائیل شکست دەدەین و ڕژیمی زایۆنی و پشتیوانە نێونەتەوەییەکانی لە باکووری لۆبنان و فەلەستین دەنێژین”. هەروەها “عەلی فەدەوی” جێنشینی ناوبراو و” ئائینی” وتەبێژی سپای پاسدارانیش هەمان تەبیلیغاتی بێ ناوەرۆکیان دووپات کردەوە. ئیسماعیل کەوسەری، ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی مەجلیس ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی بە پشتیوانی «هێزەکانی موقاومەت»، وڵامی نیزامی بە ئیسرائیل دەداتەوە”.

لە لێدوانەکانی سەلامی و کەوسەرییەوە دەردەکەوێت کە ئەمجارە ئۆپەراسیۆنی سەربازی ڕژێم لە دژی ئیسرائیل لە لایەن گرووپەکانی حەشدی شەعبی و گرووپی “نۆجەبا” لە عێراقەوە ئەنجام دەدرێت. تا بە خەیاڵی خۆیان لە هێرشی تۆڵەسەندنەوەی دووبارەی ئیسرائیل بۆسەر ئامانجە ستراتێژیکەکانی ناو ئێران ڕێگری بکەن. دوای لێدوانەکەی خامنەیی یەکێک لە سەرکردەکانی ئەو گرووپە تیرۆریستییە ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی مافی ئەوەی هەیە لە هەر بەشێکی خاکی عێراقەوە هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل. بێگومان ئەمجۆرە هێرش و هەڵوێستانەش بەدڵی نەتانیاهۆیە و یارمەتیدەر دەبێت بۆ پەرەپێدانی سیاسەتی شەڕخوازانەی. چونکە بەڕێوەچوونی وەها ئۆپراسیۆنێک، نەتانیاهۆ هەنگاوێکی تر لە ئامانجەکەی نزیکتر دەکاتەوە کە بریتییە لە پەرەپێدانی شەڕ و ڕاکێشانی ئەمریکا بۆ ناو شەڕ دژبە کۆماری ئیسلامی و گرووپە نیابەتییەکانی ناسراو بە “میحوەری موقاومەت”. ئەم تەبلیغاتە جەنگییەی کۆماری ئیسلامی کە گۆیا ڕژیمی زایۆنی و پشتیوانەکەی واتە ئەمریکا لە فەلەستین و لۆبنان دەنێژێ، لە کاتێکدایە کە ڕژیمی ڕەگەزپەرست و تاوانکاری ئیسرائیل بە پشتیوانیی ئەمریکا و دەسەڵاتەکانی تری ڕۆژئاوا و دەوڵەتە عەرەبییەکان، هەتا ئێستا کەرتی غەززە و بەشێک لە باشووری لۆبنانی لەگەڵ خاک یەکسان کردووە. زیاتر لە دوو ملیۆن ئینسانی ئاوارە و بێ سەرپەنا کردووە. پتر لە ٥٠ هەزار ئینسانی بە منداڵ و گەورەوە کوشتووە. پێکهاتەی “میحوەری موقاومەت”ی کۆماری ئیسلامیی لێکهەڵوەشاندووە. ئەم ڕژیمە تاوانکارە دەیهەوێ بە پەرەپێدانی شەڕ بەرەو عێراق و بەرپاکردنی شەڕی نیابەتی لەم وڵاتە، بۆ جارێکی تر ژیان و گوزەرانی کرێکاران و خەڵکی ستەمدیدەی عێراق تووشی شەڕ و کوشتار و تەباهی بکات.

خامنەیی و کارگێڕانی دیکەی ڕژیم لە کاتکێدا باس لە پێویستیی شەڕ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دەکەن کە بێجگەلە بێتواناییان لە بواری نیزامییەوە، لەگەڵ ئیفلاسی دارایی و قەیرانی قووڵی ئابووری بەرەوڕوون. پەرەپێدانی ئەم تەبلیغاتەی شەڕ، نرخی هەر دۆلارێکی گەیاندووەتە سەرووی ٧٠ هەزار تمەن، کە بە مانای گرانیی زیاتر و بەتاڵتر بوونی سفرەی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کۆمەڵگایە. خامنەیی لە کاتکێدا باس لە ئامادەبوون بۆ شەڕ دەکات کە سەرۆک کۆمارەکەی دان بەوە دادەنێت کە دەوڵەت بەرەوڕووی کەسری بوودجەی یەک تریلیۆن تمەن بووەتەوە و توانای پێدانی مووچەی خانەنشینان و پارەی گەنمکاران و باقیی پێداویستیەکانی دەوڵەتی نییە. بەڵام بۆ ئەوەی ڕژێم بتوانێت حوکمڕانی خۆی بپارێزێت، پێویستی بە پڕوپاگەندەی شەڕخوازانە هەیە بۆ کپکردنی دەنگی ناڕەزایی لە نێو کرێکاران، ژنان، خوێندکاران، مامۆستایان، پەرستاران، خانەنشینان و جەماوەری هەژاری دیکەی کۆمەڵگا.

خامنەیی لە کاتێکدا ژمارەیەک بەسیجیی جیرەخۆری کۆکردەوە تا بۆیان باس لە ئامادەبوون بۆ شەهادەت لەڕێگای ئیسلام و بەرژوەندی ڕژیم بکات کە هەمان ڕۆژ بەکرێگیراوانی “حەراسەت” لە هێرشێکی وەحشیانەدا بۆسەر کچەخوێندکارێکی بەشی زانست و لێکۆڵینەوەی زانکۆی ئازادی تاران، بە تاوانی بێ حیجابی جلەکانیان لەبەریدا دڕاند. ئەم خوێندکارە بوێر و خەباتکارەش بە داکەندنی جلەکانی لە کاردانەوە بە هێرشی بەکرێگیراوانی ڕژیم، یاسای دژەژنی حیجاب و عیفاف و گشت نیزامی ئیسلامی ڕیسوا کرد و خستییە ژێر پرسیارەوە.

بێگومان ڕژیمی ئیسلامی لە هەموو بوارێکدا لەوپەڕی لاوازی و زەبوونیدایە. کرێکاران و خەڵکی ستەملێکراوی ئێران نابێ ڕێگە بدەن ڕێبەران و کارگێڕانی کۆماری ئیسلامی بە پێکهێنانی کەشوهەوای شەڕ و سیاسەتی شەڕخوازی، لە وڵامدانەوە بە داخوازییەکانیان خۆبدزنەوە. جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش بە پەرەپێدان و گەشەی ناڕەزایەتی و مانگرتنی خۆیان دەتوانن ماشێنی جەنگ و دەزگای سەرکوتی ڕژیم ڕابگرن و حکوومەتی ئیسلامی بەرەو لێواری نابوودی پاڵپێوەنێن.