بەپێی ڕاپۆرتەکان، لەم دواییانەدا حوکمی ئێعدامی حاتەم ئۆزدەمیر، تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی پارێزگای ئاگری، کە لەلایەن لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ورمێ بە تۆمەتی “موحارەبە” بەسەریدا سەپاوە و دۆسیەکەی دوای ناڕەزایەتی پارێزەرەکەی ڕەوانەی دادگای باڵا کرابوو، پەسەند کرا.
حاتەم ئۆزدەمیر ١١ی پووشپەڕی ١٣٩٧ لەگەڵ کۆمەڵێک لە ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ناوچەکانی سنووری چالدێران کەوتنە بۆسەی هێزەکانی بنکەی حەمزە سەیدوشوهەدای سپای پاسداران و حاتەم ئۆزدەمیر لە ئەنجامی تێکهەڵچوونی چەکداری و تۆپبارانی ناوەچەکە لە کاتێکدا بە گوللەی خومپارەی ئەم هێزانە بریندار کرابوو، دەستبەسەرکرا و بۆ دەستبەسەرگەی قەرارگای ڕەمەزانی سپای ورمێ گواسترابوویەوە. ناوبراو پاش نزیکەی ٥٠ ڕۆژ لێپرسینەوە و ئەشکەنجەدان لەم زیندانەدا، بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ گواسترایەوە و پاش ٣٣ مانگ لە دەستبەسەرکردنی کاتی و زەوتکردنی مافی و دانانی پارێزەر لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی خۆی بە تۆمەتی “بەغی” بە حوکمی لەسێدارەدان و بە تۆمەتی “ئەندامبوون لە گرووپی تیرۆریستی” حوکمی ٥ ساڵ بەندکران بەسەریدا سەپێنرابوو.