لەکاتێکدا بەرەوپیری بەهاری سروشت و دەستپێکردنی ساڵی نوێی هەتاوی، واتە ١٤٠١ەوە دەچین کەهەژاری و بێ دەرەتانێ، ئاوسان و بێکاری، هەڵاواردن و سەرکوت لەئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا بەلووتکەی خۆی گەیشتووە. بەجێگای ئەوەی نەورۆز بۆنەیەک بێت بۆ نوێکردنەوەی ماڵ و کەل و پەلی ناوماڵ، جل و بەرنگی بۆ منداڵان و سەردانی ئاشنا و شایی و هەڵپەڕکێ، دەبێ نەورۆزی ئەمساڵ لەژێر سێبەری دەسەڵاتی ملهوڕ و سەرەڕۆی سەرمایەداری کۆماری ئیسلامیدا جەژن بگرین.
رژیمی ئیسلامی لەرێگەی پەرەپێدان بەهەژار و بێ دەرەتانی بەسەر کرێکاران و زەحمەتکێشان ماڵ و ژیانی ئەو خەڵکەیان تێکداوەو بڕستی بۆ چوون بەرەوپیری بەهاری سرووشتی نەهێشتووەتەوە. دەمێکە کەل و پەلی سەرەتایی ژیان لەئێران بووەتە کەل و پەلی لوکس. سفرەی هەژاران لەشار و دێ لەکاتی سرووشتی جوانی بەهاردا خاڵییە. کرێکاران و زەحمەتکێشانی هەژار لەئێران سەرمەشق لەخۆڕاگری سرووشت دەگرن کە سەهۆڵبەندانی زستان تێپەڕ دەکات و بەهاری سەرسەوز گیان بە شاخ و کێو و دەشت و دەر و زیندەوەر دەبەخشێت.
لەسەروبەندی ساڵی نوێدا شوڕای باڵای کار لەئێران چوار ملوێن و ١٧٩ هەزار تمەنی بەلانیکەمی هەقدەستی ساڵی داهاتوو راگەیاندووە. شوڕای باڵای کار پێی وایە کە ژیانی خەڵک بە کۆپین، حەقی مەسکەن و منداڵ بەڕێ دەچێت، بەڵام ئەو بڕە پارەیە ئەو کرێکارانەی بەرۆژ کار دەکەن و کرێکارانی خزمەتگوزارییەکان ناگرێتەوە. تەنانەت ناوەندەکانی رژیم بۆ خۆیان رایانگەیاندووە کە هێڵی هەژاری لەئێران بە دە ملیۆن تمەن گەیشتووە. ئەوە لەکاتێکدایە کە بەپێی لێکۆڵینەوە ئابوورییەکان و راگەیاندنی ژوومارەیەک لەرێکخراوە کرێکارییەکان لەئێران هێڵی هەژاری لەئێران بە ١٦ ملیۆن گەیشتووە. ئەوە بەو مانایەیە کە ئەگەر بنەماڵەیەکی کرێکاری کەمتر لە ١٦ ملیۆن داهاتی هەبێت، لەهەژاریدا دەژیت.
رژیم دیعایە دەکات کە پارەی بۆ بردنەسەرەوەی هەقدەستی کرێکاران و کارمەندان نییە، بەڵام قەد نەمانبیستووە کەدەوڵەت بڵێت پارەی بۆ سوپاو ناوەندە سەرکوتگەرەکانی تر یان ناوەندە کۆنەپەرەستەکانی ئایینی نییە. بەپێچەوانەوە هەموو ساڵێک ئەو پارەیەی زیاد کردووە. دەڵێی لەدوای کۆتایی سەهۆڵبەندانی زستان و گەڕانەوەی بەهار لەترسا شکستی دەسەڵاتەکەیان هەست پێ دەکەن. لەلایەکەوە چەکی سەرکووتی خەڵکی ناڕازی تیژ دەکەنەوەو لەلایەکی دیکەوە چەکی فریو و ئایین.
ئەمڕۆکە لەخەبات و بەربەرەکانێی کۆمەڵگادا چرۆی سبەی رۆژ بەدی دەکرێت. ئەو چرۆیە لەخەباتی ئەمدواییانەی کرێکاران، مامۆستایان، خانەنشینکراوان، پەرەستاران و زەحمەتکێشانی دیکە لەهەموو قووژبنێکی ئێران بەدی دەکرێ کە بووێرانە خەباتێکی شێلگیرانەیان بۆ ژیان و جێگاوشوێنێکی مرۆیی لەکۆمەڵگا دەکەن. ئەو خەباتە مەزنە بۆ وەدیهێنانی جێگاو شوێنی شیاوی مرۆڤی لەجەمسەری کار و زەحمەت لەرێگەی هاوپشتی چینایەتی و پەرەپێدان بەخەباتی رێکخراو و رادیکاڵیزەکردی ئەو بزووتنەوانەوە بەمەنزڵ دەگات. لەکۆتاییدا هەر بەهێزی ئەو بزووتنەوانەیە کە رژیمی سەرمایەداری دەڕووخێت.
شووڕای هاوکاری هێزە چەپ و کومۆنیستەکان بەرێزگرتن لەیادو بیرەوەری هەموو گیانبەختکردووانی رێگای ئازادی و سۆسیالیزم بەرەپیری ساڵی نوێیەوە دەچێت و ساڵی نوێ لەهەموو کرێکاران و زەحمەتکێشان، زیندانیانی سیاسی و بنەماڵەکانیان و هەموو هەڵسووڕاوان و تێکۆشەرانی بزووتنەوە کۆمەڵایتییەکان و هەموو گەلێکی بندەست لەئێران پیرۆزبایی دەکات.
بڕۆخێت رژیمی سەرمایەداری کۆماری ئیسلامی
بژی ئازاد
ی،
بژی سۆسیالیزم
یەکێتی فەداییان کۆمۆنیست، حیزبی کومۆنیستی ئێران، حیزبی کومۆنیستی کرێکاری-حیکمەتیست، سازمانی راهی کارگەر، رێکخراوی فەداییانی کومۆنیست-ئەقەلیەت (کەمینە) و هەستەی ئەقەلیەت