شۆرای هاواهەنگی ڕێکخراوە سێنفییەکانی مامۆستایانی ئێران لە پەیامێکدا بەبۆنەی نەورۆز و دەسپێکی ساڵی نوێ، بەرابەری، خۆشی، خۆشەویستی و ژیانێکی باشتر بە مافی هەموو خەڵکی ئێران زانی و ڕایگەیاند کە بە هاودڵی و یەکگرتوویی خەڵک، هەموو بەربەستەکان بۆ ژیانێکی ئازاد و بەرابەر لادەبرێت.
لەم پەیامەدا هاتووە “لە ماوەی یەک ساڵی ڕابڕدوودا هەر وەک ساڵانی پێشووتر، قوتابییان لەژێر قامچی پەروەردەی ئیدۆلۆژیکدا وەک کاڵا چاویان لێکرا و هەموو حەز و مەیلیان بۆ خوێندن و فێربوون لەنێو چوو، وازهێنان لە خوێندن بەبۆنەی هەژارییەوە زیادی کرد و منداڵانی کار دووبارە بوونەوە و جیاوازی پەروەردە لە ناوەند و پەراوێز گەشەی کرد و قووڵتر بووەوە”.
هەروەها لە درێژەی پەیامەکەدا هاتووە “مامۆستاکان لە بە پادگانی کردنی قوتابخانەکان و کوشتنی کەرامەتی مرۆڤ لە ڕەنج و ئازاردان و کەسە بەرجەستە و هەڵکەوتووەکانیان ڕەوانەی زیندان کران یان دەرکران و لە شوێنی خۆیان دوور خرانەوە”.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا ئاماژە بە سیاسەتە ئابوورییە هەڵەکانی ڕژیم و هەڵاوسان و گرانی و ژیانی دژواری خەڵک کراوە.