فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پەیامی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان بەبۆنەی نەورۆز و ساڵی نوێ
هەینی ۰۱-۰۱-۱۴۰۴   |  21-03-2025

لە سەروبەندی ساڵی تازەداین. خەڵکی کوردستان هەموو ساڵێ بەپێی سونەتێکی دێرین لە هەفتەکانی کۆتایی ساڵدا بۆ پێشوازی لە ساڵی تازە خۆیان ئامادە دەکەن. لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا خەڵکی کوردستان بۆ بەڕێوەبردنی بۆنە و ڕێوڕەسم و جەژنەکانی سەری ساڵ و نەورۆز بەردەوام لەگەڵ بەربەستەکانی ڕژیمی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی بەرەوڕوو بوونەتەوە. دژایەتیی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ شادی و خۆشیی خەڵک لە ئێران و کوردستان، هەوڵ بۆ پێشوازی کردن لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزیشی کردووەتە بابەتێکی سیاسی.

خۆڕاگری و ڕووبەڕووبوونەوەی خەڵک لەگەڵ سەرکوتگەرانی ڕژیم لە کوردستان، کۆماری ئیسلامیی ناچار بە زۆر پاشەکشە کردووە. خەڵکی شار و گوندەکان لە سەرتاسەری کوردستان، ژنان و پیاوان و لاوان لە کۆبوونەوە جۆراوجۆرەکاندا ڕێوڕەسمەکانی جەژن و شادییان بەڕێوەبردووە و بەسەر ڕژیمیاندا سەپاندووە. ساڵی ١٤٠٣ لە کاتێکدا کۆتایی هات کە فەلاکەتی ئابووری ژیانی زۆرینەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگای بەرەو تەباهی بردووە. خەڵکی ئێران و کوردستان ئەمساڵ لە کاتێکدا پێشوازی لە ساڵی ١٤٠٤ دەکەن کە تەوەرۆم و بێکاری لە کۆمەڵگا لەوپەڕی خۆیدایە. نرخی کاڵا سەرەکییەکانی خەڵک یەکجار چووەتە سەرێ و زۆرێک لە شارە گەورەکان چەندین سەعات لە خامۆشی و قەتعی بەرقدا بەسەر دەبەن.

نەورۆزی ئەمساڵ لە بارودۆخێکدا جەژن دەگرین کە ناڕەزایەتیی شکۆمەندی کرێکاران، خەباتی بەردەوامی خانەنشینان، مانگرتن و ناڕەزایەتیی زیندانییانی سیاسی، هاواری مامۆستایان، خوێندکاران، پەرستاران و خەباتی بوێرانەی ژنان، لەئاستی کۆمەڵایەتیدا، سەتاپێی ئەم نیزامە سەرکوتگەرەی خستووەتە لەرزە. هاتنی بەهار نیشانەی ژیانەوەی سرووشت و تێپەڕبوونی سەرما و بەستەڵەکی زستانە. درێژەی خەبات و خرۆشی کۆمەڵگای بێزار و ناڕازیش نشانەی ئەوەیە کە تێپەڕین لە بەستەڵەکی حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئازاد و یەکسان و خۆشبژێو لەسەر وێرانەکانی مومکین و عەمەلییە.

با نەورۆزی ساڵی ١٤٠٤ لە سەرتاسەری کوردستان، سەرەڕای فشاری تەوەرۆم و گرانی، بە دەربڕینی شادی و بە پێشوازی کردن لە ژیان بکەینە گۆڕەپانی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ڕژیمی دژەشادی لە کوردستان و ئێران. وەرن با نەورۆزی ساڵی ١٤٠٤ بە وتنەوەی دروشمی نا بۆ ئێعدام، بژی ئازادی لە پەنا بڵێسەکانی ئاگری نەورۆزی ئەمساڵ، بە سووتاندنی تەنافی ئێعدام ڕژیمی جەنایەتکاری ئیسلامی بەچۆک دابێنێن. نەورۆز ڕۆژی شادی و یەکڕیزی و پێکەوەبوونە. “نەوزرۆ” نە مەزهەبی، نە قەومی و نە نەژادییە. نەورۆز ڕۆژیێکی نوێیە بۆ دەستپێکردنەوەیەکی نوێ. با لە ساڵی نوێدا هەوڵ و تێکۆشانمان یەکبخەین تا بە یەکگرتوویی و ئیرادەی خۆمان هەرچی کێشە و ئاستەنگی و نەهامەتییە کۆتایی پێبێنین.

بژی شادی

نا بۆ ئێعدام

بژی ئازادی

بژی دەسەڵاتداریەتیی شۆرایی

نەورۆزتان پیرۆز بێت

 و هەموو ڕۆژێکتان نەورۆز بێت

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان

٢٢ی ڕەشەممەی ١٤٠٤

١٢ی مارسی ٢٠٢٥