فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پەیامی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان بەبۆنەی نەورۆز و ساڵی نوێ ١٤٠٤
هەینی ۰۱-۰۱-۱۴۰۴   |  21-03-2025

هاتنی ساڵی تازە و بووژانەوەی سرووشت لە گشت خەڵکی ئێران پیرۆزبایی دەکەین. حاکمانی ئیسلامی بەردەوام جەژنی نەورۆزیان بە ڕەقیبی بۆنە ئیسلامییەکان زانیوە و لەدژی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی سەری ساڵ هەڵسووکەوتیان کردووە. هەر بۆیە جەژنەکانی نەورۆز هەمیشە جۆرێک لە ئیعتڕاز لەدژی ڕژیمی ئیسلامی بووە و ئەمساڵیش سەرەڕای هەموو ئەو کێشە و ئاستەنگییانەی بەسەر کۆمەڵگادا سەپاوە، خەڵکی ئێران لەئاستێکی گشتی و بەریندا هەوڵ دەدەن بە بەڕێوەبردنی جەژنە مەیدانییەکان، هاتنی ساڵی نوێ ڕێزلێبگرێن.

بەڕێوەچوونی مەراسمەکانی نەورۆز لە شار و ناوچە جۆراوجۆرەکان بەتایبەت لە کوردستان و لۆرستان و هێندێک ناوچەی تری ئێران، کە لەم ڕۆژانەدا گەورەترین جەژنە نەورۆزییەکانیان بەرپا کرد، نموونەگەلێکن لە پارێزگاری کردن لە شادیی خەڵک لە بەرامبەر ئیدئۆلۆژیی مەرگ و ماتەمینی ٤٦ ساڵەی کۆماری ئیسلامیدا. ئەگەرچی هەژاریی گشتی بووەتە بەربەستێکی گەورە بۆ بەڕێوەبردنی هەموو سوننەت و نەریتە نەورۆزییەکان، بۆ نموونە سەیران و گشتکردن و کڕینی جلوبەرگی تازە، بەڵام عەزمی ئێمەی بۆ درێژەی خەبات و بەردەوامبوون لە شادی و ژیان لە بەرامبەر سەرچاوەی سەرەکی هەموو نەهامەتییەکان کە خودی کۆماری ئیسلامییە، قایمتر کردووە.

ساڵی نوێ لە کاتێکدا دێت کە کۆماری ئیسلامی گەورەترین دۆڕاوی ساڵی ڕابردوو لە ناوچەکە بوو. لە ناوەوەش ڕژیمی ئیسلامی وەزعێکی باشتری نەبوو. پڕۆژەی پزشکیان بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ سەرهەڵدانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە بەرەوڕووی شکست بووەوە و هەوڵی بۆ یەکگرتنی باڵ و باندە جۆراوجۆرەکانی ڕژیم لەژێرناوی “وەفاقی میللی” تووشی شکست بوو. ساڵی ڕابردوو لە هەمان کاتدا ساڵی خۆڕاگری و پەرەسەندنی خەباتی خەڵک بوو و هەیئەتی دەسەڵاتدار لە داسەپاندنی حیجابی ئیجباری بەسەر ژناندا شکستیان خوارد. ئەگەرچی هێستاش مۆرەکانی ڕژیمی ئیسلامی ژنان لە شەقام و شوێنە گشتییەکان ئازار دەدەن، بەڵام ڕژیم ناچار بوو لە بەرامبەر پێگەی دژەژنی خۆیدا دان بەوە دابنێ کە توانای بەڕێوەبردنی یاسایی “عیفاف و حیجاب”ی نییە. لەماوەی ساڵی ڕابردوودا کەمپەینی سێشەممەکانی ناڕەزایەتی لەدژی سزای دژەئینسانیی ئێعدام پەرەی سەند و گەیشتە ٣٨ زیندان. ناڕەزایەتیی توێژە جۆراوجۆرەکانی خەڵکی ئێران و کرێکاران و خانەنشینان بەردەوام لەئارادا بوو و کۆماری ئیسلامی بە دەستگیری و ئەشکەنجە و سزادانی چالاکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و موحاکمەکردنیان لە بێدادگاکاندا هەوڵی دا بەرەنگاری ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بێتەوە.

ساڵی ١٤٠٣ لە کاتێکدا کۆتایی هات کە لەژێر سێبەری سیاسەتەکانی ڕژیمی ئیسلامیدا هیچ ئاسۆیەک بۆ باشتربوونی بارودۆخی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی خەڵک بوونی نییە و هەرجۆرە ئاڵوگۆڕێکی ئەرێنی لەم بارودۆخەدا لە گرەوی بەردەوامبوون و گەشەی خەباتی بزووتنەوە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتی و چینایەتییەکاندایە. لە کۆتاییەکانی ساڵدا شۆرای باڵای کار، لانیکەمی حەقدەستی کرێکارانی هێندە کەم دیاری کرد کە تەنانەت توانای کڕینیان لە چاو سەرەتای ساڵی ١٤٠٣ش لاوازتر بووەوە و بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هەژاری و برسیەتی هیچ ڕێگایەکی بێجگەلە مانگرتن و ناڕەزایەتی بۆ کرێکاران نەهێشتەوە.

لە سەروبەندی ساڵی تازەدا، ڕێز لە یادی هەموو ئەو ئازیزانە دەگرین کە لە ڕێگای ئازادی و یەکسانیدا گیانیان بەختکرد و خۆمان بە هاوڕێ و هاودەنگی هەموو بنەماڵە دادخوازەکان دەزانین. سڵاو و دروود دەنێرین بۆ زیندانییانی سیاسی و ستایشی خەبات و خۆڕاگرییان دەکەین و لە خەباتمان بۆ ئازادی سەرجەم زیندانییانی سیاسی و ڕووخاندنی دیکتاتۆری دەسەڵاتدار بەردەوام دەبین. ئێمە خۆمان بە بەشێک لە بزووتنەوەی کرێکاری، ژنان، خوێندکاران، خانەنشینان، موعەلیمان و نەمانی ستەمی نەتەوەیی دەزانین و لەپێناوی یەکگرتوویی و ڕێکخراوبوونی ئەم بزووتنەوانە لە هیچ هەوڵێک دەریغ ناکەین.

با تێکڕا هەوڵ بدەین نەورۆزی ١٤٠٤ی هەتاوی دەستپێکێک بێت بۆ یەکگرتوویی و هاوپشتی و پێشڕەویی زیاتری ئێمە و داسەپاندنی شکست و پاشەکشەی زیاتر بەسەر کۆماری ئیسلامیدا.

نەورۆزتان پیرۆز بێت

بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی، بژی سۆسیالیزم

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان

٢٩ی ڕەشەممەی ١٤٠٣ی هەتاوی

واژۆکان: ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کاریگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلییەت

بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv