فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پەیامی موجتەبا خامنەیی، پەرەپێدانی کەشی شەڕ و دەنگی پێی فاشیزمی سپای پاسداران
شەممە ۲۳-۱۲-۱۴۰۴   |  14-03-2026

یەکەمین پەیامی نیسبەتدراو بە موجتەبا خامنەیی لە پێگەی ڕێبەریی حکوومەتی ئیسلامیدا، ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی ڕەشەمە لە کەشێکی پڕ لە ناڕوونی و تەمومژاویدا لەلایەن بێژەری تەلەڤیزیۆنی حکوومەتییەوە خوێندرایەوە. ئەم پەیامە، ١٢ ڕۆژ پاش کوژرانی عەلی خامنەیی لە هێرشە سەربازییە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تاران، و چوار ڕۆژ پاش دەستنیشانکردنی موجتەبا خامنەیی وەک سێیەمین ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لەلایەن “مەجلیسی خوبرەگان”ی ڕژێمەوە، بڵاو کرایەوە. “مەجلیسی خوبرەگانی ڕێبەری”، ئەم دامەزراوە مفتەخۆرە، ڕۆژی دووشەممە ١٨ی ڕەشەمە، یەکەم و تەنیا ئەرکی خۆی دوای ٣٦ ساڵ جێبەجێ کرد، کە ئەویش بریتی بوو لە دیاریکردنی موجتەبا خامنەیی وەک سێیەمین ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە جێگەی عەلی خامنەیی.

ئەم دەستنیشانکردنە تەنیا لەلایەن ژمارەیەکی سنووردار لە دەوڵەتان و ڕەوتە ئیسلامییە گرێدراوەکانەوە پیرۆزبایی لێ کرا. لە نێوخۆی دەسەڵاتی ئیسلامیشدا زۆربەی ئوسوولگەراکان، فەرماندەکانی سپای پاسداران و هێزە چەکدارەکان، عەلی لاریجانی و پزیشکیان و هتد، بەیعەتیان لەگەڵ کرد. هەڵبەت دیاریکردنی موجتەبا، ڕووبەڕووی کاردانەوەی نەرێنیی بەشێک لە ئوسوولگەراکان، ئیسڵاح‌تەڵەبان، میانەڕەوەکان و کەسانی نزیک لە حەسەن ڕۆحانی و ئەوانی دیکەش بووەوە. ئەوان ئەم دانانەیان لەم هەلومەرجە جەنگییەدا بە بێ‌لۆژیک و بە “کردەوەیەکی لادەرانە و ژەهرێکی کوشندە” بۆ کۆماری ئیسلامی وەسف کرد. هیچ هەواڵێک لە بەیعەتی مەرجەعەکانی شیعە لەگەڵ “حوجەتولئیسلام موجتەبا کە یەکشەوە بوو بە ئایەتوڵڵا و ئایەتوڵڵای عوزما و ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی” لە ئارادا نەبوو. تەنانەت بنەماڵەی ڕەفسەنجانی، پەیامی پیرۆزبایی و بەیعەتی موحسین هاشمی ڕەفسەنجانی، برای گەورەیان بۆ موجتەبایان لەبری بنەماڵەکەوە ڕەت کردەوە و بە درۆیان خستەوە.

سەرجەم ئاماژەکان و بەڵگەکان دەریدەخەن کە ئەم داسەپاندنە میراتییە، بە فەرمان و دیکتەکردنی ناوەندی سەختی ڕێبەرایەتیی سپای پاسداران بەسەر مەجلیسی خوبرەگاندا ئەنجام دراوە و بەڕێوە براوە. دانانێک کە موجتەبا بە درۆ بانگەشەی ئەوەی کرد کە لێی بێ‌ئاگایە و ڕۆژی پێنجشەممە لە ڕێگەی ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنی کۆماری ئیسلامییەوە بیستوویەتی، چونکە ساڵانێکە سپای پاسداران لە هەوڵی ئەوەدایە بۆ جێنشینیی ڕێبەر ئامادەی بکات. خوێندنەوەی پەیامی نیسبەتدراو بە موجتەبا خامنەیی وەک ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، بەبێ وێنە و دەنگی خۆی و چوار ڕۆژ پاش دیاریکردنی لەلایەن مەجلیسی خوبرەگانەوە، پرسیار و گومانێکی زۆری هێناوەتە ئاراوە.

نێوەرۆکی یەکەمین پەیامی موجتەبا هیچ لە پەیامی سیاسیی ڕێبەرێکی ڕژێم ناچێت، بەڵکوو پەیامێکی شەڕانگێزانەی فەرماندەیەکی سەربازییە. پێچەوانەی بۆچوونی ساویلکەکان، موجتەبا نەک هەر ڕوانگەی گۆڕانکاریی لە کۆماری ئیسلامیدا نییە، بەڵکوو لە هەماهەنگیی تەواودا لەگەڵ کادری ڕێبەرایەتیی حیزبی پادگانیی سپای پاسداران هەنگاو دەنێت. ئەوەی لە پەیامەکەی موجتەبادا جەختی لەسەر کرابووەوە، سەرەڕای چەواشەکارییە ئاخوندییەکانی سەر مینبەر و پەنابردن بۆ خورافاتی ئیمام زەمان و هتد، باس لە درێژەدان بەم جەنگەی ئێستا و کردنەوەی بەرەی دیکەی شەڕ بوو وەک بەرگرییەکی کاریگەر و پەشیمانکەرەوە؛ بەردەوامبوونی داخستنی گەرووی هورمز بۆ ماوەیەکی درێژخایەن وەک ئامرازێکی گوشار بۆ سەر ئەمریکا، کە ناوبراو ئەوەی بە ویستی خەڵکی ئێران ناو برد؛ بەڵێن و پەیمانی تۆڵەسەندنەوەی هێرش و کوشتارەکان لە “ئیستیکبار” و ئیسرائیل بوو، وە سوێندی خوارد کە لە تۆڵەی خوێنی شەهیدان و ئەو مەرگانەی بەهۆی جەنگەوە ڕوویان داوە خۆش نابێت. وەرگرتنی قەرەبووی شەڕ لە ئەمریکا و ئیسرائیل و لە ئەگەری نەگونجانی ئەوەدا، لەناوبردنی سەروەت و سامانیان بە هەمان ئەندازە، یەکێکی دیکە لە دروشمە پووچ و بەتاڵەکانی پەیامەکەی موجتەبا بوو.

ڕاگەیاندنی پێزانین، پشتیوانی و هاوپشتی لەگەڵ ڕەوتە تیرۆریستە ئیسلامییەکانی بەناو “میحوەری موقاوەمەت” و یارمەتیدانیان لە ئەرکەکانیاندا سەبارەت بە چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ “دوژمنان”، بەشێکی دیکە لە پەیامەکەی موجتەبا بوو کە جەختی لە درێژەدان بە ستراتیژیی کۆماری ئیسلامی بۆ دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە دەکردەوە. لەم پەیامەدا، موجتەبا “بەرەی موقاوەمەت”ی بە بەشێکی جیانەکراوە لە بەهاکانی شۆڕشی ئیسلامی ناو برد. ناوبراو ڕایگەیاند کە هاوڕێیەتیی حیزبوڵڵای لوبنان، حووسییەکانی یەمەن و حەشدی شەعبی لە عێراق، “ڕێگەی ڕزگاربوون لە فیتنەی زایۆنیستی” کورتتر دەکاتەوە. بەردەوامبوونی هێرشکردنە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا تا کاتی هەڵچنینیان، و هەڕەشەکردن لەو دەوڵەتانەی کە مۆڵەتی جێگیربوونی ئەو بنکانەیان بە ئەمریکا داوە، بەشێکی دیکە لە نێوەرۆکی پەیامەکەی ناوبراو بوون.

لە بەشێکی دیکەی ئەم پەیامە نیسبەتدراوەدا، جەخت لەسەر یەکڕیزیی تاک و توێژەکانی نەتەوە و وازهێنان لە ناکۆکییەکان و “ئامادەبوونی کاریگەر لە گۆڕەپانەکەدا” کراوەتەوە، کە ئەمەش بە واتای هەڕەشەکردن لە نەیارانی نێوخۆی دەسەڵات و ناچارکردنیان بە بێدەنگی دێت. لەم پەیوەندییەدا، ناوبراو بانگەوازی لە مۆرە و بەکرێگیراوانی ڕژێم کرد تا لە ژێر ناوی “دوژمن‌شکێن”دا بەشداری لە ڕێوڕەسمە کۆنەپەرستانە و خورافییەکانی ڕۆژی قودس دژی ئیسرائیل بکەن، و ئەوەشی بە یەکێک لە ئەرکەکانی ڕێبەرایەتی و بەرپرسان ناو برد. بەم جۆرە، بەشە سەرەکییەکەی پەیامی موجتەبا خامنەیی پێکهاتبوو لە درێژەدان بە سیاسەتە شەڕانگێزییەکانی عەلی خامنەیی، بەردەوامیی سەرکوت و پاراستنی کەشوهەوای میلیتاریستی و ئەمنییەتی لە نێو کۆمەڵگەدا. بڵاوبوونەوەی پەیامی خامنەییی کوڕ و بانگەوازەکەی بۆ بنەماڵەی هێزەکانی بەسیج و سپا و دەستوپێوەند و فالانژەکانی ڕژێم بۆ هاتنە مەیدان، لە کاتێکدایە کە خاڵەکانی کۆنتڕۆڵ و پشکنینیان لە تاران و سەرجەم شارە گەورەکاندا دامەزراندووە و ئەحمەدڕەزا ڕادان، فەرماندەی گشتیی هێزە ئینتیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی، ئێوارەی ١٩ی ڕەشەمە لە ڕێگەی سەدا و سیماوە هەڕەشەی کرد: «ئەگەر کەسێک بە ویستی دوژمن بێتە سەر شەقام، ئێمە وەک ناڕازی و شتی وا نایبینین، بەڵکوو بە دوژمنی دەزانین. هەمان ئەو کارەی لەگەڵ دەکەین کە لەگەڵ دوژمن دەیکەین.»

لە پەیامە نیسبەتدراوەکەی موجتەبا خامنەییدا، هیچ باسێک لە بارودۆخی شێواو و قەیراناویی کۆماری ئیسلامی، مایەپووچی و قەیرانی قووڵی ئابووری، هەڵاوسان، گرانی، داڕمانی بێ‌وێنەی بەهای دراوی نێوخۆیی، حەقدەست و کرێی چەندین هێندە ژێر هێڵی هەژاری و ئەو ژیانە کارەساتبارە نەکراوە کە کۆماری ئیسلامی بەسەر جەماوەری ئێراندا سەپاندوویەتی. ناوبراو تاکوو ئێستا وەک یەکێک لە مۆرە ئەمنییەتییەکان و ئەڵقەیەکی سەرەکیی مافیای دەسەڵات لە نێو سپای پاسداراندا ڕۆڵی گێڕاوە. بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی بڵاو کراونەتەوە، سەروەت و سامانی موجتەبا خامنەیی بە زیاتر لە ٣ ملیار دۆلار بەراورد کراوە کە لە بانکەکانی ئیمارات، چەند وڵاتێکی ئەفریقایی و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە و ئەورووپاشدا سەرمایەگوزاریی پێ کراوە.

بۆ کرێکاران و جەماوەری ئازادیخوازی ئێران، دانانی موجتەبا خامنەیی لە جێگەی عەلی خامنەیی، بە واتای بەهێزبوونی زیاتری سپای پاسداران، توندترکردنەوەی کەشی ئەمنییەتی و بەردەوامیی هەژاری و نەهامەتیی ئابووری، بێ‌مافییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، هەڵاواردن و نایەکسانییەکان و سەرجەم ئەو کارەساتانە دێت کە ڕژێمی ئیسلامی لە ماوەی ٤٧ ساڵی ڕابردوودا بەسەریاندا سەپاندووە. ئەم ڕژێمە دژەمرۆییە ئێستا لە لاوازترین سەردەمی تەمەنی خۆیدایە. نابێت چاوەڕێی کۆتاییهاتنی جەنگ بین. ئێستا کاتی ئەوەیە بە مانگرتنە سەرتاسەرییەکانی کرێکاران لە پیشەسازییە بنەڕەتییەکان و خۆشکردنی زەمینە بۆ مانگرتنی سیاسیی جەماوەری بە خواستی ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕ و ئازادکردنی سەرجەم زیندانییانی سیاسی، ماشینی شەڕ و دەزگای سەرکوتی سپای پاسداران ئیفلیج بکرێت و ئەم ڕژێمە تاوانکارە هەرەس بێنێت و بڕووخێندرێت.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv